31ی ئاب و تێکشکاندنی که‌سایه‌تیی مرۆڤی کورد
Tuesday, 31/08/2010, 12:00
2658 بینراوە
چەند رۆژ دوای ڕووداوه‌که‌ی 31ی ئاب، كاتێك پارتیی بە یارمەتیی سوپای عێراق، هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی له سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی لەو هێرشانەدا شەهید دەكرێن، یەكێك له‌وانه (بابە تاهیری شێخ غەریب) ده‌بێت، كاتێك هەواڵهکه بە جەلال تالەبانی رادەگەیەنن، ئەویش لە ناو كۆمەڵێك لێپرسراوی دیكەدا، دانیشتووه، دەڵێت: ئۆهۆووو، هەر ئەممان مابوو، ئەمیش قنگی كردە رەشــەبا؟
یەكێ لە دانیشتووان، كە گوێی لەم قسەیەی جەلال تاڵەبانی دەبێت! دوای چه‌ند ساڵێک، ئه‌مه‌ی گێڕایه‌وه و وتیی: ئیتر لەو ڕۆژەوە، وازم هێنا. هەستم كرد ئەگەر منیش تیا بچم، مام جه‌لال لەوە باشتر وه‌سفم ناکات.
****************************
با سه‌ره‌تا سه‌رێک له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین بده‌ینه‌وه، به کورتی پێناسه‌ی ڕاپه‌ڕین به‌وه بکه‌ین، که بریتیی بوو، له‌و ته‌قینه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌ی، خه‌ڵکی کوردستان، که له ژێر پاڵه‌په‌ستۆی چه‌ند ساڵه‌ی رژێم و ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، چیدی خۆی نه‌گرت و به شێوه‌یه ئه‌نجام درا و ڕاپه‌ڕین خۆی بینییه‌وه.
ڕاپه‌ڕین ده‌ستکه‌وتی حیزبه‌کان نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید، بۆ پێشمه‌رگه‌ی شه‌ریفی دهستخهڕۆبووی نێو حیزبه‌کان، بۆ ئه‌و قوربانییانه‌ی چه‌ند ساڵی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان، که ئه‌و ڕاپه‌ڕینه به خه‌باتی شاخ و به خوێن و به قوربانیی ئه‌وان نه‌هاته دی، به‌ڵکوو سه‌رنجامی ئه‌و بۆشاییه بوو، که ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له ئاست تووڕه‌یی خه‌ڵکی کوردستاندا شکستیی هێناو و نه‌یتوانی به‌ره‌نگار بێته‌وه و خۆی بگرێت، هۆکاری ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تیی تێکشکاندنه یه‌ک له‌دواییه‌کانی سه‌ددام بوو، که به هۆی شه‌ڕی کوێته‌وه، نه‌یتوانی به‌ره‌نگاری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه ببێته‌وه. کاتێکیش ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان، هه‌ستیان به نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتیی به‌عس کرد له کوردستاندا، ئه‌و ده‌لاقه گه‌وره‌یه‌یان بینی، که‌وته نێو ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری کورده‌وه، که‌وا خه‌ریکه له لایه‌ن که‌سانی خه‌مخۆر و دڵسۆزی کورده‌وه، پڕ ده‌بێته‌وه و کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ ده‌که‌ن، له‌وه ترسان کۆنتڕۆڵیان له ده‌ست ده‌ربچێت و بۆ هه‌میشه‌یی نه‌توانن، جڵه‌وی بزووتنه‌وه سیاسیی و ڕێکخستنی کورد بگرنه‌وه ده‌ست. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له که‌ره‌ج و له شاماوه هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی و پارتیی به فه‌رمانی ئه‌وان، به خۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یانه‌وه، گه‌ڕانه‌وه، تا بتوانن کۆنتڕۆڵی ئه‌و نائارامیی و پشیوییه بکه‌ن، که سه‌رتاپای شار و شارۆچکه و ناوچه‌کانی دیکه‌ی گرتبۆوه. ئه‌مه مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌بوو، بۆ دهوڵهتهداگیرکهرهکانی وه‌ک تورکیا، ئێران و سوریا، ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌مه، که بیریان لێکرده‌وه، ناردنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی بوو، تا ئه‌و ناوچانه هێوربکه‌نه‌وه و جڵه‌وه‌که بگرنه‌وه ده‌ست خۆیان.
ڕه‌نگه ئه‌مه لای به‌شێک له خوێنه‌ری ئه‌م نووسینه، جێگای پرسیار و گوومان دروستکردن بێت، لێ ئه‌مه ڕاسته و خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌م بابه‌ته و ڕووداوه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین ده‌مانگه‌یه‌ننه ئه‌و ڕاستییه.
با که‌مێکی تر بگه‌ڕیینه‌وه بۆ مێژوویه‌کی کۆنتر، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن مه‌به‌ست له باسکردنی ئه‌و مێژووه چییه، بۆ چ مه‌به‌ستێکیش ئه‌مانه باس ده‌که‌ین، یان په‌یوه‌ندییان به 31ی ئابه‌وه چییه !
ئه‌گه‌ر ئێمه خوێندنه‌وه‌ی وشیارانه‌مان هه‌بێت بۆ مێژووی سه‌رده‌می دروستبوونی عێراق به‌تایبه‌تی له ساڵانی 1920 و 1921، که ئهوساتوهخته باشووری کوردستان (ولایه‌تی موسڵ) له‌گه‌ڵ ولایه‌تی به‌غدا و به‌سره، پێکه‌وه لکێنران، ده‌وڵه‌تی عێراقیان لێ‌دروست کرا، به‌تایبه‌تیی و به ته‌واویی پاش تێکشکاندنی شۆڕشی شێخ مه‌حمود له ساڵی 1924، که ناوچه‌ی سلێمانیش که‌وته ژێر کۆنتڕۆڵی ئینگلیزه‌کان و خرایه‌وه سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ نه‌گبه‌تی کورد، پاش دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له که‌رکوک (ساڵی 1927)، ئینگلیزه‌کان سیاسه‌تیان به‌رامبه‌ر به کورد، ئه‌گه‌ر تیشکێک له ڕووناکییه‌کی بچوکی تێدا بووبێت، ئه‌وه‌ش کوژایه‌وه و نه‌ما، سیاسه‌تی بهعێراقییکردنی کورد زیاتر گۆڕا و ئاشکراتر بوو، به ئاشکرا کار بۆ بهعیراقییبوونی کورد کرا، چونکه له به‌رژه‌وه‌ندی ئینگلیزدا نه‌بوو، کورد ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و ئه‌و ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده، پڕ له خێر و به‌ره‌که‌ت، له ئارامیی و ئاسایش‌دا بژیی، ئه‌مه سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕی داگیرکه‌ر و ئیمپریالیزمه، که نایانه‌وێت ئارامیی له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا کورد هه‌میشه وه‌رقه‌یه‌کی براوه بووه، به‌کار هێنراوه، کاتێکیش کاریان پێی نه‌مابێت، خراوه‌ته‌وه نێو گیرفانی داگیرکه‌رانی کوردستان، تا ئه‌مڕۆش هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یه، که داگیرکه‌رانی کوردستان و دۆژمانی کورد، پیاده‌ی ده‌که‌ن.
سیاسه‌تی ئینگلیز ته‌نها بریتی نه‌بوو، له داگیرکردنی کوردستان و دابه‌شکردنی به سه‌ر چوار وڵاتی دراوسێیدا، به‌ڵکو له پاڵیدا، پلانی تێکشکاندنی که‌سایه‌تیی کوردیش بوو، که وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی وشیار و خاوه‌ن ئیراده و وڵاتپارێز و خاوه‌ن که‌لتووری تایبه‌ت به‌خۆی، نه‌یهێڵن، ئه‌مڕۆ به‌ته‌واویی پارتیی و یه‌کێتی زۆربه‌ی ئه‌و ئامانجه‌یان پێکاوه، که سه‌ره‌تا به پلانی ئینگلیز، له ساڵانی 1927ه‌وه ده‌ستی پێکردووه، ئه‌مانه وه‌ک باسم کرد، سیاسه‌ت و ئامانجی ئینگلیز و حکومه‌تی عێراقی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو، له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه، تا ئه‌مڕۆش، پیاده ده‌کرێ و حیزبه کوردییه‌کانیش بۆیان جێ به‌جێی ده‌که‌ن.
بێگوومان بایه‌خدان به که‌سێکی وه‌ک ڕه‌مزی ئه‌فه‌ندی (مامی برایم ئه‌حمه‌د)، که له لایه‌ن ئینگلیزه‌کانه‌وه، بایه‌خی زۆری پێده‌درا، ئه‌و ڕۆڵه گواسترایه‌وه بۆ برایم ئه‌حمه‌د، ئه‌ویش کارێکی باشی له‌و بواره‌دا بۆ کردن. هێنانی ئه‌م دوانه، سه‌ره‌تای ته‌سلیمبوونی ئه‌فه‌ندییه کورده‌کان بوو (واته ڕۆشنبیرانی کوردی ئه‌و سه‌رده‌مه)، به‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی ئیستا کورد تێیدا ده‌ژیت، هه‌ر ئه‌وه وڵاتی تۆیه، واته ڕازیبوون و ته‌سلیمبوون به‌وه‌ی، که تۆعێراقییت و به‌س، ئه‌مانه به پێی نه‌خشه‌یه‌کی تۆکمه و داڕێژراو، تا ئیستا زیاد له 80 ساڵ، که به‌سه‌ریدا تێده‌په‌ڕێ، کاری بۆ کراوه، ئه‌مه سه‌ره‌تای له گرێژنه‌بردنی ڕێڕه‌وی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردبوو، که ویستیان ده‌وڵه‌تی عێراق بکه‌نه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و بوونی ده‌وڵه‌تیی کوردی له بیر کورد ببه‌نه‌وه، له‌و ساته‌وه کاری بۆ کراوه، به هۆی ئه‌فه‌ندیی و ڕوناکبیره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ئێمه هه‌موو شتێکمان له ده‌ست چوو، هه‌ر له سه‌ر ده‌ستی برایم ئه‌حمه‌د، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی دروست بوون و گه‌شه‌یان کرد، بوونه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ڕابه‌ڕی سیاسیی، سه‌ره‌نجامه‌که‌ی ئه‌مه‌یه، وا ئه‌مڕۆ ئه‌م هه‌موو کاره‌سات و قووڕبهسهرییهی لێده‌که‌وێته‌وه.
تێکشکانی که‌سایه‌تیی کورد، که ئه‌مڕۆ به‌و زه‌قییه ده‌بینرێت، درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه، که ئینگلیزه‌کان و داگیرکه‌رانی کوردستان، بۆ کوردیان داڕشتووه. کاتێک کوردێکی عێراقچی پاساو بۆ کاری خیانه‌تکاریی و جاشهیهتیی ده‌هێنێته‌وه، به‌وه‌ی، کورد له ئه‌زه‌له‌وه وا بووه، مێژووه‌که‌ی پره له جاشایه‌تیی و ملشکاندنی یه‌کتر. یان ئێمه چوارده‌ورمان ده‌وڵه‌تیی داگیرکه‌ره. ئێمه به شه‌ڕ هیچ نابه‌ینه‌وه. ده‌ریا و ئاوامان نییه. دۆستمان ته‌نها شاخ و کێوه‌کانه و ده‌وڵه‌تیی کوردیی خه‌ون و خه‌یاڵه، ئه‌م قسانه ته‌نها له لای که‌سێکی تێکشکاو و بڕوانه‌بوو، به توانای خود، ده‌گووترێت و جێگای ده‌بێته‌وه و پێی ته‌سلیم ده‌بێت. ئه‌م پاساوانه، جگه له قسه‌ی که‌سانێکی نه‌کرده و بێ‌توانا، هیچی تر نییه، مه‌به‌ستیش به‌ڕه‌واکردنی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌یه، که ئه‌مڕۆ سه‌رانی ئه‌و حیزبانه ده‌یکه‌ن، به شه‌رعییه‌ت کردنی ئه‌و خیانه‌ت و جاشایاتییهیه، که ڕووبه‌رێکی پان و به‌رینی له خه‌باتی 80 ساڵه‌ی کورد پڕ کردۆته‌وه.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، ئه‌وه‌نده‌ی به‌ناو سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رکرده‌ی حیزب و لێپرسراوه‌کان تاوانکار، ناپاک و خاینن، ده ئه‌وه‌نده‌یش، ڕۆشنبیر، ڕوناکبیر، نووسه‌ر و شاعیری کوردی ئه‌وسا و ئیستاش تێیدا تاوانبارن، چونکه ئه‌وانن، په‌تای بێمتمانه‌یی و تێکشکاندنی که‌سایه‌تیی و سووکبوونی کورد ڕاده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وانن کار بۆ ڕوو سپیکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پاساوهێنانه‌وه‌ی سیاسه‌تیی خیانه‌تکاری سه‌رانی حیزبه‌کان ده‌هێننه‌وه، تێک‌شکاندن و نسکۆ و ئاشبه‌تاڵه‌کان له‌وان دوور ده‌خه‌نه‌وه و دهیپهستێنن به کورد خۆیه‌وه. هه‌ر ئه‌وانن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌ست ئه‌ده‌نه به‌دڕه‌وشتیی، دزیی و عه‌قڵی کۆمه‌ڵگا به‌لاڕێدا ده‌به‌ن. ئێمه نابێت ته‌نها ده‌ستیی تاوان بۆ گه‌مژه‌یی کۆمه‌ڵگا درێژ بکه‌ین. ڕابه‌ریی سیاسیی، خوێنه‌وار و ڕووناکبیر، ده‌بێت کۆمه‌ڵگا له قۆناغی گه‌مژه‌ییه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ قۆناغی وشیاریی، نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ی له‌پاڵ ده‌سه‌ڵاتیی دز و خائیندا، هه‌رچی ناته‌واویی و تۆمه‌تێک هه‌یه، بۆ میلله‌تی کوردیی بگه‌ڕینینه‌وه. من پێم وایه، ئه‌و نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆناکبیرانهی که له‌سه‌رده‌می ڕژێمی مهلکیی عێراقدا کاریان کردووه، وه‌ک تۆفیق وه‌هبی، ئه‌مین زه‌کی به‌گ، ئه‌حمه‌د موختار جاف و سه‌دان که‌سی تر، ئه‌وانه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ی ئه‌مڕۆدا که له لای پارتیی و یه‌کێتین و کاریان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، ده‌بێت وه‌ک سه‌رانی حیزبه‌کان، نه‌فره‌تیان لێبکرێت، نه‌ک ده‌ستیی ڕێزیان بۆ ڕابگیرێت، ته‌نانه‌ت پاش مردنیشیان، که من له مێژه پێشنیارم کردووه، له گردی ناپاکان ئه‌مانیش بنێژرێن و ڕهجمبکرێن. جاش هه‌ر جاشه، چ به چه‌ک، یان به قه‌ڵه‌م.
ئێمه باسه‌که‌مان له سه‌ر 31ی ئابه، بۆیه وه‌ک پێویست، ده‌ستم بۆ هه‌ندێ خاڵی گرنگ درێژکرد و چه‌ند ڕاستیی و ڕووداوێکی مێژوویم تێیدا ورووژاند، که ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕوویانداوه په‌یوه‌سته به‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆ و پاشه‌ڕۆژ و چاره‌نووسی کورده‌وه، به‌تایبه‌تیی زه‌مه‌ن و سه‌رده‌می ڕووداوه‌کانی پێش 31ی ئاب، که وه‌ک زنجیره‌یه‌ک پێکه‌وه به‌ستراون و له یه‌کتر جیاناکرێنه‌وه.
به کورتیی ئه‌و ڕووداو و هۆکارانه ، که ئیستا ڕووداوی وه‌ک 31ی ئابی لێده‌که‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕووی داوه، سه‌رانی حیزبه‌کان ده‌یکه‌ن، سیاسه‌ت نییه. چونکه خیانه‌ت سیاسه‌ت نییه.
سیاسه‌ت ئه‌مڕۆ له کوردستاندا وێنه‌یه‌کی نێگه‌تیڤ ئه‌دات به خه‌ڵکی. ئه‌مه‌ش تێکشکاندنهوهی کار و هه‌ڵسوکه‌وتی چه‌ندین ساڵه‌ی پارت و ڕێکخراوه‌کانی کورده، نموونه درۆ، دزیی، جنێو، بێڕێزیی، کوردکوشتن، تاڵانیی و خیانهتک که به ئاسانیی له ڕێکخراو و حیزب و سه‌رکرده و لێپرسراوه‌کانی کورد به گشتی ده‌بینرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به هه‌ڵه له سیاسه‌ت نه‌گات، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێکخراوه کوردیانه‌دا سیاسه‌ت نه‌بینێته‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ڕاستیی بۆ سیاسه‌ت هه‌بێت، پێویسته ئێمه چه‌ندین ڕوونکردنه‌وه و نمونه له سه‌ر کاری سیاسیی بهێنینه‌وه، تاکو ئاسانتر جیاوازی نێوان ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌کانی تر ببینێت، به‌تایبه‌تیی، ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی، که به ڕاستی، نه‌ک به درۆ خاوه‌نی بیروباوه‌ڕ، ئامانج و هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسیین.
سیاسه‌ت چییه؟
سیاسه‌ت کارکردنه بۆ ڕازیکردن و نیزیکبوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه جیاوازه‌کان. ته‌کنیکی دیالۆگ و نزیکبوونه‌وه‌یه، له نێوان گروپ و ڕێکخراوه‌کان، که هه‌ر یه‌که خاوه‌نی ئایدۆلۆژیای جیاوازن له سه‌ر بۆچوونی ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، ئه‌م ناکۆکییه‌ش کارێکی سروشتییه، چونکه ئه‌و ده‌رامه‌ته‌ی که وڵاتێک هه‌یه‌تی، ده‌رامه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی دیاریکراوه، سیاسه‌تیی حیزب و گروپه جیاوازه‌کان، کار بۆ دابه‌شکردنی عادیلانه و بهههدهرنهدان و زیادکردنی ده‌دات، چونکه مه‌رج نییه ده‌رامه‌تیی وڵاتێک بتوانێت به ته‌واویی، ویست و خواستی هه‌موو هاوڵاتیی و هه‌موو لایه‌ک پڕبکاته‌وه. بۆ وڵاتێکی ژێرده‌سته‌ی وه‌کو کورد، جگه له سیاسه‌تی به‌کارهێنانی ده‌رامه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسه‌تیی کارکردن بۆ ڕزگاریی، خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان، مه‌رجێگی گه‌وره‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکخراو و حیزبی کوردیی، هه‌نگاوی بۆ بنێ، ئه‌ویش بۆ ڕزگاریی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیی. سیاسه‌ت لێره‌دا ده‌بێته هونه‌ر، که بتوانێت ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزیته‌وه و له هه‌لێکدا، ئامانجه‌کانی خۆت بپێکیت.
حیزبه کوردییه‌کان، به‌تایبه‌تیی پارتیی و یه‌کێتی، نه‌ک له‌و بواره‌دا هونه‌رمه‌ند نیین، سیاسه‌تمه‌داریش نیین، له سیاسه‌ت نازانن. ئه‌وانه کاتێک پاره و ده‌رامه‌تیی وڵاتیان ده‌که‌وێته ده‌ست، به هی خۆیانی ده‌زانن و بۆ خۆیانی ده‌به‌ن، ئیتر ئه‌و حیزب و گروپانه چۆن ده‌توانێت خزمه‌ت به خه‌ڵکیی بکه‌ن، کار بۆ کۆمه‌ڵگا و بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن؟ ڕێگا بده‌ن خه‌ڵک سه‌ربه‌ست و وشیار بێت، به ئازادی بیربکاتهوهه؟ ئه‌مه ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره، نه‌ک درۆیه‌کی هه‌ڵبه‌ستراوی ڕه‌شی قه‌ترانیی.
ناکۆکی پارتیی و یه‌کێتی هه‌رگیز له پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی کورد و ڕزگاری کوردستاندا نه‌بووه، به‌ڵکو له پێناو سێ شتی ساکار و دیاریکرای زۆر ئاساندا بووه، که سه‌رانی بنه‌ماڵه و لێپرسراوی حیزبه‌کان بۆ خوودی خۆیان، هه‌وڵیان بۆی داوه:
1. پاره
2. ده‌سه‌ڵات
3. ناسینی خوود، خۆپه‌رستیی، خۆده‌رخستن و پۆزلێدان
ئێمه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر ئه‌رکیی قورسایی سه‌رمان، که له سه‌ر له‌شمان ڕامانگرتووه، نرخێکی پێ بده‌ین، ساتێک بۆ بیرکردنه‌وه به‌کاری بهێنین، ده‌توانین به ئینسافه‌وه وه‌ڵامی زۆر پرسیار بده‌ینه‌وه و له که‌ناریی زۆر ڕاستییدا لابده‌ین و وچانی بۆ بده‌ین، یه‌کێک له‌و ڕاستییانه‌ی که زۆر تاڵه و له ئه‌نجامی پرسیارکردن له خوودی خۆمان، وه‌ڵامه‌که‌ی وه‌رده‌گرینه‌وه، ئه‌وه‌یه، کورد تا ئیستا شۆڕشی نه‌کردووه، مه‌به‌ستم له دیارده چه‌کدارییه‌یه که بارزانی باوک و کوڕ، هه‌روه‌ها تاڵه‌بانی ڕابهریییان تێیدا کردووه. شۆڕش پێناسه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه، کاتێک سه‌رانی حیزبه کوردییه‌کان، له ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندی عێراقیی، یاخی بوون، یان داوایان لێکراوه، یاخی ببن، وه‌ک خوودی خۆیان، ته‌نها بۆ به‌دیهێنان و له پێناو ئه‌و سێ شته‌ی سه‌ره‌وه‌دا بووه، کورد وه‌ک که‌ره‌سته، کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی کورد، وه‌ک بازرگانی کاری پێکراوه و گه‌وره‌ترین بیانوو بوون بۆ گه‌یشتن به‌و خواستانه‌ی خۆیان، که هه‌وڵیان بۆی داوه، بۆ نمونه 31ی ئاب، بازاڕێکی گه‌وره‌بوو، که مه‌سعود بارزانی، که‌رامه‌تیی مرۆڤی کوردیی تێدا هه‌ڕاج کرد،
*******************************************************
با ئێمه ئیتر واز له‌و قسانه بهێنین و بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر فاکت و قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین ، به شێوه‌یه‌کی کورت له هۆکاری ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته بکۆڵینه‌وه، بۆ ئه‌مه با سه‌ردانێکی برایم خه‌لیل بکه‌ین، که خاڵی سه‌ر سنووری عێراق و تورکیایه، دروست با ئێمه بێین باس له داهاتیی ساڵی 1994 بکه‌ین:
ڕۆژنامه‌ی International Herald Tribune) (ژماره8،9 ئه‌پڕیلی 1995) له‌م باره‌یه‌وه وا ده‌نووسێ:
به ته‌خمینی ئه‌و پسپۆڕانه‌ی، که له نزیکه‌وه ئاگایان له هاتوچۆی سه‌ر سنوور هه‌یه، له ساڵی 1994دا ڕۆژی 40 ملێۆن گالۆن گازۆیلی عێراقی به کوردستانی عیراقدا نێردراوه بۆ تورکیا، ئه‌م بازرگانییه، سه‌ر له نوێ، بووژانه‌وه‌یه‌ی گازی عێراقی له نێوان عێراقییه‌کان و تورکه‌کان و کورده‌کاندا، مه‌سه‌له‌ی مونافه‌سه‌ی پاره و جیۆپۆلیتیکه، له‌و ناوچه کوردییه‌ی سه‌رووی عێراق، ئه‌و بازرگانییه له لایه‌که‌وه، نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئابڵوقه‌یه ده‌رده‌خات، که لیژنه‌ی ئاسایی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به سه‌ر سه‌ددام حسێندا سه‌پاندوویه‌تی، له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌وه نیشان ئه‌دات، که ته‌ماع چه‌ند زیان به کورده‌کانی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.
ڕۆژنامه‌ی هه‌تاو له ژماره 15، 16ی ساڵی 1997دا، که له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ئینگلیزییه‌وه زانیاری وه‌ریگرتووه، ده‌نووسێ: سه‌رانی پارتی ڕۆژی یه‌ک ملێۆن دۆلار له پاره‌ی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌دزن. هه‌روه‌ها 320 هه‌زار دۆلاریش له‌و به‌شه‌ی که بۆ عوده‌ی کوڕی سه‌ددام حسێن ده‌چێت، ئه‌وه‌ش بۆ خۆیان لا ئه‌ده‌ن.
**************************
شه‌ڕی پارتیی و یه‌کێتی له سه‌ر کێشه چاره‌نووسسازه‌کانی کورد نه‌بوو، به‌ڵکو له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌رامه‌ت و ئه‌و پاره‌یه بوو، که له ئیبرایم خه‌لیله‌وه پارتی به‌ده‌ستی ده‌گه‌یشت، خۆی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرت، هه‌موو ئه‌و پارانه‌ش ده‌چووه لای پارتی و ده‌خرایه گیرفانی بنه‌ماله‌ی بارزانییه‌وه. ئه‌مه به یه‌کجاری یه‌کێتی شیتگیرکرد، بۆیه له مانگی 5ی ساڵی 1994دا هه‌ردوو لا، شه‌ڕیان دژی یه‌کتر ڕاگه‌یاند. ئه‌مه له کاتێکدا که له ساڵی 1992 یه‌کێتیی و پارتیی، پاش ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانه‌که‌یاندا بڕیاریان دا، به جووته هێرش بکه‌نه سه‌ر (PKK)، به‌ڵام پاش دوو ساڵ ڕووی چه‌که‌کانیان کرده یه‌کتر، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتییان له کوردستاندا، یه‌ک تاکه ڕۆژ چییه، پارتیی و یه‌کێتیی ئارامییان بۆ کوردستان نه‌هێنا.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا نزیکه‌ی 3 ملیۆن کورد له باشووری کوردستان واته (سلێمانی، هه‌ولێر، که‌رکوک) جگه له بایکۆتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و حکومه‌تیی مه‌رکه‌زی به‌غدا، له لایه‌ن پارتییشه‌وه، بایکۆت کرا، ئه‌و ناوچانه که‌وتنه ژێر ئابڵوقه‌دانی خوارده‌مه‌نیی و که‌ره‌سته پێویسته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یانه‌وه.
جێگای خۆیه‌تیی، باس له‌وه بکه‌ین، که پارتیی له مانگی 3ی 1995، له (14/5/1997) له مانگی 10ی 1997، له مانگی 5ی1998، به هاریکاری تورکیا شه‌ڕی (PKK)ی کردووه.
خیانه‌ت و له‌شکرکێشی داگیرکه‌ر بۆ سه‌ر کوردستان ته‌نها جارێک نه‌بووه، ته‌نها له 31ی ئابدا نه‌بوو، که سوپای به‌عسی میوانداری کرد بۆ سه‌ر هه‌ولێر، کاتێکیش تورکیا و پارتیی، که نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری دژی (PKK) به‌ده‌ست بهێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له ژێر فشاری تورکیا و به پێخۆشحاڵی پارتیی، توانرا ئه‌مه‌ریکا ڕازیبکرێت، که (PKK) بخرێته لیستی تیرۆریستانه‌وه.
با بێینه‌وه سه‌ر باسه‌که‌مان و ڕووداوه‌کانی پێش 31ی ئاب باس بکه‌ینه‌وه:
به ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌و له‌شکرکێشییه‌ی سوپای به‌عس بۆ سه‌ر هه‌ولێر، ناکۆکیی و ناته‌بایی و زۆر شتی دیکه له نێوا پارتیی و یه‌کێتییدا ڕوویان داوه، ئه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رچاوه له به‌رده‌ستمدایه هه‌ندێکیتان به په‌له ده‌خه‌مه ڕوو:
یه‌کێک له ئامانجه گرنگه‌کانی ڕێکه‌وتننامه‌ی پاریس، که له مانگی 7 ی ساڵی 1994 پارتیی و یه‌کێتیی ئیمزایان له سه‌ر کرد، ڕێکه‌وتنی ئاگربه‌ستی هه‌ردووکیان بوو، به پێی ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه، یه‌کێتی هێزه‌کانی خۆی له شه‌قلاوه کشانه‌وه، به‌ڵام له پڕ پارتی به 3 هه‌زار چه‌کداره‌وه شه‌قلاوه‌ی داگیرکرد. بۆیه یه‌کێکیش ناچاربوو، هیزه‌کانی خۆی له هه‌ولێر نه‌کێشێته‌وه، ئه‌ویش هه‌ولێری داگیرکرد. دیسان، له سه‌ر ئه‌مانه، ڕێکه‌وتننامه‌ی ژماره‌ی 2 ی پاریس مۆرکرایهوه، به‌ڵام یه‌کێتیی چۆڵکردنی هه‌ولێری به‌سته‌وه، به به‌جێهێنانی ئه‌و ڕێکه‌وتننامه‌یه، که له به‌ندێکیدا، وا هاتبووه، داهاتی برایم خه‌لیل و شوێنه‌کانی تر، له ڕێگای حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه دابه‌شبکرێت.