رونكردنەوەیەك لە مەلا بەختیارەوە لەسەر پڕوپاگەندەیەكى ناڕاست
Sunday, 15/02/2009, 12:00
3309 بینراوە
لە ژمارەى ئەمڕۆیاندا (15/2/2009) رۆژنامەكانى (هاوڵاتى)و (رۆژنامە) كە ئێستا هاوئاوازن، بە مانشێت، باسى كێشەى ئێستاى دەست لەكاركێشانەوەى كاك كۆسرەتو چوار هەڤاڵى مەكتەبى سیاسى لە یەكێتى دەكەن. راپۆرتێكى سیاسىو ریپۆرتاژیشیان لەسەر هۆكارەكانى ئەم كێشەو دەست لەكاركێشانەوەیان بڵاوكردۆتەوە. بەشێكى هەواڵەكەى هاوڵاتىو ریپۆرتاژەكەى رۆژنامەى رۆژنامە، باسى منى تیایە. ئەم باسەش لە هەردوو رۆژنامەكە، ناوەرۆكەكەى لە هەواڵێكى سایتى (سبەى)دا وەرگیراوە، كە رۆژى (13/2)، بڵاوكراوەتەوە، تەنها ناوى منیان خستۆتە سەر.
گوایە كەسێكى نزیك لەو پێنج هەڤاڵە كە باسى دەست لەكاركێشانەوەیان دەكرێ، هەر لە ژمارەى ئەمڕۆى رۆژنامەى رۆژنامەدا، گوتویەتى:
لەسەروبەندى دەستلەكاركێشانەوەى ئەو پێنج ئەندامەو لێدوانى جیاجیاى هەندێك لە بەرپرسانى یەكێتى، سەعات (11)ى شەوى رابردوو لە رونكردنەوەیەكدا كە بۆ رۆژنامە نێردرا، سەرچاوەیەكى نزیك لەو پێنج ئەندامە رایگەیاند: هەندێك لێدوان دراوەو دەدرێت لەسەر چۆنیەتى و ئامانج سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەى ئەو پێنج هەڤاڵە، بەشێك لەو لێدوانانە بۆ شێواندنو بچوككردنەوەى ئەو كارەیە، بۆیە بەپێویستمان زانى ئەم رونكردنەوەیە بدەین.
"پێویستە ئەوە بڵێین هۆكارى دەستلەكاركێشانەوەى ئەو پێنج هەڤاڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كێشە زۆرو كەڵەكەبووانەى ناو یەكێتى نیشتمانى كوردستان، كە لە ساڵانى رابردوودا لەگەڵ بەڕێز مام جەلالو مەكتەبى سیاسیدا هەوڵى زۆر دراوە بۆ چارەسەركردنیان، بەڵام چارەسەرنەكران، بۆیە ئەو پێنج هەڤاڵە دەستلەكاركێشانەوەیان بە بەڕێز سكرتێرى گشتى و مەكتەبى سیاسى راگەیاندووەو دەقى دەستلەكاركێشانەوەكانیشیان بە نوسراو رەوانەكردووە بۆ سكرتێرى گشتى و ئەگەر چارەسەرێكى جدیى بۆ ئەو كێشانە نەكرێت، ئەوا ئەو پێنج هەڤاڵە بەردەوام دەبن لەسەر ئیستقالەكەیان و ئیستقالەى هەڤاڵانى تریش بەدوایدا دێت"
ئەم رونكردنەوەیە، هەتاڕادەیەك لە كێشەكانى هەناوى یەكێتى نزیك كەوتۆتەوەو لە رونكردنەوەكەشدا دیارە، كە باسى من وەكو شەخس لەئارادا نییە.
لەسەر ئەو قسانەى گوایە من گوتبێتم، لە كۆبونەوەى مەكتەبى سیاسى لە بەغدادا، نەوشیروان مستەفا دەردەكرێ، ئەم رونكردنەوەیەى خوارەوەم هەیە. وەكو مەلا بەختیاریش، تەحەمولى مەسئولیەتى قسەكانیشم دەكەم: سەبارەت بەوەى گوایە من باسى دەركردنى نەوشیروانم لە بەغدا كردبێ. دوورونزیك ئەم پروپاگەندەیە راست نییە. ئەوەى لەم بارەوە هەیەو نییە تەنها ئەمەى خوارەوەیە..
لەگەڵأ كاك كۆسرەت بەئامادەبونى شێخ جەعفەر، رۆژى 12/2/2009 باسى سەفەرەكەى بەغدادم كردو گوتم:
چەند مەسەلەیەكى گرنگ هاتۆتەپێشەوە، لەوانە، تەواوبونى راپۆرتەكانى هەڵسەنگاندن، هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، هەڵوێستى نەوشیروانو گردەكەى وشە بۆ لیستى جیاواز. كاك كۆسرەت گوتى: بۆ مەسەلەى كاك نەوشیروان لەبەرنامەى كۆبونەوەى بەغداد هەیە؟ منیش گوتم: وەكو بڕیار نییە، بەڵام مەعقولە كێشەیەكى گەورەى ئاوا، قسەیەكى لەسەر نەكەینو هەڵوێستمان رۆشن نەكەینەوە.
لەو كورتە گفتوگۆیە زیاتر، هیچى دیكە لەو دانیشتنەو لە هیچ دانیشتنێكى دیكەدا، نەگوتراوە. ئێستاش دەیڵێم: مەكتەبى سیاسى یەكێتى، ناكرێ لەبەرامبەر كێشەیەكى ئاوادا، بێ بڕیارو بێهەڵوێست بێ. چونكە هەڵبژاردن پرۆسەیەكى چارەنوسسازەو نەوشیروان مستەفاش، هەتا ئێستاش لەسایەى یەكێتى و لەناو یەكێتى نیشتمانى كوردستاندا، هەڵدەسوڕێو لیستەكەشى (ئەگەر خۆى دوابڕیارى لەسەر بدات) هەر لەچوارچێوەى یەكێتى و لەناو جەماوەرى یەكێتیدا، ساغ دەبێتەوە. ئیتر چۆن دەبێ مەكتەبى سیاسى و كۆمیتەى سەركردایەتى یەكێتى، لەبەرامبەر كێشەیەكى وادا، بێ هەڵوێست بێ؟! لەناو كام حیزبو لەناو كام ئەزمونى سیاسیدا، لیستێك لە حیزبێك جیابكرێتەوە، سەركردایەتى حیزبەكە خۆى لە كارى ئاوا نەبان كردووە؟
لەكۆتاییشدا دەڵێم: هیوادارم هێندەى كێشەو ناكۆكى هەیە، بەئەندازەى خۆى بابەتیانەو ئەقڵانیانە، وەكو كێشەو ناكۆكى قسەى لەسەر بكرێ. نەك وەكو مەسەلەى شەخسىو تایبەتى باسبكرێ. ئەگەر رێگەچارەسەرى راستەقینەش بۆ سەرجەم كێشەكان بدۆزرێتەوە، بە كێشەى گردەكەى وشەو نەوشیروان مستەفاشەوە، كە هێشتا رێگەى چارەسەر لەبەردەمماندا ماوە، ئەندامانى یەكێتىو بیروڕاى گشتى دڵنیا دەكەم، كە من، یەكەمین كەس دەبم، لەناخەوە، (نەك بە تاكتیكو مانۆر) پەسەندى دەكەم. بەڵام چارەسەرى راستەقینە بێ، نەك پینەوپەڕۆكردنى كێشەكانو هەڵپەساردنیان. چونكە تاقیكردنەوەى هەموو پینەوپەڕۆكانى رابوردوو، دەریان خست، كە نەك كێشەكانى یەكێتى چارەسەرنەكران، بەڵكو ئاڵۆزتریش كران.
بەسوپاسەوە.
15/2/2009
****************************************