ناوى ئەو گوندە ئاشكرا دەکەین، کە مەحمود سەنگاوى قەتڵ و عامى كردن
Friday, 23/03/2012, 12:00
كوردستانپۆست : پەیامنێرى 14 لە بەشى دووەمى مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەكتەبى سیاسی یەكێتى بناسن ئاماژەمان بە گوندێك كردبوو، كە مەحمود سەنگاوى لە سەردەمی شەڕى ناوخۆدا لە تۆڵەى كوشتنى پیاوێکی خۆیدا قەتڵ و عامى كردبوون، دواى بەدواداچوون ناوی ئەو گوندەمان دۆزییەوە، ئەویش پەیامنێرى كوردستانپۆست بەدواداچوونی بۆ کرد دەركەوت کە لە ڕۆژى ٢١ / ١٠ / ١٩٩٦ مەحمود سەنگاوى بە بیانووى كوشتنى پاسەوانێكى بە ناوى حەمەچاوشین هەڵئەكوتێتە سەر گوندى (
سوولەكان) لە قەرەداغ و دڕندانە ژن و منداڵ و پیر و گەنجى ئەو گوندە قەتڵ و عام دەکات و دواتر گوندەكەش دەسوتێنێت، هەروەك مەحمود سەنگاوى لە كتێبەكەیدا بە ناوى بیرەوەریەكانى سەنگاوى كە گومان دەكرێت مامۆستا عەلى عەبدوڵڵا و ڕێبین تەها بۆیان نووسیبێت بە بێ ناوهێنانى گوندەكە لە لاپەڕە 581 ئاوها ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە:
"
پێشمەرگەیەكمان بە ناوى قادر حاجى عەبدولكەریم براى شەهید یاسین لێخوڕەیى شەهید بوو، دەستبەجێ تەرمەكەیم بە پێشمەرگەیەكى دەستەكەمدا بە ناوى حەمەچاوشین كە پارتیزان بوو لە گەڵماندا ناردەووە بۆ ماڵى خۆیان لە ئۆردوگاى سموود، بەڵام لە زاڵگەى سلێمانى ـ قەرەداخ كەوتنە بۆسەى هەندێ خەڵكى سەر بە پارتى و تەقەیان لێكردن و حەمەچاوشینیان شەهید كرد. دواتر لە تۆڵەى ئەم ڕووداوەدا چوومە سەریان و هەندێ ئیجرائاتى توندم بەرامبەریان كرد"
مەحمود سەنگاوى خۆى ئیعتراف ئەكات كە ئیجرائاتى توندى بەرامبەریان كردووە وەك ئێمە دەیزانین ئیجرائاتەكەى قەتڵ و عام كردنیان بووە، ئەوەى سەیرە نازانرێ مەحمود سەنگاوى بە كام یاسا ئیجرائاتى بەرامبەر كردوون، ئەوە ئیشى دادگا و دادوەرە ئیجرائات بكات نەك كەسێكى خێڵەكى عەسكەرى و بە شانازیشەوە بنوسێت ئیجرائاتى توندم بەرامبەر كردوون.
سەرچاوەیەكى نزیك لە سۆرانى برازاى مەحمود سەنگاوى ئەوەى بۆ كوردستانپۆست پشتڕاستكردەوە، کە مەحمود سەنگاوى چەندین جار داواى لە كەسوكارى ئەو كوژراوانەى گوندى سولەكان كردووە، كە سوڵحى عەشایەرییان لە گەڵدا بكەن، بەڵام ئەوان ڕەتیانكردۆتەوە، چونكە كارەساتەکە زۆر دڕندانە بووە، بۆیە لێرەدا كوردستانپۆست داوا لە كەسوكارى كوژراوانى دەستى مەحمود سەنگاوى لە (
سولەكان) ئەكات،کە زانیارییەكان سەبارەت بە ژمارە و ناوى كوژراوەكانمان بۆ بنێرن تا بڵاوى بكەینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست