کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌

Thursday, 06/05/2010, 12:00














پاش راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی باشووری کوردستان،‌ وا بۆ نۆزده‌ ساڵ ده‌چێت‌، به‌شێکی که‌م له‌ باشووری کوردستان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عس داپچڕاوه‌، پارتیی و یه‌کێتیی خۆیان کردۆته‌ نوێنه‌ری گه‌لی کورد و ئه‌و به‌شه‌یان ناولێناوه‌ هه‌رێمی کوردستان.
نۆزده‌ ساڵه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ به‌ناوی ئازادییه‌وه‌، هه‌ناسه‌یان له‌ ئازادیی بڕیوه‌، به‌ ناوی ئازادییه‌وه‌ ئابڕووی ئازادییان بردووه‌. له‌ رێگای ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانیانه‌وه‌، خراپتر له‌ به‌عس کورد ئه‌نفال ده‌که‌ن، به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ئازاری خه‌ڵکی ده‌ده‌ن، نه‌یارانی خۆیان بێسه‌ر و شوێن ده‌که‌ن.
به‌رپرسانی ئه‌م دوو حیزبه، که‌سانی نۆرماڵ نیین، دڕنده‌ن، جگه‌ له‌ تۆپه‌ڵی هه‌ستی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هه‌وه‌س و ئاره‌زوو، هه‌ستیی مرۆڤبوونیان تێدا نییه‌. که‌سایه‌تیی ئه‌مانه‌  که‌سایه‌تیی تاوانبار و  پیاوکوژ و نه‌خۆشه‌، ئه‌م دڕنده‌ و‌ ده‌رون نه‌خۆشانه‌، ئه‌گه‌ر له وڵاتی دیکه‌ بوونایه‌، له‌ زیندانیان تووند ده‌کردن، یان وه‌ک نه‌خۆش ده‌خرانه‌‌ ژێر چاودێریی پزیشکه‌وه‌‌، ڕیگایان پێنده‌دان تێکه‌ڵ به‌ کۆمه‌ڵگابن، لێ له‌ کوردستاندا ئه‌مانه‌ به‌ره‌ڵان و ده‌سه‌ڵاتدارن، کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. هه‌ر ئه‌مانه‌ن، ده‌ست بۆ شه‌ره‌ف و نامووسی خه‌ڵکیی درێژده‌که‌ن، خاک و زه‌وی هاوڵاتیان داگیرده‌که‌ن، بودجه‌ و سامانی وڵات   ده‌دزن و ره‌وانه‌ی بانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌که‌ن، به‌ ئاشکرا و بێسڵکردنه‌وه‌ ده‌ست له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ر و دوژمنانی کورددا تێکه‌ڵ ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ ده‌زگا موخابه‌راتییه‌کانی داگیرکه‌راندا سه‌وداو مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، رێگایان پێده‌ده‌ن بێنه‌ کوردستانه‌وه‌ و بنکه‌ی جاسوسییان هه‌بێت‌.
له‌ گۆی ئه‌م هه‌رێمه‌دا رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر بوونی به‌ ئازادیی نییه‌، زۆربه‌ی قه‌له‌م به‌ده‌سته‌کان به‌ پاره‌ کڕدراون‌، ترسێنراون‌، لێیدراون، یاخوود کوژراون. ئه‌و ئازادییه‌ی که‌ باسی لیوه‌ده‌کرێت، ئه‌و ئازادییه‌یه‌، که‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان به‌ قه‌دی خۆیاندا دایانبڕیوه‌،‌ ئه‌و ئازادییه‌یه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات پێی خه‌نی ده‌بیت. له‌و هه‌رێمه‌ بچکۆله‌دا ئه‌وه‌نده‌ی چایخانه‌ و گازینۆی تێدایه‌، دوو ئه‌وه‌نده‌ زیندانی ئاشکرا و شاراوه‌ی تێدایه‌، بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌سی خۆیان سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش شوێنی رابواردنیان تیا دروست کردووه‌ و ئافه‌ره‌تی له‌شفرۆشیان خستۆته‌ سه‌ر جاده‌کان، تا له‌شفرۆشیی به‌قه‌د باڵای کۆمه‌ڵگادا بکه‌ن و ره‌وشت به‌ پاره‌ سه‌وداو مامه‌ڵه‌بکرێت.‌
گه‌وره‌ترین خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی جه‌لال و مه‌سعود و به‌رپرسه‌کان له‌ نه‌ته‌وه‌ی کوردی ده‌که‌ن‌. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ مانه‌وه‌ی له‌ مه‌ترسیدایه‌، کێشه‌ی کوردیان به‌ره‌و‌ ئاقار و ئاڕاسته‌یه‌کی مه‌ترسییدار بردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ دوور نه‌خرێنه‌وه‌ و له‌ناو نه‌برێن، مه‌حاڵه‌ و کورد خۆی له‌ناو ده‌چێت.
ده‌سه‌ڵاتی کوردیی هه‌رچی جوانیی و پیرۆزییه‌کانمان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ خیانه‌ت و ناپاکییه‌کانی خۆیانا تێکه‌ڵیان کردووه‌، ئه‌و وڵاته‌ هێنده‌ ناشرینکراوه‌، به‌ده‌گمه‌ن جوانیی و خاوێنی و پیرۆزیی تێدا ده‌دۆزیته‌وه‌. ئه‌مڕۆ که‌سانی دلسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر له‌ کوردستاندا که‌مبوونه‌ته‌وه‌، رۆژنامه‌ و گۆڤاری ئازاد بوونی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، ته‌نها به‌ناوه‌ و گومانلێکراوه‌‌، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی  دانیشووی هه‌رێم زۆربه‌یان خۆفرۆش و گومانلێکراون،  گوومانه‌کان له‌ سه‌ر ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌‌ یه‌قین،  چونکه‌ قه‌له‌مه‌کانیان بۆ جوانکردنی رووی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسه‌کان به‌کارده‌هێنن‌‌، له‌‌ بن هه‌نگڵی ده‌سه‌ڵاتدا پاکانه‌ بۆ کاری خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان ده‌که‌ن، رووی ناشیرینیان خاوێن ده‌که‌نه‌وه‌.
هاولاتیی، ئاوێنه‌ و لڤین.. له‌ به‌ره‌ی گه‌ل نیین، ده‌یانه‌وێت پێچه‌وانه‌که‌یمان ختێبگه‌یه‌ن، ئه‌وانه‌ کۆیله‌یه‌کی ئازادن له‌ ناو قه‌فه‌سی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌جریوێنن، له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کاندا ده‌خۆن، ده‌خۆنه‌وه‌ و ده‌نوون، ده‌ست له‌ ده‌سه‌ڵات پانده‌که‌نه‌وه‌  جزدانه‌کانیان بۆ پڕده‌که‌ن له‌ دۆلار، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌، پاره‌ی خۆیان به‌ ناوی خه‌ڵاته‌وه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌‌ رووخساریان جوان ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ خه‌لاتی بله‌دا، خه‌ڵاتی سۆران راده‌گه‌یه‌نن، له‌گه‌ڵ بکوژانی سۆراندا گۆڕه‌که‌ی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و جارێکی تر خه‌نه‌به‌ندانی خوێنی قه‌ڵه‌م‌  له‌ سه‌رو سمبێڵی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن.
بۆ ئاسووده‌کردنی گیانی سۆران، ئێمه‌ش به‌ باشمانزانی ئه‌و خه‌ڵاته‌یان لێ بسه‌نینه‌وه‌،  خه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی سۆران‌، بده‌ن به سۆرانه‌ زیندووه‌کان، بیده‌ین به‌و که‌سه‌ خاوه‌ن هه‌لوێست و شه‌ریفانه‌ی که‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتدا نیین‌.
پشتگیریمان بکه‌ن و هانمان بده‌ن، با قه‌ڵه‌مه‌که‌ی سۆران  به‌ به‌رده‌وامی بنووسێ،
پشتگیریمان بکه‌ن با گیانی سۆران ئاسووده‌ بکه‌ین، چیدی  نه‌هێڵین ئه‌و سووکایه‌تییه‌ی به‌ سۆران کرا، پێی بکرێته‌وه‌.
پشتگیرییمان بکه‌ن، با نه‌هێڵین ساڵێکی تر به‌ناوی ئازادیی راگه‌یاندن، سووکایه‌تی به‌ ئازادیی و به‌ راگه‌یاندن بکرێت.
ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر بێده‌نگ ببن و رێگا بده‌ن ئاوا سووکایه‌تییتان پێ بکرێت، دڵنیا بن ساڵی داهاتوو خه‌ڵاتی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ده‌درێت به‌ مه‌سعود و به‌ جه‌لال، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌مساڵ درا به‌ نوێنه‌ره‌کانیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە