مەحمود سەنگاوی فیشەک بە داعشەوە نانێ، دەڵێ ئەوانە وەک رۆژنامەنووسەکان نیین!
Tuesday, 29/07/2014, 12:00
2238 بینراوە
لیوا سەلاح دیلمان ئەڵێ:
(من لەگەڵ هیچ بریندارێك نەهاتومەتەوە بۆ ڕانیە، بەڵکە لەگەڵ شەهیدیك بەناوی سەرباز گڕاوی کە پلەکەی عەمیدە).
هەروەها بەردەوام ئەبێ لەگفتوگۆکەیدا و ئەڵێ:
(ئەو شەهیدە وەکو میوان و باوك و برا لەگەڵ مندا هاتووە).
لە کۆتاییدا ئەڵێ:
(کاك مەحمود سەنگاوی مەکە بە شاهیدی خۆت و تەشهیر بەناوی بەڕێزیان مەکە، چونکە گەر کاك مەحمود سەنگاوی خۆی لەوێدا بوایە تا شەهید نەبوایە ئەو جێگایەی جێنەدەهێشت).
مام ڕۆستەم لەخۆرایی نەیووت لەدوای ساڵی ١٩٩١ وە شتێك نەماوە بەناوی پێشمەرگە. ئەوەی هەیە چەکدار و تەنها چەکیان پێ هەڵگیراوە و لەجیاتی کاری پێشمەرگایەتی خەریکی کاری ترن، کە نە لە سیفەت و نە لەڕەوشتی بەرزی پێشمەرگایەتی ئەچێ. ئەوەی هەیە تەنها چەکداری حزبە و خەریکی پاسەوانی کردنی ڤێلا و کۆشك و شەوە سوورەکانی بەرپرسەکانە.
پەرلەمانتاری لیستی گۆڕان: (عەدنان عوسمان) کاتێ هات و ووتی پێشمەرگە نەماوە و ئەوەی هەیە تەنها میلیشیایە. کەچی مەسعود بارزانی خۆی زیاتر لە جامانەکەی سەری سوورتر کردەوە و هەڕەشەی لەوانە کرد کەوا بە پێشمەرگە ئەڵێن میلیشیا. کەچی هەتا ئێستاش هەریەك لە یەکێتی و پارتی هێزی میلیشیایی خۆیان هەیە و بودجەی لەسەر حزبەکانە و ئابوونە لە چەکدارەکانیان کۆئەکرێتەوە.
گەر چاوپێخشاندێك بە ووتەکانی بەناو لیوا سەلاح دیلمانی بدەین، ئەوە تەواوی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەرئەخا کەوا پلە و پۆستی سەربازی لای هەریەك لە پارتی و یەکێتی وەك نەستەلە و نوقڵ و بادەم دابەش کراوە. دەنا بەچ پیوەرێك کەسێك لیوا بێ ئاوا بەو تەمەنە گەنجە و بەو جۆرە ئەپەیڤێ؟! جاران لیوا لانی کەم ٢٠ بۆ ٣٠ سالێك لە هێزی سەربازیی ئەمایەوە تا بگەیشتایە بە پلەی لیوا و شتی لەو جۆرە، ئێستا لە کۆلیژی قەلاچوالان پلە و پایەی سەربازی ئەوەندە ئاسانە وەك ئاو خواردنەوەی لێهاتوە. دەنا چ پێوەرێکی سەربازیی ئەو جۆرە پلانە دابەش ئەکات!
لیوا سەلاح باش ئەزانێ گەر تیا بچێ ئەوا کەسێکی وەك تاڵەبانی دێت و ئەڵێ؛ ئەوا لیوا سەلاحیش پاشەڵی کردە ڕەشەبا. ئەو باش ئەزانێ کەوا ئەم شەڕەی داعش بەهیچ کلۆجێ شەڕی کورد نیە و هەق نیە کورد پاشەلێ خۆی تێوە بگلێنێ. ئەو باش ئەزانێ کەوا مەسئولەکان هەموویان ملیاردێرن و خەریکی نەوت دزین و فرۆشتنیانن. یان لەحاڵەتێکی تردا، ئەم لیوایە کەسێکی ترسنۆك و هیچ لەبارا نەبووە. دەنا لەکوێی دونیا هەبوە لەکاتی جەنگدا لیوا خۆی کاری ئیسعافی بکا و بەرەی جەنگ جێبهێلێت و کوژراوەکان بباتەوە؟ کەی ئەوە کاری لیوا و کەسە شەڕکەرەکانە؟ ئەشێ تەنها دووریان بخاتەوە لەمەترسی کەوتنە ژێر دەستی دوژمن و دواتر خۆی سەرپەرشتی شەڕەکە بکا، نەوەکی تێ تەقێنێت و بەناوی شەهید و شتی لەو شێوەیە خۆی بدزێتەوە.
گەر ئەم بەناو لیوا فەلە پیاوێکی نەختێ ئازا و جوامێر بوایە ئاوا بەو شێوەیە ماستاوی بۆ مەحمود سەنگاوی نەئەکرد و لێمانی نە ئەکرد بە ڕامبۆ. ئەڵێ کاکە مەحمود گەر لەوێدا بوایە تا شەهید نەکرایە ئەوێی بەجێ نەئەهێشت. ئاخر بزانە ئەو هەموو داڵ و ئەستیرەیەی لەسەر شانتە هەمووی وەك پولەکەی ماسی وایە لەکاتی پاککردندا هەمووی هەڵئەوەرێ. باشە خۆ مەحمود سەنگاوی بەخێری سەرپەرشتی ئەو هێزانە ئەکات و بەردەوام لەوێیەو بەحساب چەندین جار لە مردن ڕزگاری بوە، ئەی بۆ نەمان بینی فیشەکێك بتەقێنێ.
لە مەحمود سەنگاویان پرسی بوو؛ ئەوە بۆچی فیشەکێك نانێی بە داعشەوە. ئەویش لەوەڵامدا پێیان ئەلێ: وەقەور باوکم داعش هەمووی نەخوێنەوار و نەزانن، هیچ کامیان ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووس نین.لەکۆتاییدا ئامۆژگاری من بۆ هەر کەسێك بیەوێ تیا نەچێ ئەوەیە: تکایە بەهیج جۆرێ سەردانی ماڵی ئەم لیوایە مەکە و مەبە میوانی. دەنا بەدەردی شەهید سەربازت لێ دێ و تیا ئەچی.