کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كچە گۆرانیبێژەكان دەڵێن مافمان دەخورێت

Wednesday, 02/12/2009, 12:00


لە ماوەی رابردوودا چەند كچە گۆرانیبێژێكی كورد لەمیدیاكاندا هەریەكە و بەجۆرێك ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر بەو مامەڵەیەی كە لەكوردستان لەگەڵیان كراوە لەكاروباری هونەری و بێئومێدی خۆیان دەردەبڕن لەبەردەوامبوون لە گۆرانی گوتن و هەریەكەو بەجۆرێك دەردە دڵی خۆی دەڵێت، لەسەرجەم قسەكانیان باس لەناهەقی و مافخوراوی خۆیان دەكەن لەكاركردنیان لەبواری هونەریدا لە كوردستان.
باخان، كە یەكێكە لەو گۆرانیبێژە كچە تازە دەركەوتووانە، رایگەیاندووە جارێ واز لەگۆرانی گوتن دەهێنێت و خەریكی خوێندنەكەی دەبێت. هەروەها گۆرانیبێژ (هانی)ش دەڵێت لەكوردستان تەسلیمی زۆر شت بووم كە نەدەبوو بیكەم . لەلایەكی دیكەشەوە ژاڵە رایگەیاندووە كە لەبەرامبەر كاری هونەری داوای سێكسی لێكراوە، بەڵام ئەو قبوڵی نەكردووە.
سەبارەت ئەو "ناهەقیانە"ی كە بەرامبەر بە باخان كراوە، لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ (رووداو) دایكی باخان ئاماژەی بەوەكرد كە هەقی كچەكەی لەیەك شت خوراوە " كە بەناهەق باسی دەكرێت"، هەروەها بە ئاماژەدان بە بەرهەمهێنەر و ئاوازدانەر هەڵكەوت زاهیر دەڵێت "چونكە باخان خۆی ئەوەی رەتكردووەتەوە ئیش لەگەڵ ئەواندا بكات، چونكە ئەو ستایلەی ئەوان بەكاری دەهێنن بەكەڵكی هەموو كچە گۆرانیبێژێك نایێت"، گوتیشی "گۆرانیبێژ هەیە قبوڵی دەكات و هەیە قبوڵی ناكات، باخان قبوڵی ناكات".
باخان لە هەڤپەیڤینێكدا دەڵێت پەشیمانم كارم لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر كرد. بەڵام هەڵكەوت زاهیر لەو بارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "من هیچ تەعلیقێكم نییە، چونكە من دەستی هیچ هونەرمەندێكم نەگرتووە كاری بۆ بكەم، بەرێزەوە هونەرمەندەكان خۆیان هاتوون بۆ لای من، خۆشیان دێنەوە بۆ لای من"، گوتیشی " كە قسە دەكەن پاش چەند هەفتەیەك پەشیمان دەبنەوە".
دووەم سیدی باخان بەناوی (شێتی) كە وەستاوە، هەڵكەوت زاهیر دەڵێت كۆمەڵێك هەڵە لە پڕۆژەكەدا روویدا "لەلایەن منەوە ستۆپ كرا، ئەگەر ئەو روونكردنەوانەی باخان داویەتی ئاگاتان لێبێت دیارە دەمێك دەڵێ وەستام، دواتر دەڵێ كلیپەكەی لێ وەستاندم، لادان لەبڕیارەكانی من قبوڵ نییە"، گوتیشی "كارو پڕۆژە لە نێوان هونەرمەند و بەرهەمهێنەر زۆر ئاساییە كارێك دەكەی رەنگە لەكۆتاییەكەیدا رێك نەكەون، زۆر ئاساییە و پێویست ناكات هەر قسەی لەسەر بكرێت".
باخان لە لێدوانەكانیدا بەجۆرێك قسە دەكات كە سووكایەتی پێكراوە و مافی خۆی پێ نەدراوە، بەڵام هەڵكەوت دەڵێت "ئەو چی داوە تا هەقی پێ بدرێت، ئەو لەهەموو ژیانی هەرگیز دۆلارێكی لەكاری خۆی خەرج نەكردووە، دۆلارێكیشی پەیدا نەكردووە". هەروەها باخان دەڵێت بێ بەرامبەر شتت بۆ ناكەن، دەڵێت جگە لەمادە من ناتوانم قوربانی بەشتی دیكە بدەم، بەڵام هەڵكەوت زاهیر گوتی "ئەو مادەی هەرگیز نەداوە لەژیانی و هیچ قوربانیەكی دیكەشی نەداوە تا من داوای قوربانی لێبكەم، هەموو ئەو هونەرمەندانە شایەدن كە لەگەڵ مندان، رەنگە ئەو داخوازی لەمن هەبووبێت، بەڵام من هیچ داخوازیەكەم لەو نەبووە". لۆكە زاهیر پشتیوانی لە هەڵكەوت زاهیر دەكات و لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی " بۆ لەسیدی دووەم وا دەكات، سیدی یەكەمی چۆن كردووە، دیارە لەسیدی یەكەمدا %100 بەرامبەری داوە، هیوادارم خەڵك لەو قسەیە تێبگات كە دەیكەم".
دەشنێ موراد، یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی هەڵكەوت زاهیر بە باوكی هونەریی خۆی ناو دەبات و دەڵێ " كاك هەڵكەوت بڕیاردەرە لەسەر هەموو ژیانی من، لەم كوردستانە لەباوكیشم زۆرترە، دەمەوێت راستییەك بڵێم، هەزار مەكر و نازی بەسەر دەكەم، هەموویم بۆ جێبەجێ دەكات". دەشنێ كە زۆربەی تەمەنی خۆی لە هۆڵەندا بەسەر بردووە دەڵێ " كاك هەڵكەوت زۆر شتی بێ هیچ بەرامبەرێك بۆ كردووم".
لۆكە زاهیر دەڵێت "ئەو مەسەلە تایبەتیانە پەیوەندییان بە مامۆستا هەڵكەوت زاهیرەوە نییە، ئەوە دەكەوێتە سەر شەخسیەتی گۆرانیبێژەكە خۆی، لە كوردستان بێ یان لە ئەوروپا، پێویستە خۆت شەخسیەتی خۆت بپارێزی، كەس ناتوانێ قسەت پێ بڵێت".
هەڵكەوت زاهیر دەڵێت "ئەوانەی قسە بە من دەڵێن كۆمەڵێك هونەرمەند و خەڵكی لابەلان، رەنگبێ ژمارەیان لە 100 كەس تێنەپەڕێت لەكوردستان، تەنیا مەسەلەكە هەڵكەوت زاهیرە، بڕۆ لەسەر شەقام خۆت رووت و قووت بكەوە كەس باست ناكات، بەڵام چونكە ئیشی من دیارە قسە دەكەن". هەروەها گوتیشی" ئەگەر ئەو 100 كەسە ببێتە 100 حكومەت و 100 هەزار لەشكریان دوا بكەوێت بە پەنجەیەكی من ناوێرن".
لەبەرامبەر دڵشكانی كچەكەی لە كاتی كاركردنی لە دوایین ئەلبوومیدا بەناوی (شێتی)، دایكی باخان بە تووڕەییەوە دەڵێت "من دەزانم كۆمەڵگەی كوردی چییە، پیاوی كورد چییە، ئەگەر كەسێك بەراز نەبێت ناتوانێ لەنێو ئەو كۆمەڵگەیەدا سەلامەت بێ"، هەروەها گوتیشی "لەرووی هونەرییەوە هەقی باخان خورا لەبەر ئەوەی ئینسانێكی پاكە، من بیر لە تۆماركردنی داوای یاسایی دەكەمەوە، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێك نادەم ". سەبارەت بە بنچینەی دروستبوونی كێشەكەش دەڵێ "هەڵكەوت بەدڵی نەبوو ئەو كلیپە بكات، نازانم بۆ پارە بووە، یان بۆ ئەوە بوو هیچ كەسێك لەباخان نزیك نەكەوێتەوە".
هەڵكەوت زاهیر، دەڵێت دەشنێ و لۆكە و میرا سێ هونەرمەندی ئازیزی منن و رێزی خۆیان گرتووە، بەڵام هەندێ هونەرمەندەوە ئیرەییان بەرامبەر دەكرێ و دەڵێن كار بۆ فلان كەس دەكات " ئەوەش یەكێكە لەو خاڵانەی كە باخان خۆی پێ دۆڕاند.
رووداو -هەولێر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە