ئەمانە ختووكەم دەدەن

Monday, 21/06/2010, 12:00


*میدیاكانى پارتى جلەكوردى و مێزەرە سوورەكەى بارزانى بە مۆركى كوردایەتى و ڕەسەنایەتى ئەو زاتە دادەنێن كەچى نازانم بەقودرەتى قادر تا ناو فڕۆكەكەش لەبەریایەتى بەڵام لەوێ دەیانگۆڕێت و بە كاپتنى فڕۆكەكەدا دەیان نێرێتەوە بۆ "سەرى سپى" ، ناهەقى "كاكە" ناگرم ، جلى كوردى و سەفەرى دیبلۆماسیى كوجا مەرحەبا...!!
*لە كۆنگرەى سێى یەكێتى بە پێى مەبدەئى "چەپڵە" كە یەكێكە لە پرەنسیپەكانى دیاریكردنى سەرۆك لە حیزبە سۆسیال دیموكراتەكانى دونیادا ...!!، هەموو ئەندامانى كۆنگرە و كارمەند و كرێكارەكانى هۆڵەكەش ، "جەنابى مام جەلال"یان كردەوە بە سكرتێرى گشتى....!!
*مەلاى مزگەوتەكەمان ڕۆژى هەینى لە وتارەكەیدا بۆى گێڕاینەوە "كاتێك پێغەمبەر د.خ كۆچى دوایی كرد ، خاچپەرستەكان چەند كەسێكیان ڕەوانەى مەراسیمى ناشتنەكەى كرد تا بزانن لەكوێ دەنێژرێت ، تا دواتر گۆڕەكەى هەڵبدەنەوە و تەرمەكەى بدزن ، بەڵا كاتێ ویستیان ئەوە بكەن (عوسمانیەكان) چواردەوریان گرتن و 17 كەسیان لێ بەدیل گرتن " ، بەڕاستى لەو كاتەدا كەوتمە ئەو خەیاڵەى ئاخۆ دەبێت عوسمانیەكان بە ئامێرى گەڕانەوە بۆ ڕابردوو كەلە فیلمە خەیاڵیەكانى هۆلیودا بینیومانە گە ڕابێتنەوە بۆ سەردەمى پێغەمبەر یان بە ئامێرى پێشكەوتووتر...!!
*سەرۆكى هەرێم لە توركیا نان و چاى لەگەڵ ئەردۆگان دەخوارد ، سوپاى توركیاش گوێچكەیەكى خاكى هەرێمى گرتبوو باى دەدا لەسەر ئەوەى ڕێی بە پ.ك.ك داوە بێتە ئەمدیو....!!
*میدیاكانى پارتى ووتیان ئەم سەردانەى سەرۆكى هەرێم بۆ دەرەوە دەستكەوتێكى دیبلۆماسیى گەورەبوو بۆ كورد ، وابزانم مەبەستیان ئاوڕدانەوەكەى سەرۆك بوو بۆ پشتەوە لەكاتى كۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەكەى لەگەڵ "ئۆغڵوو" ، چونكە سەرۆك هەستى كرد ئاڵاى لە پشتەوە نیە ، ئەمەش دەلالەتە لەوەى حاسەى شەشەمى بە هێزە....!!
*بوختان بۆ توركیا دروست دەكەن و دەڵێن گوایە زمانى كوردى قەدەغەكردووە ، كەچى بە چاوى خۆم بینیم سەرۆك بارزانى لەبەردەم "ئۆغڵۆ"ى وەزیرى دەرەوەدا بەكوردى مەدح و سەناى توركیاى كرد ، كاكى وەزیر نەك هەر تووڕەنەبوو بەلًَكو بە دڵێكى فراوانەوە وەریگرت...!!
*"مۆنا سالین"ى سویدى كە كاندیداى پارتێكى سوئێدیە بۆ پۆستى سەرەكوەزیر ، لەسەردانى ئەم دواییەى دا بۆ ئێرە سەردانى ڕۆژنامەیەكى سەر بە دەسەڵاتى ئەولاى كرد و ستایشى كارەكانى كردن ، لەكاتێكا خەڵكى ئەمووڵاتە شایەتن ئەو ڕۆژنامە خۆڕاییە بە خۆڕایی ساڵێكیش دەبێت لاپەڕەى وەرزشى لێ دەرچێت لاپەڕەكانى ترى تەرخانە بۆ جنیوگووتن بە "گردەكە" ، پێ ئەچێت ئەوروپیەكانیش تووشى پەتاى ڕۆژكوێرى بووبن...!!
*خانمە ڕۆژنامەنووسێكى سەر بەدەسەڵات لە ڕۆژنامەیەكى بەحساب حكومى و لە بنەچە دا حیزبى "هەمان ڕۆژنامەى گۆرین" نوسیبووى "میدیاى ئازاد لێرە میدیایەكى جنێوفرۆشە" ، سەرم هەڵبڕى لەلاپەڕەكەى بەرامبەرى نووسرابوو "جەماعەتى گردەكە و ئەو دەستانەى لە پشتەوەیانن ڕسوا و ڕووڕەشى بەردەم گەل دەبن كاتێك......"...!!
*لە مەحرەمێكمەوە كەسەر بە شوێنێًكى یەكێتیە بیستمەوە كە كاك"قوباد" ویستویەتى خۆى هەڵبژێرێت بۆ سەركردایەتى بەڵام مامە وتوویەتى "نابێت یەكێتى ببێتە حیزبێكى بنەماڵەیی " كەچى بینیمان "هێرۆخان"یەكەم ئەندامى سەركردایەتى بوو ، پیدەچێت مامە دەسەڵاتى "هێرۆخان"ى نەبێت...!!
*كابرایەك تۆمەتبارە بە گەندەڵى و یاداشتى دەستگیركردنى بۆ دەرچووبوو ، حیزبەكەشى بە جۆرێك دایان نیشاندبوو ، كەچى لەكۆنگرەى حیزبەكەى دا بە ئەندامى سەركردایەتى هەڵبژێردرایەوە.
* لەم دواییەدا نوكتەیەكى خۆشى هەڵبژاردنەكەى پێشوویان بۆ گێڕامەوە ، لیستێك "ئۆپۆزیسیۆن نەبوو" لە هەڵمەتى بانگەشەكانى دا لەگوندێك جووتێ قۆنەرەیان بۆ ماڵێك ناردبوو ، كابرا بردبوویەوە بۆ بارەگاى لیستەكە چونكە
تاكێكیان سێ ژمارە لەتاكەكەى تر گەورەتر بوو...!!
ئەمانە و زۆرى تر هەن ختوكەى من دەدەن ، ئەگەر ئێوەش دەتانەوێت ختوكە بدرێن وەرنەكوردستان و موتابەعەى هەواڵ و ڕۆژنامەكان بكەن لەناكاو دا قاقاتان دەچێتە عەرشى عەزیم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە