کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پەیامێك لە كەركوكەوە بۆ هەرسێ سەركردەكەى ئۆپۆزسیۆن

Thursday, 07/02/2013, 12:00







بەڕێز كاك نەوشێروان مستەفا ڕێكخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان
بەڕێز مامۆستا مەحەمەد فەرەج ئەمیندارى گشتى یەكگرتووى ئسلامى كوردستان
بەڕێز مامۆستا عەلى باپیر ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى

كەركوك لە ماوەى كەمتر لە 20 ڕۆژ 375 قوربانى دا بەڵام ئەوەى جێگەى نیگەرانیەى لاى كەركوكییەكان ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆن هیچ هەڵوێستێكى نەبوو بەڕێزان سەركردەكانى ئۆپۆزسیۆن ئەوڕەوشەى كە ئێستا كەركوك تێیدا دەژیت زۆر لە ژیانى شاخ قورسترە چونكە لە خەباتى شاخدا دوژمن ڕوو بەڕوو دەجەنگا بەڵام ئێستا كەركوكییەكان سێبەرى خۆشیان لێ بووە بە دوژمن و نازانن لەچى ساتەوەختێكدا مردن یەخەیان دەگرێت كاتێك كە هەریەك لە كاك نەوشیروان و مامۆستا محمد فەرەج سەردانى كەركوكیان كرد زۆر جێگەى دڵخۆشى بوو لاى كەركوكییەكان بەڵام لەئێستادا كەركوك لە هەمووكات زیاتر پێویستى بە هەڵوێستى ئێوە هەیە چونكە ڕۆژێك بەسەر هاووڵاتیانى كەركوكدا تێناپەڕێت ڕوداوێكى ناخۆش كوشتنى مرۆڤ دەستگیر كردن رفاندن تۆقاندن بەچاوى خۆیان لەشارەكەیان نەبینن , ئەمشارە خوێناوییە شەقامەكان بەخوێنى مرۆڤەكان سور بووە وێنەكان هەموو خوێناوین دەنگو ئاهو ناڵەى منداڵە بێباوكەكان دایكە جەرگ سوتاوەكان دەگاتە كەشكەشانەى فەلەك بەڵام نەمان بینى ئێوە هەڵوێستێكتان هەبێت ئەو بێدەنگیەتان واى لە خەڵكى كەركوك كردوە كە ئەو وتانەى لەكاتى سەردانەكانتان بۆ كەركوك ووتان كە گوایە كەركوك بەشێكە لە كوردستان لە ئێستادا بكەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەو وتانە لەلاى كەركوكیەكان هەروەكو قودس و دڵەكەى پارتى و یەكێتى وایە كەموزایەدەى سیاسی پێوە دەكەن ئەگەر پێتان وایە بەشێكە لە كوردستان ئەى بەچاوى خۆتان نابینن ئەم هەموو كوردە لەپەلەقاژێى مەرگدایە , بۆ بەدەم ئەم خەڵكە بەش مەینەتەوە نایەن كەلەسەرەتاى دروست بوونى شۆرشەوە تا ئەم ساتەوەختەش ئەمە حاڵى كەركوكە . بەڕێزان ئێوەش هەروەكو پارتى و یەكێتى تەنها لە بۆ لەدەست نەدانى ئاستى جەماوەرى خۆتان بەلاتانەوە گرنگ نیە چى لە كەركوك ڕوو دەدات زۆربەى ئەو تەقینەوانەى لە كەركوك ڕوودەدات لە ناوچە كوردییەكانە زۆربەى قوربانیەكانیش كوردە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنى ئێوەش كە (كەیئێن ئێن) و سپێدە و پەیامن تەنها یەك شەو باسى ئەو تەقینەوانە دەكەن و ئیتر وەك بڵێت هیچ ڕوینەدابێت بەڵام ئەگەر یەك هاوڵاتى لە سلێمانى بكەوێتە ژێر بینایەیەكەوە یان لە بەشەناوخۆییەك چەند قوابیەك شەهید بن ئەوە هەفتەیەك كەناڵەكەتان سەرقاڵى ڕوماڵ كردنى دەبێت ئایە خوێنى هاوڵاتیەكى كوردى كەركوك لە گەڵ خوێنى هاوڵاتیەكى سلێمانى و هەولێر و شارەكانى دیكە جیاوازى چیە ؟ ئەمە تەنها قسەى من نیە ئەمە ڕەخنەى هەموو هاوڵاتیانى كەركوكە بۆچى هەرشتێك لە پێتان وابێت لەبەرژەوەندى خۆتان و حیزبەكەتان نەبێت بەهەموو تواناتانەوە مەكینە ئیعلامیەكانتان دەخەنە گەڕو دژایەتى دەكەن كە ئەویش مافى خۆتانە بەڵام ئەو قەتابیانەى لە بەشە ناوخۆییەكان بریندار بوون لەسەر حیسابى حكومەتى هەرێمى كوردستان ڕەوانەى دەرەوەى ووڵات كرا لەبەرامبەردا بریندارى تەقینەوەكانى كەركوك تائێستاش ئەوانەى كەماون مەترسى لەسەر ژیانیان هەیەو هەر دوێنێ ئێوارەش یەكێكیان گیانى لەدەسدا . ئەى بۆچى ئەم ڕەخنەیە ئاراستەى حكومەت ناكەن كە بریندارى تەقینەوەكانى كەركوكیش بەهەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت ئەوانیش خۆ هەر مرۆڤن ئەوانیش خۆ هەر كوردن .
=بۆیە من لێرەوە داواتان لێدەكەم وەكو ڕۆژنامەنوسێك و دڵنیام ئەمە داواى خەڵكى كەركوك و ڕۆژنامەنوسانى هاوڕێشمە
1-گرنگى زیاتر بە كەركوك بدەن و دور بكەونەوە لە دروژم بەكردەوە بیسەلمێنن كە ئۆپۆزسیۆن خەمخۆرى كەركوكە چونكە خەڵكى كەركوك بەهۆى سیاسەتە سەقەتەكانى یەكێتى و پارتى تێرى خواردوە لە دروشم چاوەڕێى كردارن .
2-دەزگاكانى ڕاگەیاندتان گرنگى باش بە ڕوداوەكانى كەركوك بدات بەردەوام كەمتەرخەمیەكان بخاتە ڕوو و واز لەوە بێنن كە ئێرە كەركوكە پێویستە ڕەخنە نەگرین پێم وایە ڕەخنە نەگرتن كەركوكى گەیاندە ئەم دۆخە چونكە پارتى و یەكێتى گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ كراوە و بگرە زۆر جاریش ئۆپۆزسیۆن پاڵپشتى كەمتەرخەمیەكانیان دەكات ئۆپەراسیۆنى دیجلە بەنموونە كە من پێم وایە سیناریۆى خۆیان بوو واشیان لە ئۆپۆزسیۆن كرد پاڵپشتیان بكات .
3-فشار خستنە سەر دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى لە كەركوك تاوەكو هەوڵى یەكخستنەوەى دەزگاكانى ئاسایش بدەن بۆ بەهێزكردنى ئاسایش لەشارەكەدا چیتر ڕێگە نەدرێت پارتى و یەكێتى موزایەدە بەسەر كەركوكەوە بكەن پرۆسەى دوو ئیدارەى بگوازنەوە بۆ كەركوك .
4-هەوڵ بدرێت لە ڕێگەى پەرلەمانەوە دانیشتنى تایبەت لەسەر كێشەى كەركوك و چۆنیەتى چارەسەر كردنى ئەنجام بدرێت .
لەكۆتایدا دەڵێم ئەگەر ئێوەش وەكو یەكێتى و پارتى بتانەوێ تەنها بە دروشم سۆزى كەركوكییەكان بەلاى خۆتاندا ڕابكێشن ئەوە ئەوكات بەسەر چوو ئێستا كەركوك قبوڵى نیە نە پارتى ونەیەكێتى و نەئۆپۆزسیۆنیش دروشمى پێ بفرۆشێتەوە بۆیە سەرەڕاى ئەو بێ هەڵوێستیەتان بەرامبەر شەهید بوونى ئەو هەموو مرۆڤانە بەڵام كەركوك هەندێك ئومێدى بە ئێوە ماوە هیوام وایە جێگەى ئومێدى كەركوكییەكان بن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە