کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆک په‌رله‌مانێکی خوێنڕێژ و درۆزن..

Tuesday, 05/04/2011, 12:00


له‌و بستۆکه‌یه‌دا که‌ ناوی هه‌رێمی کوردستانه‌، له‌ ساڵی 1992 وه‌وه‌ حکومه‌تێک و په‌رله‌مانێک دامه‌زرێنراوه‌‌. له‌وساکه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ به‌ چه‌ند قۆناغی جۆراوجۆردا تێپه‌ڕ بووه‌. وا نزیکی دوو ساڵه‌ که‌سێک کراوه‌ به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌که‌ که‌ ناوی خۆی ناوه‌ دوکتۆر که‌مال که‌رکوکی. ئه‌و که‌سه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه‌، هاوکات ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیشه‌.
‌که‌مال که‌رکوکی ڕابووردوویه‌کی زۆر قێزه‌ون و پڕ له‌ تاوانکاریی هه‌یه‌، به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر هاوڵاتی وڵاتێک بوایه‌ که‌ تیایدا ڕێز له‌ مافه‌کانی مرۆڤ ‌بگیرایه‌ و سه‌ره‌تاکانی بیروباوه‌ڕی دیموکراتی پیاده‌بکرایه‌ و یاسا سه‌روه‌ر بوایه‌، ده‌بوا وه‌ک مرۆڤکوژ و تاوانبار حسابی بۆ بکرایه‌ و هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ زینداندا به‌سه‌ر ببردایه‌. به‌ڵام قه‌ده‌ری کورد ئاوایه‌، حیزبێک که‌ مێژوویه‌کی پڕ له‌ خۆفرۆشی و خیانه‌تکاریی هه‌یه‌ و به‌ خۆسه‌پاندن و فرتوفێڵ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر به‌شێکی کوردستاندا و هه‌رچی داهاتی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان هه‌یه‌ بۆ خۆی زه‌وتی کردووه‌ و وه‌کو خێر و سه‌ده‌قه‌ به‌شی هاوڵاتییه‌کان ده‌دات، که‌سێکی وه‌کو که‌مال که‌رکوکی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌.
به‌ر له‌م وتاره‌ی من ده‌یان که‌س له‌ گه‌لێک گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و سایتدا باسی ڕابووردووی پڕ له‌ تاوان و ڕه‌فتاری نائینسانانه‌ی که‌مال که‌رکوکییان کردووه‌ و پیویست ناکات من ئه‌وانه‌ دووباره‌ بکه‌مه‌وه‌.
لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌و که‌مال که‌رکوکییه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ مرۆڤکوژه‌کانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان‌ی ئێستا و قیاده‌ مووه‌قه‌ته‌ی ساڵانی 1976 ــ 1981.
که‌مال که‌رکوکی بکوژی هه‌ره‌ سه‌ره‌کیی عه‌لی عه‌سکه‌ری، دوکتۆر خالید سه‌عید و شێخ حسێن بابه‌ شێخه‌. به‌هاری ساڵی 1978 کاتێک ئه‌و سێ سه‌رکرده‌یه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌دا، چوونه‌ ناوچه‌ی هه‌کاری، له‌ ناوه‌ختا که‌وتنه‌ بۆسه‌ی قیاده‌ مووه‌قه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێک له پێشمه‌رگه‌کان شه‌هید بوون و ئه‌وانی دیکه‌ ده‌ستگیرکران. پاشان له‌سه‌ر داوای مه‌لا مسته‌فا بارزانی، شتێکی کارتۆنی به‌ناوی (محکمه‌ الپوره‌) له‌ لایه‌ن که‌مال که‌رکوکی و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌وه‌ پێک ده‌هێنن و که‌مال که‌رکوکی خۆی ده‌بێت به‌ (رئیس المحکمه‌ الپوره)‌ کارتۆنییه‌که‌ و له‌ بڕیارێکی قه‌ره‌قوشییانه‌دا، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی 1978 دا عه‌لی عه‌سکه‌ری، دوکتۆر خالید سه‌عید و شێخ حسێن بابه‌ شێخ به‌ شێوازێکی زۆر دڕندانه‌ شه‌هید ده‌که‌ن. وه‌کو ساڵانێک پاشتر سامی عه‌بدولڕه‌حمان لای چه‌ند ئه‌ندامێکی ینک ئاشکرای کردووه‌، هه‌ر له‌ گرتنه‌که‌یانه‌وه‌ تا به‌ محاکه‌مه‌ کردنیان و شه‌هیدکردنیان، که‌مال که‌رکوکی ڕۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌کیی گێڕاوه‌ و وه‌کو لێپرسراوی هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه‌.
پێشتریش و پاشتریش که‌مال که‌رکوکی ده‌ستی به‌خوێنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی ینک سوور بووه‌. دواتریش له‌ کوردستانی ئێران شانبه‌شانی پاسدا‌ره‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران به‌شداریی هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ سه‌ر شار و گوند و ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی کوردستانی ئێرانی کردووه‌ و سه‌دان هاوڵاتی بێ گوناح و سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌یان شه‌هید کردووه‌. له‌و هێرشانه‌دا که‌مال که‌رکوکی ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی و وه‌حشیگه‌ریی نواندووه‌ و وه‌کو خۆفرۆشێکی عه‌یاره‌ بیستوچوار ناوبانگی بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

باواز له‌ ڕابووردووی که‌مال که‌رکوکی بهێنین و بێینه‌ سه‌ر ئێستای.
ئه‌و کابرایه‌ که‌ گوایا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دوکتۆرایه‌!‌ که‌چی نه‌ک زمانی دۆکتۆرێک، به‌ڵکو قسه‌ی ئاساییش نازانێت و هه‌رگیز ناتوانێت دوو ڕسته‌ی ڕێکوپێک بڵێت. هه‌میشه‌ زمانی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵه‌ و هه‌ڵده‌بزڕکێنێت و ده‌موپلی به‌یه‌کدا دێت. ته‌نانه‌ت زۆر جار که‌ قسه‌ ده‌کات خۆیشی نازانێت ده‌ڵێت چی، بۆیه‌ ده‌یان جار ده‌بێت هه‌مان باس دووباره‌ و چه‌ند باره‌ بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ تاقه‌ یه‌ک ڕسته‌ی موفیدی لێ ده‌ربچێت!!
باشه‌ که‌سێک که‌ ئه‌وه‌ توانای قسه‌کردن و ده‌ربڕین و ئه‌وه‌ ڕابووردووی بێت، بۆچی له‌لایه‌ن پدکه‌وه‌ کراوه‌ته‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پدک ده‌یه‌وێت به‌ ینک بڵێت: که‌مال که‌رکوکییه‌ک که‌ هه‌ڕی له‌بڕی جیاناکاته‌وه‌، که‌مال که‌رکوکییه‌ک که‌ خوێنی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی ئێوه‌ی ڕشتووه‌ و چه‌ندین سه‌رکرده‌ی ئێوه‌ی به‌ چه‌کی قورس کوشتووه‌ و خاوه‌ن ڕابوردوویه‌کی ئاوا خوێناویه‌، ئێمه‌ ده‌یسه‌پێنین به‌سه‌رتاندا و ده‌یکه‌ینه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و ده‌بێت ملکه‌چی بن.
له‌ وڵاتانی دیموکرات و پێشکه‌وتووی ئه‌م جیهانه‌دا، که‌سانی هه‌ره‌ به‌شه‌خسییه‌ت و زمان شیرین و ڕه‌وشت جوان و زیره‌ک و به‌توانا و لێهاتوو ده‌کرێنه‌ سه‌رۆک په‌رله‌مان. به‌ڵام له‌ کوردستانی ژێر سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، که‌سانی وه‌ک که‌مال که‌رکوکی ده‌کرێنه‌ سه‌رۆک په‌رله‌مان!! به‌هـ به‌هـ له‌و په‌رله‌مانه‌..

پاش ئه‌م سه‌ره‌تایه‌، ده‌چمه‌ سه‌ر ئه‌سڵی مه‌به‌ست:
ڕۆژی 9/3/2011 له‌كۆتایى دانیشتنى ژماره‌ 6 ى نا ئاسایی خولى سێیه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دا، که‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌شدار بوو، ‌له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا و به‌ ئاماده‌یی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌ به‌ر چاوی چه‌ندین کامێراوه، له‌ کاتێکدا که‌ ده‌یانه‌وێت بزانن چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، که‌مال که‌رکوکی ده‌نگه‌کان ده‌ژمێرێت. ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ن بریتی ده‌بن له‌ شه‌ست و حه‌وت ده‌نگ. ده‌موده‌ست که‌مال که‌رکوکی به‌ عه‌قڵییه‌ته‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆی و به‌ ئه‌وپه‌ڕی سوکایه‌تییه‌وه‌ و به‌ده‌م پێکه‌نینێکی گه‌وجانه‌ و گێلانه‌وه‌، ده‌ڵێت: شه‌ست و حه‌وت ده‌نگ بوو.. خه‌ریک بوو ببێت به‌ شه‌ست و شه‌ش.
که‌مال که‌رکوکی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا و به‌ ئاماده‌یی هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌ به‌ر چاوی چه‌ندین کامێراوه، به‌ ئاشکرا و به‌ مه‌به‌ست و زۆر به‌ ڕۆشنیی، سوکایه‌تی به‌ یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌کات.
ڕۆژی دواتر هه‌رکه‌ فیلمی کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کانه‌وه‌ پیشاندرا، خه‌ڵک زوو ده‌رکی به‌و سوکایه‌تییه‌ کرد و ده‌یان وتار و بابه‌تی ده‌رباره‌ نووسرا و که‌مال که‌رکوکی شه‌رمه‌زار و ڕسوا کرا. ته‌نانه‌ت گه‌لێک له‌ ئه‌ندامانی ینک داوایان له‌ خودی ینک کرد که‌ نابێت له‌ ئاست ئه‌و سوکایه‌تییه‌دا بێده‌نگ بێت و ده‌بێت هه‌ڵوێستێکی تووند نیشان بدات.
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ پاش حه‌ڤده‌ ڕۆژ، له‌ 26/3/2011 دا که‌مال که‌رکوکی ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی مه‌هزه‌له‌ ئاسا بڵاوده‌کاته‌وه‌ و تیایدا زۆر بێشه‌رمانه‌ درۆ ده‌کات و ڕاستیی ڕووداوه‌که‌ و جنێوه‌ ڕۆشن و ئاشکراکه‌ی ده‌شارێته‌وه‌.
ده‌قی ڕوونکردنه‌وه‌که‌ی که‌مال که‌رکوکی تا ئه‌م ساته‌ له‌ سایتی په‌رله‌مانی کوردستاندا دانراوه‌ و ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ 27/3/2011 له‌ یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ی خه‌باتیشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و خوێنه‌رانی هێژا ده‌توانن بیخوێننه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ قسه‌ و هه‌ڵسوکه‌وته‌که‌ی خۆیدا که‌ که‌ له‌ فیلمه‌که‌دا دیاره‌، به‌راوردی بکه‌ن. ئه‌وسا ده‌زانن که‌ ئه‌و که‌سه‌ چه‌ند درۆزن و نائینسانه‌ و ده‌یه‌وێت ڕاستیی ڕووداوێک بشێوێنێت که‌ دوێنێ ڕوویداوه‌ و ده‌یان شاهیدی زیندووی هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند لاوه‌ فیلمی گیراوه‌!! جا وه‌ره‌ ئه‌گه‌ر باسی کاره‌ساتی هه‌کاریت بۆ بکات که‌ 33 ساڵ له‌مه‌وپێش ڕوویداوه‌، چۆنی ده‌شێوێنێت!!
که‌مال که‌رکوکی له‌ ڕوونکردنه‌وه‌که‌یدا ده‌ڵێت: ... له‌كاتى ده‌نگدانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌باره‌ى متمانه‌ دانه‌وه‌، به‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و دواى نۆ سه‌عات گفتوگۆكردنى په‌رله‌مانتاران، ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له‌كاتى ژماردنى ده‌نگه‌كان به‌كار هات كه‌ دیاره‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌كارى بیهَنن كاریگه‌رى سلبى بۆ سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ هه‌بێت و واینیشان بده‌ن كه‌ مه‌به‌ست له‌به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تى و لایه‌نه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش جێگاى ئه‌سه‌فه‌ و زۆر دووره‌ له‌واقیع، چونكه‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌مان نه‌بووه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌گرنگمان زانى بۆ جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رزى كوردستان و گشت لایه‌نه‌كان و راى گشتى روونى بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ مه‌به‌ستێك له‌پشت به‌كارهێنانى ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ نه‌بوه‌و بۆ دژایه‌تى كردنى هیچ كه‌سایه‌تى و لایه‌نێك به‌كار نه‌هێنراوه‌ و هه‌موو كه‌سایه‌تى و لایه‌نه‌كانیش لاى ئێمه‌ جێگه‌ى رێز و پێزانینن .
مه‌به‌ستی من له‌ ئاماژه‌ کردن بۆ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ ناشیرینه‌ی که‌مال که‌رکوکی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ زمان و قسه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتی که‌سێک بێت که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان بێت، ئیدی خه‌ڵک چ ئومێدێکیان به‌و په‌رله‌مانه‌ ببێت!! ئه‌و ڕه‌فتاره‌ ناشرینه‌ی که‌مال که‌رکوکی به‌ر له‌ هه‌رچی سوکایه‌تییه‌ به‌ خودی په‌رله‌مانه‌که‌ و گشت ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان .. سوکایه‌تییه‌ به‌ یاسا و حکومه‌ته‌که‌ش. پاشان به‌وه‌شه‌وه‌ دانه‌که‌وێت و بێت ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی ئاوا پڕ له‌ درۆ بڵاوبکاته‌وه‌ و وا بزانێت هه‌روا به‌ ئاسانیی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌هیچ جۆرێک که‌سێکی وه‌ک که‌مال که‌رکوکی خوێنڕێژ و تاوانبار و جنێوفرۆش به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان قبوڵ ناکه‌ن و په‌رله‌مانێک که‌ ئه‌و سه‌رۆکی بێت، له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ به‌ولاوه‌ هیچی دیکه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ناکرێت.


4 ــ 4 ــ 2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە