بزووتنەوەی گۆڕان لە نێو گوناحی گەلێکدا لە دایک بووە
Tuesday, 10/12/2013, 12:00
1970 بینراوە
لەو ڕۆژەوەی دەزگای"ووشە"خۆی وەک بزووتنەوەیەک پێناساندین و بووە بەشێک لە سیاسەتی کوردیی و ناوی خۆیان نا ئۆپۆسیسیۆن، بەمە دەستیان نایە قوڕگی دەنگی ناڕازیی و ئۆپۆسیسیۆنەوە. ئیتر بە خۆیان و مێدیاکەیانەوە هەموو ڕۆژێک پرسە ئاسا بە مۆسیقایەکی غەمگینەوە ڕوماڵی کارەساتەکانمان بۆ دەگوێزنەوە، دەچنە ناو ماڵە سارد و سڕەکان کە ئۆقرەمان تێدا گرتووە، کاتێکیش کێشەکانیش دەکەونە سەر سکەی خۆیان و دەبنە کێشەی جدیی، دەسەڵات بە راستیی ترسی لێدەنیشیت و بۆ لێواری گۆڕڕدا خۆی ئامادە دەکات، ئەو کاتە گۆڕان هیوایی خەڵکی تێک دەدات و لەناو کێشەکاندا و لەگەڵ دەسەلاتدا خۆی دەکاتە برابەش، ئاو دەکات بەئاگریی توڕەیی خەڵکدا دەکات. رێک ئەو دەستە دەکوێتە روو کە ئەمانە بۆ ئەوە دروست بوون، دەسەلات لە قەیران رزگار بکەن.
ئێمە هەموومان دەزانین، ژیان دیاردەیەکی وەستاو نییە لافاوئاسا، پێویستی بە گۆڕانی بەردەوامە، چرکە بە چرکەش پێویستی بە ئاگامەندییە، تا لەناو ئەو لافاوەدا هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا نەبات.
با ئێمە بگەڕێنەوە بۆ کوشتنی شەهید سەردەشت و بزانین ئەو کاتە مێدیاکانی گۆڕان بەتایبەت مێدیایی بینراو چۆن ڕووماڵی هەواڵەکانی دەکرد و دوایش کە زانیان پارتی زۆر توڕەیە هێواش هێواش گەڕانە دواوە و بێدەنگییان هەڵبژارد.
لە ١٧ی شوباتدا و لە هەفتەی یەکەمدا "نەوشیروان مستەفا" ئەوانەی بەگێرەشێوێن لە قەڵەم دا و دوایی خەریک بوو رەوتەکە بەرەو ئاراستەیەکی تر بڕوات، نەوشیروان خۆی و بزووتنەوەکەی سواری شەپۆلی توڕەیی خەڵک بوون، گەرچی لەگەرمبوونی ڕووداوەکە و پەلاماردانی هێزی پارتیی و یەکێتی، سەرۆکی بزووتنەووەی گۆڕان تاکو سەرسنور رایکرد، بەڵام کاتێک زانیان تەنها ڕووداوەکە قەتیسماوە و جێگەیەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی توڕەیی خەڵک و ترسدەرکردنی بەناو ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە مانگانە ١٠٠٠٠دۆلاریان وەردەگرت.
لە جێگەی تردا زۆر باس لەوە کراوە، کە سەرۆکی گۆڕان بۆ پرسەی شەهیدانی ١٧ی شوبات نەچوو، بەڵام ڕۆژێکی تەواو لە پرسەی دایکی مەسعودا رۆژەکەی لەوێ بەسەر برد، دوایش ئەدهەم بارزانی بردە باخەکە و ئاشتبوونەوە، مردنی دایکی مەسعود بووە خێر و بەرەکەت بۆ گۆڕان و بۆ کاک نەوشیروان، بزوتنەوەی گۆران بوو بە بزووتنەوەی بەشە نەوت.
لە گەرمەی ڕوو داوەکانی ١٧ی شوباتدا و دواتر حەوت خاڵیان دایە دەست دەسەڵاتداران و کەوتنە گفتوگۆکردن.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0eb2c8c2http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f958106fڕووداوەکان زۆرن و ناتوانین لە ووتارێکدا ئاماژە بە هەمووی بکەین، ئەمڕۆش بە بەر چاوی گۆڕانەوە گەنجێک شەهید دەکرێت و وەک هەموو جارێک کەی ئێن ئێن کەوتۆتە لێدانی سەمفۆنیا غەمگینەکە و هەڵڕشتنی فرمێسکە تیمساحییەکان، لە هەمووی سەیرتر چەند دەمووچاوێکی سواویان هەیە بۆ هەموو ڕووداوێک دەیان هێنن و ئەوانیش خۆیان بیردەچێتەوە، کە دەرچووی قوتابخانەی "عەمیدیەن" و نەجمە پەڕۆکانیان لە ماڵەوە داناوە و موچەی خۆیان وەک رائید و عەمید و نەقیب وەردەگرن، لەملاشەوە قسە لەسەر گەندەڵی و تیرۆر و نەوت و دزیی و فزی دەکەن، پاشان دەڕۆنەوە بۆ ماڵە گەرم و گوڕەکانیان، ئێوارانیش لە سەهۆڵەکە لەفە دەخۆن.
ئێستاش ئێوە، کە خۆتان لێبۆتە ئۆپۆسیسیۆن لەباتی ئەوەی بێن داوای دەزگا ئەمنییەکان بکەن، داوای پۆستی پارێزگار دەکەن.
وادەزانن ئێمە بیرمان چۆتەوە کە هەڵسوڕاوی گۆڕان "دانا ئەحمەد مەجید" کە پاریزگار بوو چی بەو شارە کرد؟
لە سایەی بزووتنەوەکەتاندا دانا ئەحمەد مەجیدتان لەدەست یاسا قوتار کرد، ئەگینا ئەگەر ئەو کەسێکی سالم بوایە دەیتوانی بەرگری لەخۆی بکردایە، کاتێک ئێوە دانا نەبەنە بەردەم دادگا ئیتر چۆن دەتانەوێت داگا سەربەست و دادوەر ئازا و جەربەزەبێت و شەفافی ووڵات داگیر بکات؟
جیمس ویتە لە چیرۆکی شاعیرە شێتەکەدا دەڵێت :" زۆرجاران مرۆڤ بەچەکی خۆی دەکوژرێت" . ئەمە ڕێک لە گۆران ڕووی دا، ئەوەتانێ سارد و سڕیی هەڵسوڕاوان بەتایبەتی پەرلەمانتارە تازەکان دەبینرێت، چەندە بە پارێزەوە قسە لەسەر کەیسی شەهید کاوە گەرمیانی دەکەن؟.
هەموو دەزانین هێز و دەسەڵاتی دەسەڵاتدارەکان، لە بێدەسەڵاتی خەڵکانی ترەوە دێت، گۆڕان فێرمان دەکات، کە دەستبەرداری ئازادیی خۆمان بین و لەسەر کەیسی ئازادی بێتە دەنگ بیین.
هەموومان دەزانین سەرپێچی کردن هەندێ کات ڕەنترین کردەوەیە کە مرۆڤ دەبێت تێیدابێت و بۆ بەرژەوەندی خەڵکی یاخیی بوون ئامانج بێت، لەکاتێکدا گۆڕان ئەو سەرپێچییە بە گێرەشێوێنی دەزانێت و هەوڵ دەدات رێگا لە یاخیبوون بگرێت، یان دێت سۆزی خەڵکی ختوکە دەدات و لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا بێدەنگی دێتەوە ناو کایەکان، کە ئەمە ماوەی 5 ساڵە ئەم یارییە ترسانەکەمان لەگەڵدا دەکەن، نایانەوێت ئۆپۆسیسیۆن بەشێوە راستەقینەکەی دروست ببێت.
دەتوانین بڵێین ئێستا گۆڕان هەرای بۆ گۆڕینی نەوت و پۆست و پایە بوو، نەک لە خەمی خەڵک، ئەو قەناعەت و قایلبوونەی گۆڕان بانگەشەی بۆ دەکات، وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، ئەوە تلیاک ئاسایە لەگەرمەی ڕووداوەکاندا دەیدەنە خەڵک تا بەرگری لەئەشکەنجە و خەم و بەدبەختییەکانی ژیان بگرێت، ئەوان توشی شۆڕش و پەچە کردار نەبن، بێن و خۆیان بەتاڵ بکەنەوە و فرمێسک هەڵڕێژن بۆ تراژیدایەکانی وەک، دایکی کاوە و ژنە دووگیانەکەی کاوە و فرمێسک بۆ ساتێک هەڵڕێژن تا ئاسودەبن و کارەکان بدەنە دەست خوا و نزاکان با ڕوو لە ئاسمان بکەن.
ئەوانەی بانگەوازی گۆڕان دەکەن، دەرچووی هەمان قوتابخانەن کە ناوی جەلالی و مەلایییە، بۆیە هەرچێ دەکەن ناتوانن شۆڕشێکی ڕاستەقینە بەرامبەر خۆیان و هزریان ئەنجام بدەن. ئەوە من نیم ئەوە دەڵێم ئەوە ڕووداوە تراژیدیاکانە پێم دەڵێ ئەم ماشێنی گۆڕانە بەرەو کوێ دەهاوێژرێت؟
بە ووشەی بیرمەنێک کۆتایی بەم ووتارە دەهێنم کە دەیووت " فێرکردنی بێمێشکەکان، وەک ئەوە وایە خەڵوز بەسابوون بشۆیت، بۆ ئەوەی سپیی بێتەوە " چارلز دیکنر".