کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كەركوك مەكەنە موزایدەى هەڵبژاردن

Thursday, 05/12/2013, 12:00






تەنها پێنج تیرۆریست هەموو كەركوكیان شڵەژان،بەو هەمو هێز و چەك و جبەخانەیەوە نەیانتوانى روبەرویان ببنەوە، گەر بەراوردى هێزە چەكدارەكان وتیرۆریستانت بكردایە،ئەوا سەرت سوڕ دەما، كەهەر تیرۆرستێك زیاد لە پێنج سەد چەكدار و پۆلیس و ئاسایشى بەردەكەوت،بەو حاڵەشەوە تا درەنگانى شەو، پاش خاپوركردنى ئەو مۆڵەو سوتاندنى ئەوجا توانرا تیرۆریستەكان بكوژن یان بڵێن خۆیان بتەقێننەوە.
ئەوەى كە رویدا چ لەكەركوك چ لەسلێمانى چ لە هەولێر شتێكى چاوەڕوان نەكراو بوو، چونكە گەر منیش بم یان تۆ یان هەر بەڕێزێكى دیكە بین، لە شوێنى بەشێك ئەو كەسانە،نەك دەبینە تیرۆریست،بەڵكو پشتێنى بۆمب رێژكراوى ئەتۆمى و نایترۆجینش، لەخۆمان دەبەستین بۆگیانى ئەو چەكدارانە، رەنگبێت زۆربەتان ئاگادارى زوڵم و زۆر و، تاوان و تەعەدا و ناهەقى ئەو چەكدار و پۆلیسانە نەبن،كە چى دەكەن لەكەركوك، هەرچى خوا پێى ناخۆشە، لە ئیهانە و سوكایەتى و بێرێزیكردن بەرامبەر بە خەڵكى بێ دیفاع دەیكەن. لەسلێمانى و هەولێریش ئەوە هەرمەپرسە،لە زیندانى ئاسایش و دەزگاى زانیارى و زیندانى ئاكرێ و سەرى رەش چى دەگوزەرێت، فەلاقە و هەڵواسین و كێبڵ و كارەبا و شووشە و،تەنانەت تەعەداى ناموس لەزیندانیان وكەسوكاریان،كارێكى ئاسایى رۆژانەن،كە بكەرانى كۆمەڵێك كەسى سەرسەرى و، شەلاتى و سەرخۆش و داماَلڕاون لەهەموو بەهاو رەوشتێك.
جا بێنەرە بەرچاوى خۆت و، خۆت بخەرە شوێنى كەسو كارى ئەو كەسانەى كە ساڵانێكە لەژێر ناوى ئیسلامى بون،یان مەیلدارى بۆ لایەنێك، باوك و كوڕ وكەسیان، كەس نازانێت چیان لێهاتوە، چى دەكەیت ؟ هەڵوێستت چۆن دەبێت؟؟
دیوێكى دیكەى ئەم نوسینەم، مشتو مڕو خۆ بەخاوەندارى كردن و، بەرپەچدانەوەى ئەو هێرشەى دوێنێ یە،هەرچى پارتى هەیە دەڵێت: ئێمە تیرۆریستانمان لەناوبرد و كوشتمان، یەكێتیش دەڵێت نەخێر وانیە، هێزەكانى ئێمە، لەسلێمانى یەوە بەهانایانەوە چوون،گەر بەوردى ودیقەت گوێ بیستى گۆڕانكارى و ،گێڕانەوەى كەناڵەكانى حزبى سەوز و زەرد بدەیت،دەبینیت هەریەكەیان خۆى كردوە بەكوێخاو، خاوەنى روداوەكە، پۆلیس و ئاسایشى سەوز و زەرد بەڕوونى بەرچاو دەكەون.
ئەوەى كەمەبەستمە و تێبینم لەسەر ئەو، كێبڕكێ و شەڕە دۆڕاوەى راگەیاندیانە،كە هەر كەناڵێك بۆ خۆى، بەجۆرێك باسیدەكات ،یەكێتى پۆلیس و ئەفسەرەكانى خۆى دێنێتە سەر شاشە و دەیانكاتە پاڵەوان و قارەمان و براوە،پارتیش بەهەمان شێوە لە خراپتر دەكات، بەهەرحاڵ هەرچیەك بێت،لەو نێوەندەدا تیرۆریستان توانیان دزە بكەنە ناو هەستیارترین، شوێنى سەربازیەوە،كە ئەوە بۆخۆى گەورەترین پەیام و زەنگى مەترسیدارە،كەراستەخۆ تیرۆریستان پێمان دەڵێن، چیمان بوێت دەیكەین و، منەتمان بەهیچ نیە.بۆ ئەوەش دەزگاى بەناو ئاسایش و پۆلیسەكانى یەكێتى و پارتى، ئەو هەلەیان قۆستەوەوكردیانە كاڵایەك بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، سەرئەنجامی كارەساتەكەش بە زیان و قوربانى ،خەڵكى و پۆلیسى داماو و،سوتاندنى موڵك وماڵیان كۆتایى هات.
لەو لایەنانە دەپرسم ،دەڵێم باشە دەزگاو چەكدارانى بەناو ئاسایش و پۆلیس ،گەر ئێوە ئەوەندە جوامێر و ئازا و نەبەردن، بۆچى ناتوانن پارێزگارى لەسەروماڵى خەڵكانى ژێر دەسەڵاتى خۆتان بكەن،ئەوە لە شارى سلێمانى بەرۆژى روناك ،تەقینەوە دەكرێت، تەقە لەخەڵك دەكرێت، دزى دەكرێت،خەڵك دەفڕێندرێت، شاسوارى ئێن ئاڕتى و، پاسەوانەكەى تاڵەبانى بەرگوللە دەدرێن ..لەهەولێریش كە پایتەخت و شوێنى كڵاو سورى بەناو سەرۆكە، قونسوڵ و باڵوێزخانەى دەیان وڵاتى تیایە،كە ئەبێت ئاسایش و ئارامى تیا تەواو پارێزراو بێت،لەوێش هێرش دەكرێتە سەر هەستیارترین دەزگاى ئاسایشەكەى، نەك خەڵكى ئاسایى، بگرە بەرپرسانى ئاسایش و دەزگاى پاراستن، زۆر بەئاشكرا تیرۆر دەكرێن،كەچى تا ئێستا نەمان بینى و نەمان بیست،بڵێن ئەوا بكەرانمان دەستگیركرد،جگەلە سیناریۆ كۆن و بێ كەلك َو شڕەكانى پێشوویان،كەپاش روداوەكە،دێن یەك دوو داماوى عەرەب و قوڕبەسەر دەگرن،دەیان خەنە سەر تەلەفزیۆن ،كە گوایە ئەوانە تیرۆریستن،ئەو كارانەیان ئەنجام داوە، كە لەراستیدا هیچ وانیە و زۆر دورە لەراستیەوە.
ئەوەى كەماوە بیڵێم،ئەوەیەكە ئەگەر ئێوە لەنێوان خۆتاندا، كەركوكیشتان كردوە بەدوو هەرێمى سەوز وزەرد، هەریەكەوبۆخۆى ،خۆى بەخاوەنى دەزانێت، ئەوا تیرۆریستان جیاوازى لەنێوان هیچ رەنگ و روخسارو مەبدئو، بیرو بۆچونێك ناكەن، من دڵنیام وەكو رۆژى روون لام مەعلومە،كە بۆهەتایە هیچ لایەكتان ناتوانن خەون بەخاوەندارێتى كەركوكەوە ببین،لەبەر چەندین هۆكارى ئیقلیمى و دەولى،دڵتان بەوە خۆش نەبێت كە ئێستابونەتە فەرمانڕەواى ئەوێ،چونكە ئەوڕۆ حكومەتى مەركەزى لاوازە و، ناپرژێتە سەر ئێوە،نایەوێت نەیارێكی تریش بۆخۆى پەیدا بكات،بەڵام پاشەرۆژ،كە تۆكمە بوو،بوو بەخاوەنى هێز ودەسەڵات و، پشتگیرى نێو دەوڵەتى بەدەست هێنا،ئەوا فیلمتان ئەسوتێت و رەنج بەخەسار دەبن، بۆیە تا زووە چۆڵى بكەن و لێگەڕێن بۆخەڵكەكەى،چونكە ئێوە و چەكدارەكانتان، هێندە زوڵم وزۆر و ناهەقیتان كردوە،كە كە نەك عەرەب و نەتوركمان بگرە كوردیش چارەى ناوێن، تاكو ئێوە لەوشارەدابن، سەقامگیرى و ئارامى وئاسایش مەحاڵە. .بەدەردى كابرا واتەنى خەونى شاعیرانەیە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە