ئەحمەد كانى لایەنگرى لە 2 تیرۆریست دەكات، پاراستن دوو بەڕێوەبەرى ئەمن رەوانەى ماڵەوە دەكات
Wednesday, 14/10/2009, 12:00
راپۆرتى پەیامنێرى كوردستانپۆست_هەولێر
لە ماوەى تەنها مانگى رابردوودا بە هۆكارى جۆربەجۆرەوە پارتى دوو مدیر ئەمنى خۆى لە پۆستەكانى خۆیان لادا و رەوانەى ماڵەوەى كردن، لە بەرامبەریشدا ئەوان هەڕەشە لە پارتى دەكەن. چەند سەرچاوەیەكى بەرپرسیش هۆكارى لادانى ئەو دوو مدیر ئەمنە بۆ كوردستان پۆست روون دەكەنەوە.
موقەدەم هەژار مەلا عومەرى بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایشى قەزاى مەخموور لە ساڵى 2006 ئەو پۆستەى وەرگرت و پێشتریش لە ناو پارتى بە پلەى جیاجیاى سەربازى تێپەڕیووە، بەڵام بە هۆى چەند هۆكارێك بە بڕیارێكى لە ناكاو رەوانەى ماڵەوەكرایەوە.
سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراوى پلەدار لە ناو لقى 23ى مەخمورى پارتى تایبەت بە كوردستانپۆستى راگەیاند، هۆكارى لادانى هەژار مەلا عومەرى بۆ ئەو ناكۆكیانە گەڕاندەوە كە ماوەیەكە لەگەڵ بەرپرسى لقى23ى پارتى ئەحمەد كانى ناسراو بە ئەحمەد جۆگە دروست بووە. ئەو سەرچاوە هۆكارى دروست بونى ئەو كێشانەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە، وێراى ئەوەى هەمیشە بەرپرسى لق تەدەخولى ئیشە ئەمنیەكانى ئاسایشى دەكرد و خۆى بەسەرا دەسەپاندن و ئەوەش لەلایەن ئاسایش رەت دەكرانەوە، ئیدى دەبوونە مایەى گلەیى لەسەركردن، بەڵام هۆكارى گەورەتر ئەوە بوو كەوا ساڵێك بەر لە ئێستا هێزەكانى ئاسایشى مەخموور ئۆتۆمبێلێكى ئامادەكراوى بۆكارى تیرۆرستى بە دوو كەسەوە لەناو كوورە گەچەكانى مەخمور دەست بەسەردا گرت، بەڵام دواتر بە قسەى بەرپرسى لقى 23، پێشمەرگەیەكى ناوچەى مەخمورى پارتى خۆى لێكردە خاوەن، بەڵام لە راستىدا ئەو خاوەنى نەبوو بەڵكو لقى 23 بۆ مەرامێكى خۆیان دایاننابوو كە هەربەخۆیان دەیان زانى چ مەرامێكیان پێى بووە!
وەك ئەو سەرچاوە تەئكیدى لەسەركردوە كەوا ئاسایشى مەخموور زانیارى تەواوى بەدەست گەیشت بوو لەسەر هەوڵى تەقاندنەوەى ئەو بارهەڵگرەى ناو بازاڕى شارۆچكەى مەخموور كە بەنیاز بوون بۆ رۆژى دواتر بیتەقێنەوە.
بەڵام لق تەدەخولى كردو داواى بەردانى ئەوانەى كرد بە ئۆتۆمبێەلەكەوە، بەڵام لەلایەن موقەدەم هەژار رەتكرایەوە و ئۆتۆمبێل و دوو كەسەكەى رادەستى هۆبەى دژەتیرۆرى ئاسایشى هەولێركرد. بەڵام دواتر دیسان لقى 23 بە واستە ئەو دوو كەسەى بەردا و دواى بەربونیشیان ئەو كەسانە كەوتنە هەرەشەكردن بۆ سەر موقەدەم هەژار و وێراى تێك چونى نێوانى لق و ئاسایشى مەخموور.
بۆیە لق كەوتنە دروستكردنى شت بۆ هەژار و بۆ چەند جارێكیش لە سەرۆكایەتى هەرێم و ئاژانسى پاراستن شكاتیان لێكرد و لەسەر قسەى ئەوان چەند لێژنەیەك بۆ لێكۆلینەوە هاتنە مەخموور ئینزارى سوریان بە مقەدەم هەژار راگەیاند.
لەلایەكى تر سەرچاوەیەكى تر لە لیستى برایەتى نەینەوا هۆكارى رەوانەكردنەوەى بۆماڵەوەى موقەدەم هەژارى بۆ هەوڵى لیستەكەیان گێڕانەوە و وتى "هەژار مەلا عومەر دژایەتیەكى تەواوى ئەندامانى لیستەكەى ئێمەى دەكرد و لە هەوڵى تیرۆركردنیان دابوو، بۆیە ئێمە زوو پێشنیارى لادانیمان كرد".
سەرچاوەكى نزیكیش لە ئاسایشى مەخموور ئەوەى بە كوردستان پۆست راگەیاند كە هۆكارێكى ترى لادانى هەژار ئەوەیە، كە ئەو كەسێكى داوێن پیس بوو و چەند لەشفرۆشێكى لە دەورى خۆى كۆكردبوەوە و كردبوونیە كارمەندى ئاسایش، كە لەهەمانكاتا ئەوان جاسوسیان بەسەریەوە دەكرد و لەگەڵى رایاندەبوارد و وێنەشیان دەگرت و دواتر بە پارە دەیان فرۆشتە دەزگا بەدناوەكەى پاراستنى پارتى و زانیارى یەكێتى.
بەگوتەى ئەو سەرچاوە چەند گرتەیەكى سێكسى تۆماركراوى هەژار و لەشفرشەكانى ناو ئاسایش بەڕێگەى ئیمێڵەوە بۆ خودى هەژار رەوانەكراوە و وەك بەڵگەیەك بۆ لادانى. بەڵام هەموو ئەو شتانە لەلایەن هەژار رەت كراوەتەوە و نكوڵى لەسەر ئەوە كردوە كە ئەو بێت.
لەلایەكى ترەوە كارمەندێكى ئاسایشى هەولێر ئەوەى بۆ پشتڕاستكردینەوە كەوا هەژار لەسەر ئەو كارانە دەركراوە و باسى ئەوەشى كرد، كە هەژار هەرچەند لە كوتلەى مودیر ئەمنى هەولێر (عەبدوللا عەلى) بووە، بەڵام ئەو بڕیارەى لادانى ئەو لەسەر ئەمرى فازڵ میرانى بووە، چونكە ئەحمد كانى بە میرانى وتبوو ئەگەر هەژار لە مەخموور لانەدات ئەوە ئەو لابدات لە مەخموور، بۆیە میرانى بەگوێى كانى كرد و هەژارى رەوانەى ماڵەوەكرد.
هەروەها ماوەیەكیشە ئەو مودیر مەركەزى ئەمنە لەلایەن پارتى دژایەتى دەكرێت ئەوە بە گوتەى سەرچاوە نزیكەكەى لقى23 هۆكارەكەى برییتە لەوەى، كەوا ئەو مولازمە كەسێكە زانیارێكى زۆرى لەلایە لەسەر گەندەڵیەكانى یەك بەیەكى بەرپرسە حزبى و ئیداریەكانى ناوچەكە، چونكە ئەو لە ساڵى 2003 وە لەو سنورە دەست بەكاربووە.
سەرەڕاى ئەوەى چاودێرێكى زۆر وردى خرابووە سەرى چونكە پارتى گومانى ئەوەى لێ هەبوو كەوا مولازم محەمەد دەستى جاسوسى هەبێت لەگەڵ حزبێكى تر، بۆیە كاتێك كە لە ژمارەى پێشووى رۆژنامەى دەنگى مەخموور لێدوانێكى دابوو ئەوەیان بۆ ئەو بووە دەردێك و پێى تۆمەت باركرا، كە جاسوسى بۆ حزبەكەى غەفوور مەخمورى دەكات، بۆیە ئەوەشیان لەسەر كاریان لادا و رەوانەى ماڵەوەیان كرد.
بە گوتەى ئەو سەرچاوەیە ئێستا هەردوو مدیر ئەمن لەماڵەوەن و هەڕەشەى ئەوە لە پارتى دەكەن ئەگەر نەیان كەنەوە مدیر ئەوە هەرچى بەڵگەى گەندەڵیەكانى بەرپرسان هەیە بڵاوى دەكەنەوە، سەرەڕاى زانیارى لەسەر راستى تەقینەوەكەى 13/5/2007.
ئەو سەرچاوە ئەوشى وت كەوا لەسەر ئەوهەڵوێستە، لە نێوان مولازم محەمەد و ئەحمەد كانى گەندە بەرپرسى لقى 23 بۆتە شەڕ، بۆیە كانى ئاگادارى دەزگاى پاراستنى لێدەكاتەوە داوایان لێدەكات مولازم محەمەد بگرن بۆیە كە ئەو زانیارە دەگاتە لاى بەناچارى مولازم محەمەد بۆ ماوەى یەك هەفتەیە ناوێرێت لەماڵى خۆى بنوێت و شەوان دەچێتە ماڵى ناسیاوێكیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست