ئایا به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بوونی هه‌یه‌؟

Friday, 12/08/2011, 12:00


ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محه‌مه‌دئه‌مین من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم نه‌خێر، بۆ ئێمه‌ی کورد، نه‌ بوون و نه‌ مانایه‌کی نییه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ كۆمه‌ڵێكی كه‌م ئه‌و باوه‌ڕه‌یان هه‌یه‌ و به‌ هوشیاریی و ناهوشیارییه‌وه‌ باوه‌ڕیان پێیه‌تی، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌روو هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كانی دیكه‌وە راده‌گرن.

كۆمیونێتی نه‌ته‌وه‌ و بڕواهێنان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی یه‌کتر و کۆمه‌گا، له‌وخه‌ڵكانه‌ پێك دێت، كه‌ یه‌ك زمان یان چه‌ند زمانێكیان هه‌یه‌ و هه‌ر هه‌مووشیان له‌ دروستكردنی ئه‌و زمانه‌دا به‌شدارن، كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو دروستگه‌ری ئه‌و زمانه‌ كورد بنه‌چه‌یە بن یان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیکە بن، یان هه‌ر كۆمیونتێكی دیکە بن، به‌ڵكو ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ له‌شوێنك ده‌ژین، بۆ به‌رده‌وامیدان بە ژیان، پرۆسێسی دروستكردنی كۆمه‌ڵگەكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانیان، هەروه‌ها له‌ خۆشی و ناخۆشی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیەدا به‌شدار ده‌بن و لەولاوە به‌شێك له‌ كه‌سه‌ ڕامیارەكانی كۆمه‌ڵگەکه ده‌یانه‌وێت خەون و داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگەكه‌ بكه‌نه‌ دروشمسازی و نەتەوه‌كه‌ بكه‌نه‌ خاوه‌ن خه‌وێك، كه‌ به‌دەسەلاتگەیشتنی ئەو رامیارانە گشت خه‌ونه‌كان ده‌بنە به‌ واقیع، هه‌ڵبه‌ته‌ ئەم ئەرکە لەڕێی بە پارتییکردنی خەڵکەکە و لە سایەی پارته‌وه‌، كه‌ پارت بنەماڵەی فه‌رمانره‌وا دروست ده‌كات و نەتەوەی پێ ڕزگار ناكرێت، بەڵام وەك دەبینین نەتەوەی پێ داركاری ده‌كرێت و پێ گێل ده‌كرێت. به‌و دروشمانه‌ی كه‌ باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وەیی ده‌كەن، هه‌موو كاتێك پارت ترسێك له‌ كه‌سه‌كاندا دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌و پارته‌ نه‌ته‌وەییانه‌ نه‌بن، ئیدی هه‌موو مه‌ڕه‌كان (خه‌ڵك) گورگی وڵاته‌ دراوسێكان ده‌یانخوات.

من ده‌ڵێم به‌شێكی کۆمەڵگە پشتگیری دروشمی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی ده‌كات، كه‌ خۆشباوەڕییە. ئه‌وه‌تا خاوه‌ن پارته‌ نه‌ته‌وەیییه‌كان به‌ڕاست و چه‌پدا كوردستان هه‌راج ده‌كه‌ن و كردووشیانه‌ و هه‌ر له‌ژێر شه‌كانەوه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌ی كه‌ لە ئاوات و داخوازییە مرۆییەکانی خەڵك پیرۆزتریان کردووە، لە راستیدا پارچە قوماشێك وەك نیشانەی دەسەلات و سەروەری چین یا پارتێك، پیرۆز نییه‌ و وەك دەبینین لەم سەر تا ئەو سەری دونیا دەسەڵاتدارەکان خاك و نەتەوه‌ و سامانە نیشتمانییەکە به‌یه‌كه‌وه‌ لە مەزادخانەی بازار-ئازاددا هه‌راج ده‌كرێن، ئەندامانی نەتەوە زیندانی ده‌كرێن و به‌رده‌وام بە شێوەی جۆراوجۆر ئەشکەنجە ده‌درێن، لەولاوە لەبەردەم دەسەلات و زاڵی کۆمپانییە جیهانلوشەکاندا تەنیا ڕۆڵی پاسەوانی بیرەنەوت و کارخانە و بانك و زیندانەکان دەبینن. گشت هەوڵی دەسەڵاتداران یا دەسەلاتخوازان لە دروستکردنی ئەو خۆشباوەڕییانەدا (سەروەری نەتەوە، نیشتمان، ئاڵا، بەرژەوەندی نەتەوەیی و هی دیکە) بەڵاڕێدابردن و چاوبەسی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لە پرسە سەرەکییەکە کە پرسی بوونی چینە نایەکسان و دژ بەیەکانە و دەیانەوێت ئه‌وه‌ لە بیری خەڵك بەرنەوە، كه‌ كێشه‌ی چینایه‌تی له‌ناو کۆمەڵگەدا وه‌ك پشكۆ ده‌گه‌شێته‌وه‌ ، وەك (ئه‌نجلس) دەڵێت كۆماری دیموكراتی ناتەبایی نێوان چیینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ناو نابات، به‌ڵكو به‌پێجه‌وانه‌وه‌ زه‌مینه‌ی به‌یه‌كدادانی ئه‌و دوو چینه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ناتەباییه‌ خۆش ده‌كات. هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ بێ بەها ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌شێت بۆ ماوه‌یه‌ك كۆیله‌ پارێزگاری له‌ كۆیله‌یه‌تی خۆی بكات، له‌ دویدا یان ئه‌وه‌تا به‌ نێله‌ی ملمان ڕازی بیین، یان ئازادی له‌ هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌یه‌ك و نادادپەروەرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بەدەست دەهێنین. گۆڕینی جۆری نێله‌ی ملمان، هیچ کات ئازادی نییه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وامیی كۆیلەتییەكه‌مانه‌.

وڵاتانی خۆرهەلات، ئاره‌زووی سه‌رۆك به‌ڕێوه‌یانده‌بات، نه‌ك شتێكی دیکە، ئیتر باش بێت یان خراپ، پرسەکە پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خێزانه‌كه‌یانه‌ و گشت یاسا و پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌لگە له‌سه‌ر كا‌خه‌ز به‌مردویه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌ و بەو جۆرە ده‌سه‌ڵات و بنەماڵەی فه‌رمانڕه‌وا مافی ڕه‌هایان بۆ خۆیان مسۆگه‌ركردووه‌ و ده‌كه‌ن و ئەگەر یه‌كگرتنی خه‌ڵكی بۆ پاراستنی مافه‌كانی خۆی لە ئارادا نەبێت و خه‌بات بۆ سەپاندنی مافی ژیانیان بکەن و مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئەوا هیچ شتێك نییه‌ بتوانێت سنوور بۆ ده‌سه‌ڵات و مشەخۆرییان دابنێت، بەڵێنی پیاوه‌ ڕامیارەكان چ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، یه‌ك شتن و جیاوازیان نییه‌، تەنیا ئامانجیان، فریودان و دەستی دەستی پێکردنی خەڵك و چاوبەسی خەڵکانی خۆشباوەڕە.

ئه‌وانه‌ی سامان و داهاتی نەتەوە لوش ده‌ده‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ژێر دروشمی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌تاوایه‌تییدا بۆ خۆیانی ده‌یبه‌ن و نەتەوه‌كه‌ی لێ بێبه‌ش ده‌كه‌ن. له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان هەر جەنگێك پێویست بێت، دەیکەن و هەزارانی ناهوشیار لە ئێمەی بۆ بەکوشت دەدەن، به‌ڵێم لەپێناو ژیان و داخوازی و خەونی ئەو نەتەوەدا کە بەناوییەوە دەسەڵاتداری دەکەن، ئامادە نین فلسێك لە سەرمایەکانیان یا ساتێك پشوو و خۆشی و گەشتەکانیان بکەنە قوربانی یا ببەخشن، بەڵام هەر کات هاوبەرژەوەند و هاوچینە ناوچەیی و جیهانییەکانیان داوایان لێ بکەن، تەنانەت ئامادە دەبن ئاو و هەوا و خواردن لە خەڵك یاساخ بکەن.

ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی ده‌وروپشتی عیراق بكه‌ین له‌ پارته‌ شۆڕشگیره‌كانیانه‌وه‌ له‌ فه‌له‌سگین له‌ كوردستان ،عیراق، مسر، سوریا، لیبیا هتد، چۆن بونه‌ته‌‌ خوێنه‌خۆری نەتەوە وده‌یانكه‌ن به‌ خۆراكی ده‌بابه‌و تفه‌نگه‌كانیان، كه‌ به‌ده‌یه‌ها ساڵ نه‌یان توانییوه‌ گوله‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌س وڕژێمانه‌ بته‌قێنن كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و پارتانه‌ كردویانه‌ به‌دوژمنمان، له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان.

وەك ئەزموون لەم دونیایەدا خه‌ڵك له‌سه‌ر داخوازی و پێداویستییه‌كانیان یه‌ك ده‌گرن، نه‌ك له‌سه‌ر دروشمێكی خەیاڵی كه‌ به‌رژه‌وه‌نی نه‌تەوایه‌تی پێده‌وترێت. له‌نه‌ته‌وه‌دا ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار هه‌ن، كه‌ هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەش له‌نێوانیاندا نییه‌، كرێكارێكی ئینگلیز له‌تەك كرێكارێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیکە له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانی ڕۆژانه‌مان یه‌‌ك ده‌گرینه‌وه‌، نه‌ك لەسەر بنەمای نه‌ته‌وایه‌تیمان، كه‌ خۆی ئه‌و وشه‌ی نه‌ته‌وه‌ و نشتمانپه‌روه‌رییە هه‌ر له‌ خۆرهەڵاتدا زیندووه‌، تا ڕاده‌یه‌ك وا خۆشبەختانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پراكتیكی نه‌ك تیئۆری، له‌ ئاوابووندایه‌.

پرسی چه‌وسانه‌وه‌ پرسێكی ئابوورییه‌، سه‌رمایه‌داری كوردستان، كرێكاری عیراقی به‌ته‌مه‌ڵ و ترسناك ده‌زانێت و بە بومبێكی ته‌وقیتكراوی ده‌زانێت، هەر بۆیە، لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری چ لەنێو دەرچوانی خوێندگەکان و چ لە بەش و ناوچەکاندا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، کەچی كرێكار لە ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش دەهێنێت، چونکە زیاتر دەتوانێت ناجاریان بکات و بیانچه‌وسنێته‌وه‌ و مامەڵەیه‌كی زۆر نامرۆڤانه‌شیان له‌تەكدا بکات.

كالێفۆرنیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌مه‌رێكا، زه‌وی مه‌كسك بوو و فرۆشراوە به‌ ئه‌مه‌رێكا، ئێستا ئه‌گه‌ر وانه‌بایه‌، خه‌ڵكی كالیفۆرنیا له‌ جیاتی ئەوەی ئه‌مه‌رێكی بن، مه‌كسیكی ده‌بوون و هیچیش له‌ پرسەكان نه‌ده‌گۆڕا. بۆیه‌ بەڵگە له‌ نوسین و شاره‌زایی و قاڵبوون واتای له‌ بیروباوه‌ر زیاتره‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڵسوكه‌وتی پارته‌ نەتەوەییه‌كانی دونیا خێراتر ڕووه‌و سه‌رەنوێلكی مێژوو مل ده‌شكێنن، هێزی چه‌پڵه‌لێدان و ورەی ڕامیاریی نەتەوەیی، بێجگه‌ له‌ ئەهریمەن دروستكردن، له‌ مێژوودا هیچی دیکەی ڵێ دروست ناكرێت.

ده‌وڵه‌ت به‌ ئازار و سه‌ركوتكردنی به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵ دیته‌ دی و به‌هۆی چه‌كداره‌كانیانه‌وه‌ پارێزگاری لێده‌كه‌ن و ڕوحی چه‌كداری هه‌مان شته‌ به‌هه‌ر جلێكه‌وه‌ بێت، هه‌مان روحییه‌تی هه‌یه‌، كه‌ پارێزگاری ده‌سه‌ڵاتی پارت و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یه‌تی له‌لایه‌ك و ڕەشەكوژیی خه‌ڵكی له‌لایه‌كی دیکەوە دەکات. ئه‌وه‌تا له‌ هه‌موو دونیادا خه‌ڵكی به‌ره‌نگاری ناڕەوایەتی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه‌، ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت هی خێزان و چینی فه‌رمانڕه‌وایه‌،نه‌ك نەتەوە وه‌كو پیاوه‌ پارتییه‌كان كاوێژی ده‌كه‌ن، یاسا ته‌نها بۆ ڕاگرتنی خه‌ڵكی ژێرده‌سته‌ بوونی هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌پارێزێت، ته‌نها ئه‌و یاسایه‌، یاسایه‌ كه‌ ڕێکەوتنی کۆمەلایەتیدا بەرژەوەندی و خواستی کۆمەڵگە دابین دەکات، نه‌ك ئەو ملهوریاسایانەی کە به‌ ئاره‌زووی پارت و پارلەمانتاران دەسەپێندرێن. ئه‌وانه‌ی باوه‌ریان به‌ بەڵێن و په‌یمانی پارته‌، كه‌سانێكن، كه‌ ئاسۆی بیركردنه‌وه‌یان ته‌سك و نارۆشنه‌، وەك (ئه‌نجلس) ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵات ته‌نها له‌پێناو خاوه‌ن موڵكه‌كان و خزمه‌تكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیاندایه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە