فەردە دۆلارەكانى مەلا بەختیار
Saturday, 30/03/2013, 12:00
یەكێتى بەدبەختیەكەى لەوەدانیە كە هێزێكى وەك گۆڕانى لێ جیا ئەبێتەوە یان ئەو حزبە ئەبێتە پاشكۆى پارتى و بەرەو پوكانەوە ئەڕوات، بەڵكو بەدبەختى و نەهامەتى یەكێتى لەوەدایە كە كەسێكى وەك مەلا بەختیار تێیدا سەركردەیە و وەك قوتبێكیش لەنێو ئەو حزبە خۆى ئەنوێنێت.
مەلا بەختیار ساڵانێكى زۆر بەرپرسى مەكتەبى رێكخراوەكانى یەكێتى بوو زۆرترین باس و خواسى لە كۆمەڵگاى مۆدێرن و مۆدێرنەتە و چەمكەكانى ترى هاوشێوەى دەكرد، ئەو بە بڕواى خۆى بیرمەندێكى بونیادنەرى كۆمەڵگاى مەدەنیە لە كوردستان بەڵام لەراستیدا ئەو تەنها لە روكەشدا دەیەویست وابێت. بەدرێژایى ئەو چەند ساڵەى مەلا بەختیار بەرپرسى مەكتەبى رێكخراوەكان بوو، زیاتر لە بیست كەسى شەق باران كرد، لە هەردوو كۆنگرەى كۆمەڵەى خوێندكاران و رێكخراوى ئازادى لاوان، چەند ئەندام كۆنگرەیەكى بەر شەقدا و لە ناو هۆڵەكە كردنیە دەرەوە، هەر لەو كۆنگرانەشدا كە مایكەكەى دەگرتە دەست باس و خواسەكانى لە بارەى پۆست مۆدێرنیزم و كۆمەڵگاى مۆدێرنى ئازاد و سەربەخۆ بوو.
مەلا بەختیار لەوەتاى سیاسەت دەكات تاكە راستیەك كە لە دەمى دەرچووبێت ئەو وتارەى بوو كە پارتیەكان و چەند بەرپرسێكى یەكێتى پێ نیگەرانكرد، ئەو بابەتەى كە نووسى خاڵ بەخاڵى پشتگیرى دەكەم و پێم وایە قسەى دڵى هەموو كوردێك بوو كە ئەو كردى، بەڵام بە شێوە گشتیەكە مەلا بەختیار دەیەوێ رووى خۆى سپى بكاتەوە و دەم و چاوى خۆى لەبەرامبەر خەڵكیدا جوان بكات كە هەمیشە دەم و چاوێكى ناشرینى هەبوو لەنێو كورددا.
دەكرێ لێرە لە مەلا بەختیار بپرسین و بڵێین جەنابى مەلا حیكمەت، تۆ ئەو وتارەت دەبووایە لە ناوەڕاست و كۆتایى ساڵانى سەدەى رابردوو بنوسیبوایە، دەبوایە تۆ ئەو وتارەت بەر لە وازهێنان لە لیژنەى ئۆڵۆمپى كوردستان بنوسیبوایە و بڵاوت بكردایەتەوە، ئێستاش ئەو وتارەتان بە روونى دیارە كە مەبەستتانە بە بەردێك چەند چۆلەكەیەك تار و مار بكەیت وەك نمونە پارتى بە شێوەیەكى گشتى و رەقیبەكانیشت لە نێو یەكێتى و هەروا خودى عیماد ئەحمەد و بەرهەم ساڵحیش بەتایبەتى.
بەڵى زانیاریەكانت لە جێى خۆیدایە بەڵام ئێمەش حەقمانە ئەو چەند پرسیارەت لێ بكەین و بڵێین: ئەوكاتەى بەڕێزتان سەرۆكى لیژنەى ئۆڵۆمپى كوردستان بوون كە چەندین رێكخراوى جیهانى هاوكارى دارایى گەورەیان بۆ ئەو رێكخراوە دابین دەكرد، دەكرێ پێمان بڵێیت ئەو پارەیە لە كوێیە و چۆن خەرج كراوە و بەچى دراوە؟
ئایا ئەو كاتەى مانگانە مەكتەبى رێكخراوەكانى یەكێتى كە ملیاردێك و سێ سەد ملیۆن دینارى لە حكومەتە شەلەلەكەى هەرێم وەردەگرت ئەو پارەیە چى بەسەر هات و لەكام ژێر زەمین حەشار دراوە؟ خۆ رێكخراوەكانى سەر بەو مەكتەبە لە چەندین خانوو وەدەر نران چونكە كرێى خانویان پێ نەدەدرا؟ هەرچەندە ئەوە شەخسیە بەڵام پێمان ناڵێیت هۆتێلى شازاد پلازا لە نزیك تەلارى هونەر لە شارى سلێمانى هى كێیە و بە چ پارەیەك دروستكراوە كە گومان ناكرێت ئێمە دەیزانین كە هى جەنابتانە؟
ئەى پێمانبڵێ توخوا پێمان بڵێ لە ساڵى 2010 یەكەم ئۆتۆمبیلى (كامارۆ) كە هاتە كوردستان كوڕە هەرزەكارەكەى تۆ بە بڕى 130.000 سەد و سى هەزار دۆلارى ئەمریكى كڕى، پارەى ئەو ئۆتۆمبیلە لە كام ژێر زەمین هاتە دەرەوە؟
دە ئەم جارەش پێمان بڵێ هەر كوڕەكەتان لە كۆتایى ساڵى 2012 ئۆتۆمبیلێكى ترى لە جۆرى (لامبۆرگینى) كڕى بە بڕى 350.000 سێ سەد و پەنجا هەزار دۆلار ئەو پارەیەش لە ژێرزەمینى كێ دەرچوو؟ ئەى ئەوەشمان پێ بڵێ كە دوو مانگ لەمەوبەر ئۆتۆمبیلێكى جۆرى لێگسس و دوو لاندكرۆزەرى مۆدێل 2013 و یەك لاندكرۆزەرى درع مۆدێل 2013 كە نرخى هەرچوار ئۆتۆمبیلەكە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە لە كام ژێرزەمین هاتۆتە دەر كە هەرچوار ئۆتۆمبیلەكەش بەناوى خۆتانەوە تۆمار كراوە؟. ئێستا كە خۆتان دەرگاى ژێرزەمینەكانتان ئاشكراكرد و راستیەكەتان بە هاوڵاتیان وت كە ژێر زەمینى بەرپرسان پڕن لە فەردە دۆلار، بۆیە تكامان وایە كە بەڕێزتان بۆ متمانى زیاتر و سەلماندنى قسەكەتان ژێرزەمینەكانى خۆیشت ئاشكرا بكە و پێمان بڵێ چەند ژێرزەمینى پڕ لە دۆلارت لەم وڵاتە بونیادناوە؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست