چۆن کۆتایی دەهێنرێ بە حوکمی خوێنساردە غەریبەکان ؟
Monday, 05/05/2014, 12:00
دروستکردنی ئەنجومەنی شارەکان و قەزاو ناحیەو گوندەکان و شۆڕکردنەوەی دەسڵاتی کارگێڕی و دارایی بۆیان یەكێکە لەو شێوازانەی بەڕێوە بردن کە لە سایەیاندا وڵات ڕوەو شەفافیەت و کرانەوە ئاراستە وەردەگرێت و حوکمی ناناوەندی بە جۆرێکی ڕاستەقینەو دروست پێگیری لێدەکرێت ،هەوەها لەسای بونی ئەم ئەنجومەنە خۆجێیانەدا بە گوێرەی بەرکەوتی هەڵبژاردن پلەوپێگە کارگێڕییەکان بەر پارتەکان دەکەوێت و جۆرێك لە دادوەری لە دابەشکردنی لێپرسراوێتیدا دێتەدی کە تیایدا هەمو پارت و قەوارە ڕامیارییەکان دەکەونە کێبڕکێیەکی شەریفانەوە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری ئەو شارۆچکانەدا، بە هیوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردنە بەرتەسکەکاندا لەو شارو شارۆچکانەدا لە ئایندەدا.
هەروەها کاتێك هەڵبژاردن لە سەر ئاستی قەزاو ناحیەو گوندەکان ئەنجامدرا ئەو کات هەمو قەزاکان و هەمو ناحیەو گوندەکان نوێنەری خۆیان و هەڵبژێردراوی خۆیان بڕیار لەسەر پڕۆژەو بەرنامەکانی خزمەتگوزاری پێویست دەدەن بۆ ئەو شارو ناوچانە، وە لە بەر ئەوەی ئەوان لە ڕۆڵەکانی ئەو ناوچانەن و دەزانن لە چی کایەیەکی ژیاندا پێویستییان هەیە ئەولەویەت بەو کایانە دەدەن ، بەمجۆرە ئاستی پێشکەشکردنی کارگوزارییە گشتییەکان و ڕاژەی حکومەت باشتر دەبێت و پڕۆژەکانیش جەدوای ئابورییان دەبێت و دەرامەت و داهاتی گشتیش بەفیڕۆ ناڕوات ، بەمەش هەست بە لێپرسراوی کردن لە دەرونی تاك بەتاکی کۆمەڵانی خەڵکدا چەکەرەدەکات؟ چونکە کاتێك تاك هەستی کرد داهاتی گشتی لە پێناوی کەڵك و بەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێت ئەو کات ئەویش ئینتیمای بۆ دروست دەبێت بەرامبەر بە خاك و وڵات و هەوڵی ئەوە نادات خۆی لەو ئەرکانە بشارێتەوە کە یاساکانی وڵات خستویانەتە سەرشانی وەکو: باجدان و پێگیر بون بە پێبژاردنەکانی کاتی سەرپێچی و دانی نرخ و ڕەسمی کارگوزارییە گشتییەکان لە کاتی خۆیدا، وە هەروەها ڕێز لە ماڵ و موڵك و کەرەستەو کەلوپەلی گشتی دەگرێت و سنورەکانیان تێناپەڕێنێت و زیانیان لێ نادات، هەمو ئەمانەش دەبنە سەرخانێکی باش بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێکی شارستانی پێشکەوتو کە تاك تیایدا هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەرونی و لەشەیی دەکات.
جگە لە مانە کاتێك ئەنجومەنی شارۆچکەو شارەدێیەکان دروستکران بە گوێرەی هەڵبژاردن ئەو کات بە گوێرەی بەرکەوتی هەڵبژاردن لیستە براوەکان فەرمانگەکانی ئەو شارۆچکەو شارەدێیانەیان بەر دەکەوێت و پڕیدەکەنەوە بە پسپۆڕو شارەزاکانی هەمان ناوچەکەی خۆیان کە ڕۆڵەی ئەو شوێن و جێگایانەن و ماڵ و موڵك و مناڵ و کەس و کاریان لەو جێگایانەدا دەژی، بۆیە بە تەنگی ناوچەکانیانەوە دەبن و کەمتەرخەمی ناکەن لە ڕاپەڕاندنی پڕۆژەکانداو بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە ناوچەکانیان دەگەیەنن ، بەمەش جۆرێك لە کێبڕکێی شەریفانە دیسانەوە لە نێوان لێپرسراوانی ناوچەکاندا دروست دەبێت لە سەر بنچینەی ئەوەی کام شارەیە خزمەتی باشتری کراوە لە لایەن خەڵکانی خۆیەوە .
هەروەها ئەمجۆرەی بەڕێوەبردن کۆتایی دێنێ بە هاوردە کردنی بەڕێوەبەرە ناقۆڵاو ڕوگرژ و نەخوازراوو ڕەزاگرانەکان، کە حزبە نەریتییەکان سەپاندونیان بە سەر ناوچەکانداو تۆسقاڵێك دەربەستی خەمەکانی خەڵك نین و لە جیاتی چارەسەرکار بن بۆ گرفتەکانی هاوڵاتیان بونەتە هۆکاری ئەفراندنی ئاریشەو گرفتی سەربار بۆیان .
بۆیە تەنهاو تەنها لە سای هەڵبژاردنی بەرتەسکدا واتا هەڵبژاردنی(بازنەی بچوك) لە سەر ئاستی قەزاو ناحیەکاندا دەتوانرێ ڕیشەی حوکمی ناناوەندی ڕاستەقینە دابکوترێت و کۆتایی بە حوکمی خۆسەپێنی ڕەزا قورسە غەریبەکان بهێنرێت کە وڵاتیان دۆشیوەو ئازادی و شکۆیان لە هاوڵاتیان داگیر کردووەو بونەتە هۆی نەمانی ئینتیما بۆ گەل و وڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست