کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی

Sunday, 08/02/2015, 12:00

8903 بینراوە


ناساندن و خوێندنەوەی کتێب
کۆکردنەوە و ئامادەکردنی فەرهاد عەبدولحەمید(پاڵەوان)
خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە /هەولێر ٢٠١٣/ ٦٠٧ لاپەڕە
کوردستان لەدێرزەمانەوە رووبەرووی شەپۆلی دڕندایەتی و داگیرکاریی بۆتەوە و بوون و هەبوونی، کەوتۆتە بەردەم مەترسییەوە. کاتێکیش ، بێگانە دەسەڵاتی تەواوی لەناوبردنی کوردی نەبووبێ، هەوڵی داوە، بە تواندنەوە و سڕینەوە و شێواندن و بزرکردنی مۆرک و بنەما نەتەوەییەکانی هەڕەشە، لەسەر بونیادی دروست بکات.
ناپلیۆن میسر داگیر دەکات، دەزگای "چاپ"ییان لەگەڵ خۆیدا بۆ دەبات، ،کەچی داگیرکەرانی کوردستان سەرەتا کتێبخانەکان تاڵان دەکەن و بەڵگەنامەکان ئاگر تێبەردەدەن. رەنگە وەبیرهێنانەوەی ئەم دەقە شیعرە. کە گوزارە لە گێڕانەوەی مێژوویەکی پڕ لە مەرگەسات دەگەێنێ. بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر بێت، بۆ ئەو کارەساتانەی کە داگیرکەر لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی.
هورمزگان رمان ئاتوان کوژران وێشان شاردەوە گەورە گاوران
زۆر کار ئەرەب کردنە خاپوور گونا و پاڵە هەتا شارەزوور
ژن و کەنیکان وە دیل پشینان مەرد ئازاتلی ژەروی هونیان
هورمزگان رمان ئەتیران کوژران هویژشان شاردەوە گەورەی گەورەکان
ئایین زەردەشت مانەوە بیکەس بەزەیی کانا هورموزد و هیچ کەس
سیاحەتنامەی ئەولییای چەلەبیش بۆ خۆی وەک سەرچاوەیەکی زیندوو، تژییە، لە گێڕانەوە و بەسەرهاتی سووتاندنی کتێب و کتێبخانەکان لە کوردستان دا.
نەتەوەیەکی وەک کورد، کە سەرتاپای مێژووی ٢٧٠٠ساڵەی، نوقمی خوێن و جوگرافیای وڵاتی، جێی پێخووستی پۆستاڵی لەشکری داگیرکار بێت و سەری سەرکردەکانی گۆی شەقشەقێنی مەیدان بێت و زمان و مێژووی لە ریشەوە هەڵکەندرابێ و هەڕەشە لەسەر بوونی هەبێ، دەبێ نیشتمانەکەی چ دارێکی بەسەر بەردەوە مابێت؟!. بنۆڕن ئێستا سەدەی ٢١ ەکەو هێزێکی تاریکپەرست و وەحشیگەریی وەک (داعش) دێ و کوردستان داگیر و وێران دەکات، کچ و ژنی لاقرتە دەکات و لە بازاڕدا هەراجی دەکات. جا تۆ بگەڕێوە بۆ رۆژگاری زیاتر لە ٢٥٠٠ساڵ بەر لە ئێستا، بزانە ئەسکەندەری مەکدۆنی و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ و سەقەفی و قەعقاع و خالیدی کوری وەلید ، چ کارەسات و کوێرەوەرییەکیان بەسەر کورد دا هێناوە. ئەنقەرە و تاران و بەخداو دیمەشقیش هەتا ئێستا درێژە بەو تاوانکارییە دەدەن.
رەنگە لەم سۆنگەیەوە ئێستا تێبگەین، چەند گرنگە قسەکردن لەسەر ئەوەی، بۆ ئەم میللەتە زۆر لە فەرهەنگ و رابووردووی دوورکەوتۆتەوە و ملی بەرەو نامۆیی ناوە، دین و فەرهەنگی بە تاڵان براوە. بە واتایەکی دیکە،کورد چەند، بنەما سەرەکییەکانی خۆناسین و سەروەرییەکانی رابووردووی لێ شێوێندراوە. بە کورتی ئاشکرا دەبێ، دەسەڵاتی بێگانە و فەرهەنگی نامۆیی و ئەقڵێتی نا کوردی لە نیشتمانەکەمان دا حوکمی کردووە... ئەم فاکتەش وای کردووە، زەمینەی سەوزبوونی هیچ نەمامێک لەسەر شەقڵی کوردی دروست نەبێت.
لەم بارەدا خۆراستکردنەوە و خۆڕاپسکان، لەژێر باری قورس و گرانی ژێردەستیدا، بە ئەندازەیەکی زۆر دژوار و سەختە. لە ئالییەکی دیکەوە تێدەگەین، گەیشتن بە وێستگەی بە ئاگابوون و خۆناسیین و شانازیکردن، بە مێژووەوە،لای کورد کام تروسکە کزی نیوە هیوابەخشی لارەملە. کەواتە دۆزینەوەی توولەرێی خۆقوتارکردن لە دارستانێکی چڕ و ئەنگوستەچاودا، کاری مەحاڵە و هەڵگەڕان بە هەورازی پڕ لە هەڵەمووتیشدا، بە رێی سەرچڵی و مەرگ دادەنرێت.
لێرەدا، نامانەوێ پانۆڕامای مەرگەساتی کورد نمایشت بکەین، لێ گەرەکمان ئاوڕی لە زمان و فەرهەنگ و دین و شارستانێتی بەتاڵانبراومان ـ بەتایبەت زەردەشت و پەیامە ئایینییەکە ـ بدەینەوە.
دیارە کەسێک بیەوێ پێڕەوی لە دابونەریتی ئایینی زەردەشت بکات،بۆخۆی ئازادە و پێویستە بە سنگفراوانییەوە لێی بسەلمێندرێ. چونکە زەردەشتێتیش، ئایینێکە فەرمانی چاکەکردن و مرۆڤدۆستی و ئاشتیی و سروشتخوازی بە تاکەکان دەبەخشێ . بە پێی جیهانبینی زەردەشت و ئایینەکەی، مرۆڤ و کارەکتەرە جوان و خەسڵەتە ئەرێنییەکانی، سەنگ و قورساییەکی باڵایان هەیە و سێکوچکەی {{بیری چاک (هومت)،وتەی چاک (هوخت)،کرداری چاک(هورشت)} ئەو زەمینەیەن، کە تەلار و کۆشکی هزر و ئەندێشەی زەردەشتێتی لەسەر هەڵچنراوە. هەرسێ کردارەکە (چاک)ە کە،کە داواکراوە،گرێدراوە بە مرۆڤەوە، مرۆڤی باش و بەرەوشت و راستگۆ و هەقدۆستەوە. بە مانایەکی دیکە، چەقی هاوکێشەکە، بە پێگەو رۆڵی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە. مرۆڤ نێوەندی کردارەکان و پاڵەوانی رووداوەکانی سەر شانۆی ژیانە...
ساتەوەختێکیش هەموو لەوە بە ئاگاین، مرۆڤ و کردارەکانی لە نێو پرۆسەی پەلەی ژیان و مامەڵە لەگەڵ سروشت و رۆڵی داهێنان و پەیبردن بە نهێنییەکانی گەردوون و رەفتارە ماڵوێرانکەرەکانی، دیسانەوە لە ناوەڕاستی رووبەری پرس و هاوکێشەکاندایە. کەواتە هەر خودی مرۆڤە،دەتوانێ بەختەوەری یاخود کوێرەوەری بۆ مرۆڤەکان فەراهەم بکات،ئیدی بەرپرسی یەکەم،هەر مرۆڤ خۆیەتی. بەم جۆرە، ساتێ فەلسەفە و دید و تێڕوانین و ئایین و رێبازێک، هەموو ووزە و توانای خۆی، بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی، مرۆڤ، فاکتەرە سەرەکی و بەهێز و کاریگەریەکەی ژیان، رۆڵی ئەرێنی خۆی لەسەر سکەی ئاسایی و سروشتی کاروانی ژیان بگێڕێ، دەبێ بۆ مرۆڤایەتی چ لەمە پیرۆزتر و ئابڕوومەندتر هەبێت ...!!؟؟
لەبەر رۆشنایی ئەم راستیی و جوانی و پیرۆزییانە،و بەها بەرزەکانی ژیانەوە، سەبارەت بە ئێمەی کورد، چەند لە هەوڵ و تەقەڵای زیندووکردنەوە و ئاگالێبوون،لە دید و فەلسەفە و ئایینی کوردانەدا ،کە لە بازنەی نرخ و ئاماژە رازاوەکانی ئەم هزردا، خول دەخۆن و کاردەکەن کارێکی سوودبەخش بەخۆیان و مرۆڤایەتی دەکەن و ئیشێ ئەنجام دەدەن، ئەو مۆمە جوان و رووناکیبەخشە کوژاوەوەی خۆمان، جارێکی دیکە بۆ ژیان بۆ شارستانێتی و بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دادەگیرسێنین. هەمان کات هەوڵ دەدەین بەشداریی لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیشدا بکەین.
لە دیدی ئەم ئامانجەوە، کارێکی لەم چەشنە چەند پیرۆزە، هاوکات لە خاڵێکی دیکەشەوە هەوڵە بۆ بیناکردنەوەی و هەڵچنینەوەی تەلاری خاپوورکراومان و راستکردنەوەی فەرهەنگی شێواوی نەتەوەمان، کە بەدرێژایی بوونی خۆی بەشداریی گەورەی کردووە، لە شارستانێتی ناوچەکەدا،لێ لەوەتەی بێ قەوارە ماوەتەوە و بووە بە ژێر رەوڕەوەی مێژووی زۆردارییەوە، ناوی بزر و رۆڵی نادیار کراوە.لێرەدا قسەمان لەسەر خۆهەڵدانەوە و خۆ گیڤکردنەوە نییە. ئاخر دەزانین گەلێ لە میللەت و دەوڵەتان، هەتا ئیمڕۆش لەسەر تایبەتمەندی ووشەیەک،دیاردەیەکی پەیوەست بە فەرهەنگ ومێژوویان، یان کەسایەتییەکی خۆیان، شەڕ دەکەن و هەموو توانای ماکی و مینۆکی خۆیانی بۆ دەخەنەگەڕ.
مەبەست لە درێژەدان بەم باسە ئەوەیە، تا لەم دەروازەیەوە بچمە نێو جیهانی پانوبەرینی زەردەشت و ئایینەکەیی و کتێبەکەی ئاڤێستاوە و چەند چەپک و سوواڵەیەک لە مەڵۆ و خەرمانی پڕ لە فەڕ و جوانتان پێشکەش بکەم...ئەویش لەڕێی ناساندنی بەرهەمێکی هێجگار ناوازە و لێوانلێو لە زانین و زانیاریی دروست و راستەوە .
ئەم بەرهەمە ،لە دووتوێی ٦٠٧ لاپەڕەدا کۆکراوەتەوە و بە پێشەکییەکی چڕ و پوختی ،فەرهاد پاڵەوان دەستپێدەکات و کتێبەکە چەندین سەرناوی بۆ بەندەکانی لە خۆ گرتووە. هەر لە ژیاننامەی زەردەشتەوە،تا دەگاتە بچووکترین شت و دیاردەیەک شوێن و مانای لە رووبەری فەلسەفە و ئایین و جیهانبینی زەردەشتدا هەبێت. تێدەکۆشم هەر لەبەرەوە ،کۆمەڵێ کۆپلە و سوڵەتان لەم بەرهەمە نازدارە،لە تەک نووسینەکەمدا بۆ رادەگوێزم،بەو هیوایەی بێتە چەردەیەکی باش بۆ ناسین و تێگەیشتن لە بنەما سەرەکییەکانی زەردەشتی.
مەبەستی نووسەر، لە کارکردن لەسەر ئەم بەهەمە کە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە پێوەی سەرقاڵە، وەک دەڵێ: مەبەست لە کۆکردنەوە و نووسینی ئەم باسە ئەوەیە، کە نەوەی نوێی نەتەوەکەمان، زانیارییەکی پوخت و دروستیان، دەربارەی گرنگترین کەلەپووری نەتەوایەتیمان هەبێت.
ئەگەرچی تا هەنووکە زانایان و لێکۆڵەرەوان(دارمستتەر،عباس پرویز،سیسیل جی ئەدمۆنز، مینۆڕسکی، بارتلومە، سایکس، موشیر الدوله‌ حسن پیرینا، سیرولسن، دیاکۆنۆف و ئەحمەد ئەمین...هتد)بیروڕایان، لەسەر نەژاد و زێد و و زمانی زەردەشت تەبا نین،لێ زۆرینەیان، لەسەر ئەوەکۆکن،زەردەشت ئارییە و لە ناوچەی ورمێ لە دایک بووە و ئاڤێستا بە زمانی ماددەکان نووسراوە.
زەردەشتیش بەم مانایانە لێکدراوەتەوە: خاوەن وشتری زەرد، رووناکی زێڕین، هەسارەی زێڕین و دەستەیە تیشکی زێڕینی خۆر.دەربارەی سەردەمی هاتن و بڵاوبوونەوەی زەردەشتێتی ،گەرچی لەمەشدا بیروڕای زانایان(پرۆفیسۆر رامپیسی ئەڵمانی، قازی ساعد الاندلوسی، ئەدوار مایر، بارتلومە، مولتون، پرۆفیسۆر هیپلو ...)یەکگرتوو نییە،لێ بۆ ٦ ـ٧ سەدە پ. ز دەیگێڕنەوە. نوسەری یۆنانی پرۆفیریۆس لەسەدەی سێیەمدا ژیاوە، دەڵێ : فیساغۆرس زانای بەناوبانگی یۆنانی (٤٩٧ـ٥٨٢ پ.ز) قوتابی زەردەشت بووە.
رۆژگاری زەردەشت، پڕبووە لە جەور و ستەم ،کە بە ناوی ئایین و خوداوە دەکرا،بەڵام بە هاتنی پەیامی زەردەشت، وەرچەرخانی لە هزرو تێڕامانی کۆمەڵدا کرد و فەلسەفەی یەکتاپەرستی خستە شوێنی فرەخودایی..زەردەشت ساڵانێکی زۆری ژیانی بە تێفکرین و قوڵبوونەوە و چوونە خەڵوەتەوە دەباتە سەر بۆ ئەوەی لە بنەمای پەیامە ئایینەکەی باشتر بگات. تا لە دەرئەنجامدا کاتێ زەردەشت هەست بەم هەموو زوڵم و ناهەقی و نادادپەروەریی و ناراستییەدا دەکات،دەکەێتە تێفکرین و بیر لە گۆڕانکاریی و چارەسەر دەکاتەوە...
زەردەشت، بۆی دەرکەوت هەروەکو چلۆن کات پێکهاتووە لە شەو و رۆژ ،تاریکی و رووناکی،هەرگیز شەو و رۆژ کۆتاییان پێنایەت ،هەروەها لە جیهانیشدا،ناحەزی و ناشیرینی هەیەو جوانیش هەیە، خراپە هەیە و چاکەش هەیە. کەوتە بیرکردنەوە لەوەی،کەوا هەر بەو شێوەیەی لە رۆژدا هەمیشە رووناکی هەیە و تاریکی ناتوانێت،زەفەری پێبەرێت،شەویش هەمیشە تاریکە و رووناکی سروشتی دەستی پێناگات،چاکە هەمیشە چاکە و خراپەش هەر خراپەیە...
لە ئاکامی بێزاربوون و وەڕسبوون لەدەست خراپەکار و ناپەسەندی رەفتارەکانی مرۆڤ، زەردەشت دەکەوێتە تەقەلای بانگەوازکردن بۆ گۆڕینی مرۆڤی خراپ بۆ مرۆڤی سوودبەخش لە جاڤاتدا،ئەویش بە هۆی چاککردنی کاراکتەریانەوە. دەبا هەموو لەم بۆچوونە بنۆڕین،داخۆ زەردەشت چی لە مرۆڤ دەوێ:
زەردەشت ،پتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر،پڕ بەدەم هاواریکرد" ئەی ئادەمیزاد تۆ هۆش و هەست و بیرت هەیە، سوود و بەهرە لەم نیعمەتە مەعنەوییە وەربگرە، کە ئافەریدەگار پێی داویت.بگەڕێوە سەر رەسەنێتی خۆت و مرۆیەکی فەرزانە بە،ویژدانی پاک و رۆشنی خۆت بکەرە مەشخەڵی رێی رۆشنکەرەوەت و ژیانت. دوورەپەرێز بە لە دابونەریتی ناڕەسەن و زیانبەخش".
زەردەشت بەقووڵی سەرنج لە کردار و گوفتاری مرۆڤ دەدا و چاک دەزانێ، هەر ئەم خەسڵەتە دەتوانێ مرۆڤ لە کوێرەوەریی رزگار بکات. بۆیەکا بە خستنەگەڕی لایەنی خراپ نیگەران و وەڕس دەبێ،واتە لە رووی مۆڕاڵی و جڤاتییەوە زەمینەکە تەواو لەبار دەکات بۆ راگەیاندنی پەیامەکەی..
سەروەختێ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە پەیام و ئایینەکەی زەردەشت ئاگادار دەبن،کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەو قسە لە بارەیەوە دەکەن وەک:
رابندرات تاگوو،هەستیار وفەیلەسووفی بە ناوبانگی هیند دەبێژێ:" زەردەشت مەزنترین پەیامبەرە کە لە مێژووی دێرینی ئادەمیزاد دا پەیدابووە، بە هۆی فەلسەفەو بنەڕەتەکانی ئایینەکەی ئامیزادی لە بارودۆخێکی فرە نالەبار و دژوار رزگار کردووە".
جیمز دار مستتەر، دەربارەی ئایینی زەردەشت دەبێژێ:" ئایینی زەردەشت بە مانایەکی فراوان بریتییە لە ئایینی ژیان،ئەم ئایینە دوو شتی بۆ مرۆڤ بە خەڵات هێناوە: یەکەمیان ئاکار و دووەمیان هیوایە،هەر کەسێک بەم دوو چەکە چەکدار بێت دەتوانێت بە ئارامی بڕوانێتە ژیان و چارەنووس،بەسەر گشت کێشەو گرفتەکانی ژیاندا سەربکەوێت".
زانای ئەمریکی ویتنی، ساموئل لنگ زانای ئینگلیزی،پرۆفیسۆر جان راچر،چترجی، پرۆفیسۆر میلزو زۆری دیکەشلەمەڕکەسایەتی و پەیامەکەی زەردەشت قسەیان کردووە...
نووسەر لە ٦٨ ـ ٨٩ بە کورتی پوختەی چل وتەی لە گوفتارەکانی زەردەشت، کە لە گاتاکاندا تۆمارکراوە، و قسە دەربارەی زۆر دیاردە ژیان و جیهانبینی خۆی دەکات{بە بیر و ئەقڵ و هۆش ئاهورامەزدای ناسیوە، ئاهورامەزدا گێتی دروست کردووە، خودابە رووناکی دەژمێرێت ،جیهان رۆشن دەکاتەوە، هەمیشە بوون لەژێر دەسەڵاتی ئاهورامەزدادایە،مرۆف ، یەکسانی، ئازادیبەختەوەریی و .... تا دوایی} دەخاتە روو. بە نموونە : دەربارەی راستی و دروستی کردار،کە بە تەنیا هۆیەک بۆ بڵندی و پلەبەرزێتی مرۆڤی دادەنێ دەبێژێ:
ئەی مەزدا، درۆزن و خراپەکارانێک کە روو لە بیری خاس وەردەگێڕن
تووشی رەنجو ئازار و ئەشکەنجە دەبن
خاسان و راستکردەوەکان،کە ئەم کارە ناکەن، گیرۆدە نابن
راستکردەوە،هەرچەند هەژاریش بێت و هێز و تواناشی کەم بێت
لای راست کردەوەکان،بەڕێزە. درۆزن و خراپەکار،
ئەگەر تواناو بە دەسەڵاتیش بێت، بێ بایەخ و بێ نرخە. هات٤٧ بەندی ٤
لە شوێنێکی دیکەدا هاتووە،" کەوا زەردشت بە هۆی سروودە دڵڕفێنەکانییەوە،داوا لە ئاهورامەزدا دەکات کە رێگەی راست و دروست پیشان خەڵک بدات.ئیدی نە داوای خۆشی بەهەشت دەکا و نە داوا دەکا کە لە ئاگری دۆزەخ بیانپارێزێ،بەڵکو تەنیا دەخوازێ رێگەی راست و چاکەیان بۆ رووناک بکات. ئایینی خۆی لەسەر بنچینەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵایەتی و ئاکاری خەڵک دادەمەزرێنێت".
کەواتە مژدەی نادیار و پاش ماڵاوایی لە ژیان بە کەس نادات،چونکە ئەو عەوداڵی بەختەوەریی مرۆڤە، لە کات و سەردەمی ژیانی خۆیاندا،واتە لەم دنیا. هەر بۆیە بیروڕاکانی سەنگی گەورە و نرخی بەرزیان هەیە،چونکە بەردەوام سەردەمییانەو دوور لە ئەفسانە و فەنتازیای قۆناخی دوای ژیانە. هەروەک فەرهاد پاڵەوان، لەلاپەڕە ٩١ ـ٩٥ دا بیروڕای کۆمەڵێ زانا و مێژوونووس و شارەزایانی گاتاکانی زەردەشت،ئاماژە پێدەدات. لەوانە (ئەدوارد مایەر،زولتسر،جاکسون، داوسون، س.ج. شاو، زهنر، تاگوور، وتین، مێڵز، هومباخ، ویل دورانت، ئلمستد، ئەشتینر و سرپرسی سایکس). بۆ نموونە زانا و توێژەری ئەڵمانی ئەشتینر دەبێژێ: " زەردەشت یەکێکە لە هەرە گەورەترین کەسایەتییەکان کە رۆڵێکی پێشڕەویان هەبووە لە گٶڕین و پێشخستنی بیر و شارستانێتی ئادەمیزاد، لە ریزی ئەو کەسانەیە کە بە بیری خۆیان گەیشتوونەتە راستی وحیکمەتێک کە فرە لە کات و سەردەمی خۆیانپێشتر بوون".
ویل دورانت دەبێژێ: " ئایینی زەردەشت ئاینێکی بە شکۆ بووە و کەمتر لە ئایینەکانی دیکە باوەڕی بە ئەفسانە و بتپەرستی و خوێنڕێژی بووە، ئەم ئایینە شایانی ئەوە نەبوو،کە بەم جۆرە کزو لاواز بێت. هۆی سەرەکی ئەم لاوازییە بریتییە لەوەی کە ئادەمیزاد زێتر ڕوو لە شعر و خەیاڵ دەکاتەوە تا لۆژیک و ناتوانن دوور لە ئەفسانە بژین".
زەردەشت ، بە هەموو ووزە و توانا و لێوەشاوەیی خۆیەوە و لە گشت مەیدانەکاندا، چەکی ئایینە مرۆڤدۆستییەکەی دیسان بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ دەخاتە کار و بە شێوەی ئاشتی و میتۆدی راسیونالیستی بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج . دەبینین لەم چوارچێوەیەدا، زەردەشت دەستوورێکی زێڕین دەدا و دەبێژێ ئەو شتەی بۆ خۆتت گەرەک نییە بۆ خەڵکیش بە ڕەوا مەبینە،ئەرکی سەرشانی ئادەمیزاد سێ شتە: "رەفتارت لەتەک دوژمنان وەها بێت کە بەرە بەرە ببێتە دۆستت،مرۆڤی خراپ بەرەو راستی و دروستی رێنمایی بکە، نەزان زانا بکە". دوای ئەم رێنماییە بە سوود و بە نرخانە، مرۆڤ لەو خەڵات و دەستکەوتە مۆڕاڵییە ئاگادار دەکاتەوە،کە لە ئاکامی رەفتاری خاسی پێیدەبڕێت و دەڵێ: " دڵنیابە کە بە کار و کرداری خاس و دروستکەر،لە رێگەی راستی و یاسای هەق، ئافەریدەگار لە خۆت رازی و خۆش وەش دەکەیت.پشت بە خۆت ببەستە و کار و پیشەت بکە بە ئامراز بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە ئافەریدەگار".
بەردەوام کارکردن لەسەر ئەم رەوتە لای زەردەشت درێژەی هەیە. چونکە زەردەشت زوو ئاوەزی بە گەردوون و ژیانی سەر هەسارەی زەوی دەشکێ ،کە مرۆڤ ئەکتەر و چالاکڤانی سەرەکییەتی ،داوا دەکات" سوود و بەهرە لە خۆشییەکانی ژیان ببینن" و یەکبینە هەوڵ بۆ ئاسوودەیی مرۆڤ بدەن.
هەروەها پێمان دەڵێ:" کە تەنیا ئەنجامدانی کاری خاس بەس نییە،بەڵکو پێویستە ئەوانەی بە هەڵەداچوون و رێی چەوتیان گرتۆتەبەر بە پەند و ئامۆژگاری بیخانخەینە سەر رێی راست و دروست". لێرەشدا مانای کاری خاس فراوانترە و تێگەیشنی باشتری گەرەکە.بەو واتایەی،زەردەشت هێندە لە پەرۆشی مرۆڤدایە، لە کۆڵ ئەوانەش نابێتەوە کە خراپەکارن و داوامان لێدەکات،ئەوانیش بەرەو لای خاسی و راکێشینەوە. هەروەک خۆی بۆ تەواوکردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی، لەم میانەدا دەڵێ:" تا هێز و توانام هەبێت،ووزەم مابێت،خەڵکی هاندەدەم و فێریان دەکەم کە راستی بکەنە پیشەیان و راستگۆبن".
زەردەشت لە پاکی و بێگەرد و میهری ئاهورامەزدا یەقینە،بۆیەکا دەخوازێ مرۆڤەکان لەڕێی بیرکردنەوە و لۆژیکەوە بۆ لای خۆشەویستی و سۆزی ئەو کێش بکات . هەر وەک دواتر لە پەرەگرافێکدا بەرچاومان دەکەوێ، پەیامی زەردەشت ،کە ئەوینداری مرۆڤایەتییە دەڵێ: " هیوادارم بە زمانی ئەقڵ و بە هۆی ئەم ئایینەوە ،گومڕایان و خراپەکاران بەرەو ئەو کەسەی لەهەمووان مەزنترە رابکێشم و رێنماییان بکەم".
لەم دوو گەوهەرە، لایەنگری درۆ،خراپترین کردارەکان هەڵدەبژێرێت،
ئەوەی پاکترین بیری هەیە، بە تیشکی رووناهی هەمیشەیی رازاوەتەوە
ئەوەی کە بە باوەڕی پتەو و کرداری دروستەوە
مەزدا خۆشحاڵ دەکات، راستی هەڵدەبژێرێت
یاخود دەڵێ:
ئەی مەزدا، هەر لەساتەوە کە، بە بیروهۆشی خۆتەوە،
ژیان و ویژدان و هۆشت بۆ دروستکردین،رۆحت کردە نێو لەشمان
توانایی گفتوگۆ و کارکردنت پێ بەخشین،
هەر لەو کاتەوە ویستت کە ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد،
باوەڕ و ڕێ و ڕەوشی ئایینی خۆمان هەڵبژێرین
سەبارەت بە راستگۆیی و درۆزنی ،تێکست و بیروڕای هەمەچەشن و فرە لە ئایینەکەی زەردەشتدا بەرچاو دەکەون. هەر بۆیە "دەتوانین بێژین بنچینەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی ئالێرەدا خۆی دەنوێنێ،کە گشت رێ و رەوشەکانی ئەم ئایینە لە قوڵیی بیری مرۆڤ خۆیەوە هەڵقوڵاوە".
هەرچۆنێک بێت،سەروەختێ وێڵی ماناو تێگەیشنی ژیان لای زەردەشت دەبین، دەکەوین بەسەر ئەم دەقە تۆمار کراوەدا،وەک نووسەر بۆی ئامادەکردووین:" بە گوێرەی فەلسەفەی ئایینی زەردەشتی،ژیان مانای ئافراندن (خوڵقاندن) و جموجوڵ و پێگەیاندنە. مانای نیشاندانی ئەقڵ و هۆش(بوون)،واتە نیشانەی ئاهورامەزدایە کە بریتییە لە گەوهەری (بوون)ە،بە مانایەکی دیکە،بریتییە لە ئەڵقەی زنجیری لە یەک نەپچڕاوی خوڵقێنەری توانای (بوون)ە،کە لە رووناکییەوە دەستپێدەکات، لە ئاکامدا دەگاتەوە رووناکی".
وەک ئاماژەمان پێدا،سەنگ و بەهای سەرەکی ئایینی زەردەشتێتی، بە دەوری رۆڵی مرۆڤدا خول دەخوات،و تیشکی رووناکی دەخاتە بەردەم هەنگاوەکانی مرۆڤ،تا بەرەو کامەرانی و سەرکەوتن و نێزیک بوونەوە لە ئافەریدەگار و بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەو بە پێپلیکانەی ژیاندا هەڵگەڕێ.لەم زەمینەیەدا چەندان ئامۆژگاریی و رێنمایی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم مرۆڤ،هەر بۆ خۆدوورە پەرێزگرتن لە خراپەکاری و ئاوێتەبوونی بە راستگۆیی. گەر لەم دیدەوە جارێکی تریش ئاوڕێک لە ئایینەکە بدەینەوە ،دەبینین کە:" پەیامی زەردەشت،پەیامی چاککردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نێوان ئادەمیزادە لەم جیهانەدا. ئەمەش لە رێی پەروەردەکردنی بیر و ئەقڵ و هۆشی مرۆڤەوە دێتە دی". ئەمانە مشتێ دیدو بۆچوونی زەردەشت بوون لەسەر چاکە و خراپە.. دیارە مامۆستا فەرهاد، بە درێژی و ووردتر لەسەر ئەمانە دوواوە.
ئاخاوتن لەسەر مرۆڤیش لە هەموو گۆشەنیکانەوە،لە پەیامەکەی زەردەشتدا بەرچاو دەکەوێ،چونکە مرۆڤ چەقی باسە گەرمەکانی زەردەشتە و بەخۆی بە دووی ئەو پرسیار و شێوازەدا وێڵە، ئەم بوونەوەرە بەختەوەر بکا و ببێت. سەرجەم پرسەکانیش لە روانگەی چاکە و خراپەوە بە رەوشتی مرۆڤەوە گرێ دراوە. زەردەشتی مەزن لەم روانگە و پەیوەست بەم خاڵە گەوهەرییە دەبێژێ:
" لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانی بوونەدا،ئەگەرکو زیندەوەرێکی ژیر و ئاقڵی وەک ئادەمیزادی تێدا نەبێت،بێگومان بایەخێک بە واتەی (چاکە)یا (خراپە)یش لە ئارادا نابێت". وەک ئاماژەمان پێدا، کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی هەڵگری ساباتی پەیامی زەردەشت، لەسەر چاکە و خراپەی بیر و رەفتاری مرۆڤ وەستاوە. بۆیەکا جارێکی دیکە لەم زەمینەیەدا دەفەرمووێ:
" (چاکە)و (خراپە)لە لایەن بیری ئادەمیزادەوە دێتەئارا،پاش بیرکردنەوە،ئەوسا ئەم(چاکە) یا(خراپە)یە لە وتەو کرداریدا خۆی دەنوێنێ. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە زەردەشت پلەوپایە بایەخێکی تایبەتی بۆ بیرکردنەوە داناوە". چاکە و خراپە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیە،و هەر مرۆڤ بکەریانە و لێیان بەرپرسە،کاتێ ئەم بوونەوەرە ئامادەگی نەبێ،قسەکردن لەسەر چاکە و خراپە،دەچێتە خانەی مەحاڵەوە...سەرلەنوێ دەگەینەوە بەو باوەڕە چەسپاوەی ،کە دەڵێ،مرۆڤ پاڵەوانی سەرەکی سەر شانۆی ژیانە.
بە لای زەردەشتەوە ئادەمیزاد دەبن بە دوو دەستەوە:
١ ـ ئەوانەی کە زانیاری،ئەقڵ و هۆش و توانای بیرکردنەوەی پێویستیان هەیە،ئەمانە (چاکە) هەڵدەبژێرن.
٢ ـ ئەوانەی بە هەر هۆیەک بێت لەو تایبەتکارییانە بێ بەهرەن و فریو دەخۆن و روودەکەنە خراپە .
لێ بنۆڕن،زەردەشت چەند ئاوەزمەند و ئاسۆی بیری فراوان بووە،لەو سەردەم و رۆژگارەدا ،باس لە رێنیسانس لە بیر و ئەقڵی و مرۆدا دەکات. بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە کارەسات وماڵوێرانی،داوای وتە و رەفتار و بیری چاک دەکات...
دیسان بە لای زەردەشتەوە هەڵبژاردنی رێی راست یان چەوت،راستەوخۆ پەیوەندی بە چلۆنایەتی و چەندایەتی بیر و هۆشی ئادەمیزادەوە هەیە. هاوکات (زانین) بە هۆکاری بەختەوەریی و (نەزانین) بە هۆی سەرەکی راکێشانی مرۆڤ بەرەو خراپە دادەنێ. کەواتە زانین، کە سەرچاوە و مایەی بەختەوەرییە،بریتییە لە فێربوون و سەوداسەریی خوێندن و سەراسۆیی زانست...هەر ئەم فاکتانەش کۆمەڵگای وڵاتە پێشکەوتووەکانی گەیاندۆتە ئەم ئاستەی ئێستای شارستانێتی بە تایبەت لە رۆژاوادا.
لە لاپەڕە ١٠٩ دا ، ئەم نموونە لەسەر مرۆڤی خاس و مرۆڤی خراپ هاتووە،کە دەیەوێ بیسەلمێنێ لە راستیدا چاکە و خراپە لە جیهاندانییە،بەڵکو مرۆڤی خاس و خراپ بوونی هەیە. گەلەک خەڵک پێیان وایە،یاخود وا تێگەیشتوون کەوا زەردەشت باسی ململانێیەکی بەردەوامی بێبڕانەوەی لە نێوان ئاهورامەزدا و ئەهریمەن کردووە،کە ئەمە لە بنەڕەتدا دەکاتە دوو خوایی و پێچەوانەی ئاینی زەردەشتە.نەخێر بەڵکو بەم شێوەیە روونکراوەتەوە:
ژوورێکی بێ دەرگا و پەنجەرە بێنە بەرچاو کە بە هۆی چرایەک(رووناکی= چاکە) بۆتەوە،تا ئەو کاتەیچراکە داگیرساوە،دەبێژین کە دروستکەر و پێکهێنەری رووناکی ژوورەکە چراکەیە. ئێستا چراکە بکوژێنەوە، دیارە ژوووورەکە تاریک دەبێت،لێرەدا دەتوانین بێژین کێ دروستکەر و یا پێکهێنەری تاریکییەکەیە؟ بێگومان هەرچی تێبفکرین ناتوانین دروستکەر یا بە دیهێنەری تاریکییەکە بناسین(چونکە تاریکی لە ئارادا نییە تا دروستکەرێکی هەبێت)،تەنێ دەتوانین بێژین کە پاش ئەوەی رووناکییەکە نەما(چراکە کوژایەوە)، تاریکی جێگەی گرتەوە،واتە تاریکی بۆشایی نەبوونی رووناکی پڕکردەوە. ئێستا کونێ لە بریتی رووناکی ،چاکە(رووناکی = چاکە) و لە بریتی تاریکی،خراپە (تاریکی= خراپە) رەچاو بکەین، لەم حاڵەتەدا،دەبێژین کە هەرچی شتێکی خاسە خوا دروستیکردووە،بەڵام خراپە هەروەکو تاریکی ناتوانێت خوایەکی هەبێت،بەڵکو بە هۆی نەبوونی چاکە،خراپۆە دێتە ئارا.
ناحەزان و بێئاگایان لەم ئایینە، گەلێ جار،بە هەڵە و نەزانی باس لە ململانێی بێکۆتایی لە نێوان دوو خودای ئاهورامەزدا و ئەهریمەن دەکەن. لە بنەڕەتدا،شەڕ لە نێوان بیری باش و خراپ دا،بەرقەرارە،بیریش بەرهەمی چالاکی هۆشمەندانەی مرۆڤە.کەواتە شەڕەکە،ململانێی مرۆڤی خاس و خراپە. زەردەشت بە خەبات و تێکۆشانی ئاوەزمەندانەی، سەداسەری زەمینەسازییەکە، هەموو مرۆڤەکان بێنە سەر سکەی(بیری چاک،وتەی چاک ،کرداری چاک)،لە هەوڵی ئەوەشدا بین،خۆمان بکەینە فریادڕەسی ئەوانەی گومڕابوون.نووسەریش،راڤەی ئەم خاڵە بەم شێوەیە دەکات:
"کەوایە(خراپە)لە کرداری خودادانییە و لە بیری چەوتی ئادەمیزاد خۆی هەڵقوڵاوە. لەبەرئەوە لە بریتی ئەوەی بێژین (چاکە)و (خراپە)لە ئارادایە،خاستر وایە بێژین (باش بیرکردنەوە) و (خراپ بیرکردنەوە)لە ئارادایە...شەڕ و نەبەرد لە نێوان بیری خاس و دروستکەر و پاک، لە تەک بیری ناپاک وخراپ و روخێنەرە.کەوایە زەردەشت هەرگیز باسی شەڕ و نەبەرد لە نێوان ئاهورامەزدا و ئەهریمەنی نەکردووە،یاخود بە هیچ جۆرێک باسی دوو خوایی نەکردووە ،کە بڕێ کەس ئێستاش باسی لێدەکەن". ئاخر شیکار و راڤەی زەردەشت بۆ چاکە و خراپە ،بەم جۆرەیە:
" فەلسەفەی زەردەشت و مەزد یەسنا(مەزداپەرستی ـ خواپەرستی) بریتییە لە تێکۆشان و ململانێکردنی توند دژی شەڕ و خراپە. زەردەشت بەو رەوشەی گرتبویە بەر و خستبوویە بەرچاو کە بریتییە لە رێکنەکەوتن لەتەک خراپە و ناراستی،ئەوەی روونکردۆتەوە و سەلمانوویەتی کە هەرگیز لە تەک بیری ئەهریمەنی سازش ناکات".
لە ل ١٠٩ دا هاتووە:" بە گوێرەی گوتەی گاتاکان، خوا، ئادەمیزادی وەک زیندەوەرێکی هۆشمەند و ئاگا و خاوەن هەست ئافراندووە و هێز و توانای تێگەیشتن و هەڵبژاردنی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت رێگەی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و چارەنووسی خۆی دیاری بکات". زەردەشت لەم سیاقەدا خودا زۆر بێلایەن دادەنێ و هیچ دەست تێوەردانێ لە کاروباری مرۆڤدا ناکات. بە واتایەکی دی ئاهورامەزدا، لە بیرکردنەوە و ئاخافتن و کرداری مرۆڤدا،لایەنگری ناکات .
ئازادی،یەکێ لەو چەمکە دینامیکییانەیە،کە زەردەشت باوەڕی بنچینەیی پێی هەبووە و سەرسەختانە داکۆکی لێکردووە. ئازادی وەک چرایەک ،هەر مرۆڤی هەڵیگرێت،بۆ رووناککردنەوەی دەیجوری ژیان و نیگابڕینە ئاسۆی دەم کەلی خۆشگوزەرانی. لە بەردەم دووڕیانی خاس و خراپ دا،مرۆڤ ئازادانە، سەرپشک کراوە. هەڵبەت داوای لێ دەکرێت حیکمەتی ئاوەزی،بخاتەگەڕ .
" لە ئایین و باوەڕی زەردەشتدا،ئادەمیزاد لە لایەنی خواوە،ئازاد خوڵقاوە و دەتوانێ چاکە یا خراپە بە ویستی خۆی هەڵبژێریت...کەواتە لە یاسای ئافراندندا کە بە (یاسای راستی) ناوی لێبرا،ئاهورامەزدا تەنیا (چاکە)ی ئافراندووە و ئەمە ئادەمیزاد خۆیەتی، کە بە بیرێکی خراپەوە (خراپە)ی خوڵقاندووە".
لەم نووسینەدا،گەلەکجاران،ناوی ئاهورامەزدامان بەرچاو دەکەوێت،لێرەدا ئەو پێناسەیە، نیشان دەدەین،کە فەرهاد پاڵەوان پوختەی کردووە."ئاهورامەزدا لە روانگەی زەردەشتەوە بریتییەیە لە دیاردەی چاکە،پاکی، ئەڤین و خۆشەویستی،هەر بۆیە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر بنچینەی بیر،وتە و کرداری چاک دامەزراند". زیاتر لەمەش بیروڕای کۆمەڵێ زانا و توێژەر لە لاپەڕەکانی ١١٤ ـ ١١٦ دا خراوەتە روو.
بۆ رۆشنکردنەوەی بەرنامەی خەبات و زەمینەسازی ئاشتییانە بۆ گەیشتن بە مەنزڵگای ئامانجە بەرز و پڕ بەهاکانی بەختەوەریی مرۆڤ،ئەم بڕگەیەش لە کتێبەکە دەخەینە بەرچاوی خوێنەر:
" لەم پێودانگەدا، زەردەشت شەش سیفەت لە سیفەتەکانی ئاهورامەزدا بۆ گەشەکردنی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی ئادەمیزاد و پەرەسەندنی ئاکاری تایبەتی و کۆمەڵایەتی بەپێویست دەزانێت : (بیری خاس، راستی، توانایی خۆشەویستی ولەخۆبووردن، پوختەیی، تەندروستی و پێگەیشتوویی، نەمرێتی). نووسەر بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم سیفەتانە دەدوێ و رەهەندە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان روون دەکاتەوە. دواتر باس لە شەش قۆناخیش دەکات کە کارتێکردنی ئەم سیفەتانە بۆ سەر ژیانی ئادەمیزاد، دەبێ لە هەر یەکێ لەم قۆناغانەدا، ئادەمیزاد یەکێ لەو سیفەتانە بۆ خۆی وەدەست بهێنێ و لە خۆیدا پەروەردەی بکات.ل١٥٠ ـ ١٥١ . لاپەڕەیەک دواتر بیروبۆچوونی کۆمەڵێ لە زانا و توێژەران (بارتلومە، میلز، مولتون، لوملئالتیهم، ویل دورانت، هینتس، ئەشپینگل، ویندیشمان،کیگر، ئازەرگوشەسب) دەخاتە سەر باسەکە بۆ روونکردنەوەی نەمرە پیرۆزەکان.
خاڵێکی دیکە کە سەنگیی ئایینی و هزری خۆی هەیە و بۆتە ناسنامەیەکی دیاری زەردەشتێتی، پیرۆزی خۆرە ،کە لە ئاڤێستادا لەتەک" مانگ ،مهر، ئاو، ئاگر" دا باسکراوە و بۆ هەر یەکێکیان ئیزەدێکی تایبەتی دانراوە.دەقی ستایشی خۆر لە ئاوێستادا بەم جۆرەیە:
" پیرۆزو سەرکەوتوو بێت خۆری درەخشانخۆری نەمر،خۆری تیژڕەو،بە بیر و وتە و کرداری خاسەوە روودەکەمە خۆر و ستایشی دەکەم.".
لە بەشی ئاڤێستا دا،کە ناوی کتێبی ئایینی زەردەشتە، فەرهاد پاڵەوان، بە دوورودرێژی و بە پشتبەست بە بیروڕای زاناو شارەزایان،درێژە بە باسەکەی لە رووی ناوەرۆک و زمان و بەسەرهات و مێژووەوە دەدات. هەر بۆیە بایەخی ئەم کتێبە لەوەدایە بەرشاڵاوی یۆنانی و عەرەب کەوتووە،تاڵان و سوتێندراوە، هەر بەرگەی کارەساتەکانی رۆژگاری گرتووە. باس لە داستانی خۆڕاگری زەردەشتییەکان دەکات و پاش رەشەکوژییەکی زۆریان لێدەکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چۆن بڕێک زەردەشتی رووە و هیندستان رەویان کردووە،هەندێکی دیکەش بە شێوە و ناوی جۆراوجۆرەوە لەترسی زوڵم و ستەم خۆیان پاراستووە.ئەوجاش بە درێژی باسی سەردەمی ساسانی دەکات و دواجار دێتە سەرباسی ئەو ئاڤێستایەی ئێستا هەیە و،دەڵێ پێکهاتووە لە پێنج بەش: (یەسنا،بریتییە لە ستایشت و نیایش و نوێژ و باسی جەژنەکان و پێکهاتووە لە ٧٢ هات ـ بەش،ئەویش دوو بەشە ڤیسپرد ٢٧ هات و ڤەندادیدا ٢٢ هات ، یەشت ٢١ هات خوردەی ئاڤێستا)... فەرهاد پاڵەوان، شاکارەکەی بە بیروڕای مێژوونووسانی وەک مەسعوودی، ئەبو رەیحانی بیرونی عبدالرحمن ابن خلدون، دولت شاعی سەمەرقەندی دەوڵەمەند دەکات... وە ئاماژەش بە نامەیەکی سعد بن ابی وەقاس،کە بۆ عومەری کوڕی خەتابی سەبارەت بە ئاڤێستا ناردووە... ل ١٩٤. نوسەر، لە ل ٢٠٤ دا سەبارەت بە گاتاGatha ـ سروود دەنووسێ: " بەنرخترین،پیرۆزترین و رەسەنترین بەشی ئاڤێستایە و کۆنترین کتێبی ئایینی جیهانە،بە شێوەی هۆنراوەو پەخشان لە لایەن خودی زەردەشتەوە بێژراوە".
نووسەر،دوای شیکردنەوە بەشەکان، دەنووسێ:" لە روانگەی زەردەشتەوە بەهەشت،بریتییە لە کۆشکی رووناکی و جێگەی باشترین و پاکترین بیرە، دۆزەخ تاریکترین جێگەیە کە شوێنی درۆزنان و خراپەکارانە.ویژدانی بێ ئۆقرە،ژیانی مرۆڤی گوناهکار و خراپەکار دەکاتە شەوی تاریکوتار".
کاتێ ئەم ئایین و کتێبەی زەردەشت، بەشێک نەبێ لە خوێندنی نێو قوتابخانە و جێگەیەکی لە سیستەمی پەروەردەدا نەبێ، رەنگە بە جارێک خوێندنەوەی،کەس نەتوانێ کلیل و کۆدی هەموو باسە ئایینی و کۆمەڵایەتی و جیهانبینییەکانی زەردەشتی دەستکەوێت،یا ئەزبەر بکات... هەر بۆیە مامۆستا پاڵەوان، لە کۆتایی شاکارەکەیدا بە نێزیکی زیاتر لە ٩٠ لاپەڕە، لەژێر سەردێڕی '"بڕێ لەو زانییارییانەی پێویستە لە ئایینی زەردەشتی ،بیزانین". وەک رێنمایی و ئاسانکاریی،پوختەیەکی چڕو خەستی زانیارییەکانی سەرلەنوێ ریزبەند کردۆتەوە.
(ئاگر)،هۆی رووکردنە رووناکی لای زەردەشتییەکان
بەدرێژی لەسەر ئەمەو جۆرەکانی ئاگرو پاشخانی مێژوویی بایەخی ئاتەشگاکان،گەلێ زانیاریی دیکەی بەنرخ بەرچاو دەکەون.
(قیبلە)،قیبلەی موسڵمان مەککەیە، هی جولەکەکان بیت المقدس یا ئۆرشلیم،فەلەکانیش لە کاتی نوێژدا روو دەکەنە خاچ یا وێنە و پەیکەری عیسا یا حەزرەتی مریەم...بەڵام قیبلەی زەردەشتیەکان، بریتییە لە هەموو نور و رووناکییەک بە هەر شێوەیەک بێت،بڵێسە و نوری ئاگر بێت یاخود مۆمێکی داگیرسا و یا رووناکی خۆر و هەرچی شتێکی رۆشن بێت.
(ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی) هەموو کوڕ و کچێک کە تەمەنیان دەگاتە ٧ تا١٥ ساڵی پێویستە لەسەریان کە ژێرکراس و پشتوێنی تایبەتی کە پێی دەبێژن سدرەو کشتی لەبەر بکەن و بیبەستن. ژێرکراسێکی سپی سادە وپانوپۆڕ و بێ یەخەو قۆڵ کورت. درێژییەکەی دەگاتە سەر ئەژنۆ و لە کەتان یا لۆکە دروستکراوە. ئەم ژێرکراسە پێکهاتووە لە ٩ پارچە کە پێکەوە دەدورێن لە نێوەڕاستەکەیدا درزێکی تێدایەکە تاوەکو ژوورووی سنگی و گیرفانی هەیە.
(کشتی ـ پشتوێن)، بریتییە لەپشتوێنێکی باریک و درێژ پێکهاتووە لە حەفتاو دوو تاڵ بەن کە لەخوری مەڕ بەدەستی ژنی موبدێکەوە هۆنراوەتەوە،ژمارەی ٧٢ تاڵ بەن نیشانەی ٧٢ بەشی یەسنایە....هتد
زەردەشتییەکان ئەم پشتوێنە تایبەتییە بە سێ خول بە پشتییانەوە دەبەستن،ئەم سێ خولە نیشانەی بیری خاس، وتەی خاس وکرداری خاسە،کە دەبێ دەوروبەری هەموو مرۆڤێکی خاس بگرێتەوە،لە کاتی بەستنی پشتوێنەکەدا دەبێ چوار گرێی لێببەسترێت،دوانی لە پشتەوە و دوانی لە بەرەوە. ئەم چوار گرێیە نیشانەی چوار بنەما پیرۆزەکەیە کە بریتین لە ئاگر،ئاو،خاک،با.
لەبەرئەوەی هەموو بوون لەم چوار بنەمایە پێکەوە هاتۆتە ئارا،ئێمە ئافەریدەگاری ئەم ٤ بنەمایە دەپەرستین و رێزی لێدەگرین.
ـ لە گرێی یەکەمدا، لە ناخیدڵەوە و بە بیرێکی خاسەوە دەبێژرێ کە ئافەریدگار یەکە.
ـ لە گرێی دووەمدا، دەبێ بێگومان و دڵنیابین لەوەی کە ئایینی خواپەرستی بێگەرد و راست و دروستە.
ـ لە گرێی سێیەمدا، دەبێ باوەڕمان بەوە بێت کە زەردەشت پەیامبەری خوایە.
ـ لە گرێی چوارەمدا بڕیار بدرێ تا توانا لە لەشدایە کاری خاس ئەنجام بدرێ و هەرگیز لە ئایینی یەکتاپەرستی هەڵنەگەڕێینەوە و دووربین لە خراپە و خراپەکاری.٤٩٨ ـ ٤٩٩
گەر تەماشای ئەو هەموو کردارانە بکەین، کە ئیمڕۆ بە ناوی ئایینەوە دەکرێن، دەبینین پاساوی بکەرەکانیان،خەون بینینە بە چوونە بەهەشت و مسۆگەرکردنی کۆمەڵێ دەستکەوتی ترەوەیە.ئیدی حەڵاڵکردنی بەهەشت بۆ خۆیان و بەخشینی دۆزەخە بە ئەوانی دیکە. لە ئیمڕۆدا،ئەم تێڕوانین و بیرکردنەوە و راكێشانەی خەڵک و ترساندنیانە لە ژیان و مردن.بەڵام بیریی گەش و ئایینی رۆشنی زەردەشتێتی لەم رووەوە،دیدێکی تری هەیە دەڵێ: " (پاداشت و سزا)بەهەشت و دۆزەخ لەم جیهانە و پاش مەرگ. بەگوێرەی بیروباوەڕی زەردەشت،ئاهورامەزدای ئافەریدەگاری گیان و ئەقڵ ئەم بوونەی لەسەر بنچینەی یاسا و ئەکوزییەکی ـ نیزامێکی نەگۆڕ ئافڕاندووە،کەزەردەشت پێی دەبێژێ(ئاشا ـ راستی) بەکورتی لەروانگەی بیری زەردەشتەوە،ئافەریدگار بەهەشت و دۆزەخی بۆ پاداشت یا سزای رۆحی مرۆڤ لە جیهانی دوای مەرگ دروست نەکردووە.بەڵکو بەهەشت یا دۆزەخ،دژەکرداری سروشتی رەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە ئاهورامەزدای دانا و ژیر بەهەشت یا دۆزەخی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ماددی نەئافراندووە،بەڵکو ئەمە مرۆڤ خۆیەتی کە بەدەستی خۆی و بۆ خۆی دروستی کردووە.ئاخر پێوانەی مرۆڤبوونی هەرکەسێک بریتییە لە بیر و ئەقڵی ئەو کەسە،مرۆڤ بە گوێرەی یاسای ئافڕاندن کە بریتییە لە ویستی ئافەریدگار،لە تەک ئەم تواناییە تایبەتییە ئافەریدە بووە". ل ٥٠٢ ... زەردەشت زیاتر باس لەم ژیانە دەکات و بە کەمی قسەی لەسەر دۆزەخ کردووە. هاوکات لە گاتاکاندا باسی هیچ شتێک بە راشکاوی دەربارەی رۆح و چۆنێتی جیابوونەوەی لە لەشی مرۆڤ نەکراوە....
نووسەر لەژێر لیستی ئەو شتانەدا،کە پێویستە بیزانین ئاماژەی بە پرسی هاوسەرخواستن،ڕەهایی ـ تەڵاق، رێز و پێگەی ژن، نوێژ و رۆژوو،رووگە ئاشتی و ئاسایش،گوناە،زەند و پازەندمەجوس(مەگوش ،مۆغ) سیستەمی پێشەوایانی ئایینی زەردەشتی،شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئابووری،راستی،پەیمان،پاکی و پاکدامەنی،ئازادی هەڵبژاردن،مافی مرۆڤ،ژینگەپاراستن ، کشتوکێڵ و پەروەردەی ئاژەڵ. ئەمانەش چەردەیەک چەمک و دروشم و یاسا و تەکووز و رێسای ژیان و جیهانبینی و تێگەیشتنی ئایینی زەردەشتییە. نووسەر بە تێروتەسەلی و وەک هەرجار بە پشتبەستن بە (٦٥) سەرچاوەی مێژوویی و کاری لێکۆڵرەوان، بیر و بۆچوون و هەڵسەنگاندنی ژیرانەی ئاوەزمەند بۆ یەکە بە یەکەی دیاردە و بابەتەکان دەکات و زۆر لێوەشاوانە،خوێنەر بۆ کەناری تێگەیشتن دەئاژوێ...
لە بەراوردێکی ئایینی زەردەشتی لەگەڵ ئایینە ئیبراهیمییەکاندا،کە (خوا)هەموو شتێکی لە (هیچ)و (نەبوون)دروستکردووە، ئایینی زەردەشتی دەڵێ:" ئاهورامەزدا لە زاتی خۆی و لەوەی کە هەیەتی ئافەریدەکانی دروستکردووە. لەبەرئەوەیە،کە بە گوێرەی فەلسەفەی ئەو ئایینە،(بوون) فرە کۆنە و هەمیشە لە تەک ئاهورامەزدا و لە ئاهورامەزداوەیە".پێم وایە،کەسانی شارەزا و پسپۆڕ،گەرەکە لەم رووەوە قسەی خۆیان هەبێ،واتە بەراوردکارییەکی ووردی بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان زەردەشتێتی و ئایینەکانی دی دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
لەسەر هەموو ئەو ژینگە و دەوروبەرەی راستەخۆ، پەیوەستن بە ژیانی سەردەمی مرۆڤەوە،بە لای زەردەشتەوە،لە رووی ئایینی و جڤاتی و جیهانبینییەوە، روونکردنەوە بۆ لایەنگرانی زەردەشتێتی خراوەتە بەردەست و قسەیان لەسەر کراوە و روونکردنەوە پێشکەشکراوە.
دەربارەی جیهانیش دەبێژێ: "ئەم جیهانە بێ خەوش نییە، بەڵکو بەرەو بێ خەوشییەتی دەڕوات،ئێمە کە خۆمان بە ژیرترین و وشیارترین ئافەریدە لەسەر رووی زەوی دەزانین،دەبێت بەردەوام تێبکۆشین و هەوڵ بدەین بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا تا بگەینە بێ خەوشییەتی".
لە ٨ لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەیدا ،کۆمەڵێ وێنەی بڵاوکردۆتەوە،کە باسەکانیان لە کتێبەکەدا خراونەتەروو.
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، رۆشنبیران و دەزگا بەرپرسەکانی کوردستان ،بۆ زیندووکردنەوە بڵند راگرتنی ئەم زمان و فەرهەنگ و ئایینە، چ پرٶژەیەکیان دەبێت ، کام میتۆد هەڵدەبژێرن.. تاوەکو ئاڤێستا وەک چرایەکی گەشاوەی نەکوژاوە لەسەرەڕێی ژیانی ئادەمیزاد بۆ هەرگیزاو و هەرگیز دابگیرسێنن.
دەبا، هەموو بیری چاک هەڵبژێرین و وتەی خاس دەربڕین و کرداری باش بنوێنین. تا رێگای ژیان بەم بنەما و بیرۆکانە، چرارێژ بکەین،و دەروازەی بەختەوەری مرۆڤایەتیش، هەر بەم سێکوچکە بەرزە گوڵرێژ بکەین.
بەم شاکارەی مامۆستا فەرهاد پاڵەوان،کە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، گەلەک ئاسوودە و خۆشحاڵم. هیچ لەوەدا دوودڵ نیم ،کەمامۆستا فەرهاد، رەنجی فەرهادی لەتەکدا کێشاوە. پیرۆزبایی ئاڕاستە نووسەر دەکەم و بە گەرمی ماندوونەبوونیی لێدەکەم. بە هیوام برای نووسەر ، کتێبخانە و گەنجینەی فەرهەنگی نەتەوایەتیمان، لە بەرهەمی دیکەی وا نازدار، بێبەش نەکات...
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنچ: هەموو ئەو کۆپلە نووسینانەی کەوتونەتە نێوان دوو کەوانەی " "ەوە،لە کتێبەکەی فەرهاد پاڵەوانەوە وەرگیراوە..


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)