میللەتێکی خاڵی لە گیرفان، دەسەڵاتێکی خاڵی لە موراڵ
Sunday, 24/08/2014, 12:00
لەئاست كارە پڕشورەیى وگەندەڵیەكانى حكومەت، هەموو سەریان وەک چەشنى نەعامە خستۆتە بن عەرد و ورتە ناكەن.
-حكومەت 3دەفتەر دۆلار دەدات بە وەزیرەكان تا ناوماڵى پێبكڕن
-حكومەت شوقە وخانوو بۆ وەزیر و پەرلەمانتارەكان دەكڕێت
-پەرلەمانتاران نیوە مووچە بەشیان ناكات. نارازین موچەیان كەمبێتەوە
-پەرلەمانتاران كە ژمارەیان 111 كەسە داواى ئوتومبیلى وەنەوشەى 6 دەفتەرى دەكەن
-وڵات لەشەرێكى ترسناكدایە سەرۆكى لیستى گۆڕان و كۆمەڵێكى تر بۆتەبدیل هەوا لەدەرەوەى وڵاتن
-وەزیر و پەرلەمانتار لەهەوڵى دامەزراندنى كەسانى سەربەحزب و خزمەكانیاندان
-خانمە پەرلەمانێك كەمێك قاچى سوتاوە ،چووە بۆ ئەوروپا بۆتەجمیل(پێشمەرگەیەكیش ،باش ئەوەى ئەچێت بۆشەر2 هەزار دینار بۆ خەرجى خێزانەى جێدەهێڵت)
-حكومەت جگەلەخانەنشینكردن بەپلەو موچەى تایبەت ،وەك پاداشت یەكى چەند دەفتەردۆلارێك دەدات بە وەزیر و پەرلەمانتاران
ئەمانەو زۆرێكى دیكە لەوكارە ناشیرین و ئابڕوبەرانە،بوونەتە ئاكار و بەرنامەى سەرلەبەرى ئەندامانى پەرلەمان و وەزیرەكان، چ لێرە و چ لەبەغدا. لەبەرامبەردا بەئەندازەى تەنها 3 سەنت، هیچ كام لەو وەزیر و پەرلەمانتارانە، خێر وبێریان بۆ وڵات ومیللەت نەبووە. تەمەننا دەكەم، دەستى هەر كەسێك ماچ دەكەم كە بێت و پێم بڵى فڵان فراكسیۆن،یان ئەندام پەرلەمان یان وەزیر، ئەو ئیشە،یان ئەو پڕۆژە چاك و بەسودەى تەقدیمكردوەو خستیە سەر مێزى گفتۆگۆ
لە ساڵى 1992 وەتا ئەمڕۆ ئەوە حاڵى حكومەت و پەرلەمانەكەمانە، كورسیەكانى پەرلەمان و وەزارەت بوونەتە باشترین كەسابەت وسەرچاوەیەكى باشى دەستكەوتنى داهات. لەرێگەیەوە كۆمەڵێك كەسى نەفام و بودەڵە وكۆیلەى حزب قوت دەبنەوە دەبن بەشت ، پاش خۆشیان هەوڵ دەدەن كە تەواوى ئەندامانى خێزانەكەیان سوود لەو داهات و ئیمتازانە ببینن.
گەرئەو پەرلەمانتارو وەزیرانە لەهەروڵاتێكى دونیا بوونایە، ئێَستا شاربەدەریان كردبوون، سەرى لووتیان رەش كردبون، لەلاى میللەت و دنیا سووك وریسوایان دەكردن، بۆهەتایە بە نەفرەت لێكراو و دزو گەندەڵ ناویان دەهات، چەندین جار دادگایى وسزادەدران.ئاخر چ رەواى هەقە، میللەت لەناو دەریایەك كێشەو گرفت و قەیراندایە،پێداویستى رۆژانە(ئاو و كارەبا و سوتەمەنى و خزمەتگوزارى سەرەتایى) نى یە، بەدوومانگ وپتر مووچەى فەرمانبەران نادرێت، میللەت لەژێر دەیان بارى قورسى وەك(كرێى زۆرى ئاو و كارەبا و باج و غەرامەى سەرپێچى و،نەبوونى شوێنى نیشتەجێبوون و گرانى بازاڕ و بەلێشاو هاتنى ئاوارەو،تێكچوونى شێرازەى ژیان) كەچى تاكە یەك مەردم نەبینى سكاڵایەك بەرز بكاتەوە، لەسەر یەكێك لەوشتانە بێتە دەنگ و، بڵێت ئەوەى دەیكەن ناهەقى زوڵمە وخوابەردارى نى یە.
ئەو باسى سەرۆكى كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارە لاخەبەرەكانى بەغدا ناكەم،كە حاڵیان لەوانەى خۆمان وێرانترە، ئەوەتا بڕوانن سەرۆك كۆمار كوردە،دەسەڵاتى یەكەمى وڵاتە.وەزیرى دەرەوە كوردە،وەزیرى بازرگانى كوردە،كورە نازانم دنیایەك لەو شتە زلە بێ هونەرانەمان لەو بەغایە هەیە، بەڵام ئایا سەرۆك كۆمار وێراى باسى ئابڵوقەى سەركوردستان و نەناردنى موچەى فەرمانبەران بكات؟ ئەو ئەوەندەى لەخەمى دامەزراندنى كچەكانێتى،نیو هێندە خەمى كوردى نى یە. یان وەزیرى دەرەوە تا چەند توانى وجورئەتى كرد ،رووى ناشیرین و دزێوى حكومەتى مالیكى ولاى جیهان دەربخات؟ ئەى وەزیرى بازرگانى تاچەند لەخەمى بەشەخۆراكى مانگانەى خەڵكدا بوو؟ یاخود وەزیرى تەندروستى ،بایى چەند دەوا و دەرمان وپێداویستى بۆهەرێم نارد؟ بێگومان هیچ، تا كورد لەبەغدا بێت،تا ئەو گەندەڵ وچەورەو دزانەى حزب، وەزیر و پەرلەمانتار بن،حاڵمان لەخراپەوە ئەچێت بۆ خراپتر.
لەولاشەوە میللەت، گیرفان خاڵى یە، بەچەند مانگێك مووچەى وەردەگرێت، بۆهەموو شتێك خراونەتە پەراوێزەوە، لەبرى بەهاناوە چوون ولاكردنەوە لێیان، نرخى سوتەمەنى و شوێنى نیشتەجێبوون، خۆراك و پێداویستى پزیشكى و شتومەكى رۆژانە ،بەچەند قات لەسەریان گران دەكرێت. كەچى پێم سەیرە،وەك كەڕو كوێرمان لێهاتووە،وەكو بەنگ كێش و سەرخۆش وڕو كاسین،رۆژانە بەهەزاران ناعەدالەتى ئەبیستین ، بەسەدان تاوان وكارى ناشیرینیان دەبینین، بۆ خۆیان پارە پول رژاوە ،میللەتیش زەقەى چاوی دێت. من دڵنیام تا ئەم خولە تەواو دەبێت، ئەو پەرلەمانتارانە نەك پرۆژە وبەرنامە و قسەو لێدوانیان لەسەر یاسا و بڕیارە گاڵتە ئامێزەكانى وەك(خەتەنكردنى مێینە و قەدەغەكردنى جگەرە كێشان)نى یە،بگرە لەدەست بەرزكردنەوەشدا تەمبەڵن ورۆڵیان نابێت.. ئاخرمن چى بكەم لەكەسێك كەتائێستاش نازانێت ئەرك و مەهامى پەرلەمان چى یە، ئەو پەرلەمانتارە چ خێرێكى بۆمن دەبێت، تا ئێستاش گیرۆدەى كۆت بەندى كۆمەڵایەتى یەو لەژێر فشار وزۆرى خێزانەكەى جل وبەرگ دەپۆشێت، ئەوێك نەتوانێت ئازادى بۆخۆى دەستەبەركات، ئەوێك نەتوانێت بەجورئەتەوە ژیانى تایەبتى خۆى بژى، ئەى چى بۆمن ئەكات،؟!یان نەفامێكى هەرزە،كەتائێستاش تێناگات بۆچى بۆتە پەرلەمانتار، وادەزانێت هۆڵى پەرلەمان وەك بەرنامەى تەلەفزیۆنى وسەكۆى شیعر خوێندنەوە شوێنى وتنى گۆرانى یە. یان هەموو قابیلیەت و لێوەشاوەیى خانمێك بۆئەو پۆستانە، لەبەر خاترى ئەوەبێت كە عەشیقەى مەسئولێكە و ئەو موعجیبێتى. ئەوانەش بەهەرحاڵ ئەى دەنگى دلێرى برایانى ئۆپۆزسیۆن و پێڕەكەى نەما،ئەوانەى كە شین ورۆ رۆ و فرمێسكى تیمساحیان بۆئێمە دەڕشت، ئێمەیان كردبوو بە بەهانەو بەناوى ئێمەوە خۆیان شیرین دەكرد وایان پیشان دەدا خەمخۆر و دڵسۆزى ئێَمەن ، بە حاسیبە وهاوكێشەى ماتماتیكى و بیركارى دزى وفزى پارەخواردنى حكومەتیان بۆ بەیان دەكردین، كەچى ئێستا ئەوانیش بایان داوەتەوە بونەتە كۆرسى حكومەت و دەسەڵات و بەشان وباڵیان هەڵدەدەن.ئەو ئاوازە ناسازەى ئەوان دەڵێنەوە.
ئەوەى كە پەستمان دەكات، ئەوەى كە رق وقینمان هەڵدەستێنت و تەواو نیگەرانمان دەكات. ئەوەیە دەمى هەركەس دەكەیتەوە، گلەیى لەحكومەت هەیە، بە جوملە جنێو قسە بەحكومەت دەڵێت، باسى دەیان وسەدان كێشە و گرفت دەكات، باسى زوڵم ناهەقى و ناعەدالەتى دەكات، كەچى وەك قوڕیان خستبێتە دەممانەوە، لەكاتە خوازراوەكاندا دەنگمان هەڵنایەت، وەك ئەوەى بەسیكۆتین و چەسپ بەزەویانەوە نوساندبێتین،ناتوانینن هەستێتە سەرپێ وبە رێپێوان وخۆپیشاندان ئەو حكومەتە ریسوا بكەین. رایان ماڵیین،یان هەر هیچ نەبێت ملیان پێ كەچ بكەین و بیرێك لە ئێمە بكەنەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست