کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا عومەر لە سەلەفیەتەوە بۆ جاش مەلایی

Thursday, 18/08/2011, 12:00




ئەگەر چاوێك بەلاپەڕەكانی ڕابردوی گەلی كوردا بخشێنین، گەلێك ڕوداوی تاڵ و ناخۆشی و نەهامەتی ودەردیسەری تێدا نوسراونەتەوە ،شانبەشانی ئەوانەش مێژووەكەمان لێوان لێوە لە سەركردەی ساختەچی و كەسانی خائین وماستاوچی و بێهەڵوێست كە زۆر ئەستەمە تەنانەت وەك یادەوەریش بۆنەوەی نوێی باس بكەین .
مەلا عومەری چنگیانی كە پێشتر بە مەلا عومەری سەلەفی ناسرا بوو یەكێكە لە و هەزاران كەسە ماستاوچییە دوڕووەی كە مێژووی كوردیان قێزەون كردووە .
ئەم جاش مەلایە هەرچەندە خەڵكی سلێمانییە بەڵام لەئیستادا دانیشتوی شاری هەولێرە وپێشكەركاری بەرنامەیەكی ئاینییە لەكەناڵی ئاسمانی زاگرۆس .
عومەر چنگیانی لەبەرنامەكەیدا بەردەوام خەریكی قسەی هەڵیت و پەڵیتە و بەئارەزوی خۆی باس لەحەڵاڵ و حەرام ئەكات و جاروبار پەیڕە و پڕۆگرامی پارتی تێكەڵ بەئاینی ئیسلام ئەكات ،چەند جارێكیش لەدیداری تایبەتدا بەجۆرێك باسی لە بەبنەماڵەی بارزانی و خودی مەسعود كردووە كەكڕنوش بردن و سەرنەوی كردن لە ئاستیاندا بە كارێكی شەرعی لەقەڵەمداوە .
لەم مانگی ڕەمەزانەشدا دیسان بەوردی و بەشێوەیەكی تاكتیكیانە لەهەوڵی چەواشەكردنی ئەو كەسانەدایە كە بەڕۆژوون .
جا بۆ ئەوەی باشتر ئەم جاشە كلك زەردە بناسین ئەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناوەڕستی نەوەدەكان كەتیایدا عومەری سەلەفی وەك بانگخوازێكی بوێرو سەلەفی ساڵح خۆی نیشان ئەداو مزگەوتی ئیمانی لە گەڕەكی مامەیارەی شاری سلێمانی كردبووە پێگەی خۆی و تیایدا بانگەوازی خواپەرستی دەكردوو داوای لەخەڵكی ئەكرد تا بگەڕێنەوە بۆ سوننەتەكانی پێغەمبەر ،هەمیشە ووتارەكانی ڕۆژی هەینی ڕاستە و ڕاست لە ووتاری سەردەمی سەحابیەكان ئەچوو ،بەمەش كۆمەڵێك گەنجی تازەپێگەیشتوی فریودابوو بە جۆرێك كە بە ئیمام و پێشەوای خۆیانیان ئەزانی .
زۆری نەبرد ئەم جاش مەلایە خواوەند ڕوی ڕەشی ئاشكراكرد ،ئەوەبوو لە كاتی شەڕی ناوخۆداو بە تایبەت لەكاتی شەڕی نێوان یەكێتی و بزوتنەوەدا ئاگری ئەو شەڕە عومەری سەلەفیشی گرتەوەو لەهەموو لایەكەوە مزگەوتی ئیمان گەمارۆ درا و خۆی و موریدەكانی درانە بەردەستڕێژی گوللە .
ئەوگەنجانەش لەمزگەوتەكەدا وەها فریو درابوون كە بەوپەڕی حەماسەتەوە بە ڕۆحی جیهادەوە ڕوبەڕوی پێشمەرگەكانی یەكێتی ئەبوونەوە ،سەرەنجام ژمارەیەك گەنج كوژران و بریندابوون و ئەوانی دیكەش بەدیل گیران ،كاكە عومەری جاش مەلاش بەبێ ئەوەی تەنها یەك فیشەك بۆ جیهادەكەی خودا بتەقێنێت موعەزەز موكەرەم لەبەردەم مزگەوتەكەداو بەبەر چاوی خەڵكیەوە سوار لانكرۆزەرێكی لقی چواری پارتی بوو وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرباز بوو.
ئەمە بەسەرهاتی كاكی سەلەفییە كە بەبڕوای من ڕەفتارەكانی رابردوی ئەو هیچی كەمتر نییە لە ڕەفتاری ئەو موستەشارانەی پێشڕەوی فەرماندەكانی بەعسیان ئەكرد لە ئەنفالكردنی خەڵكی گوندەكانی كوردستان.


ئیمەیڵ: [email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە