لە ئەستەمبول، ماچی! پۆلیسی تورکی
Saturday, 25/01/2014, 12:00
2797 بینراوە
لە ئاماری تورکاندا، ئەم دەست درێژییە حەرامەی ئاسایشی تورکی تۆمار نەکراوە.
هاوینی ساڵی 1972بوو ئەگەر ساڵی 1973 نەبووبێت. من وهاورێیەکم لە بەغداوە، ویستمان بەشەمەندەفەر بۆ ئەستەنبول بچین. نەفەری لە بەغداوە بۆ ئەستەمبول بە 5 دیناری ئەوسای عێراقی بوو. بۆبەشی رۆژهەڵاتەکەی ئەستەنبوڵ، بە 5 رۆژی رەبەق دەگەیشتین، کە بەجسرێک بە بەشی رۆژ ئاوای ئەستەنبوڵەوە بەسرابوو. بە 10خولەک بەئیسراحەت بە پییادە ئەمبەراو ئەوبەری ئاسیا وئەوروپات ئەکرد. وەلێ قوشم ئەویست لەم بەروئەبەرەیەدا قۆڵییان نە برابێت. ئیتر تەکسی بەکرێ گرتبێت، چوبێتە رێستورانتێک، یان کەلوپەلێکییان پێفرۆشتبێت. خۆ ئەگەر بە شانس ونسیب لەم تەڵەو تەپکانەدا رزگاری ببوبێت، ئەوا پۆلیسێکی لێ پەیدابووە، پارەی باخەڵییان لەگەڵی بەشکردووە.
دوو هاوینی بەغداد کرێکاریمان کرد، تا برێ پارەمان کۆکردەوە. پارەکانمان بۆ دۆلار گۆرێوە، بە پارەی من وهاورێکەم لەگۆرینەوەکەدا، دووسەد دۆلاری ئەمەریکی ئەوکاتەی کرد. لە ئیستگەی شەمەندەفەری بەغداد بەرێکەوتین. ئەورۆژە فرە دڵمان خۆش بوو، خۆمان بە پاشا نەئەگۆرێووە. تەنیا دڵمان لەوەسارد بوو، پێنج رۆژ بەرگەی دانیشتن ونەنوستنی نێو شەمەندەفەر بگرین. لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا بووینە هاورێ ودوژمنی زۆر کەس، چەند جار جێگا وفارغۆنمان پێگۆرا، لە ناو شەمەندەفەرەکەدا، زۆرمان برسیتی دی وخەڵک بۆ خێر نانیان لەگەڵ بەشکردین. سەفەرێکی سەیروسەمەرەبوو، بە حوکمی سەفەری ناو شەمەندەفەری پێنج رۆژە، لەگەڵ دوو لاوی لە تەمەنی خۆماندا هاورێیەتیمان گرت. ناویانم بیرنەماوە، وەلێ تا بڵێیت خاکی، کوری چاک وهەمیشە دەم بەپێکەنین بوون. زۆر کیتابیان دەخوێندەوە، بیرم دێت خەڵکی ناوچەی لەندەن بوون. پەساپۆرتی بریتانیان لەباخەڵدا بوو. لەگەڵ ئەوەی ئێمە قوتابی دانشگای بەغداد بووین، کەچی لە سەدا بیست وپێنجی ئینگلیزێکەی وانمان حاڵی نەدەکرد.
راست بوو، درۆنەبوو، بە 5 رۆژ گەیشتینە ئەستەنبول. کاتێک لە شەمەدەرەکە دابەزین، ئەت گووت مریشکی ناوقەفەزین وبەرەڵاکراوین، سەیرێکی ئەملاو ئەولای خۆمانکرد، خۆمان گیڤ کردەوە وخۆمان بەهێز راوەشاند تادەمارەکانمان دەقی پێنج رۆژەی دانیشتنمان بکاتەوە. بیرمان کردەوە چۆن جێگای سەفەری فرسەخی دووهەمان بدۆزینەوە. پرسیاری وێستگەی شەمەندەفەری ئینتەرناشنالمان کرد. ئاخر دەبوو وێستگەی شەمەندەفەری ئەنتێرناشوێنال بدۆزینەوە، تالەوێوە بچێن بۆ یۆنان. کابرایەکی تەکسی مانمان لێ پەیدابوو، بەعەرەبی سوری، پێمانی گووت: وێن رایحین؟ دەمانەوێت بچین بۆ وێستگەی ئینتەرناشۆنال. لەسەر پارچە کاغەزێک، دوو وشەکەمان نوسیبوو، بە ئەدەبەوە، لە گەڵ پارچە کاغەزەکەدا نیشانماندا. لە عەزرەتی بێ پارەی ودەست بەگیرفانەوە گرتن، گوێچکەمان لە دەمی نزیک کردەووە، تابزانین نرخەکەی چەندە. تەکسی مان، سەیرێکی کاغەزەکەی کردوو، بەفیزەوە بەدوو پشتی پەنجەکانی ناوەراسی بە پارچەکاغەزەکەیدا کێشا، سەرێکی بادا ولەژێر لێوەوە ووتی: 20 دۆلار. من وهاورێکەم حەپەساین، بەتایبەتی من ترسام دنیام بەرێشکە وپێشکەی هاتە پێش چاو. لەدڵی خۆمدا ووتم: تازە لە ئەستەمبوڵ ئاسی بووین. ئێمە بەهەردووکمان، بە کارێکاری دوو هاوینی گەرمای بەغدا، دووسەد دۆلارمان بۆ سەفەرەکەمان کۆکردبۆوە. 20 دۆلار ئەی کردە لە 10/100ی ئەو پارەیەی پێمان بوو. کورە چۆن؟ جا خۆ باشترە، لە ئێستا زووتر نیە سواری قیتارەکەببین بۆ بەغداد بگەرێینەوە. قەیرێ داماین، تەکسی مانیش لەگەڵماندا بەدامێوە پەنجەکانی دەستی بە 10 شێوە ئەتەقان، منی بەتەقاندنی پەنجەکانی زۆرسەرسام کردبوو، لەداخا سەیری پەنجە تەقانەکەیم ئەکرد. برادەرەکەم ووتی: لە تورکیا نرخەکانی پێت ئەڵێن هەمیشە دابەشی نیووەیبکە، بزانە بۆ ئەوکاولبووە بە 10 دۆلار نامان بات. منیش بە کوردی ووتم : کاکە بە دە دۆلار، هەردەبەنجەی دەستم لەدوورەو پیشان دا، ئەترسام پەنجەی دەستی منیش وەک پەنجەکانی خۆ بتەقێنێت. دیار بوو زوو ژمارە تێدەگەی.
ووتی: ئێوە فرۆم کۆنتری؟. بەترسەوە ووتمان کوردین. بەکوردی وەڵامی داینەوە، ووتی: باش، خاتری تە، ئەزیش کوردم. سواری تەکسیە شکاوی مۆدێلی پەنجاکانی کردین وقەیرێک گەرانینی وپاش بیست خولەکێک لە نێو دەرگایەکی زۆر گەورە ئێمەی دابەزاند. ووتی: ئەوە وێستگەی ئەنتەرناسیۆنالی ئەستەنبوڵە. دڵمان زۆر خۆشبوو، بەرێزەوە خواحافیزیمان لەگەڵ کرد.
ئێمە ئامانجی سەفەرەکەمان چوون بۆ ئەسینا پایتەختی یۆنان بوو. چوینە جێگای بلیت برین وپرسیاری نرخ وکاتی چونمان بۆ ئەسینا کرد. نرخی سەفەری دووکەس بە قیتارلە ئەستەمبولەوە بۆ ئەسینا، لەو سەردەمەدا، هەر 3 ئەوەندەی تەکسێکەی ئەکرد. هەر رۆژە نەرۆژێ، کات ژمێری 8 بەیانی، شەمەندەفەرێک لە ئەستەمبوڵەوە بۆ ئەسینا بەرێدەخرا. لە ناو ویستگەکەدا دوو هاورێ ئنگلیزەکەمان بینێوە. لەیەکمان پرسی ئێوە بۆکوێ دەچن، دەرکەوت هەردوو لامان یەک رێگامان هەبوو، ئەسینای یۆنان. گەلێک دڵمان بەیەک شادبۆوەو، ئەتگووت دوو مانگە یەکترمان نەدیووە.
من و برادەرەکەم هەردووکمان، بەیەک دەنگ، بەئینگلیزیە شەق وشرەکەمان لێمان پرسین: چۆن گەیشتنە ئێرە. وەڵامیان داینەووە، بای فووت، واتە: بەپێ هاتووین. وتمان ئەی چۆن لە پێش ئێمەوە گەیشتوون، ئەو هەموو رێگایەتان چۆن بەو هیلاکیە وا زوو بە پێ بۆ کرا. بە ئنگلیزی وەڵامیان داینەوە : ئەوەتا لەو بەرەوە، بە پێ بە ئیسراحەت بە 5 خولەک ئەگەن. سەیرمان کرد، ئەرێ خۆ ئێمە ئێستا لەو بەرەوە بوین. دیمان بەینی هەردوو محەگەکە هەر جسرەکەیە، کابرای خاتری تە، ئەزیش کوردم، دەستی بریوین، 20 خولەک ماشێنی لێخوری دوای هێنابووینەوە شوێنەکەی خۆمان، زۆر دڵگران بووین. بە برادەرەکەم ووت: گوێ مەدەرێ، سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار. بەدڵ گرانێووە وەڵامی دامەوە ووتی: جا ئەوە گلانە، یان قۆڵ برانە.
ماوەی پێنج رۆژی ناو شەمەندفەرەکە، لە ناوچەی شاری عورفە بوو، دوو لاوە ئنگلیزکان بوون بەهاورێمان. دیار بوو لە حەڵەبەوە سوارببوون، دەیان ویست بگەرێنەوە بۆ ئنگلتەرا. لە تەمەنی خۆماندا بوون. وان وەک ئێمە، نانە رەقەو کولێرە رەقەیان دەخوارد. هەموو لایەکمان مەبەستمان بوو بەو برە پارەییەی پێمان بوو زۆرترین شوێن ببینین. پارەمان زۆر کەم پێ بوو. لە ئەستەنبول، لەئینتیزاری شەمەندەفەری یۆناندا لەرۆخی دەریا وسەجادەکان ئەنوستین. هاوەڵەکانمان هەمان فەرسەخی ئێمەیان هەبوو، دەیان ویست لەیۆنانەوە، بەپاس بگەرێنەوە لەندەن.
ئەوە رۆژە تاشەوێکی درنگ بە کۆڵەکانمانەوە، پیاسەی ناو شەقامەکانی ئەستەمبوڵ مانکرد. زۆر هیلاک ببووین، 5 شەو وپێنج رۆژ باش نەنوستبووین، ئێشک چی، دەنگی شەمەدەفەر، ترسی دزی، روت کردنەوە وبە دانیشتنەوە پێنج شەوی ناو شەمەندەفەر نوستن. ئەتوانم بڵێم: تەنیا لاوانی وەک ئێمەی عاشقانی بینین وسەفەربەرگەی دەگرن. شەوی ئەستەنبوڵ، بۆئێمەی هیلاک وماندوو درەنگی کرد بوو. درختێکی گەورەم بینێوە، لەیەکێ لە شەقامە بچوکە چەپەرەکانی شاردا. بە هاورێکانم ووت: کورینە بالە بن ئەمدارەدا بنووین، بۆنستوون باشترین شوێنە ، کەسی بەسەرەوە نییە. جێگامان وەک بزن بۆ ئەوشەوە خۆشکرد، کۆڵەکانمان کرد بەسەرین ولێی راکشاین.
قەیرێک بوو، خەوچووبووە چاوم، لەپر نازانم چۆن بوو، خەبەرم بۆوە. وەک راستیەکی ترسناک یان خەوێکی ناخۆش دیتم، دوو پۆلیسی زەبەلاحی ناشرینی خوار وخێچ، تا ئاستی سەرمان بەسەر سەرمانەوە نوشتابوونەوە. منیان دی خەبەرم بۆوە، بەدەست هیمایان بۆکردم کە بنوومەوە وهەڵنەستم لەخەو. تەواو خەبەرم بۆوە، لەبەرتیشکی گڵۆپی عەلەتریکەکان باش سەیرم کردن، خەریکی دەست درێژی وماچ کردنی یەکێ لەهاورێ ئینگلیزەکان بوون، کە هێشتا خەبەری نەببۆوە. هەستامە سەرپێ، لێیان راپەریم، بەقاچ برادەرەکانم خەبەرکردەوە. هاوارم کرد کورینە، خەریکن دەسدرێژیمان لێدەکەن، هەستن با لێرە برۆین. خەریکی دەستدرێژی حەرامیان لێ دەکردین. ئێمە بە زەحمەت خۆمان لێیان رزگارکرد، هەرچەندە یەکێکمان فرە لە ئێمە لاوتر بوو، فەقیرە هەر یەک دوو ماچی حەرامی ناو دەمی بەنسیب بوو. پۆلیسەکان کاتێک بۆیان دەرکەوت، ئێمە، من وبرادەرەکەم ئینگلیز نین وسەر وسیمای رۆژ هەڵاتیمان هەیە. دوامان کەوتبوون، پێیان ئەوتین ئێمە برۆین وهاورێ ئینگلیزەکانیان بۆ بەجێهێڵین.