کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێ ڕۆژی داهاتوو ده‌رفه‌تی زێڕینه‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌ولێری قه‌ڵا و مناره‌

Friday, 04/03/2011, 12:00




ئه‌گه‌ر چی بڕیار بوو له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوودا خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌ شه‌ره‌فی هه‌ولێر سازبکرێت، به‌ڵام هه‌موومان بینیمان که‌ چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمه‌ڵێک چه‌ک به‌ ده‌ست و ئه‌ندامی حیزبه‌که‌ی به‌ ده‌مانچه‌ و جلی مه‌ده‌نیه‌وه‌ بڵاوه‌ پێکرد تا هه‌ر جوڵه‌یه‌کی ناڕه‌زایی بینرا به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ سه‌رکوتبرێت، ئێمه‌ نابێت گله‌یی له‌و پارته‌ بکه‌ین که‌ بۆ وه‌ها ڕێگه‌یه‌ک ده‌گرێته‌ به‌ر چونکه‌ زۆربه‌ی حیزبه‌ تۆتالیتاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌ت حیزبه‌که‌ی قه‌زافی که‌ هاوپه‌یمانی له‌ مێژینه‌ی پارتی و یه‌کێتیه‌ هه‌مان ڕێگه‌یان گرته‌ به‌ر و کۆمه‌ڵێک له‌ به‌ڵته‌چیه‌کانی خۆیان به‌ چه‌ک و له‌ به‌رگی خۆپیشانداندا نارده‌‌ سه‌ر شه‌قام بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ها پیشانی بده‌ن که‌ ڕژێمه‌ خوێنمژه‌که‌ی قه‌زافیان قبوڵه‌، پارتیش هه‌مان ڕێچکه‌ی هاوپه‌یمانه‌ دێرینه‌که‌ی گرته‌ به‌ر و هه‌مان شانۆیی نمایشکرده‌وه‌، هه‌موومان بینیمان له‌ کاتێکدا سلێمانی خوێنی فیشه‌کی چه‌که‌ سوره‌کانی لێ ده‌چۆرا ده‌موچاوه‌ زه‌رده‌کانی هه‌ولێر ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی پێش هه‌ر که‌سێک و شوێنێک هه‌ولێریه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و شه‌قامه‌ ئاشناکانی ئه‌و شاره‌ به‌ کوردایه‌تیان بریندارکرد، ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی په‌یمانی کۆیله‌ بوون و ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێیان بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی خنکێنه‌ری ئازادی و ده‌سته‌ سوره‌کان دووپاتکرده‌وه‌، ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی که‌ بێ په‌روا خزمه‌ت به‌ دڕنده‌یی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌ن که‌ خوێنی گه‌نجه‌کان له‌ پێناوی شوشه‌ شکاوه‌کانی باره‌گاکانیاندا حه‌ڵال ده‌که‌ن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ڕێگه‌ی نه‌دا ئه‌و مێرد منداڵانه‌ی که‌ به‌ به‌رده‌ خاڵی له‌ ڕقه‌کانیانه‌وه‌ شوشه‌کانیان شکاندبوو بڕۆنه‌ ماڵه‌وه‌ و به‌ پاره‌ی ناو ده‌خیله‌ منداڵه‌کانیان شوشه‌ی شکاوی باره‌گای حیزبێکی ده‌وڵه‌مه‌ند ببژێرن ، ئه‌و گه‌نجانه‌ی هه‌ڵپه‌ڕین، ئه‌و ده‌مانه‌ی پێکه‌نین، ئه‌وده‌ستانه‌ی به‌ فه‌رمانی حیزب هه‌ڵسوڕان و په‌ڕۆی زه‌ردیان بادا ، هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ که‌سانێک خۆیان خاڵی کرده‌وه‌ له‌ ئه‌خلاقی کوردایه‌تیی، هیچ نه‌بوون جگه‌ له‌ که‌سانێک بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی شارچێتی، ئه‌وان که‌ هه‌ڵپه‌ڕین وایان ده‌زانی سلێمانی له‌ په‌رچه‌ کردارێکی وه‌ها قێزه‌وندا ده‌که‌ونه‌ بۆسه‌ی پیلانه کانیان و هه‌موو هه‌ولێر تاوانبار ده‌که‌ن، وه‌لێ ئێمه‌ له‌ سلێمانیدا کاتێک که‌ ده‌زانین هه‌ولێر چۆن گیرۆده‌ی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێکی داسه‌پێنه‌ر و سیسته‌مێکی موخابه‌راتی و پۆلیسی بووه‌، گله‌یی ناکه‌ین، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانین ئه‌گه‌ر هه‌ر تاکێکی ئازادیخوازی ئه‌و شاره‌ ده‌رفه‌تی هه‌بێت و دور بکه‌وێته‌وه‌ له‌و ئاوو هه‌وایه‌ی که‌ حیزب ئه‌وه‌ی تێیدا نه‌هێشتبێته‌وه‌ ئۆکسجینی ئازادیه‌ ئه‌وا وه‌ک دکتۆر پشتیوان دێته‌ سه‌ر شه‌قام و باکی نابێت به‌ ده‌مانچه‌ بێ ده‌نگه‌کانی ده‌سه‌ڵات، باکی نابێت به‌ عاسا ئاگرینه‌کانی حیزب، باکی نابێت به‌ ژوره‌ تاریکه‌کانی ئاسایش وکێبڵه‌ ئاسنینه‌کانی ده‌ستی جه‌لادانی ده‌سه‌ڵات، ئێمه‌ ده‌زانین، باش ده‌زانین، قه‌ڵا ی سه‌رکه‌ش چۆن له‌ ئه‌تکبوونی ئازادی منداڵه‌ چاره‌ ڕه‌ش و خه‌مباره‌کانی شیوه‌ن ده‌گێڕێت، ئێمه‌ ده‌زانین مناره‌ی چۆلی چۆن فرمێسک ده‌ڕێژێته‌ سه‌ر گۆنای ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ ته‌مه‌نی بیسه‌ته‌کانی سه‌ره‌تایاندا وه‌ک تینویه‌کی نیشته‌جێی بیابان چاوه‌ڕێی گه‌شتن به‌ ڕۆخی ڕوبارێکی ئازادی، ئێمه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌زانین، ده‌شزانین ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ و به‌ تایبه‌ت هه‌ولێر ئه‌وه‌ی سڵی لێ نه‌کاته‌وه‌ کپکردنی ده‌نگی ناره‌زایی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتێتی، ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌وانه‌ی به‌ ڕۆژدا فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێنی شه‌هیده‌کان ده‌ڕێژن و خۆپیشاندان به‌ مافێکی سروشتی ده‌زانن له‌ تاریکایی شه‌ودا چۆن فه‌رمانی کۆمه‌ڵکوژی ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌رده‌که‌ن که‌ به‌ گوته‌ی خۆیان (بیر له‌ یاخی بوون ده‌که‌نه‌وه‌)، ئێمه‌ ده‌زانین کۆتا شتێک ئه‌وان وازی لێبهێنن کورسیه‌کانی ژێریان و نه‌واکانی سه‌ریانه‌ که‌ به‌ خوێنی گه‌نجانی ئه‌و شاره‌ چێبووه‌، ده‌زانین هێنده‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ولێر، فیشه‌کی ئاگرین ، چه‌کی ئاماده‌کراو بۆ کوشتن له‌ باره‌گاکانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتی خوێناویدا هیچ ڕاستیه‌کی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌مان بۆ ئاشکرا نه‌بووبێت ، دوای گولله‌ بارانکردنی گه‌نجانی سلێمانی و سورکردنی شه‌قامی سالم به‌ خوێنی گه‌نجانی ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌مان لا ئاشکرا بوو که‌ هێنده‌ی ژماره‌ی هه‌موو دانیشتوانی سلێمانی فیشه‌کی بیکه‌یسی و ده‌مانچه‌ و هه‌ر چه‌کێکی تر له‌ باره‌گاکانی حیزبه‌ باڵاده‌سته‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا هه‌یه‌ بۆ سه‌رکوتکردنمان،
ئێمه‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌زانین بۆیه‌ گله‌یی له‌ خه‌ڵکه‌ جوامێره‌که‌ی هه‌ولێر ناکه‌ین که‌ خۆپیشاندانیان نه‌کردووه‌،
به‌ڵام، به‌ڵام ، به‌ڵام،
ڕۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌ك شه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ ، که‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ و شاره‌کانی ئه‌م ولاته‌مان پاککرده‌وه‌ له‌ دیکتاتۆره‌ خۆ سه‌پێنه‌کان فرسه‌ته‌ بۆ جه‌ماوه‌ری به‌ شه‌ره‌فی ئه‌و شاره‌، ئه‌وه‌تا له‌و ڕۆژه‌دا بڕیاری مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری کوردستان دراوه‌، بۆیه‌ هه‌له‌ بۆ خه‌ڵکی هه‌ولێر، هه‌لی زێڕینه‌ تا پشتگیری له‌ مافه‌ ڕه‌واکانی خۆیان بکه‌ن، چونکه‌ جه‌ماوه‌ری به‌ڕێزی ئه‌و شاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر نه‌بوونی نه‌فه‌سی ئازادیی له‌و شاره‌دا نه‌یانتوانیبێت خۆپیشاندان بکه‌ن خۆ ده‌توانن قوفڵێک بده‌ن له‌ دوکانه‌کانیان، خۆ ده‌توانن نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ و شه‌قامه‌کانی شار چۆڵ بکه‌ن له‌ جوڵه‌،
ئه‌گه‌ر ده‌تسرن ، با لافیته‌ی ڕه‌ش بکه‌ن به‌ دوکانه‌کانیاندا و به‌ بیانوی پرسه‌ نه‌یه‌نه‌ سه‌ر کار، با له‌ ماڵه‌وه‌ ڕاکشێن و خۆیان بکه‌ن به‌ نه‌خۆش، با بچنه‌ سه‌فه‌ر و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سێ ڕۆژ ، هیچ عه‌یبه‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ چارانه‌ش بگرنه‌ به‌ر و خۆیان له‌ قامچی ده‌سه‌لاتێکی خۆسه‌پێن لابده‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات بڵێن ئه‌وه‌ قوفڵی دوکانه‌کانی ئێمه‌یه‌ ژیان ئه‌وه‌ستێنێت نه‌ک قامچی و به‌ڵته‌چیه‌کانی ئێوه‌، با ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ خه‌ڵکی هه‌ولێری هۆلاکۆبه‌زێن، با ڕووی هه‌ولێری راسته‌قینه‌ پیشانی ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌وه‌ و دڵنیایی بکه‌نه‌وه‌ که‌ خوێنی شۆڕشگێڕیی ئێستاش به‌ ناو ده‌ماره‌کانی ئه‌واندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێت،
ده‌رفه‌ته‌ هه‌ولێر سبه‌ینێ نه‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌، مانبگرێت، که‌سابه‌تی ڕۆژانه‌ی بوه‌ستێنێت، با ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و شاره‌ شه‌قامه‌ چۆله‌کان، بازاره‌ بێ ده‌نگه‌کان ، دوکان و کۆگا داخراوه‌کان ببینێت و تێبگات میله‌تێک وازی له‌ ژیان هێناوه‌ بۆ ئازادی، شارێک مانی له‌ ده‌ستکه‌وتنی نان گرتووه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تی تاکی خۆی،

وا سلێمانی شازده‌ ڕۆژه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌، وا سلێمانی عاره‌قی ماندوو بوون ده‌رده‌دات، وا سلێمانی بێ پشوودان دوو هه‌فته‌یه‌ هاوار ده‌کات، وا سلێمانی شه‌قامه‌کانی به‌ خوێن سوور بوو، جه‌رگی دایکه‌ پیر بووه‌ کانی سوتا، ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌ بۆ شیری نیدۆی منداڵه‌کانیان، بۆ تاقی کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌یان، بۆ خواردنی کولێره‌ به‌ قیمه‌ و گۆڕینی سیمکارتی ئاسیایان، چووبونه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌گه‌رانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و فیشه‌کی چه‌که‌کانی ده‌سه‌ڵات سنگی کونکردن، وا سلێمانی شه‌قامه‌کانی خرۆشاوه‌ و داوای ئازادی ده‌کات،
سلێمانی ده‌شزانێت
هه‌موو تاکێکی به‌ شه‌ره‌فی شاری هه‌ولێر چه‌ند برینداره‌ بۆ ئه‌م شاره‌ ماندووه‌ ، ده‌زانێت هه‌ولێری قه‌ڵا و مناره‌ له‌ تاریکی شه‌ودا نزای سه‌رکه‌وتن بۆ ئه‌م شاره‌ گیان له‌ سه‌ر ده‌سته‌ ده‌که‌ن، وه‌لێ له‌وێ ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌کداری و هه‌واڵگری ڕێگه‌ نادات بڕژێنه‌ سه‌ر جاده‌کان ،
به‌ڵام ده‌رفه‌ته‌
ئه‌م سێ رۆژه‌ ، ده‌رفه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری گه‌وره‌یی و به‌رزی هه‌ولێر و قه‌ڵا و مناره‌ وه‌ بیری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و شاره‌ بهێننه‌وه‌، ده‌رفه‌ته‌ ، ده‌رفه‌ت

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە