بەرپرسانى حكومەتى كوردستان جارێكى دیكە بێمنەتى خۆیان بەرامبەر شەهیدانى زیندوو سەڵماندەوە

Thursday, 28/01/2010, 12:00


لە كاتژمێر (دە)ى شەوى 27\1\2010 تەلەفزیۆنى زاگرۆس لە بەرنامەى بیر و ڕاى جیاواز مێزگەردێكى بۆ كێشەى زیندانیە سیاسیەكان لە نێوان حكومەتى عێراق و هەرێمى كوردستاندا ڕێكخست، بەپێى بانگهێشتى بەرنامەى تەلەفزیۆنەكە پێویستبوو نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستان لە مێزگەردەكە ئامادەبوایە، كەچى كورسیەكەیان بە خالى نیشاندراو غایب هەژماركرا، بێگومان ئەو غیاب و نەهاتن و ئامادەنەبوونەى نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستان بۆ خۆدزینەوەیە لە گوێگرتن لە توێژێكى فراوانى خەلكى كوردستان كە زۆرجار بەرپرسان لەو مناسەباتانەى كە پێویستیان پێیانبووە بە شەهیدى زیندوو ناویانبردوون، كەچى لە ئاستى مافەكانیان گوێى خۆیان لێكەڕ دەكەن و تەنانەت نایانەوێ بشیانبینن!!، مایەى نیگەرانیە كە حكومەتى هەرێمى كوردستان بەم شێوەیە ڕەفتاردەكات لە بەرامبەر خەلكانێكى تێكۆشەرى خۆیدا كە بەشدارى كاریگەریانكردووە لە ڕابردوودا بۆ دروستكردنى ئەمڕۆیەك بە حكومەت و پەرلەمانەوە، كەچى ئێستاكە وا دیارە كاربەدەستان لەسەر هێسكوپروسكى شەهیدان و ئازارى پڕ لە سۆى زیندانیانى سیاسى بێمنەت دانیشتبن و پێویستیان پێیان نەمابێ بۆیە ئاوا ڕەفتاریان لەبەرامبەر دەكەن و تەنانەت ئامادەنابن گوێش لە هاوار و داواكارى و مافەكانیان بگرن!!، جا ئەگەر ئەوە هەڵوێستى بەرپرسانى ئێستاى حكومەتێك بێت بەرامبەر ئەو تێكۆشەرانەى دوێنێ كە بەشدارى كاریگەریانكردووە لە بەرهەمهێنانى حكومەتەكەدا و ئاوا بێ منەت بن لە گوێگرتن لێیان، تۆ بڵێى ئەو جۆرە بەرپرسانەى ئەمڕۆ كاربەدەستن خێریان بۆ باقى میللەتەكە هەبێت؟!!
بێگومان ئەو جۆرە بەرپرسانە لەمێژە لەخەلك دابڕاون و ئەوان لەدۆڵێكن و جەماوەریش بەتایبەتى جەماوەرى زەحمەتكێش لە دۆڵێكى دیكەن و فەرقوجیاوازیەكەش لەنێوان كاربەدەستان و جەماوەر لەمێژە بەقەدەر بەرزى ئاسمان لەزەوى لەیەكترى دابڕاون بۆیەش كاربەدەستان ئاگایان لەهاوار و داواكارى جەماوەر نیە، بۆیە وەكوچۆن لە هەڵبژاردنەكەى 25ى تەمموزى 2009 جەماوەر پشتیوانى لە ئۆپۆزسیۆن كرد و دەرسێكى باشى بە كاربەدەستاندا، ئومێدەوارم لە هەڵبژاردنى ئازارى پڕ لە ئازارى ئەمساڵدا لەجیاتى دەرس، ئەوجارە تەلقینى ئەو بەرپرسانە بدەن كە نەك هەر خزمەتى میللەتە ستەمدیدەكەى خۆیان ناكردووە، بەلكو بەشێكى زۆریان وەكو زێرویان لێهاتووە و دەیانەوێ خوێنى شەهیدەزیندوەكان و جەماوەریش بمژن!!!!!، هەڵبژاردنى ئەوجارە هاوكاتى یادى ڕاپەڕینە، بۆیە داواكارم لە جەماوەر بەشداریەكى كاریگەرى ئەوتۆ لە هەڵبژاردنەكە بكەن كە حەماسەتى ڕاپەڕینێكى دیكەى پێوەدیاربێ بۆ گۆڕینى كۆمەڵى پڕ لە ناداد و نایەكسانى بۆ كۆمەڵێكى دادپەروەرانەتر، وە بۆ گۆڕینى حوكمى نادیموكراتى، كەحزبیە بیروكراتەكان تاكو ئێستا سەپاندوویانە، بە حوكمێكى دیكەى دیموكراتى ئەوتۆ كە جەماوەر خۆى ئازادانە و ئازایانە نوێنەرەكانى خۆى تیا هەڵبژێرێ دوور لە بۆچونى تەسكى حزبایەتى، بۆ ئەوەى ئازادى بۆ تاك و كۆمەڵ دابین ببێت و سیستەم و یاسای ئەوتۆ بەرهەم بێ و كاریپێبكرێ بۆ باشتركردنى ژیان و گوزەرانى سەرجەم خەلك و ڕێزگرتن لە مافەكانى مرۆڤو پێشكەوتنى كۆمەڵ لە هەموو ڕوێكەوە..

مۆبایل و ئیمێل:
07504484174 & 07702269799, [email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە