کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كه‌ركوك كرایه‌وه‌ به‌ (التأمیم)و راده‌ستی سوپا كرا پێشمه‌رگه‌ له‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ جێگیر ده‌بێت

Monday, 21/11/2011, 12:00


چاودێرێک


هه‌واڵ - تایبه‌ت
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك، كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان سوپاو پۆلیسی شاره‌كه‌وه‌و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش ده‌ڵێت:ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌ و نابێت ببێته‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ نیازه‌ سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ تۆمار بكات، و نووسراوێكی حكومه‌تی عێراقیش سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌، پارێزگای كه‌ركوك به‌ ناوه‌ به‌عسیه‌كه‌ی التأمیم ، ناوده‌بات.
فڕۆكه‌خانه‌ی حوریه‌ شاری كه‌ركوك، كه‌ هه‌شت ساڵه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكای تیدا جێگیره‌و پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو كشایه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بڕیاریدا، ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ ببێته‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تی، به‌وپێیه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ هه‌موو مه‌رج و پێداویتستیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تێدایه‌، به‌ڵام حاكم زاملی ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند:كه‌ ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریه‌ و نابێت ببێته‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، به‌رپرسانی شاری كه‌ركوكیش به‌ نیازن سكاڵا له‌سه‌ر زاملی تۆمار بكه‌ن له‌ دادگای ده‌ستووری و بڕیاره‌كه‌ی خۆیان به‌ ده‌ستووری ده‌زانن به‌و پێیه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتوو كه‌ نابێت له‌ نێو شاره‌كاندا، پێگه‌ی سه‌ربازی بوونی هه‌بێت.
لای خۆیه‌وه‌ حه‌سه‌ن جیهاد ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ هه‌واڵ وتی : یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی حوریه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌ن و پارێزگاری كه‌ركوكه‌، ده‌كرێت داواكاریه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، وتیشی: ئه‌گه‌ر كه‌ركوك پێویستی به‌ پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌بێت و پێویستیان به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی هه‌بێت، زۆر ئاساییه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات تاكو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رببڕێت، به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا عێراق پێویستی به‌ فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی نییه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت ببێته‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تی تاكو خزمه‌تی شاره‌كه‌ بكات.
به‌ڵام ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی : ئێمه‌ رای خۆمان ده‌ربڕێوه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ و بڕیارمان له‌سه‌ری داوه‌ و به‌رگری له‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك بڕیاره‌كه‌ی ئێمه‌ش ده‌ستووری و قانونیه‌، چونكه‌ ده‌ستوور رێگه‌ به‌وه‌ نادات سوپا له‌ نێو شاردا بۆنی هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێت سوپا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بێت، سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كه‌ی حاكم زاملی كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریه‌ و نابێت ببێته‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری وتی: داواكاریه‌كه‌ی ئێمه‌ قانونیه‌ له‌ دادگایی ده‌ستووری سكاڵا له‌سه‌ر حاكم زاملی به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌ڵوێستمان ده‌بێت، چونكه‌ ناكرێت هه‌ر كه‌سه‌ و له‌ ده‌ستوور و قانون تێنه‌گات و لێدوان بدات، وتیشی: مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئه‌و لێدوانه‌ی حاكم زاملی نییه‌، به‌ڵكو شتی تریشمان هه‌یه‌ و سكاڵا به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پشت به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌به‌ستین و دژی ئه‌و كاره‌ ناده‌ستووری و ناقانونیانه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ دژ به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌كرێت، عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ تاكو 10 ساڵی دیكه‌ش هێزی ئاسمانی دروستنابێت تاكو به‌ شێوه‌یه‌ بمینێته‌وه‌ و هه‌ر كاتێك پێویستیان به‌ فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی بوو، ئه‌وا هێزی ئاسمانی ملیاره‌ها دۆلاری له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار فڕۆكه‌خانه‌ دروستبكات، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ فرۆكه‌خانه‌ی حوریه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا فرۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بووه‌.
راده‌ستكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ به‌ فه‌وجی دووی و سێی لیوای پانزه‌ی فیرقه‌ی 12ی سوپای عێراقی ئاڵۆزی خسته‌ نێو پۆلیسی شاره‌كه‌و سوپای عێراقه‌وه‌، گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی پۆلیس رێگه‌ له‌ سوپا بگرێت بۆ چوونه‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش كه‌وته‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌و هێزێكی زۆری له‌سنوری شاره‌كه‌ له‌ باكور و رۆژهه‌ڵات كۆكردۆته‌وه‌.
پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ ره‌سمی فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق راده‌ستی هێزی ئاسمانی عێراق كرایه‌وه‌و له‌ نووسراوی لیژنه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا هاتووه‌ فرۆكه‌خانه‌ی پارێزگای التأمیم-مان وه‌رگرنه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە