پۆلیس و ئاسایشی كفری مریشكێكیان پێ دەستگیر ناكرێت
Sunday, 15/02/2009, 12:00
هەمیشە وتراوە شارى كفری حاكمی تێدا نییە، نوێترین نموونە ئەوەیە دوێنی دوو خێزان بە هۆی كێشەى خێزانییەوە دەبێتە شەڕیان و چەند كەسێك بریندار دەبێت، ئەوەی جێگەى شەرمەزارى و شەرمە پۆلیس و ئاسایشی ئەو شارەیە كە دوو رۆژە بەهۆی ئەو شەڕەوە شاری كفری شڵەژاوەو بە سەدان فیشەك تەقێندراوە بە نێو كۆڵانەكاندا كەچی یەك پۆلیس لەكاتى رووداوەكەدا نەیوێراوە بچێتە سەر ئەو ماڵانە كە دەستگیریان بكات، خودی خۆم شاهیدى ئەوەم كە لەكاتى شەڕەكەدا ئامادەبووم 4 گەنج لەیەكێك لەخێزانەكان بەسەر بانەكانەوە هەر یەكێكیان چەكێكی بەدەستەوە بوو، هەر ئەوە نەبوو چەندین منداڵ و ژن پێوە ببن كەچی نە ئاسایش و پۆلیس خۆیان نەدەكردە خاوەنى مەسەلەكە، هەر دەتوت كێشەى ئەوان نییە، بەڕاستی ئەوەى ئەو مەنزەرەی ببینیبا دەیوت ئەمە مەملەكەت و ئەشكەوتەكانى ئەفغانستانە كە چەندین كەس خۆی ئامادە كردووە بۆ شەڕو حكومەتیش ناوێرێت بچێتە سەریان.
منیش بەمەبەستی بەدواداچوون لەو مەسەلەیە سەردانى نەخۆشخانەم كرد چونكە لەشەڕەكەدا كەسێك بریندار بووبوو، لەپرسیارێكمدا لەملازم گۆران كە ئایا هۆكار چییە كە ناچنە سەر ماڵەكان و ئەو كەسانە دەستگیر بكەن؟: وتى: تاوەكوو دادوەر بڕیار نەدا ناتوانین بچینەسەر ئەو ماڵانە، لەكاتێكدا شاری كفری لەشەواندا نەك دادوەر بەڵكو پۆلیسێكی تێدا نابینرێت، ملازم گۆران ئەوەشی وت كە من ئەمشەو خەفەرم بەڵام ناتوانم هیچ لێدوانێك بدەم، پۆلیسێكیش بە توڕەییەوە مۆبایلەكەى لێسەندم و هەر ئەوە نەبوو بیشكێنێت.
كەسوكارى بریندارەكەش جەختیان لەوەكردەوە كە ئەم شارە حكومەتی تێدا نییەو كەس خۆی ناكات بە خاوەنى كێشەكە. بەڕاستی دەركەوت كە هەر خێزانێك و بنەماڵەیەك دەتوانێت بۆ خۆی حكومەتێك بێت، چونكە وەك پەندێكی كوردی هەیە كە دەڵێت (هێز لەیەكێتیدایە)، بەڕاستی لەكوردستاندا بە تایبەت لەكفریدا هێز لەیەكگرتووی بنەماڵەدایە. بۆیە زەروورە بڵێم بیلزەبت وایە پۆلیسی كفری مریشكێكی پێ دەستگیر ناكرێت. تكایە ئەگەر بەرپرسیارێتیتان پێ ناكرێت فەرموون دەست لەكار بكێشنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست