کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌لجیکا

Sunday, 13/11/2011, 12:00






ماوه‌یه‌ك له‌وه‌و به‌ر به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می خۆپیشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ری کوردستان له‌شوباتی ئه‌مساڵدا ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌کانی تری ئۆپۆزسیۆن و ده‌سته‌و که‌سانی بێلایه‌ن که‌وتبونه‌جمجۆڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی ڕای گشتی و لایه‌نه‌سیاسیه‌کان وڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌لای بزوتنه‌وه‌که‌‌یان و ڕاپه‌ڕینه‌جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان و گه‌نده‌ڵی و دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی کوردستاندا.
مه‌سعود بارزانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ڕێگری له‌و چالاکیانه‌له‌ناو په‌رله‌مانی هه‌رێم دا وای ده‌ربڕی که‌ڕێگه‌به‌هیچ لایه‌ن و پارتێکی سیاسی نادرێت په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌وه‌بکات . بارزانی هه‌رگیز ئه‌و مافه‌ی له‌ڕووی سیاسی و یاساییه‌وه‌نیه‌و بۆی نه‌بو بڕیار یان ده‌ربڕینی له‌و جۆره‌ده‌ربپه‌ڕێنێ. ته‌نها شتێك له‌و ڕووه‌وه‌ڕێگا پێدراو بێت ئه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت ئه‌و بڕیارانه‌سه‌باره‌ت به‌ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی خۆی بدات، که‌ خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی که‌وه‌کو که‌ڵه‌گایه‌ك به‌سه‌ر پارتیه‌وه‌خۆیان سه‌پاندووه‌و وه‌کو کیانێکی خێڵه‌کی تێی ده‌ڕوانن و ئه‌و مۆرک و پێکهاته‌‌‌‌یان پێوه‌ناوه‌.
لێره‌دا باس له‌دروستی یان نا دروستی ئه‌و ده‌ربڕینه‌نیه‌به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که‌له‌وه‌دایه‌که‌ له‌سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی بارزانی واته‌له‌9 ، 10 ی مانگی 11 ئه‌مساڵی بۆ برۆکسل چه‌ند دیارده‌یه‌ك ئه‌و ڕاستیه‌یان پێشان دایه‌وه‌که‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تی پارتی تا چه‌ند به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ربڕینه‌کانی خۆیه‌وه‌ڕه‌فتار ده‌کات.
مه‌سعود بارزانی پێش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ به‌لجیکا هێمن ئه‌حمه‌د ناسراو به‌هێمن هه‌ورامی بۆ ڕێکخستنی کاره‌کانی و ئاماده‌کاری چاوپێکه‌وتنه‌کان ناردبوو له‌کاتێکدا ئه‌م سه‌رۆکه‌گوایه‌به‌نوێنه‌رایه‌تی فه‌رمی هه‌رێمه‌که‌مان سه‌ردانی به‌لجیکا و یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌کات به‌ڵام ده‌زگا و که‌سانێکی جگه‌له‌پیاوانی حیزبه‌که‌ی و نزیك له‌پاراستنه‌وه‌ی به‌شیا وو جێگای متمانه‌نه‌زانیوه‌بۆ ڕێکخستنی سه‌ردانه‌که‌ی و چاوپێکه‌وتنه‌کانی.
هیمن هه‌ورامی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌روه‌ی پارتیه‌و هیچ به‌رپرسیه‌کی حکومی نیه‌جگه‌له‌وه‌ی که‌سێکی نزیك له‌مه‌سرور و ده‌زگا تیرۆرستیه‌که‌یه‌تی‌ به‌ناوی ده‌زگای پاراستنه‌وه‌.
هێمن هه‌ورامی هاوکاتی ئاماده‌کاری سه‌فه‌ری سه‌رۆك حیزبه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی دانانی نوسینگه‌کانی پارتی و دابینکردنی موچه‌بۆ کادیرانی پارتی له‌ئه‌وروپا له‌سه‌ر پاره‌ی خه‌ڵکی کوردستان که‌وتۆته‌جم و جۆڵێکی به‌رده‌وام .
ئه‌مه‌ش دوباره‌به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ق و ناوه‌رۆکی خودی بڕیار و ده‌ربڕینه‌کانی مه‌سعود بارزانیه‌. وا پێده‌چێت بڕیاره‌کانی ئه‌و سه‌رۆکه‌ ته‌نها بان و دوهه‌وا بێت و ته‌نها به‌مه‌به‌ستی تاوانبارکردن به‌مه‌به‌ستی ڕێگریکردن له‌چالاکی و په‌یوه‌ندیه‌کانی لایه‌نه‌کانی دژ به‌سیاسه‌ته‌کانی خۆیان و شه‌ریکه‌ستراتیژیه‌که‌یان بێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ئه‌م سه‌ردانه‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌تی پارتی ئه‌و ڕاستیه‌ی دوباره‌چه‌سپانده‌وه‌که‌ئه‌و مرۆڤه‌هه‌رگیز ناتوانێت وه‌کو سه‌رۆکی هه‌رێمێك و وه‌کو پیاوی ده‌وڵه‌ت ڕه‌فتار بکات هه‌رگیز ناتوانێت پشتبه‌ستن به‌ په‌یوه‌ندیه‌حیزبیه‌‌کانی بخاته‌دوای پشتبه‌ستن به‌ده‌زگاکانی هه‌رێم و حکومه‌تی هه‌رێم (ئه‌گه‌ر بونیان به‌مانای ده‌زگا هه‌بێت!).
مه‌سعود بارزانی یه‌که‌مین میوانداری کردنی له‌ماڵی باڵوێزی ئێراقی دابوو نه‌ك له‌نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌برۆکسل، ئه‌گه‌رچی نوێنه‌ری هه‌رێم له‌برۆکسل سه‌لیم گرافی ئه‌ڵقه‌له‌گوێیه‌کی بنه‌ماڵه‌یه‌و خاوه‌ندی 18 کۆمپانیا و کارخانه‌ی بچوك و گه‌وره‌یه‌له‌هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ و شه‌ریکی نیهاد بارزانیه‌. به‌ڵام ئه‌م زاته‌که‌خۆی ناوناوه‌"کارلۆس گرافیۆس" و له‌سه‌رده‌مێکدا له‌ئیسپانیا نوێنه‌ری پارتی و پاشان حکومه‌تی هه‌رێم بوو به‌هۆی سه‌پاندنی به‌سه‌ر فه‌لاح مسته‌فادا له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌وه‌و دانانی به‌نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌یه‌کێتی ئه‌وروپا ناکۆکیه‌کانی نێوانیان له‌گه‌ڵ فه‌لاح مسته‌فا و ده‌زگاکه‌یدا به‌جۆرێکه‌که‌له‌سه‌ردانه‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێم به‌هه‌وڵ و ئاراسته‌ی فه‌لاح مسته‌فا و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ڕووده‌کرێته‌‌باڵوێزخانه‌ی ئێراقی نه‌ك نوێنه‌رایه‌تیه‌که‌ی خۆیان.
سه‌لیم گرافی "کارلۆس گرافیۆس" و هێمن هه‌ورامی جگه‌له‌پاسه‌وانی کۆمپانیا تایبه‌تیه‌کانی به‌لجیکا که‌به‌پاره‌یه‌کی زۆر‌پاسه‌وانی ده‌که‌ن نه‌یانتوانیبو پاسه‌وان بۆ سه‌رۆکه‌که‌یان دابین بکه‌ن هه‌ر بۆیه‌بۆ دابینکردنی پاسه‌وانی فه‌رمی له‌لایه‌ن پۆلیسی به‌لجیکیه‌وه‌ناچار په‌نایان بردبووه‌به‌ر باڵوێزی ئێراقی.
پۆلیسی به‌لجیکا بێگومان به‌ڕاوێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌لجیکا ڕێگای نه‌دابوو مۆرکی فه‌رمی به‌سه‌ردانه‌که‌و هاتوچۆکانی بارزانی بدرێت بۆیه‌ماتۆڕسواره‌کانی پێش کاروانه‌که‌ی جلوبه‌رگی فه‌رمی پۆلیسیان له‌به‌ردا نه‌بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌کرێگیراوی کۆمپانیا تایبه‌تیه‌کانی به‌لجیکا بوون، هه‌ربۆیه‌بۆیان نه‌بوو ڕێگای هاتوچۆ بۆ کاروانی ئۆتۆمۆبیله‌کانی چۆڵ بکه‌ن و ئاڵای ئێراقی به‌پێشی ئۆتۆمۆبیله‌کانه‌وه‌نه‌بون و جگه‌له‌مارسیدسه‌کانی باڵوێزی ئێراقی ته‌واوی مارسیدسه‌کانی تر له‌لایه‌ن کۆمپانیای بازرگانی پاسه‌وانی و تایبه‌تیه‌وه‌دابین کرابوون.
مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌رچی خۆی به‌سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ناسێنێت به‌ڵام بێباوه‌ر به‌خه‌ڵکی کوردستان و ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌ترسی ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زاییه‌کانیان ئاماده‌نه‌بوو بوو جگه‌له‌یه‌ك که‌س له‌هه‌ر پارتێکی کوردستانی پێشوازی بکات بێگومان نوێنه‌رانی پارتی و یه‌کێتی له‌ڕێزی یه‌که‌مدا خۆیان گه‌یاندبووه‌خزمه‌تی. جێگای پرسیار و سه‌رسوڕمانه‌که‌بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیش نوێنه‌ری خۆی بۆ پێشوازی کردنی بارزانی ناردبوو!
جگه‌له‌وانه‌بارزانی له‌شوێنی مانه‌وه‌یدا چاوی به‌به‌رپرس و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی له‌به‌لجیکا که‌وتبوو، وه‌کو حیزبیه‌کی بیرته‌سك پێشوازی کردبون و جارێکیتریش ئه‌وه‌ی سه‌لماندبۆوه‌که‌ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان و ڕه‌وه‌ندی کوردی له‌لایه‌ك و مشتێك ئه‌ندامی گوێڕایه‌ڵی بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌لایه‌کی تره‌وه‌ن و حسابی تایبه‌تیان بۆ ده‌کرێت.

سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی ئه‌گه‌رچی له‌میدیاکانی ده‌سه‌ڵاتدا له‌کوردستان زوڕنایه‌کی زۆری بۆ لێدرا و به‌سه‌ردانێکی سه‌رکه‌وتوانه‌له‌قه‌ڵه‌م درا ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ردانی کۆمیسیۆنی یه‌کێتی ئه‌وروپای کردبوو هه‌روه‌ها چاوی به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سینات و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌لجیکا که‌وتبوو وه‌ وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا گرتبوون. به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌هیچ جۆره‌ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی له‌نێوان میدیاکانی به‌لجیکا و یه‌کێتی ئه‌وروپادا نه‌بوو.
به‌نده‌ته‌واوی ڕۆژنامه‌گرنگه‌کانی به‌لجیکا و ماڵپه‌ڕه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌لجیکام پشکنی ته‌نانه‌ت به‌ووشه‌یه‌ك نه‌ك ڕسته‌یه‌ك باسی ئه‌م سه‌ردانه‌نه‌کرابوو. ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پێشانده‌ری گرنگی نه‌دانه‌به‌ئه‌و که‌سایه‌تیه‌و هه‌رێمه‌که‌و سه‌ردانه‌که‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌وه‌.

پاش سه‌ردانه‌که‌ی له‌به‌لجیکا بارزانی ڕووی کردۆته‌ڕۆمای پایته‌ختی ئیتالیا، سه‌باره‌ت به‌و به‌شه‌ی سه‌ردانه‌که‌شی تکایه‌نوسینی به‌ڕێز ئازاد ساڵح بخوێننه‌وه‌.
لینکی نوسینه‌که‌ی ئازاد ساڵح:
 http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ab314d0a




 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە