کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رووی سپیتان ره‌ش مه‌که‌ن!.

Sunday, 10/07/2011, 12:00


له‌ یه‌کێ له‌ که‌ناڵه‌کانی عێراق ، نووسه‌ر و رووناکبیرێکی عاره‌ب له‌ وه‌لامی پرسیارێکدا که‌ ئایا ئۆپزسیۆنی راسته‌قینه‌ له‌ عێراقدا هه‌یه‌ ؟ ئه‌و بیرمه‌نده‌ بێ دوودڵی وتی: به‌ڵی ئۆپزسیۆنی راسته‌قینه‌‌ له‌ ژێر چه‌تری په‌رله‌مانی عێراقدا بوونیان هه‌یه‌ و ، روویان سپییه‌ و ده‌ربڕی ده‌نگی ناره‌زایه‌تییه‌کانی شه‌قامن و به‌ وه‌فان بۆ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی که‌ ده‌نگیان پێداون ، ئه‌وانیش فراکسیۆنه‌کانی "گۆڕان"ن له‌ هه‌ر دوو په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌م ده‌ربرینه‌ بێ لایه‌نه‌ له‌ بیرمه‌ندێکی عێراقی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ کورد  ئه‌گه‌ر خاوه‌نی روویه‌کی ره‌شی ده‌سه‌لاته‌  ، ئه‌و  ده‌سه‌لاته‌ نوینه‌رایه‌تی لایه‌ن زۆر ته‌ڵخ و نێگه‌تیڤه‌که‌ی ده‌کات ،  ئه‌وا رووی سپیشی هه‌یه‌ که‌ "گۆڕان" نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات.
گۆته‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌م‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌ هێنایه‌وه‌ ، که‌ به‌شانوباڵی لیستی "گۆڕان" هه‌لبده‌م به‌ڵکو بۆئه‌وه‌یه‌ که‌ تێۆنه‌گلان له‌ ره‌شییه‌کان و تاڵانییه‌کانی ده‌سه‌لات له‌ هه‌رکوییه‌کی عێراق ، خه‌ڵکی ده‌یبینێت و هه‌ستی پێده‌کات و له‌ دواجاریشدا به‌رز ده‌ینرخێنێ ، بۆیه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و ته‌کتیکه‌ و مانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تێوه‌گلان له‌ ئیمتیازات و ده‌ستکه‌وتی شه‌خسی ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه 'گۆڕان'‌ له‌ خه‌ڵک و خه‌مه‌کانی نزیک ده‌کاته‌وه‌ ، به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ بۆ ڕاماڵینی ئه‌و دووبنه‌ماڵه‌ مافیایه‌ پشتیوانی له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ بۆ په‌یدا ده‌بێت.
کۆمه‌ڵێ بنووسی په‌رۆش هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌راوکێدا ،خه‌می خه‌ڵکی وایان لێده‌کات ، جوانییه‌کانی ئۆپزسیۆن به‌تایبه‌تی 'گۆڕان" نه‌بینن. به‌ بڕاوی به‌نده‌ ئه‌و خه‌مانه‌ ته‌نها وه‌ک خه‌م له‌ هه‌وا ده‌مێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌رز ئه‌لته‌رناتیڤێکی راسته‌قینه‌ ته‌رح نه‌که‌ن ، بۆیه‌ زۆرجار ته‌ڕو وشک به‌یه‌که‌وه‌ ده‌سووتێنن ، که‌ ئه‌مه‌ش کرده‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌ بێ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت و هیچی که‌متر نییه‌ له‌ وه‌شاندنی ده‌سه‌لات بۆ  تۆی بێ باوه‌ڕیی له‌ نێو خه‌لکی که‌ له‌ دواجاردا متمانه‌ به‌ شه‌قام به‌ گۆڕین ئه‌وه‌نده‌ لاواز ده‌بێت ، عه‌یامیکلی دیکه‌ی ده‌وێت تا ریزه‌کان یه‌کده‌خرێنه‌وه‌ تابه‌گژ ده‌سه‌ڵاتێکی مافیا ئاسا ببێته‌وه‌.
یه‌کێ له‌ ئه‌ندامه‌کانی وه‌فدی موفاوه‌زات له‌ "گۆڕان" ده‌ڵێت: به‌شداری له‌ حوکومه‌ت ناکه‌ین . به‌م گۆته‌یه‌ ده‌یه‌وێت بڵێت: ئێمه‌ هێشتا روومان سپییه‌ ، نامانه‌وێت رووره‌شی خه‌ڵکی بین و تێوه‌بگڵیین له‌ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ سه‌راپای تالانچییه‌.
گۆڕان یا هه‌ر هێزیکی دیکه‌ی نێو ئۆپزسیۆن و یا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی تاکیش به‌شداری بکات له‌ حکومه‌تێک که‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ مافیایه‌ به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌روکاری بکات ، رووڕه‌شییه‌ به‌مانایه‌کی دیکه‌ سپیکردنه‌وه یا کاڵکردنه‌وه‌‌ی رووی ره‌شی ده‌سه‌لاته‌ و هیچی دیکه‌.
گرنگه‌ ئیدی بۆ "گۆڕان" به‌شداریکردن له‌ حکومه‌تیکدا بۆی هێلی سوور بێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایایه‌ نایه‌ت رۆڵی نه‌بێت له‌ پێکهێنانی حکومه‌تێکی کاتی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له‌ پێناو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌خت که‌ تاراده‌یه‌ک بێ گه‌رد بێت ،تا ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت ساخته‌ بکات و پاره‌وپوولی خه‌ڵکی به‌کارببات بۆ کرینی ده‌نگ و ویژدانی هه‌ندێ له‌ خه‌لکانی کوردستان. ئه‌م سیناریۆیه‌ جیبه‌جێکردنی‌ زه‌حمه‌ته‌ وشیمانه‌یه‌کی زۆر لاوازه‌ ، چونکه‌ ده‌سه‌لات بۆخۆی په‌تی سیداره‌ هه‌ڵناخا! ، ئه‌م شیمانه‌ ته‌نها تیورییه‌ قابیل به‌ جێبه‌جێکردن نییه‌.
ئۆپزسیۆن و به‌تایبه‌تی " گۆڕان" ئه‌و راستییه‌ ده‌بێ بزانێت ، که‌ ده‌سه‌لات گفتوگۆ له‌ پیناو ناشیرینکردن و نابووتکردنی ئه‌وان ئه‌نجام ده‌دات ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدارینه‌کردن له‌ حکومه‌تدا هێلی سوور بێت ، ئه‌وا به‌تالکردنه‌وه‌ی پیلانه‌که‌ی ده‌سه‌لات ده‌گه‌ینیت و ، له‌ هه‌مان کاتیشدا حافز و هانده‌رێکیش ده‌بێت بۆ خۆ ئاماده‌کردن بۆ رێکخستنی ناره‌زایه‌تییه‌کانی شه‌قام و هاندانی خه‌لکی بۆ رژانه نیو‌ شه‌قام، ئه‌مه‌ ئه‌رکێکی گرنگی ده‌بێت که‌ ئه‌گه‌ر نه‌یگرنه‌ ئه‌ستۆ و یا "گۆڕان" کاری بۆ نه‌کات ، ئه‌وا خه‌ڵکی بێ ئه‌وان ده‌رژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ئه‌مجاره‌ خه‌ڵکی تووڕه‌ی کوردستان ته‌ختوتاراجی ده‌سه‌ڵات راده‌ماڵێ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ . ئۆپزسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ رووی سپی بمێنێته‌وه‌ ده‌بێ لی نه‌گه‌ڕی خه‌ڵک وه‌ک راپه‌رینه‌که‌ی17 ی شوبات و رۆژانی دواتر بێ خاوه‌ن بێت. کورد ده‌لێت: پاره‌ی سپی بۆ رۆژی ره‌ش ، ئێمه‌ش به‌ ئۆپزسیۆن و به‌تایبه‌تی به‌" گۆڕان" ده‌ڵێین: رووی سپیتان بۆ رۆژی راپه‌رین.. ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی‌ که‌ ئه‌گه‌ر شه‌قام حزوری به‌ قه‌باره‌یه‌کی مه‌زن تیایدا دۆزیه‌وه‌. ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بووترێت : کورد وه‌ته‌نی بیسمیلا له‌ سفره‌ی به‌تال ناکرێت ، شه‌قامیش بێ خه‌ڵک، راپه‌رێن و شۆڕشی تیا ناکرێت.. شه‌قامی به‌تاڵ ، وا له‌ ئۆپزسیۆن ده‌کات  بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌  به‌سه‌راپای ته‌کتیکه‌کانیدا بچێته‌وه‌. له‌ سوریادا شه‌قامی پر ، له‌ غیابی ئۆپزسیۆندا گوزه‌رده‌کات، خه‌لکی هه‌ر سه‌رده‌که‌ون و ده‌گه‌ن به‌ ئامانجه‌کانیان . بۆ خۆم ترسم له‌وه‌یه‌ ئه‌زوموونه‌که‌ی سوریا له‌ کوردستاندا پێچه‌وانه‌ ببێته‌وه‌ ، ‌ ئۆپزسیۆن بوونی هه‌بێت به‌لام جاده‌یه‌کی به‌تاڵ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە