کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کودەتای بارزانی لە ئیرادەی میللەت

Saturday, 27/08/2011, 12:00







بە پێناسەی بارزانی بۆ کودەتا با بزانین کردنی نێچیر بە جێگری سەرۆکی هەرێم لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

مەسعود بارزانی ئەمە چەند جارێکە نێچیر دەنێرێت بۆ ئێران و تورکیا و، جارجارە وەکو نوێنەری خۆی ناوی لێناوە و، سەرەتا بە خشکەیی و بۆ دروستکردنی شۆک لەلای تاکی کورد و حیزبەکان و، بۆ ئەوەی لە دواجاردا بە ناوی جێگری سەرۆکەوە گەشتەکانی ئەنجامبدات.

گواستنەوە لە ناونانی بە نوێنەری بارزانی و دواتر قەڵەمبازێک بەرزکردنەوەی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم گەورەکردنی ڕادەی شۆکەکەیە و، هەر ئەوەندەشمان زانی بە ڕەسمی لە هەولێر بوو بە جێگری سەرۆکی هەرێم.

مەسعود لە سەروبەندەی خۆپیشاندانەکاندا کاتێک داوای لێکرا بێ مەرج دەست لە دەسەڵات هەڵگرێت، داواکارانی بە کودەتاچی و داواکەیانی بە کودەتا ناوبرد، بە گوتەی خۆی کودەتا بەسەر شەرعیەتدا!

ناچمە ناو قوڵایی ئەوەی ئەو داوای دەستلەکارکێشانەوەیەی لە شەرعیەت لەدەستدانیەوە وەکو سەرۆکی هەرێم بوو چونکە ئەمری تەقەکردنی بە پیاوکوژەکانی دابوو و خوێنی هاوڵاتیانی حەڵاڵکردبوو، بەڵام گەر ئەو ئەو داوایەی وەکو زۆر و خۆسەپاندان بەسەر شەرعیەتدا زانیبێت ئەی دانانی نێچیر بە زۆری زۆرداری وەکو جێگری سەرۆک دەچێتە کام خانەیەوە؟ ئەی ئەوە پێشێلکردنی خواست و ئیرادەی میللەت نییە؟ ئەی میللەت داوای لابردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مۆنۆپۆڵی خێڵ بەسەر دەزگا حکومی و ڕەسمیەکاندا ناکات؟ ئایا خواست و ئیرادەی ئەو شەرعیەتی هەیە یان خواست و ئیرادەی میللەت؟ ئایا خۆسەپاندنی ئەو بەسەر ئیرادەی میللەتدا و کردنی خزمەکانی بە بەرپرسی دەزگا ڕەسمییەکانی حکومەت و وڵات کودەتایە بەسەر شەرعیەتدا یان داوای میللەت بۆ گەڕاندنەوەی ماف و سەلامەتی تاکی کورد لە هەرێم کودەتایە؟ ئایا ئەو دانانەی نێچیر بە جێگری خۆی گەندەڵی نییە تا ئەوپەڕی، ئەگینا چی گەندەڵییە؟ ئەمەش لاپەڕەیەکی تری چاکسازییەکەی مەسعودە!

ئەوەی ئەو دەیکات کودەتایە بەسەر میللەتدا و بەسەر خواست و ئیرادەی میللەتدا نەک بە پێچەوانەوە.
ڕاستە وەکو بەناو "سەرۆکی هەرێم" لە حاڵەتی ئاساییدا بۆی هەیە جێگر بۆ خۆی دیاری بکات بەڵام لە کرۆکی مەسەلەکەدا چاودێرێک هەر هەیە ئەویش خواست و خەونەکانی میللەتە! هەرچەند لەم کاتەدا ئەوان لەگەڵ یەکێتی بە ڕووکەش پۆستی جێگریان داوە بە یەکێتی بەڵام لە ژێرەوە وادەردەکەوێت لەگەڵ جەلال بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادە و خواستی یەکێتیە گێلەکان ئەو کەڵەگاییەیان بەسەردا سەپاندبن، خۆ جەلال ئەوەی ئیرادەیە بە ئەندامانی حیزبەکەی خۆی نەیهێشتووە و، هەرچەند جارجارە هەندێکیان لێرەو لەوێ باسی مۆدێرنە و دیموکراسی و دوای مۆدێرنە و شتی تر دەکەن، بەڵام ئەو یەکێتی تەسلیم بە پارتی و مەسعود کردووە و دەسەڵاتی لقێکیان بۆ نەماوەتەوە!

کردنی نێچیر بە جێگری فەرمی مەسعود مانای گەڵاڵەکردن و هێشتنەوەی دەسەڵاتی هەرێمە لە دەستی خێڵ دا و بە تایبەتیش لە دەستی بنەماڵەدا، کە ئەمە تەواو پێچەوانەی داواکانی میللەتە. باسی ئەوەش ناکەم کە هەڵسوکەوتی مەسعود وەکو سەرۆکی هەرێم و جەلال وەکو سەرۆکی عێراقی فیدراڵ و نێچیر وەکو جێگری بەزۆر سەپێنراو خەجاڵەتییان لێ دەبارێت!

وڵاتێک گەر لەلایەن وڵاتانی ترەوە هێرشی کرایە سەر و هاونیشتمانیانی کوژرا وا باوە ئینزاری ئەو دەستدرێژکارە بکرێت و، گەر گوێی نەگرت لێی بدرێت و ئیعلانی شەڕی پارێزگاری لە خاک و سەروەری لە دژی بکرێت و، گەر توانا و هێزی ئەو بەرەنگاربونەوەیەش لە ئارادا نەبوو ئەوا پەنا ببرێت بۆ کەناڵە دیبلۆماسی و یاساییە نێونەتەوەییەکان!

ئەوەی تەواو جێی شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە و هەردوو سەرۆکە بێدەسەڵاتە خۆفرۆشەکەی کورد ئەوەیە کە نێچیر کە جێگری سەرۆک نییە بە ناوی جێگری سەرۆکەوە دەنێرن بۆ تاران تا لەگەڵ ئەحمەدی نەژادی کوردکوژدا کۆببێتەوە و بە دەمییەوە پێبکەنێت! ئەمە چ کەرامەت و عیزەتی نەفسێکە ئەو ئیهانە و خۆ بە بچوکزانییە قبوڵ دەکات؟

لە گەرمەی خۆ گردکردنەوەی وڵاتانی هاوپەیماندا بۆ لێدانی سەدام لە جاری یەکەمدا جێمس بەیکەر و نوێنەری سەدام لە سویسرا کۆبوونەوە، عێراق دڵنیا بوو لە باڵا دەستی هاوپەیمانان بەڵام کە تەوقەیان کرد بەیەکەوە دەستپێشخەر و ئەوەی یەکەمجار دەستی بردە پێشەوە بەیکەر بوو نەک عێراقیەکە و، عێراق تەنیا جوڵەیەکی نابەدڵیانەی کرد لە کاتێکدا بەیکەر هەستایە سەر پێیان و خۆی بەسەر مێزەکەدا بەرەو عێراقیەکە درێژکرد. نوێنەری عێراق ئەو گردبونەوەیەی هاوپەیمانانی وەکو دەستدرێژی بۆ سەر عێراق سەیرکرد و پێی شورەیی بوو بزەی لێبێت و خۆی سوک بکات.

نێچیری برازای مەسعودیش لە بری ئەوەی تووڕە ببێت و لەسەر ئەرزی بێلایەن لەگەڵ دەستدرێژکارانیی ئێرانیی کۆببێتەوە دەچێت لە تاران بەدەم نەژادەوە دەخەنێت و بە سوکی خۆیەوە میللەتیش لەکەدار دەکات!
کێشەکە لەوەدایە کە ئەوان وەکو بنەماڵە و جەلال کاتێک ژێر بە ژێر لەگەڵ ئێران و تورکیا بەرنامەی ئەو هێرشانەیان قبوڵکردووە و داڕشتووە ناچن بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێن کە خۆیان لەو دەستدرێژیانەدا بەشدارن بەڵکو دەیانەوێت وەکو جێگری سەرۆکی هەرێم و نوێنەری ڕاستەقینەی خواستی میللەت خۆیان بناسێنن و ئەو سوکایەتی قبوڵکردنە بۆ میللەت بکەن بە نۆرم.

ئایا ئەمەیە کودەتا یان ئەوەی مەسعود خۆپیشاندەرانی پێ تاوانبار دەکرد؟

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە