شارى مۆسیقارە سپیەكان : كلتورى شاخ و بیابان "بەشى یەكەم"
Saturday, 31/01/2009, 12:00
1231 بینراوە
دوو كلتورى مەرگ دۆستن
ئەمبێرتۆ ئیكۆ دەڵێت ":خوێنەر ئەو كەسە نییە كە كتێبێك دەگرێت بەدەستیەوە و چاوەڕوانى نووسەر دەكات شتێكى پێ بڵێت ،بەڵكو هێزێكە لە بەخشینى ماناو تێپەڕاندنى ئاسۆكانى نووسەردا بەشدارە ،ئەو مانایە دەدۆزێتەو كە لەسنورى خەیاڵى نووسەر تێدەپەڕن ."
بەو ئومێدەى توانیبێتم تا حەدێكى كەمیش بێت سنورى خەیاڵى نووسەرم تێپەڕاندبێت و لەبەخشینى ماناى نوێ بەم دەقە ئەدەبییە بەشداریم كردبێت،هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەكى تاڕادەیەك سادە بكەم بۆ ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكان ،ئەوەى لەسەر رۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكان دەیڵێم دیدو تیروانینى منیكى خوێنەرى ئەو ڕۆمانەیە بۆ ڕستەو ووشەكانى و ناوەرۆكى رۆمانەكە،خوێندنەوەى رۆمان پێَویستە كراوەو فرە رەهەند بێت ،مانا بەخش بێت،تەنها لەڕێگەى خوێندنەوەوە ئەتوانى هەموو ئەو تەلیسم و كۆدانە ناو تێكستێكى ئەدەبى كەشف بكەى كە ئەو دەقە ئەدەبیە لەهەناوى خۆیدا هەڵیگرتووە،هەركاتێكیش خوێنەر بتوانێت لە پرۆسەى مانابەخشین بەو دەقە ئەدەبییە بەشداربێت ئەوا ئەتوانێت لە سنورى بیركردنەوەى نوسەرەكەى بێتە دەرەوە و نەكەوێتە ژێر كاریگەرى ڕاستەخۆى نووسەركەى ،ئەو كاتە تەنها چاوەڕوانى نووسەرەكە ناكەیت كە چیت پێ دەڵێت بەڵكو بۆ خۆت لە پرۆسەى دەوڵەمەندكردنى بیرى خۆت و دەقە ئەدەبیەكەشدا بەشدارى دەكەیت.
ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكانیش یەكێكە لەو ڕۆرمانە دەگمەنانەى كە زیاتر لە خوێندنەوەیەكى دەوێت ،ئەوەش تواناى نووسەرەكەى دەردەخات كە ڕۆمانێكى وەها نووسیەوە كە هەڵگرى جوانیەكى جاویدانى بێت ، ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكانیش زیاتر خوێندنەوەیەكى دەوێت بۆ ئەوەى پەى بەری بە گشت كۆد و ماناو تەلیسمەكانى،چونكە هەر پەرەگرافێك لەم ڕۆمانە وەربگرین مانایەكیتر و دەرگاى جیهانێكى پڕ تەلیسمان بۆ ئەخاتە سەر پشت ،بەرەو ئەو ناوچە تاریك و حەرامانەى هەناوى مێژووى نەبینرا و نەبیستراوى كۆمەڵگاى عێراقیمان دەبات .
تایبەتمەندیەكانى ڕۆمانى شارىمۆسیقارە سپییەكان
بەختیار على و نوسینەكانى تایبەتمەندى خۆیان هەیە ،بەتایبەتى ڕۆمانەكانى بەتەواوى جیاوازى هەیە لەگەڵ زۆرێك رۆمانووسەكانى كورد ،ئەو تایبەتمەندیانیانەى كەلە ڕۆمانەكانى بەختیار على هەیە زۆر بەدەگمەن لە ڕۆمانەكانى تردا دەبینرێت ،لێرەوە پێویستە چەند تایبەتمەندیەكى ڕۆمانەكانى بەختیار على بخەینەبەر چاو كە واى كردووە ئەدەبى پەخشانى بەختیار زۆر جیاوازبێت لەنووسەرانى تر ،ئێمە لێرە باس لەو تایبەتمەندیانە دەكەین كە لە ڕۆمانى ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكاندا هەیە:
1-زمانێكى جوان و ناسك،تەعبیرى بەهێز،ناوە دەگمەن و سەرنج ڕاكێشەكان كەلەناو ڕۆمانەكەدا ئیشارەتیان پێ دەكات و هەڵیبژاردووە بۆكەسایەتیەكان كەزۆر لەگەڵ دەورەكانیاندا دەگونجێت .
2-شارى مۆسیقارە سپیەكان ئەگەر چى باس لە ڕابردوویەك دەكات ، بەلام خەمى گەورەى ئێستایەو پەیامەكەى بۆ داهاتووە،واتە زیاتر دەیەوێت لە گێڕانەوەى كارەساتێكى ڕابردوو باس لە كارەساتەكانى ئەمڕۆ بكات و ئاگاداریشمان بكاتەوە لەو كارەساتانەى كە لە داهاتوودا توشمان دەبێت.
3-لە هیچ شوێنێكى ڕۆمانەكەدا هەست بەوە ناكەى كە نووسەرەكەى هەست و سۆزى نەتەوەى دینى تایفى و ناوچەگەرى كاریگەرى لەسەر دانابێت و بیرى دەمارگیرى و نەتەوە پەرستى و تایفەگەرى پێوە دیاربێت ،بەڵكو ئەوەى بەسەرنتەر دانراوە مرۆڤ خۆیەتىو تەواى شتەكانیتر وەك كەرەستەیەكى خزمەت بە بوونى مرۆڤ تەماشاكراوە ،لە هیچ شوێنێكدا ئەوە بەدى ناكەیت فەزڵَى نەتەوەیەكى دابێت بەسەر نەتەوەیەكیتردا و هەموو خراپەو نەهامەتیەكانى كردبێتە ماڵ بەسەر نەتەوەكەى تردا و نەتەوەكەى خۆى بەبێ گوناه و تاوان سەیر كردبێت.
4-ئەم ڕۆمانە خەون بە گێڕانەوەى كۆمەڵێك بەها گەلى گرنگەوە دەبینێت كە كۆمەڵگاى كوردى تا ڕادەیەكى زۆر لە غیابى ئەو بەهایانەدا ژیان ئەگوزەرێنێت بەها گەلى وەك (دادپەروەرى ،مرۆڤ دۆستى خۆشەویستى لیبووردەى ،پەشیمانى ،ڕاستگۆى ،هاوڕێیەتى(ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت مومكین نییە بۆ كۆمەڵگایەك بیەوێت لە خۆڵەمێشى خۆى دروست ببێتەوە و زیندوو بێتەوە بەبێ ئەوەى ئەو بەها گرنگانە لەبەرچاو نەگرێت .
5- ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكانیش بۆ تەناها جارێكیش بووە ڕێگەى نەداوە چیرۆكى پیاوە گەورەكان و كەڵتە سیاسی و عەسكەریەكان و پیاوە دەست ڕۆیشتوەكان و سەرۆك خێڵەكان بنووسێتەوە ،چونكە ئەوانەى مێژووى ووڵاتـى ئێمە و مێژوونووسەكان لە بیریان نەكردوون هەمیشە پاڵەوانى ناو مێژووى ئێمەن ،لێرەدا لەم ڕۆمانەدا هیچ جێگایەكیان نییە و پەراوێزخراون نەك هەر ئەوە بەڵكو لە زۆر جێگەدا ئیشارەت بە كارە خراپ و نابەجێیەكانیان كراوە.
6-پاڵەوان و كارەكتەرە سەرەكیەكانى ناو ئەم ڕۆمانە مرۆڤە پەراوێزخراوەكانى ناو كۆمەڵگاى ئێمەن بەختیار ئەوانەى كردووەتە پاڵەوان و چیرۆك و ژیانى ئەوانەى كردووەتە كەرەستەى ڕۆمانەكەى كە پەراوێزخراوترین چینەكانى ناو كۆمەڵگان بەختیار وچیرۆكەكانى ژیانى ئەو مرۆڤانە ئەگێڕێتەوە و دەیانهێنێتەوە سەرشانۆى ژیان كە مێژووە كەڕو كوێرەكەى ووڵاتى ئێمە لە هیچ شوێنێك و لە هیچ سەردەمێكدا بایەخ بەم جۆرە كەسانە نادات و هەمیشە مێژوو فەرامۆشى كردوون و ڕێگەى نەداوە ئەم جۆرە مرۆڤانە جێگایەكیان هەبێت لە دوو توێى پەڕەكانى مێژوودا.
7-ئەم ڕۆمانە خۆى نەبەستووەتەوە بە جوگرافیایەكى دیارى كراوەوە یان ناوچەیەكى دیارى كراو یان تایبەت بەنەتەوەیەكى دیارى كراو ،ئەمەش یەكێكە لە خاسیەتە گرنگەكانى ئەم ڕۆمانە كە زۆر زیاتر لەوە ئەچێت كە ڕۆمانێكە بۆ ڕزگاركردنى بەشەریەت و جیهان ،هاوارەكانى ئەم ڕۆمانە هاوارى بەشەریەتن بۆدەست زاڵمانەوە.نەوەك هاوارى كورد زمانێكبێت بەدەست عەرەب زمانێكەوە.
خەمێكى قوڵ بۆ كارەساتێكى گەورە
بەختیار على خۆى سەبارەت بەكارەساتى ئەنفال دەڵێت "باوەڕناكەم كەس بتوانێت تێكستێكى ئەدەبى،داهێنانێكىگەورە بۆ ئەنفال بنوسێت ،چونكە گەورەیى كارەساتەكە زۆر لەوە گەورەترە كەبتوانرێت بەزمان دەرببرێت "
ئەگەر چى ئەوەى كە ووتمان تێڕوانینى بەختیار على لەسەر گەورەى كارەساتى ئەنفال بەڵام دەكرێت بپرسین ئەى بۆچى و چۆن بەختیار على لە ڕێگەى نوسینى ڕۆمان و زمانەوە دەیەوێت كارەساتێكى گەورەى وەك ئەنفال بگەڕێنێتەوە؟ئایا بەختیار على لە ڕۆمانى ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپییەكاندا تەنها پەناى بۆ زمان هێناوە و ئەیەوێت لە ڕێگەى زمانەوە باسى كارەساتى ئەنفال بكات ؟بەر لە هەر شتێك دەبێت ئەوە بڵێین كە بەختیار خەمێكى قوڵ و گەورەى هەیە بۆ كارەساتى ئەنفال ئەگەر چى خۆشى دەزانێت كە ناتوانێت بە قەبارەى گەورەیى كارەساتەكە بدوێت و بنوسێت بەڵام چەند هۆكارێك كە نووسینى تێكستێكى ئەدەبى لەسەر كارەساتى ئەنفال ببێتە خەمێكى گەورەى بەختیار و لەم ڕێگەیەشەوە پەیامێك بۆ گشت نوسەران و ڕۆشنبیران بنێرێت لە هەما ن كاتدا بڵێت گەورەى كارەساتى ئەنفال ناتوانرێت لەسەر دەستى سیاسى و حیزبیەكان بكرێتە كارەسات و تراژیدیایەكى جیهانى ،پێمان دەڵێت ئەوەى دەبیسترێت و دەوترێت لەسەر ئەنفال و كارەسات هیچ نییە جگە لە ڕەشكردنەوەى كاغەزى سپیى و ڕەشكردنەوەى دڵى قوربانییەكانى ئەو كارەساتە بەڕق و كینەوتوندوتیژى دژى میللەتان و خەڵكانى تروو تەنانەت دژى خۆشیان.
هاتنەوەى على شەرەفیار لەسەرە وەختێكدا وەك لە ڕۆمانەكەدا ئاماژەى پێكراوە دیار ناوەڕاستى نەوەدەكانى سەدەى ڕابردووە ،ئەو ساڵانە زەمەنى كارەساتە گەورەكان و زەمەنى كوشتنى جوانى ژاكاندنى ژیان بوو ئەوانەى كە وەك جەلادەتى كۆتر لە بیابانەكان و سەفەرەكانى مەرگ گەڕابوونەوە و ڕزگاریان ببوو ،هاتنەوەى شەرەفیار بۆ نووسینى چیرۆكێكى لەسەر ژیانى جەلادەت ،هاوكاتە لەگەڵ زەمەنێك ڕۆژانە سەدانى وەك جەلادەت لە شەڕو پێكدادانەكانى نێوان هێزە بەشەر هاتووەكانى كوردستان ئەكوژران،بۆ ئەوەى حیكایەتى مەرگى مرۆڤەكانى سەحرا لە لەناو چوون بپارێزرێت ،تا جەلادەتەكانى كوتر و سەدانى وەك ئەو لە شەڕوو پێكدادانەكانى نەكوژراون ،ئەوا پێویستە لەسەر زمانى ئەوانەوە حیكایەتى مەرگى مرۆڤەكانیتر بنووسرێتەوە و بگێڕدرێتەوە .
هۆكارێكیتر بۆ دیارى كردنى ئەو سەروەختە ئەوەیە كە نووسەر دەگاتە ئەو بڕوایەى زۆرێك لەوانەى لەسەرمەسەلەى ئەنفال ئەنووسن و باس دەكەن و ئەیگێڕنەوە سیاسى و عەسكەریەكان و خەڵكانێكن كە بەجورێك ئەو كارەساتە ئەگێڕنەوە بۆ بەنج كردنى خەڵك بۆ ئەوەى لەو ڕێگەیەوە هەموو خەڵك سەرسام و مەستى كارەساتەكەى دەستى بەعس بكەن و بە شێوەیەك هیچ كەسێك لایەك بە لاى ئەو هەموو كوشتن و بڕین و مەرگ دۆستیە نەكاتەوە كە سیاسى و عەسكەریەكانى كوردستان بەسەر خەڵكى كوردا دەیهێنن و ڕۆژانە دەیان كەس دەكوژرێت كە لە پرۆسەى ئەنفالدا ڕزگاریان بووە و نەمردوون .بەڵام بەدەستى كێ ؟.