هندرێنى كۆمسیۆن و پارتى خەریكى تەزویرێكى گەورەن
Wednesday, 24/02/2010, 12:00
سەرچاوەیەك
سەرچاوەیەكى نزیك لە كۆمسیۆن
هەڵبژاردنى ئەمجارە ترس وتوقینێكى زۆر گەورەى بۆ پارتى و یەكێتى دروستكردووە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك لەهەولێ ئەوەدان لە رۆژى هەڵبژاردندا زۆرترین تەزویر بكەن، دیارە ئەم تەزویرەش زۆربەى كات بەبێ هاوكاریى كۆمسیونى هەولێر ناكرێ، بۆیە بەردەوام چەند كەسانێكى نێو دەزگاى پاراستن، كە وەك فەرمانبەر لە نێو كۆمسیۆندا كار دەكەن بەهاوكاریى هندرێن محەمەد خەریكى پیلانگێڕین ئەو هندرێنەى كە بەفەرمانى پارتى لەو شوێنە هەستیارە داندراوە، یەكێك لەو خیانەتەیان ئەوەیە، كە لە هەڵبژاردنى رابردوودا 32 مەڵبەندى لاوەكى هەبوو، پێویست بوو هەرمەڵبەندە و بەڕێوەبەرى خۆى هەبێت و لەگەڵ ریكخەرێك، كە دەكاتە 62 بەرێوەبەر و رێكخەر، كە هەر هەموویان سەر بە پارتى و پاراستن بوون.
لە هەڵبژاردنى ئەمجارەشدا 53 مەڵبەندى لاوەكى هەیە، كە هەریەكە و بەرێوەبەرى خۆی هەیە، كە دەبوایە 53 رێكخەریشى هەبوایە واتا كۆى گشتى رێكخەر و بەڕیوەبەرەكان دەكاتە 106 كەس، بەڵام لەهەڵبژاردنى داهاتوو كارى رێكخەریش بە بەڕێوەبەركان دەسپێردرێت و بەرێوەبەرەكە كارى رێكخەرهكەش دەكات، تا نهێنییەكان ئاشكرانەبن و بیانوییەكیش بێت بۆ ئەوەى وەڵامى روژنامەنووسان نەدەنەوە لەبەرسەرقاڵى خۆیان هەروەها ئەم ئاسانكاریەش بۆ ئەوەیە تاكوو پارتییەكان بتوانن لەگەل 53 كەس مامەڵەبكەن نەك 106 كەس و بۆ هندرێنیش ئاوا باشترە. ئەم مەسەلەیەش ئەگەر بەوردى سەیرى بكەین لە رووى كارى كۆمسیۆنەوە عەمەلى نییە چونكە بەرێوەبەرى بنكەكە پێڕاناگات و كارى زۆر قۆڕس دەبێت.
لەلایەكى دیكەشەوە رۆژی 21ِ\ 2 وەزیرى ناوخۆ بە ناراستوخۆ بە راگەیاندن و رۆژنامەكانى راگەیاندووە، كە فشار نەخەنە سەر هیچ بنكەیەكى هەڵبژاردن و ئەگەر هەندێ شوێنى بنكەكان رێگایان نەدا راگەیاندن بچنە ژوور ئەوا نابێ لەسەر داواكەى خۆیان سووربن، ئەمەش رێك پێچەوانەى بڕیارى كۆمسیۆنە كە رێگاى بە راگەیاندن داوە لە بنكەكانى دەنگدانى هەرسێ پارێزگاكەى كوردستان راگەیاندن دەتوانێت بچێتە ژوورەوە.ئەمەش پێشێلكردنى ئەو نەزاهەت و شەفافیەت و سەربەخۆییە كە كۆمسیۆن ئیدعای بۆ دەكات.
گشت بەڕێوبەرى ناوەندو ویسَتگەكانى دەنگدان پارتین و بە فەرمانى پارتى دانراون و ئەگەر بێلایەنێكیش بە موعجیزە كرابێتە بەرێوەبەرى ویستگە ئەوا پاش لێكوڵینەوە لە ناوەكەى لە ناوچەو لقى پارتیدا لە بەرێوەبەرى ویستگە لادراون و كراونەتە فەرمانبەرى ئاسایى بنكەكانى دەنگدان چونكە دڵنیا نین لەوەى كە ئاخۆ ئەو بێلایەنە تەزویریان بۆ دەكات یان نا ، هەندێكى دیكەش بە چاوسووركردنەوەو ترساندن لادراون .
بەپێى قسەكانى كۆمسیۆنى هەولێر هەموو ئەو فەرمانبەرو مامۆستایانەى كە ناویان هاتۆتەوە لە دواى ئەوەى لە كۆمسیونى بەغداوە رەزامەندى لەسەر ناوەكانیان كراوە بە فەرمانبەرى سەر سندوق وهتد دانراون ، بەڵام ئەوە درۆیەكى شاخدارە چونكە كەسانێك هەن كە ناویان لە كۆمپیوتەرى كۆمسیونیشدا نییە بەتایبەت بەرێوەبەرى قوتابخانەكان كە هەرهەموویان پارتین ورێكخەریشن لە هەڵبژاردنەكان دووبارەو بە ئاگادارى كۆمسیۆن دانراونەتەوە كە زۆربەشیان ناتوانن دەنگیش بدەن چونكە سەر بە ناوچە دابڕاوەكانن دەبێ لە ناوچە دابڕاوەكان دەنگ بدەن.
ئێمە داوا لەكۆمسیۆنى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەكانى بەغداو رێكخراوە نێودەزڵەتەییەكان و قونسولگەرییەكانى ناو هەرێمى كوردستان دەكەین كە سنوورێك بۆ ئەم نا عەدالەتییەى هندرێنى ناسالح و پارتی ناسالح دابنێن وبە رۆژى رووناك گاڵتەبە دەنگ و ئیرادەى سیاسیى خەڵكى بە ئینتیما نەكرێت و هەلبژاردن نەكەنە مەهزەلەیەكى سیاسى كە ئابڕووى نەتەوەو نیشتیمانەكەمانى پێبچێت و داواش لە خەڵكى خاوەن هەڵوێست و كوردپەرەوەر دەكەین كە ئەگەر بە نەخێریش بێت بچن بۆسەر سندوقەكانى دەنگدان ودەنگ بدەن چونكە پارتى وەك شڕەخۆرێك دەیەوێت خەڵك نەچێت بۆ دەنگدان تاكوو لیستەبەتاڵەكان بۆ بەرژەوەندی خۆى و كاندیدە بێ ویژدان و چڵكاوخۆرەكانى خۆى پڕبكاتەوە، چونكە پارتى سوود لە دەنگ نەدانتان وەردەگرێت. ئەگەر دەنگ نەدەن ئەوا دەنگى ئێوەش بۆ پارتى و كاوێژكارەكانى دەچێت بۆیە خیانەتێكى گەورەیە ئەگەر خەڵك نەچێت بۆ دەنگدان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست