کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەقە برایمی کاکە ئەحە نەفی بکرێ

Thursday, 20/10/2011, 12:00






دەسەڵاتێ دیموکراسی بۆ هەزار کەس پیادە بکاو دەنگی کەمینە بەسەر زۆرینەدا بسەپێنێ، هەقی ئەوەیە ڕەخنەی لێبگیرێ؟ دەسەڵاتێ بەبێ هیچ گیرمەو کێشەیەك دەستاو دەستی دەسەڵات لەنێوان باوك و کوڕدا بکا و نەیەڵێ هیچ بودجەیەکی میلەتی بۆ سەرف بکرێ، هەقی ئەوەیە گومانی لێبکرێ و پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ بکرێ؟ دەسەڵاتێك ئەوپەڕی ڕێز لەهاوڵاتیانی خۆی بگرێ و بەشەو نەوت و سامانی ووڵات ئاودیو بکات ،تەنها لەبەرئەوەی خەو لەهاوڵاتیانی خۆی تێك نەدا و دوکەڵ و ڕەشی گازوێل بەسیەکاندا نەچێ، هەقی ئەوەی هەیە لۆمە بکرێ؟ دەسەڵاتێ لەجیاتی ئەوەی پەرلەمان هەموو دەقەیەك لوتیان بەلوتی هاوڵاتیانیان بتەقێتەوەو هەموو کاتی تەلەفیزیۆن بۆ خۆیان تەرخان بکەن،هەروا بەبێ کامیراو چاوپێکەوتن هەموو بڕیارەکان جێبەجێ ئەکەن و سەری کەسیش نایەشێنن، هەقی ئەوەیە گلەییان لێ بکرێ؟ دەسەڵاتێك هەموو کەسە نزیك و خزم و ئەربابەکانی خۆی لەئیش و بەڕێوەبردنی ووڵاتدا خسۆتە کار و لەئارەقا گەوزاندویاندن و بەرانبەر بەوەش هەر هاوڵاتیەك بێ ئەوەی بەردێ بخەن سەر بەردێ هەریەکە ١٥٠ هەزار دیناری بریمەریان ئەیەنێ ، هەقی ئەوەیە تەوسیان لێ بدرێ؟

دەسەڵاتێك ئەوەندە دڵ گەورەن هەتا خۆیان واژووی لەسێدارەدان بۆ دوژمنانیان دەرناکەن و لەزۆربەی کاتدا لەهەوڵی بێ هاوتان بۆ ئەوەی وەك پەپولە نیشانمانی بدەن، هەقی ئەوەیە تانەیان لێبدەین؟ دەسەڵاتێك فڕۆکەوان و پیاوانی شاڵاوکەری پرۆسەی ئەنفال و چەندین کارەساتی جینوساید دژ بەگەلەکەمان ، ئاشت بکەنەوەو بیان کەن بەڕاوێژکارو لەکوردستان ئەرزەو ماڵ و ئاسایشیان پێبدەن و لەئەوروپاش پشتگیریان لێ بکەن ، لەجیاتی ئەم هەموو سەخاوەت و پیاوەتییە، هەقی ئەوەیە سیقەیان پێ نەکەین؟ دەسەڵاتێك لەکاتی بوردومانی فڕۆکەکانی تورکیا هاوڵاتی ئێمە خۆیان لانەیەن و بەزۆر بەرەو ڕووی ساروخەکان بچن، هەقی ئەوەیە پێمان ناخۆش بێ و لەکاتێکدا سەرزەنشتی فڕۆکەکان ناکەن ؟ دەسەڵاتێك لەجیاتی دەست بڕینەوەی هەموان تەنها ١٠ شەهیدو هەزار برینداری داوە، هەقی ئەوەیە لێ توڕەبین و لەکاتێکدا ئەوان وەك باوك وان بۆ میلەت؟ دەسەڵاتێك لەسەر ئاڵای کوردستان یەتە دەنگ و قیروسیای لەناوچە جێناکۆکان کردوەو لەداخا زۆربەی شوێنەکانی لەکورد چۆڵ کرد،هەقی ئەوەیە بەتەنگیەوە نەچین و پشتیان تێبکەین؟

دەسەڵاتێك بەرانبەر دوژمن برا بچوك بێ و سەخی تەبیعەت بێ، بۆ نابێ شایستەیان بکەین؟ دەسەڵاتێك دەوڵەتی کورد بەخەونی شاعیران بچوێنێ، بۆ نابێ دەست خۆشی لێبکەین و هەردەم لەناو لێفەو بالیفەوە هەوڵ بدەین ئەو خەونە ببینین! دەسەڵاتێك لەئیستاوە کوڕی ٥ ساڵەی بنەمەڵەکەی لەیادی کەرکوکدا بێ و ئەو بۆمان ڕزگار بکا، بۆ ئەبێ ئەوەندە نەفەس کورت بین و هەروا زوو بێتاقەت بین؟

دەسەڵاتێك لەخەمی هاوڵاتی خۆیاندا ماست و کنگر لەئێران و تورانەوە بۆمان هاوردە ئەکەن ونایەڵن هاوڵاتی نیشتمان ئەزیەت بکێشن و خۆیان بە زەوی وزارو کشتوکاڵ و حەیوانداریەوە خەریك بن و تەرسە قول وڕیخی مانگا پاك بکەنەوە، هەقی ئەوەیە لێیان زوویر ببین لەکاتێکدا چەند کەسێ بەهۆی ئەم جۆرە خۆراکانەوە تووشی بەلە فیڕەو نەخۆشی سەیر سەیرەوە بوون؟ دەسەڵاتێك ئەوەندە لەخەمی ژینەگە پارێزیدایە، نایەوێ هەموو دەقەو سەعاتێ دەمپەڕ و گرێدەر لەلاڕێدابن و جادە لێبدەن و قیرتاو بکەن و دوکەڵ ئاسمانی شینی کوردستان پیس بکات، بەس بۆ ئەوەی چەند ڕووداوێکی ئۆتۆمۆبیل کەم بکەنەوە، ئەبێ هەمومان دەمیا لێ بکەینەوەو سەرزەنشتیان بکەین؟

جا بەڕێزینە دوای ئەم هەموو شتانە بۆ ئەبێ هاوڵاتی ئێمە ناڕازی بن و بچنە سەر شەقام و لەهەوڵ ئەوەدابن ڕاپەڕین بکەن،، بۆیە هەر کەسێ بەم دەسەڵاتە فول دیموکراتیە ناڕازی بێ، هەقی ئەوەیە نەفی بکرێ.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە