چەکی قورس بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییە
Thursday, 31/07/2014, 12:00
بارزانی لە خانەقین: تۆزێک ئارامبگرن چەکی قورسمان پێ دەگا!؟ .
کاک مەسعود ئەو رۆژانە سەری زۆر قاڵ و مژووڵە، سەنگەرەکان بەسەر دەکاتەوە. لەلایەکی دیکەش، لۆمپەنی بە ناوبانگ مەحمود سەنگاوی/ کاوە کوژ/ یش ئەو کارەی وەئەستۆ گرتووە وبۆتە رزگاریدەی خاکی کوردستان! ئەو بابەتە کورتە زیاتر جەخت لەسەر کورتە مێژووی نەتەوەیەکی مەزن دەکاتەوە کە زۆربەی سەرۆک عەشیرە وسەرکردەکانی وادەزانن دەبێ بە چەکی قورس بەرەنگاری دووژمن ببیەوە. لەوسەردەمەدا دامودەزگای راگەیاندن چرکە بە چرکە بەرەو پێش کەوتن دەڕوا وزۆربەی خەڵک ئاگایان لە پێکهاتنی رۆژوشەو هەیە وهەرکەس بە بارتەقای ئەزمونی خۆی دەزانێ کە : یەک موو دەپسێ، بەڵام بە دەستە بیهۆنیەوە فیلی پێوە بەستە.
مەلا مستەفای باوکی کاک مەسعود شای ئێران (پێش ١٩٧٥) ئەوەندەی پارە و تانک وتۆپی دابویە کە وایدەزانی هیچ هێزێک دەرەقەتی نایە، کەچی بە دوو ماچی شا و سەدام نەتەوەیەکی چووک کردەوە و شکاندی. من لاپەڕەی مێژووی ئەو عەشیرەیەم بۆلێک نادرێتەوە. لە بێ بەختی خۆشمان ئەوەندە کڵۆڵین کە تا ئەوڕۆ نە مامۆستای زانکۆ، نە نوسەر، نە دیرۆکناس، نە دوورناسی بەزیپک وبوێرمان هەیە کە لێکۆلەری بە توانابێ هۆی شکستی ٢٩ سەرهەڵدانمان بۆ بکاتە پەڕوا و لە سنگی منداڵی کوردی هاوێ وپێی بڵێ: ها... ئەوەیە مێژووی شکست... تۆ وشیار بە ئەوخاکە بە فیڕۆ مەدە.
چەکی قرس چییە؟ :
یەک: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کە بارزانی خۆی لێدەشارێتەوە. چون ئێڕان وتورکیەو ئامریکا ئیزن نادەن! دەڵێن پێشنیاری پ،ک،ک ورێبەر ئاپۆیە.
دوو: چەکی قورس ئەوەیە کە پارلمانی کارتۆنی ئێوە لە هەولێردەڵێ: پشتیوانیکردن لە شۆڕشی رۆژئاوای وڵات یاسایی نییە! چون ئێمە دەوڵەت نین!(ئەگەر هیچ نین ئەو هەراهەرایەتان لە چییە؟) .
سێ: چەکی قورس ئەوەیە کە بکوژی / کاوەکان / بە سزای خۆیان بگەن ویاساتان سەروەر بێ.
چوار : چەکی قورس ئەوەیە بۆ خۆت ٦٨ ساڵت تەمەنە وباشترە خانەنشین کرێی.
پێنج : چەکی قورس ئەوەیە کە نەتەوەیەکی بندەستی ئێوە، مرۆوێکی شەپڵە لێدراوی وەک تاڵەبانی چیدی گەمە بە چارەنوسی نەکا.
شەش: چەکی قورس ئەوەیە، پارەی گومرگی برایم خەلیل وپارەی نەوتی ئەو چەند ساڵە لە بانکەکانی دڕندەترین دووژمنی کورد دا نەبێ وبۆ خەڵکی هەژار خەرج کرێ.
حەوت:چەکی قورس ئەوە بوو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیەو زڕەگوێز ئاوا نەخەسێنن وحورمەت بۆ شەهیدانی ئەو بەشي لە وڵات بگرن. (هەر چەند بۆخۆشیان چییان لە باراندا نەبووە).
هەشت : چەکی قورس ئەوەیە کە دەسەڵات قۆرخ نەکەن و کوڕو خزمو کەسو کارتان وەک دۆڵپا خوێنی خەڵک نەمژن.
نۆ: چەکی قورس ئەوەیە: پاش ساڵانێکی دوورودرێژ کوردێکی شۆڕشگێر (س، دەمیرتاش) خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ناوزەرد کردووە. ئەگەر پشتیوانی لێ ناکەی دژایەتیشی مەکە.
دە: چەکە هەرە قورس ، دێمۆکڕاسی وئازادی و یاسای سەردەمیانەیە،کە ئێوە قەت نەتانبوە وقەتیش ناتان بێ. بە خوێنی رۆڵەی نەتەوکەمان چە کی قورس مەکڕن لە بیانی ولەسەر نوکی سەرنێزە دامەنیشن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست