خۆشویستنی سەرۆك
Sunday, 25/09/2011, 12:00
كە مناڵ بووم سەربازێكی ووڵاتەكەم ،
ناببورن جەلادێكی ئەڵقە لە گوێ !
هات و پرسی :
تۆ بۆ سەرۆكت خۆشەوێ ؟
ووتم : لە لە لە لە لە لە .....
ووتی بڵێ : لەبەرئەوەی سەرۆك
باوكی هەموو گەلە !
ڕەمزی شۆڕش و بەرخودانە !
سەرۆك ئاوە سەرۆك نانە !
سەرۆك سەرچاوەی ژیانە !
ئافرێنەری من و تۆیە ،
پاڵەوانی نیشتیمانە
سەرۆك ڕەبە ، سەرۆك گۆدە
سەرۆك خودایە یەزدانە
تۆ ببینە كڕنوش دەبەن لە ئاستیدا
دار و بەردی ئەم جیهانە !
ووتی بڵێ ئەی گوڵی جوان
با بزانم ئەم جارەیان
تۆ بۆ سەرۆكت خۆشدەوێ ؟
ووتم چونكە .....
لەناخمدا تەواوم كرد :
"ڕقم لێیە !
چونكە سەرۆك دوژمنی گەلە !
ڕەمزی چەوساندنەوە و ماف خواردنە
سەرۆك ژەهرە سندانە
سەۆك سەرچاوەی نەمانە
سەرۆك بكوژی شۆڕشە
سەرۆك عەمیلی شەیتانە
لەبەرچاوت كڕنووش دەبەن ،
لەژێرەوە نەفرەت دەكەن لە ئاستیدا
دار و بەردی ئەم جیهانە "
ڕاچەڵەكیم ....
بە ئاشكرا تەواوم كرد :
چونكە سەرۆك لە ئاستیدا هەرچی بڵێم
هێشتا كەمە ؟!
سەربازەكە پڕی دامێ و ماچیكردم
ووتی : سوپاس بۆ ئەو ناخە بەرز و جوانەت
بۆ ئەو هەستە پڕ ویژدانەت
بۆ مامۆستا بۆ خێزانت
فێریان كردووی كەوا سەرۆك چەند مەزنە ؟!
ووشەی بەرزیش لە ئاستیدا چەند شەرمنە ؟!
3/12/2006
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست