بریندارێكى خۆپیشاندانەكانى كەلار :" مردویەكى زیندوین"
Thursday, 19/01/2012, 12:00
بریندارانى (25)شۆبات لە كەلار متمانەیان بە ئەو لیژنەیە نییە كە بۆیان پێكهێنراوە تاوەكو رێژەى بریندارییەكەیەیان دیارى بكات،بە لیژنەیەكى حیزبی ناودەبەن و ئەگەر چاكسازى تیا نەكەن ئەوا بەنیازن خۆپیشاندان بكەنەوە.
دواى ئەوەى 25 ى شوباتى ساڵی رابردوو لەشارى كەلاریش خۆپیشاندان بەڕێوەچووە، لەلایەن هێزەچەكدارەكانى حیزب و حكومەتەوە بەتەقە سەركوتكرا، لەكەلار دوو كەس كوژران و دەیان كەسی تریش برینداركران، بەڵام تا ئێستا بەشێك لەبریندارەكان چارەسەرییان بۆ نەكراوە".
سۆران مەجید بریندارێكى (25)ى شوباتى كەلارە و سێ فیشەكى (بی كەى سی) بەر رانى كەوتووە ،ئاماژە بەوەدەكات ئەولیژنەیە بۆیان پێكهێنراوەو رێژەى برینەكانیان ئاشكراكردووە، نەیانتوانیوە سەربەخۆی خۆیان بپارێزن، ئەو وتى" جیاوازییەكى زۆر لە ڕێژى بریندارەكان هەیە، من سێ فیشەكى بیكەیسی بە رانم كەوتووە، كەچی رێژەى (25%)یان بۆ نوسیوم، ئەو دكتۆرانەى كە سلێمانى نشتەرگەریان بۆكردم ، پێیان وتم چارەسەركردنەكەت لەدەرەوەیە، زۆر گومانم لەو لیژنانە هەیە ، چونكە ئیدارەى گەرمیان بڕیاریدا بەجێبەجێكردنى كارى لیژنەكان".
ئەو بڕیندارە هەڕەشەى ئەوەدەكات ئەگەر ئاوڕیان لێنەدنەوەو برییەكەیان چارەسەر نەكەن و بۆ دەروەى وڵات نەیاننێرن ، ئەوا هەڵویستى توندیان دەبێت و خۆپیشاندانیش دەسپێدەكەنەوە".
ئەو وتیشی"بەرپرسان ویژدانیان نەماوە، تەنیا لەهەوڵی ئەوەدان كە چۆن گیرفانەكانیان پربكەن".
ئارام كامەران بریندارێكى دیكەى (25)ى شوباتى كەلارەو بەهامانشێوەى سۆران رەخنە لە ئەو لیژنەیە دەگرێت،ئەویش ناڕازییە لە بڕیارەكەیان"لیژنەكە ، لیژنەیەكى حیزبی بووە بۆمان پێكهێنراوە، هەر كەسێك سەربەخۆیان بوبێت، ئیشیان بۆ كردووە، هەر كەسێكیش سەربە حیزبی ئەوان نەبێت، هیچیان بۆ نەكردووە، بۆ نمونە خۆم بریندارى فیشەكەم ، ئایا دەبَیت رێژەى (%0) م بۆ دیارى بكەن"..
ئەو بریندارە باسی لەوەكرد كەوا بۆ جارێكى دیكە خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە داواى مافی خۆیان دەكەن، وتیشی"ئێمە مردوێكى زیندوین، ئەمەیش بەقودرەتێكى خواییە لەژیان ماوین و نەمردوین، هەرچەند سكاڵام تۆماركردووە لەتەقەكران ، بەڵام لەوەشدا یاسایش هەر خۆیانن".
چێنەر عومەر كە بریندارى بەردەم لقی گەرمیانى پارتییەو فیشەكێك لە جەستەیدایە، ئەویش دەڵێت "دواى ئەوەى گوشارمان بۆ سەر دامو دەزگاكانى حكومەت لەدەڤەرى گەرمیان دروستكرد بەمەبەستى چارەسەرى برینەكەمان، لیژنەیەكیان پێكهێنا، بەڵام دواى ئاشكراكردنى ئەنجامى رێژەى برینەكانمان دەركەوت بە گوێرەى پێوست نەبووە ، لاى زۆرمان ئەنجامە دیاریكراوەكە ناڕاستە".
ئەو بریندارەى رونیشكردەوە ئەو لیژنانە كە دانران حیزبین و هەموو ئەنجامى ناڕاستیان بڵاوكردوتەوە،"چونكە دكتۆرى پسپۆر نەبوون، بەبەرچاومانەوە بەبڕیندارێكیان دەگوت ئەو ئاسەوارەى لە جەستەتدا هی قەڵەوەییە، ئەمە لەكاتێكدا هێزكانى ئاسایش بڕینداریان كردووە". ناوبراو جەختیشیكردەوە لەوەى كە هەڵوێستى خۆیان دەبێت و "دور نییە بۆ جارێكى تر خۆپیشاندان دەست پێبكەنەوە".
لە بارەى ئیشوكارى ئەو لیژنانە، قائیمقامى قەزاى كەلار جەلال نورى لە لێدوانێكدا بە ئاوێنەى راگەیاند" كە داوایان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى گەرمیان كردووە لیژنەیەك پێكبهێنن بۆ چارەسەركردنى بریندارەكان". وتیشی" ئەوانە خۆیان فەرمانبەرى حكومى نین، ئێمە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى گەرمیان كرد لیژنەیەكیان بۆ پێكبهێنن بۆ چارەسەرى بریندارەكان، ئەو دكتۆرانەى دانراون لە لیژنەكە، خەڵكى تیایە پزیشكى نەشتەرگەرییە، هیچ حیزبیبوونێكى پێوە دیار نییە، ئەوان بەس ڕێنمایی جێبەجێ دەكەن".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست