با نەورۆزی ئەم ساڵ بکەینە بنەمای تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتی
Tuesday, 17/03/2009, 12:00
1426 بینراوە
سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆزی ئازادی و سەرەتای بەهار لە بنەماڵەی شەهیدان و رێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە پیرۆزبێت.
لەکاتێکدا بەرەو پیرۆزکردنی جەژنی نەتەوەیمان و رۆژی ئازادی ویەکێتی گەلان دەچین پێویستە جارێکی تر بەقووڵی لەمانای نەورۆز بگەین و بەروحی نەورۆز لەتێکۆشاندابین.
لەئەنجامی کاردانەوە لەدژی ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە ئیمپراتۆریەتی ئاشورییەکان بەڕێوەیان دەبرد فیدراسیۆنی خێڵە کوردییەکان بە سەرپەرشتی میدیەکانەوە دروست بوو. فیدراسیۆنی میدیا بەپشتبەستن بە بیرو فەلسەفەی زەردەشتی و بەلەبەرچاوگرتنی پرەنسیپی بەڕێوەبەرایەتی، پەیوەندی، و ئابووری و یەکڕیزی گەلانی ناوچەی کردە بنەمای کارەکانی خۆی، بەڕێوەبەرایەتی و ئابووری خۆی بەهێزکرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارس و بابل لە ئاستی رێککەوتندا پێشخست، لەئەنجامی تێکۆشانێکی هاوبەشی هەمەلایەنە مژدەی سەرکەوتنی رۆژێکی نوێی دا بەهەموولاێک.
جەنگاوەرە میدییەکان بەکردنەوەی ئاگر سەرکەوتنەکەیان راگەیاند، لەو رۆژەوە ئیدی رۆژی نەورۆز بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەش بووە رۆژێکی پیرۆز و تاوەکو ئەمڕۆش بیرۆکەو بۆچوونی یەکێتی نەتەوەیی هەرە بەهێزە کە هەموو چین و توێژ و رەگەز و ئایین و ئایینزایەک وەکو رۆژێکی نەتەوەیی لە دڵەوە پەسەندی دەکەن.
راستە نەورۆز وەک نەریتێک لەناو کورداندا بەردەوامی دەکردو بەشێوەیەکی زۆر پاسیف پیرۆزدەکرا. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی بزوتنەوەیی ئازادیخوازی کورد بەڕێبەرایەتی(PKK)ئیتر نەورۆز جارێکی تر ناوەرۆکی خۆی قازانج کردەوەو لەکەسایەتی شۆڕشگێڕانی وەکو مەزڵوم دۆغان و زەکیە ئەلکان و رەهشان و چەندانی تری وەک ئەوان خۆیان کردە نمونەی نەورۆزی نوێ، بەئاگری جەستەی خۆیان بوونە مەشخەڵی رێگای ئازادی کوردستان. ئەگەر ئەمڕۆ لە ئامەد زیاتر لەملیۆنێک کەس دێنە لای یەکتر ئەوا لەسایەی چالاکیە گیانبازیەکەی مەزڵوم هەڤاڵانیەتی.
نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازە لەساڵانی تر چونکە لەدوای کەڕنەڤالی نەورۆز ئیتر لە29-3 خەڵکی باکووری کوردستان بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردن دەچن و سەرەڕای هەموو ساختەکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێی سەرکەوتنێکی گەورەی لی دەکرێت، چونکە ئەو چالاکیانەی لە15-شوباتەوە لەدژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستی پێکردوە لە نەورۆزدا دەگەنە لوتکەو جارێکی تر قەڵای زوڵم دەڕوخێ و گەلان بەئازادی خۆیان شاد دەبن. بۆیە لەشوێنی خۆیەتی جارێکی تر پشتگیری خۆمان بۆ تێکۆشانی ماندونەناسانەی گەلەکەمان لەباکووری کوردستان بەتایبەتی بۆ پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی(DTP)رابگەێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بخوازین. هەمانکات با لەهەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستانیش کە لە داهاتوودا دەکرێن وانەیەکی پێویستی لێ بدەینە گەندەڵچیان و ئەوانەی لەنەورۆزی ئازادیدا تێناگەن و کۆسپن لەبەردەم دیموکراسیبوونی کۆمەڵگا.
لەم رۆژانەدا لە باشووری کوردستان باسی کۆنفرانسی نەتەوەیی دەکرێت، ئێمە وەکو پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان وێڕای ئەوەی کۆنفرانسی نەتەوەیی پێویست و گرنگ دەبینین، لە هەمانکاتیشدا ئەو پێنج پێشنیار پرەنسیپەی کە رێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی پێشنیاری کردووە پشتگیری دەکەین و پەسەندی دەکەین و بەگرنگی دەبینین، لەو بڕوایەداین کە گەلەکەمان و پێشەنگە سیاسیەکەی خاوەن ئەو توانا و هێزەیە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناویندا پێشەنگی کاروانی دیموکراتی بکات، با کەس لەمە دوو دڵ نەبێت، رێگە نەدرێت داگیرکەران بە چاوی کرێگرتە و سووک بڕواننە گەلەکەمان و پێشەنگەکانی.
میدیەکان لە کاتی خۆیدا توانیان پێشانگایەتییەکی راست بکەن و دەسەڵاتی زوڵمی ناوچەکە نەهێڵن و بۆ خۆشی نەبوو بەزاڵم، چونکە فەلسەفەکەیان هەوڵدانێک بوو بۆ نەهێشتنی زوڵم و خۆیان بەوپێیە ئامادە کردبوو. پەیوەندییەکانیان بۆ خزمەتی گشتی بوو. جارێکی دیکە مێژوو هەمان رۆڵ و ئەرکی خستۆتە ئەستۆی گەلی کورد، بۆیە ئەمڕۆ فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لەسیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا رۆڵی پێشەنگایەتی کردنی خستۆتە ئەستۆی خۆی لە ناوچەکەدا. گەلەکەمان ئەمڕۆ لە هەرچوارپارچەی کوردستان بەژن و گەنج و پیر و منداڵەوە لە نێو پرۆسەیەکی سەرهەڵداندایە، لەبیرو هزری رێبەرەکەی خاوەن دەرکەوتووەو تێکۆشانی دیموکراتی لە هەموو ئاستێکدا بەشێوەیەکی پراکتیکی پێشدەخات.
لەگەڵ ئەوەی نەورۆز رۆژی ئازادی و یەکێتی نەتەوەییە بەڵام بەداخەوە لە باشووری کوردستان دەسەڵاتداران ئەو رۆژەیان لەناوەڕۆکی خۆیان دەرخستوەو بێ واتایان کردوە، روحی سەرهلدان و بەرخودانیان تێدا کوشتووە. لەکاتێکدا ئێمە بانگەوازی لەگەلەکەمان لەباشووری کوردستان دەکەین کە بەگەرمی بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆز بن لە قەندیل و کەرکوک و گەرمیان تاکو روحی راستەقینە بدەینەوە بە نەورۆز و پەیامی یەکبوونی خۆمان بدەین بە ئامەد و مەهاباد و قامشلو.
هەمانکات ئێمە وەکو پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان داوا لەهەموو پارت و رێکخراو و رۆشنبیرانی گەلەکەمان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم قۆناخە هەستیار بن و لە ئەرکی مێژووی خۆیان تێبگەن و خاوەنی لێ دەرکەون. سەرکەوتن دوور نییە و بەم نزیکانە ئاگرێکی دیکەی سەرکەوتنی گەلەکەمان دەکرێتەوە.
دووبارە نەورۆزی هەموو لایەک پیرۆز بێت
بژی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتی
نەمری بۆ شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی نەورۆز
دەستەی کارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان