کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەر پارتی دەوڵەتی کوردیی دروستکرد منیش ئاڵای کوردستان لەسەر مانگ دادەنێم، ناشهێڵم کەس بچێت بەلایدا!

Thursday, 25/08/2011, 12:00


من نە ڕاکێتم هەیە، نە پارە، نە ئارەزووی زانست و تەکنەلۆژیام هەیە، نە مرۆڤێکی چوستوچالاکم، نە دەزانم دوو دوگمەی ئامڕازی ئەلەکترۆنیی لێکببەستم، نە ڕێگەپێدراوی جیهانیم و نە دەزانم فەیسبوک چییە بەڵام نیازم وایە و دەشبێت ئاڵای کوردستان لە سەر مانگ دابنێم و بیکەم بە ویلایەتێکی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆ مەدەنییەی کە پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان، موڵکی سەرۆکی خێڵی بارزان مەسعودی کوڕی مەلا موستەفای بارزانی دەیەوێت دروستی بکات، ئەو موستەفا بارزانییەی کە بە دەمی خۆی دەیوت ئەوان هەرگیز نەیانوتووە دەیانەوێت جیاببنەوە.

ئەو مەسعودەی کە نە نیشتمانپەروەرە، نە سەربەخۆیە و، کە گوێڕایەڵی دوژمنانی دەوڵەتی کوردییە دەیەوێت دەوڵەتی کوردی دروست بکات.

ئەو کە پارێزەری یەکەمی ڕێبازی بارزانی باوکە، ئەو باوکەی نەیدەویست جیاببێتەوە. ئەو جیانەبوونەوەیە کە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی ڕێبازەکەی بوو و، پرنسیپی جیانەبونەوە و ڕازیکردنی دڵی شای ئێران و تورکیا کۆڵەکەیەکی تری ڕێبازەکەی بوو، کەواتە دەبێت ئەو دەوڵەتە چۆن بێت کە کاک مەسعود دەیەوێت دایبمەزرێنێت؟

ئەو دەوڵەتەی کە مەسروری کوڕی دەڵێت هێشتا کاتی نەهاتووە و هەلومەرجی نێودەوڵەتی بۆ داواکردنی نەگونجاوە، بە هەمان شێوەی سەرەتای نەوەدەکان کە هەلومەرجی دامەزراندنی نەگونجابوو کاتێک کە زلوڵاتێکی وەکو فەڕەنسای میتران پشتگیریی دروستکردنی دەکرد بەڵام مەسعودی سەرۆکی پارتی هەلومەرجەکەی بە نەکوڵاو و نەگونجاو دانا، بۆیە هەر زوو نهێنی نەخشەکەی بۆ تورکیای دۆستی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردیی ئاشکرا کرد!؟

مستەفا بارزانی، مەسعود بارزانی و مەسروری کوڕی و کوڕەکەی مەسروریش کە نیاز وایە کەرکوکمان بۆ بسەنێتەوە هەر ئەوەندەیان پێدەکرێت و بە نیازن بیکەن کە من وتم دەیکەم؛ نەمووت دەچم بۆ سەر مانگ و بۆ کورد داگیری دەکەم و هیچ ئامڕازێکی ئەو داگیرکردنەشم بەدەستەوە نییە. ئەوانیش هەر ئەوەندە دەوڵەتی کوردییان پێ دروست دەکرێت و بە نیازن دروستی بکەن!

ئەی دەمە چێت لێ کەمە!

فشەبکە تا خۆشت باوەڕ بە فشەکانی خۆت دێنیت!

ئەو ئامادەکارییانەی بەدەست مەسعودەوەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی خێڵێک و حیزبێک و میللەتێکە.

خێڵەکە زەمانەتی ئەو دروستبوونەن. ئەوان کە لیباسەکانیان چرچێکی پێوەنییە و ماندویەتی بە ڕوخساریانەوە دیار نییە زەمانەتن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی.

حیزبەکەش کامەیە پارتی نەبێت؟ خۆ بە قسەی خۆیان پارتی قوتابخانەی پەروەدەکردنی کۆمەلایەتی کۆمەڵگەی کوردییە و، فیرگەی کوردایەتییە ئەو کوردایەتییەی مەگەر هەر خوا بزانێت یانی چی! ئەو کوردایەتییەی کە رۆژێک پێش دەبابەی بەعس دەکەوێت و هەولێر و کوردستانی پێ داگیر دەکات و، ڕۆژێک لایەنگرەکانی خۆی دەکات بەگژ ئەوەدا کە کوردە و، ئەو کوردایەتییەی کە هەر تەنگەنەفەس بوو پەنا بۆ ئەردۆگان و مەردۆگان و داریوش و حەمە ڕەزاشا و سەدام دەبات و سەری هەموو ئەوانەی پێ پاندەکاتەوە کە پێشبڕکێی پارتی دەکەن لە کوردایەتیدا و لە خواستدا بۆ دروستکردنی ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە گفتی پێمان داوە بۆمانی دروست بکات.

ئەو پارتییەی کە جەماوەرەکەی لە زۆربووندایە و خەریکە هەموو کورد هەڵدەلووشێت و، بە نیازە ببێتە ئامڕازی دروستکردنی دەوڵەتەکەی مەسعود کە باوکی نیازی نەبوو جیای بکاتەوە. ئەوەی مەسرور دەڵێت کاتی نەهاتووە بۆ ئەوەی کورسیەکەی مسۆگەر بکات، چونکە ئەو قسەیە پەیامی ویلائدووبارەکردنەوەیە بۆ ئەوانەی دۆستی دەوڵەتی کوردی نین، بۆ تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و پێیان دەڵێت لەویان باشتر و دڵسۆزتر دەست ناکەوێت بۆ درێژەپێدانی ڕێبازەکەی باوکی و باپیری!

ئاخر ناوی یەک دەوڵەتم پێبڵێن کە لە سەدەی ڕابردوو و لەم سەدەیەدا دروستکراوە، کاتێک کە لە خوتوخۆڕا خانەوادە نێودەوڵەتێکە گووتویانە فەرموو دروست ببە!

کام لەو دەوڵەتانە مۆڵەتی دروستبوونی هەبووە گەر بە زۆر و بە ئیرادەی میللەتەکە و سەرکردەکەی خۆی دروست نەکرابێت و هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکەی بۆ نەگونجێنرابێت!

پارتی کە قوتابخانەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بێت ئیتر کوا جێگەی نەفەس و داهێنان و دەستپێشخەریی هێشتۆتەوە تا نەوەکانی ئەو میللەتە بتوانن تواناکانیان یەکبخەن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی و پاراستنی! ئەو پارتییەی کاتێک سەرۆکە خێڵەکییەکەی تڕێک لێدەدات هەموو دەست دەگرن بە سنگیانەوە و دەڵێن ئەزبەنی زگت خۆش و لەهەمان کاتیشدا غەموپەژارە دەردەبڕن بۆ هەوای خەساربوو!

ئاخر ئێستا پێدەچێت پێم بڵێن قسەی بازاڕی مەکە و بە زمانێکی مۆدێرن بنوسە و باسی تڕومڕ مەکە! دەی بڵێم چی تۆ لە کوێی دنیا بینیوتە ئەوەندە فشەی دروستکردنی دەوڵەت کرابێت و دروست نەکرابێت.

نەوترێت ئەو دەوڵەتە سنورەکەی کوێیە، پانتاییەکەی چەندە، بۆ دروست دەکرێت، کێ تیایدا دەحەسێتەوە و ئاڵاکەی چۆنە و کام میللەت نەک خێڵ دەبێتە خاوەنی! ئاخر جیاوازی ئەو قسانە و هەوا بەردان چییە!

میللەتی کورد نەک باوەڕی بەو فشەوفیشاڵانە نییە بەڵکو چاکیش دەزانێت لە کوێوە دەکرێن.

تۆیەک کە خۆت دەستخۆشی لە تورکیا و ئێران بکەیت کە هاوڵاتییەکانت دەسوتێنن ئیتر دەوڵەت بۆ کێ دروست دەکەیت؟

من هەر لەسەر قسەی خۆم سورم، گەر مەسعود ئەو دەوڵەتەی دروست کرد منیش ئاڵاکە دەبەمە سەر مانگ هەرچەند ناشتوانم نیو مەتریش بفڕم!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە