زانكۆكانی هەرێم

Friday, 25/11/2011, 12:00
















زانكۆ ناوەندێكى زانستیە كە تاك پێدەگەیەنێت لەرووى زانستى و مەعریفیەوە. ئاستیى زانستیی هەر ولاتێكیش بەندە بە زانكۆوە. ژمارەی زانكۆى هەر دەولەتێك ئاستى پێشكەوتنى زانستى و مەعریفى ئەو ولاتە دەردەخات بەبەراورد لەگەل ولاتانى تردا. ئایا ئەم بارودۆخە چۆنە لە هەرێمی كوردستاندا؟ ژمارەیەكى بەرچاو زانكۆمان هەیە بەلام نەیان توانیوە وەك پێویست بەرۆلى خۆیان هەستن. دیاردەیەك كە بێهۆكار نیە. یەكێك لەم فكتەرانە بریتیە لەو سیستەمە دواكەوتوە تەقلیدیەی زانكۆكان كە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمى رژێمى باعس. ئەم سیستەمە هەمیشە تاكێكى رەخنەگر بەرهەم نایەنێت بەلكو تاكێكى گوێگرو بێدەنگ دروست دەكات. هۆكارێكى تر خوێندكاران خۆیانن كە هەولی خۆرۆشنبیركردن نادەن و سوود لەو توانا كەمانە وەربگرن كە لەبەردەستدان بەتایبەت لە سەردەمی ئێستەی تەكنەلۆژیاو جیهانگیریی.

لە كۆلێجێكدا وەردەگیرێیت خواستی تۆ نیە
بە تەنیا تەواو كردنی زانكۆ نابێت هەموو ئامانجەكە بێت بەلكو چی فیربویت لەو زانكۆیەی تێیدا خوێندنت تەواو كردوە؟ یەكێك لە كێشەكان بریتیە لەوەی كە خوێندكار لە كۆلێجێكدا وەردەگیرێت كە خواستی ئەم نیە هەربۆیە تواناو وزەی خۆی ناخاتە كار زانستانە فێر ببێت و لە هەولی ئەوەدا دەبێت تەنیا بتوانێت زانكۆ تەواو بكات و ببێتە موچەخۆر. دیاردەیەك كە خزمەتی كۆمەلی پێناكرێ. كێشەیەكی تری ئێمەی خوێندكاران لەوەدایە كە بە ئامادەنەكراوی دەچینە نێو ژیانی زانكۆوە لەوەی سیستەمی خوێندنی قوتابخانەمان پركەموكوری بووە. كە دێینە زانكۆ زۆربەمان توانای تەكنیكی نوسین و دارشتن و ئیملای نیە. وانەكانمان لەسەر بنەمای مەلزەمە دارێژراوە كە دەكرێ دەرخی بكەیت و لە تاقیكردنەوەكاندا دوبارە بیاننوسیتەوە زۆربەی جار بێئەوەی بەشداری وانەكان بكەیت. دەكرێ بوترێ كە زانكۆكەمان بۆ سەردەمی سالانی پەنجاكان و شەستەكان گونجاوە نەك بۆ ئێستەی سەدەی بیست و یەكی سەردەمی جیهانگیریی و تەكنەلۆجیای نوێ و كرانەوە بەسەر دنیای دەرەوەدا ئەگەر زانكۆی سلێمانی بەنمونە بهێنمەوە.

زۆری ژمارەی خوێندكارن لە هۆڵەكاندا
كێشەكان هەمە لایەنن. راستە مامۆستای باشمان هەیە بەلام مامۆستاشمان هەیە كە لەسەر ئاستی زانستیی پیویست نییە. دیارە ئەمانیش بەرهەمی هەمان سیستەمی پەروەردەكەیە، ئەو سیستەمی پەروەردەیەی كە خۆی پێویستیی بە چاكسازی هەیە. كیشەیەكی تر بریتیە لە ژمارەی خوێندكاران كە زۆرن لە هۆڵەكانی خوێندندا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندكار شەرم بكات لە پرسیاركردن و بەشداربوون لە وتووێژەكاندا. بۆ بەهیزكردنی باری ئەكادیمیمان دەبوایە جاروبار لە وانەكاندا فیلم و سلاید نیشان بدرانایە.

ئایا مامۆستاكانی زانكۆ بەرهەمی زانستییان نییە یان كاری پێناكرێ؟
بەشێكی زۆری كتێب و سەرچاوەكان لە زمانی عەرەبیەوە وەرگێردراون بۆ كوردی. زۆربەی جار تێگەیشتن لەشێوەی وەرگێرانەكان ئاسان نییە. جار هەیە لە زمانێكی بیانیەوە وەرگێردراوتە سەر زمانی عەرەبی و لە میشەوە بۆ كوردی كە دوور نییە لەواتا ئەسلیەكەی خۆی وون بكات. ئایا هۆی ئەوە لە چیدایە كە مامۆستاكانی زانكۆ بەرهەمی زانستییان كەمە، یان ئاخۆ لەوەدا بێت زانكۆ كار بە بەرهەمەكانیان ناكات كە بكرێنە بەرنامەی خوێندن و شوێنی سەرچاوە بیانیەكان بگریتەوە بەواتا بەرهەمی زانستیی خۆماڵیی. كتێبخانەكانمان هەتا كاتێكی دیاریكراو رۆژانە كراونەتەوە. ئاسان نیە لە دەرەوەی دەوامی خۆت بچیتە نێو زانكۆو سەردانی كتێبخانەكان بكەیت. زۆرێك لە مامۆستای لێهاتوو هەیە لە دەرەوەی هەرێم بەلام دەلێن ناگەرێنەوە چونكە مامەلەكردن لەگەلیاندا لە هەرێمی كوردستان و بگرە لە عێراق بەگشتی لە ئاستی پێویستدا نیە. ئەمرۆكە ولاتێك بە چەك و سەرباز پێوانە ناكرێ بەلكو بەوەی چەند زانكۆو ئەكادیمیست و نوسەرو رۆشنبیرت هەیە. بۆ ئەوەی ئێمەی خوێندكارانی ئەمرۆ بتوانین سبەینێ خزمەتی كۆمەلو ولاتەكەمان بكەین و ببینە توێژێكی بەرهەمهێنەر پێویستە لەسەر دەسەلات شوێنی كارمان بۆ دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش وەبەرهینان بكات لە پرۆژە زانستی و پیشەسازیەكان و زۆری كەش.

رەیان عمر
خوێندكار لە كۆلێجی یاساو زانستە رامیاریەكان / زانكۆی سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە