ڕێکەوتنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی
Thursday, 21/02/2013, 12:00
بەشی یەکەم - سەرنج و تێبینی لەسەر بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە :-
لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە تا ڕۆژی تێکشکانیان لە "سەرێکانی" ، هەمیشە تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەی لایەنی کوردی دەکرد و بە هاوکار و شەبیحەی ئەسادیان ناو دەبردن . بەڵام دوای سێ جار هێرشکردن بۆ "سەرێکانی" و تێکشکاندنە یەک لە دوای یەکەکانیان ناچار بوون کە هانا بۆ ڕێکەوتن بێنن و ڕێکەوتنێکی 11 بەندی واژۆ بکەن . کورتەی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە :-
1- پاشەکشەکردن و نەهێشتنی دیاردەی چەکداری لە شارەکەدا .
2- دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی لە هەردولا بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە .
3- دامەزراندنی ئەنجومەنێک لە تەواوی پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە .
4- دەروازەی سنوور دەدرێتە دەست ئەنجومەنی شارەکە .
5- ئەنجومەنی شارەکە بڕیاردەر و ڕێگرە لە دەستێوەردانی سەربازی لە کار و بارەکان 6- یەپەگە و ئارتەشی ئازاد زاڵگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دادەنێن لە دەروازەکانی شار .
7- زاڵگە هاوبەشەکان کار ئاسانی دەکەن بۆ گواستنەوەی پێداویستی و دەربازبوونی خەڵک و هێزی چەکدار لە لایەکەوە بۆ لایەنی بەرامبەر.
8- هەردوو لایەن هاوکار دەبن بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی کە بە داگیرکراوی ماونەتەوە
9- بە ڕاگەیاندنێکی هاوبەش دیاری بکرێت کە شارەکانی "درباسیە-عامودا-تەلتەمر-گرکی لەگێ" ئازادکراون لە دەست ڕژێم .
10- کۆتایهێنان بە ڕاگەیاندنی دژ بە یەک . 11- پێشەکی ڕێکەوتننامەکەش یەک لە خاڵە سەرەکیەکانە .
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=5618&niviskar=192&cure=3&kijan= بەندەکانی [ یەکەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و حەوتەم و نۆیەم و دەیەم و یازدەهەم ] بریتین لە ئامانجە سەرەکیەکانی پەیەدە و یەپەگە و ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان . هەر لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی گەلانی سوریادا پەیەدە زۆر چالاکانە کەوتە خۆ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل لە لایەک و ئەنجومەنی ئەو شار و گوند و گەڕەکانەی کە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ، هەوڵی زۆری دەدا کە تەواوی پێکهاتە جۆراو جۆرەکان لە ئاین و نەتەوەی جیاواز بەشدار بکات لە ئەنجومەنی شار و گوند و گەڕەکەکاندا و ئەنجومەنەکە بکاتە بڕیاردەری سەرەکی ، پەیەدە هەوڵی زۆری دەدا هێزی چەکدار لە شارەکان بچنە دەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و دەروازە و ڕێگە سەرکیەکان و شوێنی خۆی لە شار و گوندەکاندا بسپێرێتە هێزی ئاسایش .
پەیەدە هەوڵی زۆریدا خۆی لە ململانێی حیزبایەتی بە دوور بگرێت و زمانی زبر و ڕاگەیاندنی شەڕخوازانە جێگەی دیالۆگ و زمانی ئاشتیخوازانە نەگرنەوە ، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە خۆی بە بەشێک لەو شۆڕشە پێناسە کرد بە چەندین جیاوازیەوە ، ئەو جیاوازیانەش ئەوە بوو کە هێڵێکی سەربەخۆیان هەڵبژارد و خۆیان گرێ نەدا بەو هێزانەوە کە لە تورکیاوە گەورە دەکران ، لە هەمان کاتدا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکردەوە و برایەتی گەلانی بە بناغە دادەنا و دەیخواست لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری و بە شێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی کوردان دەستەبەر بکات . بەڵام لایەنەکانی دیکە و لە سەروی هەموویانەوە ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان هیچ حسابێکیان بۆ خۆپیشاندانە جەماوەریەکان نەکرد و هەر لە سەرەتاوە خۆیان گرێدا بە تورکیا و هێزە دەرەکیەکانەوە و شەڕیان خستە نێو ماڵی خەڵک و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە هێرش بکەنە سەر هەموو ئاین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازاەکان و زۆرترین بێحورمەتیان بە سیمبوڵ و شوێنە ئاینیەکانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان کرد و ئاڕاستەی سەرهەڵدانەکانیان لە شۆڕشەوە گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕی .
بەندی یازدەهەم ، پەیوەستە بە پێشەکی ڕێکەوتننامەکەوە و یەک لەو خاڵانەی دیکەیە کە ئامانجی پەیەدە بوو ، پێشەکی بەیاننامەکەش باس لە ئازادی سوریا و پێکەوە ژیانی برایانە و قبوڵکردنی بیر و باوەڕە جیاوازەکان و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سیستەمی پەڕلەمانی دەکات .
بەندی دووەم ، پەیوەستە بە دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە . ئەم بەندە هێندە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە و لە هەموو ڕێکەوتننامەیەکدا ئەو کارە دەکرێت ، لە ڕاستیدا ئەو بەندە تەنها بۆ زیادکردنی بەندەکانە دەنا بەبێ زیادکردنی ئەو بەندەش ئەو دەستەیە هەر دادەمەزرا .
بەندی چوارەم باس لە دەروازەی سنوور دەکات و پێویستە ڕادەستی ئەنجومەنی شارەکە بکرێت . ئەم خاڵەش 100% لە بەرژەوەندی کوردان و پەیەدەدایە ، چونکە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی سوریادا ئەو دەروازە سنوورییە لەلایەن تورکیاوە داخرا ، پاشان دەروازەکە ڕادەستی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا کرا و تەواوی چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد) لەو دەروازەیەوە هێرشیان دەکردە سەر شاری سەرێکانی ، ڕادەستکردنی دەروازەکە بە ئەنجومەنی شار هۆکارێک دەبێت بۆ کردنەوەی دەروازەکە لە لایەن تورکیاوە ، ئەو کات هەم داهاتی دەروازەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەل و هەم چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش لەو دەروازەیە دوور دەکەونەوە . بە حوکمی ئەوەی دەروازەکە لەسەر سنوورە ئەوا هیچ کاتێک یەکینەکانی پاراستنی گەل نەیاندەتوانی دەستی بەسەردا بگرن ، دەنا ئەگەر وا نەبوایە ئەوا چۆن ئارتەشی (ئازاد) لە تەواوی شاری سەرێکانی دەرکران دەتوانرا لەو دەروازەیەش دەربکرێن .
بەندی شەشەم باس لە بازگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دەکات . ئەم بەندە زۆر ئاڵۆزە (واتە هەم لایەنی باشە و هەم لایەنی خراپی تێدا بەدی دەکرێت) . ئەگەر ئەم بەندە جێبەجێ بکرێت ئەوا :-
لایەنە خراپەکانی ئەوەیە کە :- دوو هێزی جیاواز بە دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز و دوو مەرامی جیاوازەوە مەحاڵە تا سەر بتوانن پێکەوە لە بازگە هاوبەشەکاندا هەڵبکەن ، لە هەمان کاتدا ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هیچ پێگەیەکی ئەوتۆی نییە لە نێو شارەکەدا و زۆربەی چەکدارەکانی لەو کەسە جیهادیانە پێکهاتوون کە غەیرە سورین و لە وڵاتانی دیکەوە هێنراون . ئایا لە کاتێکی وەهادا چ جۆرە کەسانێک لەلایەن ئارتەشی ئازادەوە دەستنیشان دەکرێن بۆ زاڵگە هاوبەشەکان ؟ بێگومان کەسانی بێگانە و غەیرە سوری بۆ ئەو جێگانە نابن . هەروەها لە دیدی ئیخوانالموسلمینەوە نابێت ئافرەتان لە دەرگای ماڵەکانیان بێنە دەرەوە ، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ئافرەتان پێکهاتوون و ئاسایشی شارەکە دەپارێزن .
لایەنە باشەکانی ئەم بەندەش ئەوەیە کە :- شارەکانی(کۆبانی و عەفرین و تەلحاسڵ و تەلعەران و کوردەکانی حەلەب) ڕزگاریان دەبێت لەو گەمارۆ دڕندانەیەی کە لە لایەن ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە ، چونکە جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو نیە بەڵکو خاکەکەی لێک دابڕاوە و لە نێوان هەر شارێک و شارێکی دیکەدا ناوچەیەکی بەرفراوانی عەرەبی هەیە و تەواوی ئەو ناوچە عەرەبنشینانەش بە دەست ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوەیە . ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی دەخستە سەر ئەو شارانە لە هەمان کاتدا زۆربەی کاتەکان ڕێگەی هاتوچۆیان لە کەسە سڤیلەکانیش دەگرت ، باشترین نموونەش لە کاتی شەڕەکانی "ئەشرەفیەی حەلەب و سەرێکانی"دا بەدەرکەوت ، کاتێک ئارتەشی ئازاد لەو شەڕانەدا تێکشکا لە بەرامبەردا ڕێگەی هاتوچۆی نێوان (حەلەب - عفرین) و (کۆبانێ - سەرێکانی)یان لە ڕێبواران بڕی و بە سەدان کرێکار و ژن و منداڵی کوردیان بە بارمتە گرت .
بەندی هەشتەم باس لە هاوکاری نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی دیکەی جزیرە"پارێزگای حەسەکە" کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان . ئەم بەندە هیچ سودێکی بۆ کوردان نییە ، چونکە گەورەترین دوو شاری ناوچەی جزیرە واتە(حەسەکە و قامشلۆ) هێشتا ئازاد نەکراون . هاتنی ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بۆ ئەو دوو شارە گەورەترین قەیران ساز دەکات ، چونکە ئارتەشی ئازاد ڕووی لە هەر جێیەک کردبێت ئەو جێیەی لە خوێن هەڵکێشاوە و شوێنەکەشی دووچاری وێرانی کردووە . ئەگەر ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بەم کردەوە قێزەونانەوە ڕوو لەو دوو شارە کوردیە بکەن دەبێت چ کارەساتێک ڕووبدات لە کاتێکدا وەکو سەرسەختترین دوژمن لە کوردان دەڕوانن ؟
درێژەی هەیە .........
جەلال چوارتایی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست