ناوەڕۆکی نامەکەی مەسعود
Friday, 12/08/2011, 12:00
خوێنەری بەڕێز، لەبەر گرنگی و پڕبایەخی نامەکەی مەسعود بۆ کاك نەوشیروان ، بەپێوستمان زانی کە ئێوەی خۆشەویستی لێ ئاگادار بکەینەوەو لەهەمان کاتیشدا کاریگەری ئەو نامەیە واڵا بکەین ،بەشێوەیەك کەنەك هەر کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناوچەیی و هەرێمی و جیهانی بەدوای خۆیەوە هێنا، بەڵکە ئەم کاریگەریە گەیشتە ئاستی ئەوەی کە فشار لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی کەش و هەوای سلێمانی کرد و توانی چەند پلەیەك لەو گەرما بەتینە دابەزێنێ کە خەڵکی بەگشتی و ڕۆژوان بەتایبەتی هەراسان بوون و پێوەی ئەناڵێنن.
ڕەنگە درێژە دادڕی و زیاد ڕەوی نەبێ گەر بڵێین ئەم نامەیە چارەسەری تۆپباران کردن و کێشەی بێ ئاوی و کارەبا و زۆری تریش کۆتایی پێ بهێنێ. بۆیە لەسۆنگەی خەمخۆریمان و پێزانینمان بۆ ئەو نامە گرنگە ، وامان بەباش زانی هەندێ بڕگەی وەك خۆی لێ بڵاو بکەینەوەو هیوادارین کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی و سەرۆکی خێڵی هەزارو یەك کەسەکەو سەرۆکی کوردستان و سەرۆکی هەرچی لێژنەو میژنە هەیە ، لەم جۆرە نامە پڕ هیواو ئومێدیە خەڵکی ئێمەی لێ بەش نەبێ و وەئەمەش دوا نامە نەبێ بۆ ئۆپۆزیسێۆن و گەلەکەمان.
لەڕاستیدا شێوازی نووسین و ئەو زوبانە پڕ عەرەبیەی لەم نامەیەدا بەرچاو ئەکەوێ ڕەنگە هەندێ ڕەخنەی زماونەوانی لێ بگیرێ، لێ داواکارین نەختێ خاتری بگیرێ لەبەرئەوەی خودی سەرۆکی هەڵبژێردروای کورد هەنووکە گەلێ سەری جنجاڵ و قاڵە بە دروست کردنی دەوڵەتی کوردی، جا بۆیە بۆی نەکرا و کاتی ئەوەی نەبوە بە تێرو تەسەلی پێداچوونەوەی بۆ بکاو دیارە بەهۆی دوور خستنەوەی موفەکرو ڕۆشنبری بەناوبانگ(سەرۆ قادر) لەپۆستەکەی نەکرا کەسی تر ئەو کارە بکا.
لەوانەیە هەندێ هەبن پێیان وابێ کە نامەکەو هەڵگرانی ئەبوو لەئاستی خەڵکانی بارزانی و جامانە سوور بونایە، وەیان پێیان وابوبێ کە سەعدی پیرە فایلدارەو پارتەکەی ئەم هیچ فایلدارێکیان نیە. ئێمەش ئەڵێین ئێ قەیچێکەو ئەوە نیە یەکسەر براوان بۆ ماڵی کاك نەوشیروان و ئەمیش نامەکەی لەو دوو زاتە فایلدارە وەرگرتوەو دواتر وەك دەرکەوت هیچی تازەی تیا نیە بۆ ئۆپۆزیسێۆن؟؟
بەڵام هیوا دارین ڕەشبین نەبن و فەرموون لەگەڵ ئاوەڕۆو و ناوەڕۆکەکەی :
پێشەکی: لە عومقی دڵمەوە پێم خۆش بوو کە هاتن بۆ تەعزییەی دایکی ڕوحیی و کورد و هیوادارم تێنەگەن ئێمە بەو هاتنەتان خۆشحاڵ بووبین و بتانەوێ هەڵمان بخەڵەتێنن. لەڕاستیدا هاتنتان تەنها ئەو راستیەمان بۆ دووپات ئەکاتەوە کە ئێوەی (سۆرە)وەك ڕەحمەتی باوکی ڕوحی کورد ووتویەتی (سۆرە قو...) هەر ئەوەمان لێ ئینتیزار ئەکردن و تەبعەن بۆ ئێمەی مورید و جامانە سوور هیچ لامان مهم نیە. ئەگەر چی من نەهاتووم بۆ تەعزیەی هیچ سۆرانیەك و لەداهاتووشدا هەر نایەم بەڵام ئێوە وەرن و گوێی مەیەنێ.
ئەگەر چی بەم هاتنەتان ، توانیتان پرسەکەی دایکم بکەن بە پرسەیەکی سیاسی و هەروەك چۆن جهلۆش بەشان و باڵی دایکمدا هەڵی دا، بۆیە هەنووکە لای دەسەڵات و موعارەزە دەرکەوت کە دایکم نەك هەر کوردپەروەرو شۆڕشگێڕ بووە، بەڵکە بووش بەدایکی ڕوحی هەموان. بۆیە حەقی خۆمانە مانگانە بەبڕی ٥٠ دەفتەر لە بودجەی حکومەت سەرف بکەین و هەروەك چۆن ڕێکخراوێکی خێرخواز و ئینسانیمان بۆ باوکمان دروست کرد، ئەوا شتێکی واش بۆ ئەو بنیات ئەنێین. بۆیە من ئیقتیراحێکم هەیە کە بەزووترین کات سەردانی لای خۆم بکەیت هەرچی پلەو پۆست و پارە هەیە بتان دەمێ، ئەگەر چی لەنامەکەدا پارەو چەکی بانقی تێدا نهبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی لەکوردستان ئێشتا نزامی (credit card) مان نیە، بۆیە هەوڵ ئەدەین لەداهاتوودا لیژنەیەکی بۆ دروست بکەین و لە (فیس بوك)یش بڵاو ئەکەیەنەوە.
مەسعود بارزانی
پیرمام/ ژی حجە /١٤٣٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست