وەڵامێک بۆ عیماد ئەحمەدەکان: دەربارەی دادگایینەکردنی جاش و ئەنفالچیەکانی دەسەڵات
Thursday, 31/05/2012, 12:00
رۆژنامەی هاوڵاتی دەنووسێت:
موسته‌شاره‌كان له‌ساڵی 1991 له‌لایه‌ن به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه بریاری لێبوردنیان بۆ ده‌ركراو تائێستاش بریاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق بۆ ده‌ستگیركردنی 258 سه‌رۆك جاش و موسته‌شاری تۆمه‌تبار له ئه‌نفال، جێبه‌جێنه‌كراوه.عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌هاوڵاتی وت: (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌وكاتی هه‌رێم له‌غیابی حكومهتو په‌رله‌مان ئه‌و بریاره‌ی ده‌ركرد، هی زه‌مان و زه‌مینه‌ی ئه‌وكات بوو).عیماد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه له‌دوای دامه‌زراندنی پهرلهمانو حكومهتو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌كوردستان، ئه‌و پرسه (بوعدێكی قانونی) وه‌رگرتووه، به‌ڵام حكومه‌ت پابه‌ندبوونی خۆی بهقانونو ئه‌و رێوشوێنانه دوپاتده‌كاته‌وه كه لهدادگاكانهوه دهگیرێنهبهرو هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش پێویسته بچنه به‌رده‌م دادگا كه (ره‌فتاره‌كانیان تاوان دروست ده‌كات).دەربارە پرسی جاش و ئەنفالچیەکان زۆر ووتراوە و کەمیش نەکراوە!من وە ک کەسوکاری قوربانیانی دەستی جاش و نوێنەری کۆمەڵیک لە کەسوکاری دەڤەر پشدەر..بەدەیان نوسین و لێدوانم داوە، تەنانەت پرسی دادگایی جاش و ئەنفالچیەکان، منی هێناوەتە ناو دونیای نووسین.
هەمیشەش لە دەیان چاو پێکەوتن و لێدواندا، ئەم دێڕەم دووپات کردۆتەوە کە دەڵیم (تا پارتی و یەکێتی حاکم بن تاکە جاشێک دادگایی ناکرێت (هەڵبەتە نەک لە ڕوانگەی کۆڵدان و وازهێنان و نائومێدیم لەم پرسە چارەنووس سازەی داواکاری یەکەمی کەسوکاری قوربانیان، بەڵکو لە ناسینی ئەم دەسەڵات و سەرانیان کە چەند بەرگری لەم جاش و ئەنفالچیانە دەکەن، کە خۆشیان تاوانبارترن لە مانەوە، سەر و سەودای هەندێکیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم سەرۆک جاشانەدا، بەتایبەتی پارتی و بارزانی بەشی شێریان بەردەکەوێت.
لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی 1991یەکەم: ئەم لێبوردنە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، بەڵکو لێبوردنێکی سیاسی ئەوسا بووە، پاشانیش بەرەی کوردستانی هەڵبژیراوی خەڵکی کوردستان نەبووە، بەڵکو دوای چەندین ساڵ لە شەری خوێناوی ناوخۆی سەردەمی شاخ، بە زەبری شەقی زەمانە و بەسەرپەرشتی ڕاستە و خۆی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران ئەم بەرە نا کوردستانیە پێکهاتووە.
دووەم: گریمان ئەو لێبوردنەشمان بە ناچاری قبوڵ کرد، لەبەر خاتری خاتران، ئەوەی تۆزقاڵێک سەرو دەری لەگەڵ تاوان و یاسا و ئەو شتانە هەبێت، دەزانێت، کە حکومەت و حیزب دەتوانن تەنیا لە حەقی گشتی خۆش ببن. پرسە گرنگەکە دەمێنیتەوە بۆ خودی کەسوکاری قوربانیان و زیان لێ کەوتوان بەدەست ئەم جاشانەوە..کەواتە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لەهەقی تاکە کەسی خۆش بێت.
بۆ ئەم پرسەش لە دەیان دادگای کوردستان و دادگای باڵای تاوانەکانی
بەغدا هەنگاوی جیدی و عەمەلی نراوە و سەدان داوای یاسایی بە بەڵگە و دیکۆمێنتەوە پێشکەش کراوە... بەڵام لە جێی ڕاپێچکردنی ئەم سەرۆک جاشانە بۆ بەردەم دادگا،
داڵدەروان، پاڕیزراون، موچەی خەیاڵیان بۆڕاوەتەوە، دیوەخانانەیان بۆ سەرف کردووە، بوونەتە بەشێک لەم دەسەڵاتە قیزونە، کوژراوەکانیان کراوەتە شەهیدی سەنگەر، جاشەکانیان وەک پێشمەرگە خانەنشین کراوە، لەکاتی فشاری بەغدا بۆ دەستگیرکردنیانیان لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر بەڕێکراون، یاخود لەلایەن بەرپرسانی وەک بارزانی و تاڵەبانی بە لێدوانی دژ بە بڕیاری دادگای بەغدا بەرگریان لێکراوە.جگە لەوەی بەشێکی زۆریان دوای ئەم لێبوردنەی ساڵی 1991، جارێکی تر پەیوەندییان بە حیزبی بەعسەوە کردۆتەوە بەپێ فایلێک، کە لە ساڵی 2003 دەست کەوتووە زیاتر لە 24 سەرۆک جاش پەیوندییان بە ڕژێمەوە کردۆتەوە لە کاتی ئاشکرابوونی ئەم فایلە و ناوەکانیان، کە دەیان نامەی تایبەتی تیدا بوو، کەسێک لێپێچنیەوەی لەگەڵ نەکرا.
کاتێک دێینە سەرپرسی دادگایی‌کردنی جاش و ئەنفالچیەکان، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە.
تاوانبارترین سەرۆک جاش کە فەتاح بەگی جافە 2200 کەسی بە ڕۆژێک تەسلیم بە ڕژێم کردووە، لەکاتێکدا تەنیا قوربانیانی شەڕی ناوخۆی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی زیاتر لە 10 هەزار کەسە.
کەواتە کورت و کرمانجی.. پرسی دادگایی‌کردنی جاش و سەرانیان، دەبێت لەدادگای گەل بێت، داخۆ ئەوسا عیماد ئەحمەدەکان چۆن بەرگری لەخۆیان دەکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست