کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گوڵ و گولله‌-

Wednesday, 03/03/2010, 12:00


زۆرێک ‌ له‌ ئێمه‌ به‌ گشتی پێمانوایه‌، مه‌به‌ست له‌هه‌ڵبژاردن و ده‌نگداندا ئه‌وه‌یه‌، لایه‌نێک زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بێنێت و ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست،هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ مافی خۆیه‌تی ببێته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر به‌دیوێکدا ئه‌وه‌ مافی زۆرینه‌ بێت، ده‌بێت بپرسین که‌مینه‌کانی نێو په‌رله‌مان و چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت، چۆن مافه‌کانیان به‌ده‌ست بێنن و له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی پشتگیریان ده‌ستبکه‌وێت،له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستاداو به‌تایبه‌تیش ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌لتوری دیموکراتی تێیدا له‌ گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندندایه‌،یان له‌و وڵاتانه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕۆڵی ئه‌کتیڤ ده‌گێڕن و دیموکراتیزه‌کردن له‌ ژیانی یه‌ک به‌یه‌کی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌،سه‌ره‌کیترین ئه‌رکی قورسی لایه‌نی براوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، دابینکردن و ده‌سته‌به‌رکردنی مافی که‌مینه‌کانی نێو په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌، هه‌روه‌ها دانپێدانانی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌و جیاوازیانه‌داو زه‌مینه‌ خۆشکردنی که‌شێکی گونجاوه‌ به‌و جۆره‌ی خۆیان گه‌ره‌کیانه‌، له‌چوارچێوه‌ی یاساکانی ئه‌و وڵاتانه‌دا.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ لیستی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان خۆیان به‌ براوه‌ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌زانن، نابێ ئه‌وه‌یان له‌بیر بچێت،ئه‌رکی سه‌رجه‌م تاکه‌کانی سنوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌، بێ جیاوازی ڕه‌نگ و ئایدیاکان،به‌ تایبه‌تیش له‌ دۆخی گه‌رم گوڕی ئێستادا که‌لایه‌نه‌کان بانگه‌شه‌ بۆ لیست و کاندیده‌کانیان ده‌که‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ڕه‌خساندنی ئه‌و که‌شه‌ هه‌ندێ لایه‌ن و که‌سی تری هه‌ڵاوارد و ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵات ڕه‌خساند، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سه‌نگی پرۆسه‌ و هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراتیانه‌ که‌مده‌کاته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی ته‌نها له‌ده‌نگداندا خۆی نابینێته‌وه‌، به‌ڵکو له‌ بانگه‌شه‌ و دۆخه‌که‌وه‌ تاده‌گاته‌ ڕیزگرتن له‌ ویستی یه‌کتر، له‌کاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان و دوائه‌نجامه‌کانیش، به‌و مانایه‌ی دوای ئه‌نجامه‌کان، هیچ لایه‌نێک له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان و دام و ده‌زگا و شوێنه‌ گستیه‌کاندا، ده‌و که‌سانه‌ هه‌ڵنه‌پێچێت که‌ پشتگیری و بانگه‌شه‌یان بۆ لایه‌نێکی نێو پرۆسه‌که‌ کردوه‌،بانگه‌شه‌ به‌گشتی زۆرجار توند و تیژی و ده‌رچون له‌یاساکانی کۆمیسیۆنی تێدا ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سانایانه‌ ئه‌م کێشانه‌ چاره‌سه‌رده‌کات، بێلایه‌نی دامه‌زراوه‌کان و هێزه‌کانی ئاسایشی نێوخۆیه‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کان، بۆ نمونه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیاو له‌کاتی بانگه‌شه‌کردندا، جۆن پریسکۆت جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا، له‌کاتی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکدا و بانگه‌شه‌کردن بۆ پارتی کرێکاران، که‌وته‌ به‌ر هێرشی هێلکه‌، له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی بۆ پرۆتستۆکردنی هاتنه‌که‌ی ئه‌و هاتبوه‌ ئه‌وێ،ئه‌ویش وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌کی کتوپڕ ده‌ستی کرده‌ شه‌ڕه‌ بۆکس و ده‌ستیان خسته‌ یه‌خه‌ی یه‌کتر، هه‌رچه‌نده‌ پریسکۆت پۆلیسێکی زۆریشی له‌ده‌ورو به‌ر بون، به‌ڵام که‌سیان هه‌ڵیان نه‌کوتایه‌ سه‌ر کابرای هێلکه‌ هاوێژ، به‌ڵکو بێ جیاوازی وه‌کو دو هاوڵاتی ئاسایی پۆلیسه‌کان خه‌ریکی لێک کردنه‌وه‌یان بون، له‌ هه‌واڵه‌کانیشدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بو که‌ پریسکۆت ده‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت، نه‌ک هاوڵاتیه‌که‌ ئه‌ویش به‌هۆی ئاستی به‌رپرسیاریه‌که‌ی که‌ چه‌نده‌ها قات به‌رزتر بو له‌و هاوڵاتیه‌، بۆ به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش باخوێنه‌ر سه‌یری ئه‌م لینکه‌ بکات و به‌ چاوی خۆی بیبینێت:
http://www.youtube.com/watch?v=5XTiI1e-wVc
ته‌قه‌ و ترساندنی خه‌ڵک و هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌کان ، یه‌کێکه‌ له‌و دیارده‌ ناشارستانیانه‌یه‌ی، ڕۆژانه‌ له‌ بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردند به‌رگوێمان ده‌که‌وێت،به‌ تایبه‌تیش باره‌گاکانی لیستی گۆران و جه‌ماوه‌ری لیستی گۆڕان، سێره‌ی ئه‌و جۆره‌ کردانه‌ی لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانن، ئه‌وانیش له‌بری توندو تیژی و کاری ناشایسته‌، گوڵ ده‌به‌خشنه‌وه‌، خه‌لکینه‌ بیهێننه‌ به‌رچاوی خۆتان و وا به‌ساده‌یی به‌سه‌ریدا ڕامه‌بورن، گوڵ و گولله‌ چه‌ند جیاوازیان هه‌یه‌ ئه‌وانیش زیاد ئه‌وه‌نده‌ جیاوازن، له‌ تێڕوانینه‌وه‌ بۆ ئاینده‌تان، له‌ خزمه‌تکردنه‌وه‌ بۆ خاک و نیشتیمانتان، ئێمه‌ هه‌مومان زامه‌کانمان ئێستاش تکه‌ی خوێنیانه‌ به‌و گولله‌ خۆماڵیانه‌.
پێشمه‌رگه‌ و میلیشیا: پێشمه‌رگه‌ وه‌کو که‌سایه‌تی، هه‌میشه‌ نیشانه‌ی به‌رخۆدان و گیان فیدایی بوه‌ له‌ پێناو خاک و نیشتیماندا،ئه‌وانه‌ی چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تیان کرده‌ شان و مه‌رگیان پێش ژیان بۆ ژیانی گه‌ل و وڵات هه‌ڵبژارد، هه‌رگیز پێیان وانه‌بو پیرۆزی خه‌بات و ناویان ده‌کرێته‌ پاروی ده‌سته‌ و تاقم و حیزب و بازرگانی به‌ ناوه‌که‌شیانه‌وه‌ ده‌که‌ن،هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بو به‌ ئامرازێک به‌ده‌ست حیزبه‌کانه‌وه‌، به‌جۆرێک پێشمه‌رگه‌یان ئاراسته‌ کرد پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و تا گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به‌ ئاراسته‌یه‌کیاندا بردن به‌های مرۆڤایه‌تیشیان له‌ده‌ست بده‌ن و وه‌کو کاڵایه‌کی ئه‌لکترۆنی چۆن و له‌ کوێیان بوێن به‌کاریان بێنن، ده‌پرسم له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ لوله‌ی تفه‌نگه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ئاراسته‌یان به‌ره‌و کوێ بوه‌، چه‌ند فیشه‌کیان به‌ دوژمنانی کوردو کوردستانه‌وه‌ ناوه‌،چه‌ند جار پێشگیریان له‌ سوپای بێگانه‌ کردوه‌ و له‌گه‌ڵیان ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌،چه‌ندیش شه‌ڕی کورد کوژیان به‌و هێزه‌ کردوه‌،ئێستاش لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌یانه‌وێت ئه‌و هێزانه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بمێننه‌وه‌ له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و که‌سی خۆیان، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمان و پێشمه‌رگه‌ خۆی، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕێزی پێشمه‌رگه‌یان گرتبایه‌، نه‌ده‌بوایه‌ هه‌رگیز به‌یه‌کتریان به‌کوشت دابایه‌ن، تا ئێستاش چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی کورد کوژی بێ سه‌رو شوێنن، ئه‌ی بۆ لایه‌ک له‌وان ناکه‌نه‌وه‌ چاره‌نوسیان دیاریناکه‌ن و که‌س و کاریشیان به‌خه‌می چاوه‌ڕوانیه‌وه‌ سه‌رنه‌نێنه‌وه‌.
فرسه‌ت و بودجه‌: ده‌بێ هه‌مومان پێشه‌کی ده‌ست خۆشی له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ و ئه‌و کامێرامانه‌ش بکه‌ین، که‌ ئه‌وان نه‌یانهێشت بودجه‌که‌ بۆ ئه‌وان تێپه‌ڕێت فرسه‌تی لێبێنن، کامێرامانه‌که‌ش وه‌ک خۆی، وه‌کو به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر به‌ هه‌مومانی ڕاگه‌یاند ئه‌وان له‌ که‌مین دابون، بۆ ئه‌وه‌ی فرسه‌تێک بێنن و بیبه‌ن، خه‌ڵکینه‌ وردببنه‌وه‌، وشه‌ی فرسه‌ت وه‌کو زاراوه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێک به‌کاردێت! دوژمن فرسه‌ت له‌ دوژمن دێنێت، خۆ ئه‌و بودجه‌ هی خه‌ڵکه‌ و خه‌ڵکیش به‌دوژمن ده‌زانن، داواش ده‌که‌ن هه‌ر ئه‌و خه‌لکه‌ش‌ متمانه‌تان پێبدات! فرسه‌ت له‌ بێئاگاییدا به‌رامبه‌ر به‌ ناحه‌زێک ئه‌نجامده‌درێت! فرسه‌ت بۆ زۆر شتی تری نادروست به‌کاردێت، به‌لام نامه‌وێت له‌و ئه‌تیکه‌ ده‌رچم.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە