بانگەوازێك سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی سوریا بە گشتی و ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی
Wednesday, 06/01/2010, 12:00
داود باغستانی
دیارە نوكڵكردن لە بوونی نەتەوەی كورد لەم ڕۆژگار و سەردەمەدا لە پەرەسەندن و فراوانبووندایە، لەلایەن ڕژێمە داگیركەرەكانی كوردستانەوە و نزیكەی سەدەیەكە شۆڤینیستەكانی ناو میللەتانی سەردەست لە فارس و تورك وعارەب بێگوێدانە هیچ پرنسیپێكی هاوسێتی و مێژووی هاوبەش و كەللتوری و مرۆڤایەتی بەردەوامن لە سەركوتكردنی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و هەمیشە بەئاگر و ئاسن و بەو پەڕی دڕندەیی وەحشیگەرییەوە ڕاپەڕین و شۆرشەكانی نەتەوەكەمانیان دامركاندۆتەوە و بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتە داگیركەرانە هەمیشە یەك هەڵوێست و یەك بڕیار بوون و پیادەی یەك سیاسەتیان كردووە دژ و دەرحەق بە نەتەوەكەمان ، دیارە لە بەرامبەریشدا ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان بەو پەڕی سەخاوەت و بوێرییەوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەمی داگیركەران بوونەتەوە تا سەلماندیان كە هیچ هێزێك نیە بتوانێ ئەم نەتەوەیە لە ناو بەرێت و مەحفی بكاتەوە ، یاخود دەستبەرداری ماف و داواكارییە مرۆڤدۆستانەكەی خۆی بێت . بەڵێ ڕاستە ئەوان توانیان وڵاتەكەمان داگیر و وێران بكەن، ڕۆڵەكانمان بە ملێونان شەهید و بریندار و پەك كەوتە بكەن ، بە ملێونانیشمان ئاوارە و دەربەدەر و سەرگەردان بكەن بە هەزاران گوندو شار و شارۆچكەمان خاپوور و وێران بكەن ، بەڵام لە ئاكامدا دوژمنان و داگیركەران دۆڕان و سەر شۆڕبوون ، ئەم نەتەوەیەش بەو پەڕی سەربەرزییەوە مایەوە و لە ناو نەچوو ، تا ڕۆژی ئەمرۆكە ناحەزان و داگیركەران و دوژمنانی ئێمە هەرچیان بۆ كرابێت لە زوڵم و ستەم و زۆرداری و و هەرچی میتۆد هەیە بە كاریان هێناوە لە چەك و تەقەمەنی نێودەوڵەتی قەدەغە كراو تا دەگاتە ژەهر و كیمیا باران و جینۆساید و هەرچی جۆر و شێوازی پیلان هەیە ، بەڵام نەیان توانیووە ئێمە ی كورد لەناو بەرن و بەڵكو نەشیانتوانیوە زەڕەیەك لە ئیرادەو وورەی ئەم نەتەوەیە و ڕۆڵەكانی كەم بكەنەوە، بەڵام ئەم داگیركەر و ملهوڕانە پەند و عیبرەت و وانە لە ڕابووردویان وەرناگرن و هەر بەردەوامن لە سەر هەمان سیاسەتی بە سەر چوو ڕیسواو لەقاودراو . ئەوەتا لە باكووری كوردستان لە بەر چاوی هەموو ڕای گشتی جیهان و دەزگاكانی میدیا دەبینن چۆن مامەڵە لەگەڵ بوونی كورد و كێشە ڕەواكەی دەكرێت و وەعەقڵیەتی كەمالیزم و سیاسەتی چەوتی ئیسلامگەرایی سیاسی (ئۆردوغان) و حكومەتەكەی چ شاڵاوو ڕەشبگیریەكی دەست پێكردووە لە دژی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان، كە دوورە لە سادەدترین پرەنسیب و بنەماكانی مافی مرۆڤ لەم سەردەم و جیهانەدا. ببینن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سیاسەتی شۆڤێنستانەی ئیسلامگەرایی سیاسی دیكتاتۆری مەلاكان و عەقڵیەتی شۆڤێنیەكانی میللەتی سەردەست چۆن ڕۆڵەكانی میللەتەكەمان لەم پارچەی كوردستاندا دەچەوسێننەوە و بە دڕندانەترین شێوە دژی خواست و داواكاریە مرۆڤدۆستیەكانی نەتەوەكەمان دەبنەوە، بە جۆرێك ڕژێمی مەلاكان نەك هەردژی خواستەكانی كوردن بەڵكو روو بەڕووی ملێۆنان لە گەلانی ئازادیخوازی ئێران بوونەتەوە، بەڵكو لەمەش زێتر ئەم ڕژێمە دژی هەموو جیهانی ئازادو سەربەخۆ وەستاوەتەوە و مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم مەترسی بەرپا بوونی جەنگێكی كاولكارانەی جیهانی. لە باشووری كوردستانیش سەرەڕای بوونی دەزگاكان و دامەزراوەكانی نیمچە حوكمەتێكی سەربەخۆی كوردستان، بەلام عەقڵە شۆڤێنیەكانی ناو عارەبی ڕژێمی ئیستای عێراق ، ڕۆژانە دەیان و بگرە سەدان ئاستەنگ و لەمپەڕ دروست دەكەن لە بەردەم ئەزموونی هەرێمی كوردستاندا و تا ئێستاش پتر لە سەدا سیی خاك و خەڵكی باشووری كوردستانیان داگیر كردووە و مل نادەن و دەست هەڵناگرن لەو سیاسەتەی كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی سەر كورسی دەسەڵات لە عێراقدا پیادەیان دەكردوو سەرەڕای ئەوەی باشیش دەزانن ئاكامی ئەو سیاسەتە نشووستی و ژێر كەوتن و دۆڕان بوو . ئەوەتا لەم ڕۆژانەشدا وەك دەیان ساڵی ڕابووردو ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی لە سوریا بەردەوامە لە سیاسەتی ملهوڕانەی خۆی بەرامبەر ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان لە ڕۆژئاوایی كوردستان، ئەوەتا شاڵاوێكی ڕەشبگیری كوێرانەی بەرپا كردووە كە هەموو چیین و توێژەكانی گرتۆتەوە لە قوتابیان و لاوان و كاسبكاران تا دەگاتە كچان وژنانیش بە پیرو گەنجەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوامە لە جێبەجێكردنی دەیان نەخشەو پلان و پیلانی گڵاو لە كوشتن و لەناوبردنی سەرباز و دەرەجەدارانی كورد لە ناو خودی سوپای سوریادا لەڕێگای دەیان سینارێوی سەیرو سەمەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕژێمی سوریا ئەم سوپایە بە سوپای خۆی دەزانێت، .ئێستا لەم پارچە ئازیزەی كوردستانماندا، كورد هەرچی مافی خاوەندارێتی و سەربەستی هاتووچۆ و شوێنی كار و ژیانی لێ زەوتكراوە ، ئەمە جگە لەوەی هیچ كوردێك بۆی نیە خاوەن هیچ بێت لە سامان و موڵًك، یان مافی فرۆشتن و كڕین و مافی گواستنەوەی شوێنی كار و ژیان و نیشتەجێبوونی !!!!!!! ئەمە سەرەڕای بێبەشكردنی پتر لە نیو ملێون هاووڵاتی كورد لە سوریا لە مافی بەدەستهێنانی جنسیەی ئەو وڵاتە، كە ئەمەش بێبەش بوونیەتی لە سادەترین مافی هاووڵاتیبوون!!!!لەگەڵ ئەوەشدا شاڵاوی بێ سەرو شوێنكردن و گرتن و ڕاوەدوونان و دەستبەسەراگرتنی سامان و ماڵ و دەرامەتی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان لەلایان ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعسی سوریا و خودی بەشار ئەلئەسەدەوە . !!
بۆیە ئێمە وەك كۆڕبەندی مافی مرۆڤ لە عێراقدا داواكارین كە بەپەلە ڕژێمی سوریا دەست لەو سیاسەتە هەڵگرێت و دەبێت پەندوو عیبرەت و وانە لە ڕژێمەكانی پێش خۆی و شایی ئێران و سەدام حوسێن وەرگرێت و شكوستی كەمالیستەكانی توركیا و نشوستی سوپای توركیا بە بیر خۆی بێنێتەوە و دەست لەو سیاسەتە دۆڕاوو چەوتە هەڵگرێت، چونكە ئەم سەردەم و ڕۆژگارە كە بەڕۆژانی سەردەمی پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت و سیستەمی نوێی جیهانی و نەمانی ڕژێمە دیكتاتۆری و فاشیستەكانی جیهان ناسراوەو ڕۆژی یەكتر قبووڵكردن و كرانەوەو جیهانگەرایی و بنیادنانی سیستەمە دیموكراسیەكانە ، نەك بەردەوامبوون لە سیاسەتی پێشووی سەدەیەك لەمەو بەر كە پیادە دەكرا و ئاكامەكەشی هەر دۆڕاندن و شكست و سەرشۆڕی و خوێنرشتن و كاولكاری زێتر هیچی تری بۆ گەلان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان نەهێناوە!! لە هەمانكاتیشدا داواكارین لە هەموو ڕای گشتی جیهانی بە گشتی و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و نەتەوە یەیكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و هەموو وڵاتانی ئازاد و خاوەن بڕیار و هەموو مرۆڤ دۆستێك دەكەین لە جیهاندا كە لەم رۆژە سەخت و دژوارەدا بە هاناو فریای نەتەوەكەمانەوە بێن و گوشار بخەنە سەر رژێم و حكوومەتی سووریا بۆ ئەوەی دەست لەم شاڵاوە رەشبگیری و نامرۆڤانەیە دەست هەلگرێت و چارەنووسی بزربووەكان ئاشكرا بكات و بەندەكان ئازاد بكرێن، چونكە بە شێوەیەكی نایاسایی گیراوون كە دوورە لە هەموو بنەما یاسایی و مافەكانی مرۆڤ. و هەروەها داوا لە رۆڵەكانی نەتەوەكەمان دەكەین لە هەر چوارپارچەی كوردستان كە بە میتۆدی یاسایی و هێمنی و ئاسایی و شارستانیانە میتینگ و مانگرتن لە خواردن و خۆپێشاندان دەستپێبكەن لە ناوەوەی وڵات لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە هەندەران و تاراوگە و رای گشتی جیهانیی ئاگادار بكەن لەم زوڵم و ستەمەی رژێمی سوریا دەستی پێكردووە، هەروەها درێژە بدەن بە چالاكیە مەدەنی و یاساییەكان، بۆ ئەوەی رژێمی دیكتاتۆری سوریا دەست لەو سیاسەتە چەوتە هەڵگرێت.
- بژی برایەتی نێوان نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی تری ناوچەكە.
- بژی ئاشتی و ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.
- سەركەوتوو بێت خەباتی نەتەوەكەمان بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی و بنیاتنانی قەوارەی نەتەوایەتیمان بۆ دامەزراندنی دوەڵەتێكی ئازاد و سەربەخۆی .
سەرۆكی رابیتەی مافی مرۆڤ لە عێراق 06 01 -- 2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست