تەعریب بەخۆشە خۆشە، لە ژێرسایەی دەسەڵاتی کوردی !
Tuesday, 13/08/2013, 12:00
سیاسەتی تەعریبکردنی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانی ئەو وڵاتە ، سیاسەتێک بوە هەمیشە شێکردنەوەو خوێندەنەوەی تەواوی بۆ کراوە وە بەرنامەو پلانێکی تۆکمەی بۆ دارێژراوە. تەعریب ترسناکترین چەک بوە کە دەسەڵاتدارە سیاسیەکانی عیراق لە سەدەی رابردو یەک لەدوای یەک پەیرەویان کردوە بۆ کۆنترۆلکردنی ئەرزو خاكی وڵاتو و ئاوارەکردنی کوردەکان بۆ ناوچەکانی تری عیراق. مێژو ئەو راستیە دەسەلەمێنی کە تەنیا پارێزگای کەرکوک هەوڵی تەعریبکردنی نەدراوە لە لایەن دەسەڵاتدارە سیاسیەکانی بەغدا بە درێژای مێژوی دروست بونی دەوڵەتی عیراق لە سەرەتایەکانی سەدەی رابردو.
ئەو سیاسەتە دەستدرێژیەکی راستەوخۆ بوە بۆ سەرژیانو مافو ماڵو بەرژەوەندی تاکەکان، جێگەی نیگەرانی بوە وە روحی بەرەنگاری بونەوەی لای خەڵک دروست کردەوە، دەرئەنجام بە تایبەتی لە سەرەتای شەستەکان روبەروبونەوەی راستەوخۆو شەرو پێکدادان روییداوە لە نێوان گوندە کوردیەکانو عەرەبە هاوردەکانی کە چەکدارکرابون لەلایەن دەسەڵاتی بەغدادوە بە مەبەستی تەعریب. وە ئەوەی چێگەی ئاماژە بێ ئەوەیە کە چگە لە پارێزگای کەرکوک، پارێزگای هەولێرو دهۆکو موسلیش بەهەمان شێوە دوچاری ئەو دیاردیە بونەتەوە، بە تایبەتی موسڵ لەگەڵ کات وای لێهاتوە کە میللەتی کورد هەر لە بیری چۆتەوە کە ئەو شارەش شارێکی کوردیە.
هێرشکردنە سەر گوندە کوردیەکان لە لایەن عەرەبە هاوردەکانو چەکدارکراوەکان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی عیراقی ئەوکات، تەنیا بە مەبەستی ئەرز گرتن نەبوە، بەڵکو بە مەبەستی تاڵانکردنو فەرهودو چاوشکاندنی میللەتی کورد بوە، وە ئەوراستیەش بە هەمان شێوە مێژو سەلماندویەتی کە ئێستا هەمان ئەزمون لە رۆژئاوای کوردستان خەریکە دوبارە سەرهەڵدەداتەوە.
میللەتی کورد چاوەرێی دەرفەتێکی مێژوی بو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەبێو بتوانێ یەکێ لە خەونەکانی ببێنێتەدەی، کە ئەویش گەرانەوەی ناوچە تەعریبکراوەکان بو بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، گەرانەوە بۆ سەر شوێنو هەواری بابوباپیرانی، بێگومان لە دوای سەرهەڵدانی ١٩٩١ ئەو دەرفەتە مێژویە رەخسا کە میللەت چاوەرێبو، بەڵام ئەگەرباش سەرنچبگرین بۆمان دەردەکەوێ بە پێچەوانەوە، لەدوای ئەو ساڵەو بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە تاڵەبانی بەرەحمەت بێت بو بە سەڕۆکی عیراق، دیاردەو سیاسەتی (تەعریب بە خۆشە خۆشە) لە گەشەکردنو پەرە سەندن دایە تاوەکو ئیمرۆ لە باشوری وڵات.
لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی، ناوچەی قەراچ لە پارێزگای هەولێر، گوندەکانی ئەو دەورو بەرە تا دەگا بە شارۆچکەی دیبەگە، بەشێکیان خراونەتە سەر پارێزگای موسڵ وە بەشەکەی تریان خراونەتە سەر پارێزگای کەرکوک، ناوچەکانی تری ناوچەی بادینان زۆر لە و ناوچانە خراونەتە سەر پارێزگای موسڵ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەردو پارێزگاش بە سنوری ژێر دەسەڵاتی هەرێم دانانرێن بە رەزامەندی دەسەڵاتی سیاسی هەردو حیزبی دەسەڵاتدارو هەردو پەرلەمان، پەرلەمانی عیراقو پەرلەمانی هەرێم!
لە ناو شاری هەولێر! ناو شارەکە و بازارو شوێنە گشتیەکان پرن لە عەرەب! گەرەکی زۆر گەورە ی گڕان بەها هەیە هەمو دانیشتوانەکانیان عەرەبن، بازاری هەولێر بە تایبەتی ئەوانەی لە بازرگانیەتی زیرو زەبەر کاردەکەن، پزیشکی بەناوبانگ، خاوەن ئوتێلە گران بەهاکانو چێشتخانەکان، گەشتیارەکان هەموی عەرەبن. سەرەرای ئەوانە هەموی گرنگیدانی دەسەڵاتی کوردی بە هونەرمەندو گوڕانی بێژی عەرەبی، رێگەدان بە سازدانی ئاهەنگی عەرەبی زۆر زۆر گەورە لە شارەکە، گرنگیدان بە بەرنامەی عەرەبی ترو راکێشانی سەرەنجی میللەتەکە بۆ هونەرەکەیانو بەستنەوەیان بە کەلچەری عەرەبیو بە رێگەی بەستنەوەیان بە کەناڵە عەرەبیەکانو پرۆگرامەکانیان! ئەمانە هەموەی بە پراکتیک کراوە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم! باشە ئەمانە هەموی نابێتە هۆی تاوانەوەی میللەتی کوردو تەعریبکردنی؟ ئایا تەعریب بە زۆریو تەعریب بە خۆشە خۆشە، هەمان پەیرەو کردنی سیاسەتی بە تەعریبکردنی میللەتی کورد نیە؟
تەعریب بە خۆشە خۆشە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی کوردی ، جیا لە گەڵ تەعریب بە زۆری لە ژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسی عەرەبی، سێ دیاردەی تازەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە بە بەردەوامی تاوەکو ئەو ساتو وەختەش لە گەشەکردنو پەرەسەندندایە :
یەکەم ، تەعریبکردنەکە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانیشی گرتۆتەوە!
پارێزگای سلێمانی، ئەگەر بە چاوی وردبونەوە دیقەت لە بازرو شوێنە گشتیەکان بگیرێت بە تایبەتی ناوشارەکە، ئەو راستیە دەردەکەوێ کە لە هیچ قۆناغێکی سیاسی بە درێژای مێزو ئەوەندە عەرەب نەبینراوە لە ناو ئەو شارە !کە ئێستا دەبینرێ! کاتێ گەشتێ بە ناو شارەکە دەکەی ئەوەندەی ئێستا گوێت لە ئاهەنگو میوزکی عەرەبی دەبێت بە هیچ شێوەیێ لە رابردودا ئەو دیاردەیە هەستی پێنەدەکرا لەو شارە. ئینجا سەیرێکی کەفیتریاو نادیو چێشتخانە گرانبەهاکانو ئوتێلەکان بکەی بۆت دەردەکەوێ کە خاوەنەکانیان یان بەرێوەبەرکانیان هەموی عەرەبن نەک عەرەبی عیراقی بەلکو عەرەبی لوبنانیش! ئینجا ئەم دیاردیە زۆربەی بوارەکانی تری وەکو بواری بازرگانی، ئارایشگا، بواری کەوادیری تەندروستیو گەشتیاریو هیترو هیتری گرتۆتەوە! پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەمانە هەموی یارمەتی و پەرەسەندنی تەعریبکرندی میللەتی کورد نادەن؟
دوەم: چگە لە هاتنی عەرەبی عیراقی، هاتنی عەرەبی تری وڵاتانی تری دونیای عەرەبی بۆ کوردستان مەترسی دروستبونو بەهێزبونی پارتە ئیسلامیە عەرەبیە توندرەوەکان زیاد دەکا، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروست کردنی بنکە و پەیداکردنی لایەنگرو کە دەبێ بە هۆی سەرهەڵدانی کاری تیرۆری لە ناو شارەکان، هەروەکو چۆن ئیستا ئەزمونی سیاسی شاری کەرکوک ئەوەی سەلماندوە.
سێهەم: دەسەڵاتی کوردی بە هێمنی بۆتە هۆی دەم داخستنی میللەتی کوردو نەهێشتنی روحی بەرەنگاری بونەوەو رازیبون بەو دیاردانەو سیاسەتانە و قبوڵکردنیو ژیان لەگەڵی بە ئاسایی، لە کاتێکدا ئەو دیاردە ترسناکە خەریکە، وەکو ئاگری بنکا بە بێدەنگیو هێمنی هەمو خەرمانەی میللەتی کورد دەسوتێنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست