کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌سته‌ڵاتی کوردی ئه‌وه‌ی بیریان لێنه‌ده‌کرده‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێم بوو

Wednesday, 21/11/2012, 12:00






ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو هه‌ڵده‌ینه‌وه‌و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوێکی نزیک، میژووێک که‌متر له‌ سه‌د ساڵ، هه‌ر له‌ په‌یمانه‌کانی سایکس بیکو وسیڤه‌ر تا ئه‌مڕۆ.

له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م کورد پشتی به‌ست به‌ ئیگلیز به‌و بڕوایه‌ی که‌وا ده‌وله‌تی کوردی داده‌مه‌زرێنن ونه‌خشه‌ی سنوری کوردستان که‌ پێک دێت له‌ هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌ئه‌و په‌یمانه‌ی به‌ کورد درابوو پووچ ده‌رچوو ئینگلیز هیچی بۆ کورد نه‌کرد.

له‌ دامه‌زراندنی حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی به‌ریتانیا به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ده‌ركرد له‌ 25/12/1922 دانیان به‌مافی حكومڕانی كورد نا له‌ کوردستانی باشوور (کوردستانی عێراق) و شێوه‌ی ئه‌و حوکمڕانیه‌ی که‌ هه‌موو چینه‌کانی کوردی له‌ سه‌ری ڕێکده‌که‌ون، وه‌ به‌ ناردنی وه‌فدێک که‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی پێبدرێت له‌ به‌غداد وتووێژ بکات له گه‌ڵ‌ خاوه‌ن شکۆ پادشای عیڕاق و حکومه‌تی عێڕاقی و به‌ریتانیا، تا هه‌ موو لایه‌نه‌کان بگه‌ن به‌ ڕێکه‌وتنێک له‌ سه‌ر شێوه‌ی حوکمڕانی له‌ نێوانیاندا له‌ عێڕاق.

به‌ڵام به‌ درێژایی حوکمڕانی پادشایه‌تی له‌ عێڕاق گه‌ڵی کورد به‌ هێچ شێوه‌ێک نه‌ گه‌یشه‌ بچووکترین ئامانجی له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانی.
له‌ گه‌ڵ شۆڕشی 14 ته‌مموزی سالی 1958 گۆڕانی حوکمی پادشایه‌تی بۆ کۆماری هه‌موو سه‌رانی کوردو حزبه‌کانی بوون به‌ سه‌ربازی کۆماری عێڕاق له‌ ژێر ئاڵای گوڵه‌گه‌نمه‌کان و چه‌کوش و داس.

هیوایه‌ک وه‌ک تیشکێک به‌ خیرایی بریقه‌ی داو بزر بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ گه‌لی کورد له‌ کوردستانی باشوور گه‌یشت به‌ ئامه‌نجه‌کانی له‌ ژێر دروشمی برایه‌تی کوردو عه‌ره‌ب له‌ عێڕاق، هه‌ر له‌ ژێر ئه‌و دروشمه‌ زۆری نه‌ خایاند کوردستانی باشوور که‌وته‌ ژێر باران کردنی تۆپ و ته‌یاره‌و مه‌تڕه‌ڵۆزه‌کانی حکومه‌تی کۆماری.

ساڵی 1963 له‌ ڕۆژی 8 ی شوبات که‌ ڕێکه‌وت بوو له‌ گه‌ڵ ڕۆژی 14 ی مانگی ڕه‌مه‌زان، کوده‌تاێکی خوێناوی عێڕاقی نوقم کرد له‌ خوێن و فاشسترین حزب له‌ هه‌موو جیهاندا که‌ حزبی به‌عس بوو ده‌ستی گرت به‌ سه‌ر حوکمڕانی له‌ عێڕاق و پاش تێپه‌ڕ بوونی چه‌ند هه‌فته‌ێک به‌عسیه‌کان ده‌ستیان کرد به‌ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ سه‌رانی شۆڕشی ئه‌یلول و بڕیار بوو حوکمی لا مه‌رکه‌زی بدرێت به‌ کورد له‌ باشووری کوردستان، دوای چه‌ند دانوستانێک بۆ‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک نه‌گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتن له‌ سه‌ر هیچ شێوه‌ێکی حوکمڕانی وشه‌ڕو پێکدادان ده‌ستی پێکرده‌وه‌و‌ ئه‌مجاره‌یان به به‌شداری کردنی سوپای عه‌ڕه‌بی سوری شان به‌ شانی‌ سوپای عێڕاقی.
سه‌رده‌می عه‌بدولسلام عارف(8 ی شوباتی 1963- 13 ی نیسانی1966) سه‌رۆک کۆماری عێڕاقی ئه‌و کات که‌ به‌ کوده‌تاێک حوکمی له‌ به‌عسیه‌کان سه‌نده‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک شه‌ڕی ئه‌یلول وه‌ستا به‌ڵام دوو باره‌ شه‌ڕ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌و هیچ‌ ده‌ستکه‌و‌تێک نه‌هاته‌ دی.

سه‌رده‌می عه‌بدولره‌حمان عارف (16ی نیسانی 1966- 17 ی ته‌مموزی 1968) بوو به‌ سه‌رۆکی کۆماری عێڕاق له‌ دوای مردنی براکه‌ی وه‌ک میراتگرێک بۆ مایه‌وه‌و توانی ڕکه‌وتنێک له‌ گه‌ڵ سه‌رانی ئه‌و کات واژو بکات به‌ ناوی به‌یاننامه‌ی29 ی حوزه‌یران 1966 که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانه‌که‌ی عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز بوو،(به‌یاننامه‌که‌ له‌ چه‌ند خاڵێک پێک هاتبوو وه‌ک: لێبوردنی گشتی و گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رو پۆلیسه‌ ده‌رکراوه‌کان بۆ سه‌ر کاره‌کانیان و چه‌ند خاڵێکی لاوازتر)، ئه‌و کات ناسرا به‌ سه‌رده‌می نه‌ شه‌ڕو نه‌ ئاشتی. که‌واته‌ ده‌کاته‌ هیچ.

17 ی ته‌مموزی 1968 گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی به‌عسی فاشست بۆ حوکمڕانی عێڕاق، دوای دوو ساڵ له‌ شه‌ڕو پێکدادن به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌کیێک سه‌رانی کورد له‌ ڕێکه‌وتی 11 ی ئازاری 1970 به‌یاننامه‌ی ئازاریان واژوو کرد له‌ گه‌ڵ به‌عسیه‌کان و دانپێدانیان به‌ ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌ کوردنیشینه‌کان، به‌ مه‌رجێک پاش تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵ له‌ ڕۆژی واژوو کردنی ده‌ست به‌کاربن.

له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رانی کورد ده‌ستیانکرد به‌ کاری بازرگانی و به‌ڵێنده‌ر و ده‌ستیان تێکه‌ڵکرد له‌ گه‌ڵ پیاوانی ڕژێم و کوردایه‌تی بازاڕی نه‌ما هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌ خۆیدا کوردایه‌تی هه‌ر نه‌ بوو ته‌نها ئه‌رکی موخابه‌ڕاتیان بۆ وڵاتان جێ به‌ جێ ده‌کرد.

11 ی ئازاری 1974 دووباره‌ شه‌ڕو پێکدادان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌و بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ و ئیعلانی ئاشبه‌تاڵ ڕاگه‌ێندرا و شۆرشی ئه‌یلول پایدۆزکرا و که‌س تفه‌نگێکی کلاشینکۆفی به‌ یه‌ک نه‌فه‌ر که‌باب نه‌ ده‌کڕی له‌ گه‌ڵاڵه‌و چۆمان و ناوپردان و....

9 ی نیسانی 2003 ڕوخانی ڕژێمی به‌عس له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکا- 16ی تشرینی دووه‌م 2012 خورماتو و شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێڕاقی.

پاش ڕوخانی به‌غدادو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عێڕاق به‌ بڕیاری بریمه‌ری حاکمی ئه‌مریکی له‌ عێڕاق دووباره‌ سه‌رانی کورد ده‌ستیان کرد به دانانی عێڕاقێکی عه‌ڕه‌بی و ڕژێمیکی دیکتاتۆرو‌ دامه‌زراندنی ئه‌و سوپایه‌ی که‌ ده‌یان ساڵ ده‌ستی سوور بوو به‌ خوێنی ڕۆڵه‌کانی کورد. سه‌رانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی له‌ مه‌ڕ ئێمه‌مانان له‌ به‌ر ململانێ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دزی ودوبه‌ره‌کی خاک و نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌ بیرکرد، ئه‌وه‌ی بیریان لێنه‌ده‌کرده‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێم بوو، تا وای لێهات دووباره‌ پۆستاڵی سه‌ربازی عه‌ڕه‌بی عێڕاقی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر خاکی کوردستان و پێ بنیته‌ سه‌ر هه‌موو پیرۆزیه‌کانی ئه‌م وڵاته‌و سه‌ر له‌ نوێ داگیری بکاته‌وه‌ که‌ به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید ڕزگار کرا.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە