کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوڕی فه‌رمانده‌یه‌ک ئاماده‌نیه ‌ده‌نگ به‌یه‌کێتی بدات

Friday, 19/08/2011, 12:00







دیمانه‌: هه‌نگاو مامه‌

ئاخر خۆ ئێمه ‌گوناهبارنین ئه‌وه‌‌ خۆتان بوون ڕابردوتان پیفرۆشتینه‌وه، به‌مۆنیاکو ئه‌رزه‌و باخ و سکرتێره‌ی په‌نجه ‌ناسک ، ئه‌وه‌خۆتانن شۆرشه‌که‌تان کرده ‌کۆمپانیاو هه‌ر خۆشتانن مقاول!!

من له‌گه‌ڵ دانانی پرسه‌نیم به‌ڵام بۆ باوکی کۆچکردوم 21 ڕۆژ پرسه‌مان گێرا.

ئه‌ی سه‌رکرده‌کانی نێو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌سه ‌ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌، فیشه‌کی دوای تێکشکانی شه‌ره‌کانتان بهێڵنه‌وه‌و لوله‌ی تفه‌نگه‌کانتان ڕووه‌و خۆتان بکه‌ن و چی ڕوو ده‌دا باڕوبدات..

کێ دێت له‌گه‌ڵما په‌ڕه‌کانی مێژوی شۆڕشه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئه‌م گه‌له‌م ‌هه‌ڵداته‌وه‌، بابێت سڵناکه‌مه‌وه‌و ڕوبه‌ڕوی داده‌نیشم ، وه‌رن یاران من باسی شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌متان بۆ ده‌که‌م ، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ووڵاتمان پربوو له‌کونده‌په‌پۆو ترس ودڵه‌ڕاوکێ که‌سێ نه‌بوو وێنه‌ی بگرێ، به‌گور فرمێسکی نائومێدی کورد له‌شه‌قام ‌ده‌هاته ‌خوار که‌سێ نه‌بو مۆڕاڵه‌که‌ی یارانی بسرێ ، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی لانه‌ی مه‌للی ئازادیمان چۆڵ مابۆوه‌ چیا بێ نه‌واو وڵات خامۆش که‌سێ نه‌بو سرودی ئازادی بچرێ ، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ش ‌(ینک) بو له‌‌خه‌وێکی ناخۆشدا ڕایپه‌ڕاندین ،هه‌ر ئه‌و کاته‌ش خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌ گره‌ویان ده‌کرد ده‌بێ ئه‌میان پێش ئه‌وی تریان بمرێت ..

کێ بوو له‌ناو ماڵ له‌سه‌رکار هه‌ر له‌میرو به‌گ و جوتیار، له‌ژن و مامۆستاو خوێندکار ، له‌فه‌رمانبه‌ر هه‌تا ده‌گاته‌ زۆردار حه‌ز نه‌کات کار بۆ به‌رده‌وامی شۆڕشی نوێ بکات ، به‌ڵێ هه‌مومان به‌پیرو گه‌نج و مێرمنداڵ به‌تاسه‌ی دیداری پێشمه‌رگه‌وه‌ بوین و له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانیان ده‌ژیاین، زامیان ئازاری ئێمه ‌بوو له‌هه‌رکوێ سه‌رکه‌وتن بوایه‌، ئێمه ‌له‌دڵدا شادی و ئاهه‌نگمان ده‌گێرا، تێر نان نه‌ده‌بوین نه‌بادا پێشمه‌رگه ‌بێ نان بێ. ده‌خیله‌ی منداڵه‌کانمان ده‌شکاند تا ئابونه‌ی پێ بنێرین، به‌ڵێ یاران ئه‌وه‌زه‌مه‌نێک بوو پڕ بوو له‌خه‌بات و تێکۆشان وخۆشه‌ویستی گوزه‌شت..
نه‌فره‌ت له‌و زه‌مه‌نه‌ی سیمبوله‌کانی شۆڕشی لێ کردین به‌دێوه‌زمه‌و خه‌یاڵ بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی، وڵاتیان لێکردین به‌دۆزه‌خ، ئاخر خۆ ئێمه ‌گوناهبارنین ئه‌وه‌ خۆتان بوون ڕابردوتان پیفرۆشتینه‌وه، به‌مۆنیاکو ئه‌رزه‌و باخ و سکرتێره‌ی په‌نجه‌ناسک ، ئه‌وه‌خۆتانن شۆرشه‌که‌تان کرده‌ کۆمپانیاو هه‌ر خۆشتانن مقاول!!

زۆرن ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی ده‌ستی باڵایان هه‌بوه‌ له‌زیندوکردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ‌وهه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ ، بێگومان هه‌رکه‌سه‌و به‌قه‌د قورسایی خۆی کاری کردوه ‌بۆ ئازادی مرۆڤه‌کان وبۆ هه‌مولایه‌ک رۆشه‌نه ‌که‌له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکاندا ئه‌وێ ده‌مێ که‌به‌عس وسه‌دامیه‌کان ئاویان له‌به‌رد ده‌هینا، هه‌رئه‌وکات به‌پلانیکی زیره‌کانه‌ فه‌رمانده‌و سه‌رکرده ‌کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌سی نزیکیدا خۆی گه‌یانده‌وه ‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و به‌کۆمه‌ڵێ توانایی مادیه‌وه‌‌ یه‌کێتی برده‌وه‌ لوتکه‌و به‌چه‌ندین ساڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مانی پێشخست و گورزی کوشنده‌ی گه‌یانده‌ دوژمن..
ئه‌وکات چۆن یه‌کێتی کۆسره‌تی لێ بوو ‌به‌خدری زینده‌و ئاهێکی به‌به‌ر شۆڕشدا کرده‌وه‌و له‌کۆمه‌ڵێ قه‌یراندا رزگاری کردین، ئه‌وهاش له‌هه‌مو ناوچه‌کانی کوردستان کۆمه‌ڵێ خدری دیکه‌ هاتنه‌ نێو مه‌یدان و که‌وتنه ‌پشتیوانیه‌کی گه‌وره ‌بۆ خدری زینده‌ی هه‌ولێرێ، ئه‌وێ ده‌مێ له‌ناوچه‌ی بیتوێنمدا ته‌نها خدرێک له‌مه‌یدان بوو که‌بتوانێ په‌ناگه‌یه‌ک بێ بۆ کۆسره‌تی سه‌رکرده‌و فه‌رمانده‌، ئه‌ویش (خوالێخۆشبێ مه‌لا خدر بۆڵی) بوو..

خوالێخۆشبێ که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێزو دیاری خزمانی بۆڵی و عه‌شیره‌تی ئاکۆ بوو، پڕبوو له‌که‌سێکی فکری و تاسه‌ر ئێسقان کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌وره‌ ده‌بوو ، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ بونیدا پێگه‌یی (ی،ن،ک) له‌ناوچه‌که‌دا فراوان ده‌بوو، خه‌ڵکی زیاتری کۆده‌کرده‌وه‌ ‌بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، به‌ڵام مه‌خابن له‌سه‌ره‌تایی ‌مانگی چواری 2009 فه‌رمانی خودایی به‌چی هێناو که‌لێنیکی گه‌وره‌ی خسته‌ نێو کۆمه‌ڵگایی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌و هه‌موو دۆست و خزمانی تاساند، ئێمه‌ش وه‌ک وه‌فایه‌ک به‌پێویستمان زانی ئه‌م بنه‌ماڵه ‌به‌ڕێزه‌ به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه‌، دوایی دانیشتن و گفتوگۆیه‌کی کراوه‌، کوڕه ‌گه‌وره‌که‌ی به‌ناوی (محمد مه‌لا خدر) که‌وته ‌قسه‌و گوتی ده‌مێکه ‌حه‌زده‌که‌م ڕۆژنامه‌یه‌ک یان ماڵپه‌ڕیک دیمانه‌م له‌گه‌ڵ سازبکات ، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هاوڵاتیان ڕونبێته‌وه ‌که‌ ئێمه‌ یان یه‌کێتی کامه‌مان په‌یوه‌ندیمان به‌یه‌کتریه‌وه ‌کردوه‌؟ کێ پێویستی به‌یه‌کتری بوو؟ چه‌ندین شتی تر ئێمه‌ش هه‌رئه‌و کاته‌ به‌م شێوه‌یه ‌که‌وتینه‌ ‌پرسیارو وه‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه‌..

هه‌نگاو مامه‌ : بۆچی ئاماده‌نیت ده‌نگ به‌یه‌کێتی بده‌یت؟
محمد مه‌لا خدر: ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ڵام گه‌لێکی زۆری ده‌وێت، من هیچ کات له‌گه‌ڵ مه‌نهه‌جی یه‌کیتی یه‌که‌م نه‌گرتۆته‌وه‌ به‌ڵام هه‌بونی باوکم له‌مه‌یدانه‌که‌ بواری نه‌ده‌دا من بۆچونی خۆم به‌ئازادی بڵێم ، به‌ڵام ئیمڕۆ یه‌کێتی خۆی ئه‌م بواره‌ی بۆڕه‌خساندم!!
هه‌نگاو مامه‌ : پێده‌چێت له‌به‌رامبه‌ر ئێوه‌دا (ی،ن،ک) هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کردبێت؟
محمد مه‌لا خدر: دروستبونی یه‌کێتی خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوی بوو، باوکم قه‌ت یه‌کێتی نه‌بوه‌ ، به‌حوکمی بونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناخیدا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران کاری سیاسی ده‌کرد ، هه‌ر له‌وێ ڕۆژێوه‌ باوکم ده‌یگوت یه‌کێتی به‌هه‌ڵه‌دا چوو که‌ناوی گۆڕی به‌ (ی،ن ،ک) بۆیه‌ ئه‌مڕۆ بوو به‌هێزی سێیه‌م له‌گۆڕه‌پانه‌کادا.
هه‌نگاومامه‌ : جه‌نابتان ده‌ڵێن من هه‌رگیز یه‌کێتی نه‌بووم و به‌ڵام ئێستا به‌په‌رۆش و هه‌ناسه‌سواریه‌وه‌ ده‌ڵێی (ینک) هێزی سێیه‌م.
محمد مه‌لا خدر: به‌ڵێ ڕاسته‌ چونکه‌ من له‌گه‌ڵ دروستبونی یه‌کێتی له‌دایک بووم و په‌روه‌رده‌و گه‌وره‌بوم و له‌هه‌مان ته‌مه‌نی یه‌کێتیم دام ، ئه‌وه‌نده‌م برسێتی و تاڵی و ده‌ربه‌ده‌ری دیوه‌، له‌سه‌ر کوردبوون و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان .
هه‌نگاو مامه‌: به‌داخه‌وه‌ که‌باوکی به‌ڕێزتان ئێستا کۆچی دوایی کردوه‌، تاچه‌ند یه‌کێتی ڕۆڵی هه‌بوو له‌گێڕانی پرسه‌که‌ی باوکتان که‌ماوه‌که‌ی دوو هه‌فته‌ بوو ؟
محمد مه‌لا خدر : من له‌گه‌ڵ دانانی پرسه‌نه‌بوم به‌ڵام خزمان و که‌سه‌نێوداره‌کانی سنوره‌که‌ بۆ باوکی کۆچکردوم 21ڕۆژ پرسه‌یان گێرا و هه‌رچه‌نده‌ تائێستاش له‌ناو کۆمه‌ڵێ له‌ماڵه‌ خزمه‌کانمان پرسه‌که‌یان نه‌شکاندوه‌‌. ناوی به‌ڕه‌حمه‌تی دێنن.
هه‌نگاو مامه‌: زانیومانه‌ کاک کۆسره‌ت تاکه‌ پشتیوانی به‌ڕێزتان بوه‌، تاچه‌ند ڕازیت له‌هه‌نگاوه‌کانی به‌رامبه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێوه‌ ؟
محمد مه‌لا خدر : بۆ هاوکاری کردنی باوکم به‌گوێره‌ی توانا درێغی نه‌ده‌کرد ، به‌به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌پرسه‌که‌ نه‌مدیت، نازانم هۆکاره‌که‌ی چی بوو !! من چاوه‌ڕوانم ده‌کرد 3 ڕۆژ وه‌ک هه‌مو که‌سێکی ئاسایی ڕاوه‌ستابایه‌ !!

هه‌نگاو مامه‌: ده‌ڵێن زیاتر ئێوه ‌بوونه‌ڕێگر له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێ شت ، چونکه ‌هه‌ر ئێوه‌ن پشتیوانی له‌‌ئیسلامی سیاسی ده‌که‌ن ، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش کاری کردۆته‌ سه‌ر معاشی ڕه‌حمه‌تی ؟
محمد مه‌لا خدر : بێگومان ئێمه‌ ئیسلامین و ‌جوله‌که‌نین و سوێند به‌خودا هیچمان ئه‌ندامی گروپی ئیسلامی نه‌بوین و ده‌نگده‌ری یه‌کێتی بوین و به‌ڵام ئێستا ئاماده‌نین ده‌نگ به‌یه‌کێتی بده‌ین.
هه‌نگاو مامه‌ : ده‌نگده‌ری یه‌کێتی له‌م سنوره‌دا ئێستا زیاتر گۆڕان و پارتی و سه‌له‌فیه‌کانن له‌گه‌شه‌دان و هه‌موشیان خزم و که‌س و کاری به‌ڕێزتانن ؟
محمد مه‌لا خدر : به‌ڵێ ئێمه‌ خزمێکی یه‌کجار زۆرمان هه‌یه‌و جاران هه‌مولایه‌ک یه‌کێتی بوون و به‌ڵام له‌دوایی مردنی باوکم ، یه‌کێتیشیان برد بۆ ‌سه‌رقه‌بران.
هه‌نگاو مامه‌: ئه‌م هۆکاره‌ بۆچی ده‌گێریته‌وه‌ ؟ ئه‌گه‌ر یه‌کیتی ئاوڕێک بداته‌وه‌و بیه‌وێت چاوی ‌به‌ئێوه‌ بکه‌وێت هه‌ڵوێستی به‌ڕێزتان چۆن ده‌بێت ؟
محمد مه‌لا خدر : وه‌ک ئێستاده‌بم، تاوه‌کو ماوم دژی ئه‌و شێوازه‌ ده‌سه‌ڵاته‌‌م که‌له‌کوردساتن کاری پێده‌کرێت و له‌به‌ره‌ی گه‌لدام و ده‌نگ به‌لیستێک ده‌ده‌ین له‌معاناتمان تێبگات و له‌وانه‌یه ‌ده‌نگ بده‌ینه‌ لیسته‌کانی ئۆپۆزسیۆن و تاوه‌کو ئه‌وانیش بگه‌ن به‌ده‌سه‌ڵات.
هه‌نگاو مامه‌: به‌پێیی زانیاری کاک کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ که‌که‌سی دووه‌می نێو یه‌کیتی نیشتمانیه‌ زۆر ڕێزی له‌باوکتان ده‌گرت و به‌برا گه‌وره ‌ناوی بردوه‌؟
محمد مه‌لا خدر : نازانم ئێوه ‌چۆن له‌ڕێزو خۆسه‌ویستی تێده‌گه‌ن ، دوایی مردن گرنگه‌ که‌سه‌ خۆسه‌ویسته‌کانت بیر نه‌چن ، ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوانه‌ له‌به‌ر دڵانه‌، دڵنیام کاک کۆسره‌ت هه‌ر ئێمه‌شی بیر نه‌ماوه‌.
هه‌نگاو مامه‌:یه‌کێتی پلانی هه‌یه ‌خه‌ڵکه‌ دڵسۆزه‌کانی به‌سه‌ر بکاته‌وه‌، له‌وانه‌یه ‌یه‌کێ له‌بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێوه‌بێت ، وه‌ڵامی به‌‌ڕێزتان؟
محمد مه‌لا خدر : ئه‌گه‌ر یه‌کێتی یه‌کشارم له‌سه‌ر تاپۆ بکات، ئاماده‌نیم گفتوگۆشیان له‌گه‌ڵ بکه‌م ، ئێمه‌ گه‌وره‌ترین له‌یه‌کێتیه‌که‌ی ئه‌مڕۆ، باوکم که‌ئه‌مری خودای به‌جێ هێنا، 4000 دۆلار قه‌رزار بوین ، بۆیه‌به‌ڵێنم داوه‌ هه‌مو گفتو گۆیه‌ک ڕه‌تبکه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ئێمه‌بێ ، پێویست هه‌مان هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی هه‌بێت.
هه‌نگاو مامه‌:کاک ئەبوزێد تەقتەقی کەئێستا پله‌ی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی (ی،ن،ک)وه‌ عەمید ئاشتی سابیراغای کەجێگری لیوایە، وه‌ک ده‌زانین پێشترهەمان پلەی باوکتانی هه‌بوه‌و دۆستێکی نزیکی بوون تاچەند هاوکاریان کردوون؟
محمد ملا خدر: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێم خۆشە لەڕووی یارمەتی وهەم لەڕوانگه‌ی چالاکییەکانەوە له‌خۆیان بپرسن و هیچ کاتێکیش چاوه‌ڕوانی هاوکاری مادیمان له‌که‌س نه‌کردوه‌..
هه‌نگاو مامه‌: کاک (رابەری سەید برایم) بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکان وخانەنشینەکان کەئێستا دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لەناویەکێتی نیستیمانی کوردستان وپێشتر یەکێک بووەلەهاوڕێ نزیکەکانی باوکت تاچەند ئێوه‌ی بیر ماوه‌؟
محمد ملا خدر: له‌خۆی بپرسن، ئەوەی ڕاستی بێت من ناتوانم گلەیی لەکاک رابەر بکەم چونکە کۆی سیستەمەکە که‌ ئیمڕۆ ئیشی له‌سه‌ر ده‌کرێت هه‌ڵه‌یه‌، هەتا چاکسازی لەسیستەم نەکرێت نەک ئێمە چەندان مەلاخدری تر پشت گوێ دەخرێن .
. هه‌نگاو مامه‌: کاک تۆفیق کانی وه‌تمانی فه‌رمانده‌یه‌کی دیاری نێو فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ری کوردستان و که‌سه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی باوکت تاچه‌ند له‌پشتان بوه‌و به‌سه‌ری کردونه‌ته‌وه‌؟
محمد ملا خدر: بۆ کاک تۆفیق دەتوانم بڵێم تەنها گه‌ر منی بینیبیت به‌ڕێزوحورمەته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کردوم ڕاستیەکەی دەبێ ئەوەش بڵێین ده‌مێکه‌ له‌گه‌ڵ دەسەڵات نیه‌و له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتوه‌.
هه‌نگاو مامه‌: ده‌ته‌وێ له‌دوا ده‌رفه‌ت چی به‌ده‌سه‌ڵات و هاوه‌ڵه‌کانی باوکت بڵێی ؟
محمد ملا خدر: ده‌سه‌ڵات تاسه‌ر بۆکه‌س نیه‌، واده‌بینن زۆر له‌ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر شێوازی حکومڕانی دادگایی ده‌کرێن و به‌هیوام هاوڕێبازه‌کانی باوکم به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و چونکه‌ هه‌مویانم به‌پێڵاوی لاستیک بینیون، چیتر مه‌لاخدره‌کان پشتگوێ مه‌خه‌ن و سوپاس بۆ ئێوه‌ش .

پرۆفیل:
خدر ئه‌بوبه‌کر شێخه‌ (مه‌لاخدر بۆڵی)
له‌ساڵی 1953 له‌حاجی ئۆمه‌ران له‌دایک بوه‌.
هه‌مو ژیانی خه‌باتکردن بو له‌پێناو مرۆڤایه‌تی.
له‌ 2-04-2009 له‌ چوارقوڕنه‌ کۆچی دویی کرد.
خێزانێکی گه‌وره‌(4 کورو 8 کچ) له‌دوای خۆیی به‌جێهێشت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە