ئەم هەموو هێرشە ناڕەوایە بۆ سەر (ژیان موخڵیس) بۆ؟ شانازی بە کام دابوو نەریت و کام کەلتوری کوردیەوە ئەکەن ؟
Wednesday, 15/05/2013, 12:00
ژیان پڕە لە مرۆڤی خراپ گرنگ ئەوەیە تۆ یەکێک نەبیت لەوانە .
پێش ئەوەی بچمە ناو باسەکە سەرەتا پێویستە خانەوادەی (ژیان خانم) تان پێبناسێنم ، کاک موخڵیس باوکی ژیان خانەو فاتیمە خانم دایکی ژیان خان و کاک جوان برای ژیان خان . خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوان شاری قامیشلۆ ، زیاتر لە (١٦) سالە لە ووڵاتی بەریتانیا شاری (هودسفێڵد) نیشتەجێن . فاتیمە خان لە ڕێکخراوێکی خێرخوازی (کرافت)کە تایبەتە بە خەڵکی ئاوارە خۆبەخشانەو بێ هیچ بەرامبەرێک کاری ئەکرد ، زۆربەی ئەو کوردانەی کە بە لێشاو ڕوویان ئەکردە ئەم وولاتە لە سالەکانی (٢٠٠٠) بە دواوە و بەتایبەتی ئەو کوردانەی ڕوویان ئەکردە ئەو شارە ئەم ژنە خۆبەخشەی کورد بێ بەرامبەر کاری وەرگێڕانی بۆ ئەکردن کە زۆرب ەیان کوردی بکوردستانی باشورن ، ماڵەکەشیان ببوو بە بنکەی خێرخوازی بۆ ئەو کوردانەی کە بە ڕۆژ نەیان ئەتوانی سەردانی ئەو ڕێکخراوە بکەن ئێواران و شەوان ڕوویان لە ماڵی ئەوان ئەکرد دەرگای ماڵیان بۆ هەموو کەسێک کراوە بوو ، مالەکەیان ماڵی هەر کوردێک بوو پێویستی بە هاوکاری بوایە خزمەتیشیان ئەکرد ئینجا کەرەکەشی بۆ ڕادەپەڕاندن ، کاری وەرگێرانەکەی تەنها ئەوە نوبوو کێشەی حوکومی یان پۆلیسیان هەبووایە بگرە تەنانەت وەرەقەی ئاو کارەباشیان بۆ بهاتایە پێویستی بە وەرگێران هەبووایە بۆی ئەکردن بە کوردی و کرمانجی هەر کارێک بە زمانی ئینگلیزی ڕووی لەو کوردە تازانە بکردایە ئەو بۆی جێ بەجێ ئەکردن . تەنانەت کاتێک وازی لەو ڕێکخراوەش هێنا بە ئێستاشەوە ئەو دایکە میهرەبانە هەمیشە لە خزمەتی خەڵکدایە هەم خۆی هەم هاوسەرو و مناڵەکانیشی .
لەم دوایانەش هەم کاک جوان هەم ژیان خان کە گەورەببوون هەمان کاریان بۆ خەڵک ئەکرد کە ڕوویان لەوان بکردایە ، کاکە جوان شارەزایەکی باشی لە کۆمپوتەر هەیە زۆربەی ئەو کوردانەی کە کۆمپوتەرەکانیان کێشەی تێدەکەوێت روو لەو ماڵە ئەکەن ئەم گەنجە جوانە بێ بەرامبەر کۆمپوتەرەکانیان بۆ چاک دەکات هەر کێشەیەکی هەبێت .
ماڵیک پڕ لە کورد پەروەری و خزمەت کردن بە کۆمەڵگاکەیان تەنها بەوە نەوەستاوە هەر خۆپیشاندانێک لەو شارە بکرێت ئەو ماڵە کورد پەروەرە یەکەم کەسن لە پێشی خۆپیشاندانەکان ئامادەبن ، هیچ خۆپیشاندانێک نیە ئەو ماڵە لێی ئامادە نەبن . تەنانەت لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٠٥) و ساڵی (٢٠٠٩) ئەو ماڵە کورد پەروەرە ڕێکخراو نەما پەیوەندی پێوە نەکەن بۆیەی پاس ئامادە بکەن بۆ ئەو کوردانەی ئەو شارە تا بتوانن بچن لە شارەکانی کە بنکەی دەنگدانی لێیە دەنگ بدەن .
ئێستا لە هەموو ئەو کوردانە ئەپرسم کە خۆیان با ئەدەن بەکوردو کوردستانەوە ئێوە بە قەد ئەم خانەوادەیە خزمەتی خەڵکتان کردووە ؟ بە ویژدانتان دایکی هیچکامتان باوکاتان و خۆتان ڕێگەتان پێئەدان ئاوا هاوکاری خەڵک بکات ؟ خوشکی وەک ژیان جوان و ناسکتان هەبوایە دەرگای ماڵتان لە سەر کەس ئەکردەوە ؟ کوڕو کچەکانتان بێ بەرامبەر ئەخستە خزمەتی خەلک ؟ خۆتان وەک ژیان خانم و کاکە جوانتان ئەکرد ؟ کامتان لە کوردستانیش و لە ئەوروپاش بەشداری هەموو خۆپیشاندانەکانی شارەکەی خۆتان کردووە ؟ بە دەم خەمەکانی گەلەکەتانەوە بوون ؟ بەڵام ئەگەر لێتان برسم لە کام ڕۆژی لە دایک بوونی مەسیح (سەری ساڵ) زاینی و ڕۆژی دروست بوونی حیزبەکەتان ، خۆتان نەڕازاندۆتەوەو نەچوون بۆ سەیران و خۆبادان ئەوە دڵنیام کەستان ئەو ڕۆژەتان نەپەڕاندووە !
ژیان خان کوردی ڕۆژئاوای کوردستانە نیوەی زیاتری تەمەنی لە ناو کەلتورو و داب و نەریتی ئەم وولاتە کردووە ، هەموو ڕەوشتە جوانەکانی ئێرەی هەڵگرتووە بەم رەوشتە جوانانەوە خزمەتی کۆمەڵگاکەی ئەکات . دەی کاک و خوشکی ڕەخنەگرەکان کامتان ئەتوانن بە زاراوەی بادینی یان کرمانجی دوو دێڕ بڵێن ؟ کچێک لە کوردستانی ڕۆژئاوا گەورە بووبێت و زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی لە ئەوروپا بەسەر بردبێت نیشتیامان و خەڵک و ووڵاتەکەی خۆی ئاوا خۆش بوێت و بەو زاراوە پاراوەی سۆرانی قسەبکات ئەمە زمانەکەی تەواو نیە ؟ یان ئێوەیەک لە کوردستان جگەلە زاراوەی سۆرانی هیچ نازانن ؟! یان ئەوانەی ئەوروپا تا ئێستاش ناتوانن لە غەیری زاراوە سۆرانیەکە تەنانەت ناتوانن دوو ڕستەی جوانی زمانی ئەو وولاتەش بڵێن کە لێی نیشتەجێن ؟!لە کاتێک ژیان جگەلە زاراوەی سۆرانی کرمانجی و بادینی ، زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دایک قسەی پێئەکات .
بێینە سەر بەرنامەکەی (هەواڵ و شتی تریش)
لە وولاتێکی وەک بەریتانیا زۆرتین ئەو کەسانەی کە بێ ترسانە قسە لە سەر ئاین پیاوانی ئاین و سیستەمی سیاسی ووڵاتانی جیهان و سیاسیەکانی جیهان و سیستەمی سیاسی ووڵاتەکەیان و سیاسیەکانیان و دابوو نەریت و کەلتور و کۆمەڵگاو تەنانەت شاژنی ئەم وولاتەش ئەکەن ئەوە کۆمێدی کارانن چونکە ئەوان لە خەمی مرۆڤ و سروشت و گیانلەبەرانن کە بە دەستی ئەمانەی سەرەوە جەهەنەمێکیان بۆ خوڵقاوە .
بۆ ناکرێت (ژیان)ێکی عەقڵ جوان بێت دەست بخاتە سەر برینەکانی کۆمەڵگا و قسە لە سەر ناشرینیەکانی کۆمەڵگا بکات ؟ ئەوە ئەرکی نەک ژیان بەڵکو هەموو کەسێکە ئەو راستیانە بڵیت تا کۆمەڵگا لەم نەهامەتیە ڕزگاریبێت . درک کردن و قسە کردن لە سەر ڕاستیەکان بۆ دەبێت سوکایەتی بێت ؟ دەست بردن بۆ کەلتور و کۆمەڵگا کاتێک مایەی ماڵوێرانیە بۆ ئەمە سوکایەتی کردنە ؟
ئەگەر کەلتورو کۆمەڵگای کوردی جوانە ئەدی ئەو هەموو مستەشارو جاش و ئەمن و تەواڕییەی کورد چی بوون ؟ مۆزەمبیقی بوون یان سۆماڵی هتد... ؟ ئەگەر کۆمەڵگاو کەلتوری کوردی جوانە ئەو هەموو ژن بە ژنە چیە ؟ ئەو هەموو ژنەی لە باتی خوین دران بە شوو ئەمە چیە ؟ ئەو ئەو هەموو فرە ژنیە چیە ؟ ئەی ژن بە عەقڵ سوک یەعنی چی ؟ ئەی نابێت ژن زۆر قسەبکات و لە ناو کۆمەڵگا پێبکەنێت یەعنی چی ؟ ئەو ئەو هەموو ژنە خنکان و کوژران و سوتان و سوتێنران و خنکێنران چیە ؟ ئەی ئەو هەموو هەڕەشەی مەلای مزگەوتانە چیە دەکرێتە سەر کۆمەڵگا بە ناوی ئیسلامەوە ؟ ئەی ئەو هەموو فتوا ناڕەوایە چیە ؟ ئەی حوکمی دەسەڵادرانی مافیای کوردستان چیە کە ٢٠ ساڵە کوردستان فەساد ئەکەن تاڵان ئەکەن ژێرخان و سەرخانی کوردستانیان لە سەر خۆیان و تاقمەکەیان تاپۆ کردووە ئەوە چیە ؟ ئەی ئەو مافیاگەری و تێرۆرە چیە ؟ ئەی ئەو هەمو میلیشیایە چیە مناڵانی ئەو شارانەیان لە خوێنا سورکرد لە ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوایی ؟ ئەی زمان بڕین و زیندانی کردنی خەڵک چیە ؟ ئەمانە بە دەنگی ئیوە نەهاتوونە سەر دەسەڵات ؟ ئێوە خەڵکیان بۆ ناکوژن و حیمایەیان نین ؟ خۆ سۆماڵی و مۆزەمبیقی نین ؟!
کورد ئەگەر کۆمەڵگا و کەلتورەکەی جوان بوایە ئەمە حاڵی نە ئەبوو کە ئێستا هەیەتی ئەوەنەی دوای شەرەفی کچ و ژن کەوتوون بە دوای نیشتیمانەوە بوونایە هەم نیشتیمان ڕزگار ببوو هەم کۆمەڵگاو تاکیش ، ئەوەنەی بە دوای خورافیات و جاهالەتەوەن ئەوەنە بە دوای زانست و زانیاریەوە بونایە کوردستان ئێستا لە ئاستی ئەم وولاتانەدابوو .
لە کۆتایی داوا لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەناڵە ئەکەم بەردەوامی بەو بەرنامەیە بدات و کەسانی ئازاو چاونەترسی کۆمیدی کارانی تریش بێنە مەیدان قسە لە سەر هەمووشت بکەن و دەست بۆ هەمووشت بەرن بە تایبەتی (سیاسەت، کۆمەڵگا ، کەلتور) کە بنچینەی سەرەکی ئاڵوو گۆڕی ڕیشەیین . کچی پیرۆز بەردەوامبە بە سەدان هەزاری وەک من لە پشتن و خەونی ئەوەمان هەیە کۆمەڵگای داخراو کوێری کورد چاوی بکرێتەوە ، بەرنامەکەی تۆ یەکێکە لەو دەرگایانەو کۆڵ نەدەیت هەرگیز بۆ هیچ کەسێک ، کەناڵیک دادەخەن ١٠ تر ئەکرێتەوە ، دەمی ژیانەکان دائەخەن ١٠٠.٠٠٠ لە دایک ئەبێت کاروان هەمیشە لە وەرچەرخاندایە ئەوەی لەگەڵی هەڵناسوڕین ژیان جێیان ئەهێڵیت .
١-تێبینی هەلە نەبم ژیان خانم لە یوتوب چەند بەرنامەیەکی کۆمێدی و جەند وانەیەکی جوانی هەیە بۆ منداڵان هیوام خۆی ئەوە پشت ڕاست بکاتەوە .
ژیان خانم جیاوازە لەو بەرنامانەی کەناڵە دەسەڵاتدارەکان ئەیبەن بەڕیوە بۆ فەسادکردنی کۆمەڵگا ، ئەو وەک زۆربەی ئەوانەی لە بەر جوانیەکانیان کلیپی گۆرانی سەقەتیان بۆ نەکراوە پارەی کۆمەڵگایان تیا سەرف نەکراوە ، بەڵکو هونەرێکە لە خۆیدا هەیەو یەکیکە لە جوانترین هونەرەکانی جیهان کە (چارچلی چاپلن) بە ڕۆحی ئەو هونەرە دائەنرێت . سەربەرزم ژیانێکی خاوەن هونەر لە کەناڵیکی سەربەخۆی وەک (نرت ٢) خزمەتی کۆمەڵگاکەی ئەکات . بیریشتان نەچیت ژیانی جوان پەروەردە ژیانی هاوسەرگیری دروست کردووە بۆیە عەقڵی ژەنگاویتان پاک بکەنەوەو لەگەڵ سەردەم بگونجین با ژیانتان نەچیتە ناو زبڵدانەوە .
٢-تێبینی من دوور یان نزیک خزمایەتیم لەگەڵ ئەو خانەوادە ئازیزە نیە لە نزیکیشەوە نایان ناسم ، ئەو زانیاریانەی داومە لە سەرەوە لەو کوردە بە شەرەف و بەوەفایانەی دانیشتووی شاری (هودسفێڵد) وەرم گرتووە کە وەک وەفایەک ئەمەیان بە من بەخشی تا بتوانن لە ڕێگای ئەم وتارەوە سوپاس گوزاری ئەو خانەوادەیە بکەن و پێیان بڵین ئەوان بە خزمەتی ئەوان ئەزانن و هەمیشە سوپاس گوزارن . لە ئێستا کاک موخڵیس توشی نەخۆشی بووەو هەموان هیوای چاک بونەوەی بۆ دەخوازن و هیوا خوازن تەمەن درێژوو تەندروست باش بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست