عێزەدین مستەفا وتی: حەمەی مەلا کەریم کاتی خۆی ئەو نامەیەی بۆ سەدام نوسیبوو
Friday, 13/09/2013, 12:00
(کاتێک توانای سڕینی ئارەقی ناو چەوانمان نامێنێ)، ئەمە ناو نیشانی ووتارێک بوو سەبارەت بە کۆڕێکی د. عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ، کە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، ئەو چووبوو بۆ ئەوروپا بۆ سمینار کردن، لەیەکێک لەسمینارەکانیدا لەشاری یتبۆری لە ووڵاتی سوئید لەژێر ناونیشانی ڕیالیزم و ئەحمەی خانێ گێڕابووی.
لەدوای قسەکانی گەنجێک یەکەمین پرسیاری لێدەکات، کە ئێوە ئەو کەسەن باسی کوردایەتی بۆ ئێمە دەکەن، ئەوەتانێ ئێوە وەک سەرۆکی نووسەرانی کورد نامەتان بۆ سەدام حسێنی دیکتاتۆر نووسیوە؟ دوو بەرگی نووسەری کود بەڕووی عێزەت مستەفا ڕەسوڵ ڕادەگرێت، داوای ڕوونکردنەوەی لێدەکات، کە چۆن ئەم نامە نەعلەتیانە نووسراوە؟
د. عێزەدینیش گیانی دەکەوێتە سەر ئارەق و دەڵێ من نەهاتووم دادگایی بکرێم؟ گەنجەکەش دەڵێ تۆ خاوەنی 43 کتێبیت هەست ناکەیت کتێبەکانت پێش خۆت مردار دەبنەوە؟ دادگایی کردنتان سوێن و کاتی خۆی دێت. کوا میللەتی ئێمە وەک گەلی فەڕەنسییەکانی لێبێت میرابۆکان دادگایی بکات.
د. عێزەدین دەڵێ ئەو نامانە کاک محەمەدی مەلا کەریم نووسیوێتی و بۆ سەدامی ناردوە. د. عێزەدین دەڵێت من وەک سەرۆک نەم نووسیوە و نەم ناردووە، بەڵکو جێگرەکەم نووسیوێتی، کە حەمەی مەلا کەریم بووە.
**************************
لێرەوە دەست خۆشی لە برای هێژاو زیادە ئازیز کاک" قادر نادر" دەکەم، کە هەموو جارێک، کەیسی زۆر هەستیار بڵاو دەکاتەوە، بەڵام چونکە ئێمە میللەتێکی عاتیفین ناتوانین هزرمان بخەینە کار بۆیە ئەمانە، کە بەناو ڕۆشبیر و نووسەری سەردەمێک بوون، غەرقی خیانەت و پیسی و گەندەڵی بوون، دوایش وەک پاڵەوان و نووسەر و شاعیری گەورە و گران بەڕێزەوە ماڵئاوایمان لێدەکەن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بوەستین و بڵێین، هێوربنەوە بەر لەوەی ئێوە بمرن با لەبەردەم دادگای وویژداندا داتان بنێین و نەهێڵین وەک پاڵەوان ماڵئاوایمان لێبکەن.
بەر لە چەند ساڵێک کچەکەی سەدام لەبەرنامەیەکدا چەند کاسێتێکی باوکی پیشانی میدیاکان دەدات، لەناویاندا کورتە فلیمێک هەیە، کە د. مارف خەزنەدار خەریکە دیکتاتۆرەکە فێری کوردی دەکات، بۆیە کاتێک مرد هیچ کەس ئازایەتی ئەوەی تێدا نەبوو بڵێت مارف خەزنەدار خاوەنی ئەو کردەوەیەش بووە، لە مێژە لەچەند جێگەی تریش ئاماژەم بەوە کردوە، کە داخۆ کێ بوون ئەو هەموو بابەتەیان بەکوردی لەسەر بەعس و شەڕی قادسیە دەنووسی، ئەوە ئەو دەسەڵاتە کوردییە بوو وای کرد، کەسێکی وەک کەمال مەزهەر، تا نەمانی بەعس لەبەغداد بێت و دوایش نێچیری کوڕی ئیدریس کتێبخانەکەی بۆ بهێنێتەوە هەولێر و ئەویش بارزانیمان لێ بکات بەپاڵەوان و لە چاوپێکەوتنێکدا کە برای خۆشەویست لوقمانی حاجی کەریم (ئەوکات پەیامنیری کوردتانپۆست بوو) لە لەندەن لەگەڵ کەمال مەزهەریدا کردبوو، کەمال مەزهەر نەیشاردبۆوە ووتبووی چەند جار سەدامم دیوە، بۆ ئەوەی خۆشی وەک پاڵەوان پیشان بدات دەڵێ سەدام گوێی لێدەگرتم.
ئەمڕۆش بەختیار عەلی لە کاسێتێکی دەنگیدا لەدوای مردنی شێرکۆ پێمان دەڵێ تکایە با شێرکۆ واز لێ بهێنین و چیکردوە یان هەڵگری چ ئایدۆلۆژیایەک بووە، با شێرکۆ ببەخشین بە جاویدانی شیعر، ئایا کاتێک لەدوای ١٧ی شوباتەوە، کە زرێڤان دێتە سلێمانی و بەردەرکی سەرا، کە بەرپرسێک بلیتی گەرانەوەی کاک بەختیار دەدات و سوپاسیشیان دەکات، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەویش ئەگەر مرد ئەویش بەجاویدانی ڕۆمانی ببەخشین، واتە خەڵکی کورد نووسەر و منەوەرەکان زل گەورەکان، بەردەوام بۆمان دەنووسن کردارەکانیان هیچی لەناوەڕۆکی نووسینەکانیان ناچێت.
کاتێک حەمەی مەلاکەریم، لە بچوکی خۆیدا بە شان و باڵی مەسعوددا هەڵدەدات، تا خوێنەر وا لێدبکات و مەسعود بخاتە ریزی هۆشیمنەوە، لە نادیارییدا حەمەی مەلا کەریم مەسعود بە هۆشیمینە، دەچێنێت، ئەمەش غەدرکردنە لە هۆشیمینە. ئاخر هۆشیمین ئەو کەسە بوو، مێژووی مرۆڤایەتی شانازیی پێوە دەکات. ئەو گەلی ڤێتنامی لەو هەموو تاوانەی ئەمەریکییەکان بە بۆردمان دەیانکرد، میللەتەکەی خۆی جێ نەهێشت ووتی "با لە بۆمبەکانی داگیرکەرانەوە هێندە نزیک بین تاکو پوچەڵی بکەینەوە "کەچی مەسعودەکەی حەمەی مەلاکەریم، کە بەخۆی و حیزبی شیوعییەکەیەوە 30 ساڵ سەنگەریان لە مەلامستەفا و گەلی کورد گرت، کاتێک مەسعود دانی دەداتە ژان ئەو کاتەیە، کە میللەت وەک سەرۆکێک دەیەوێت تاقیبکاتەوە و بەرگری لێبکات، لەو کاتەدا تورکان دەڵێن دێن بۆ کوردستان داگیرتان دەکەین، ئیتر ەسعود یەکسەر دانی دەیەشێت و تێدەتەقینێت و بۆی دەردەچێت. ، بەلام هۆرشیمین ئامادە نەبوو لەگەڵ ئەمەریکییەکان دابنیشێت، ئەو ڤێتنامیانەی کە خۆیان هەرزانفرۆش کردبوو بەداگیرکەران ڕیسوای کردن، مەسعودەکەی حەمەی مەلاکەریمیش ئازایەتی تێدا نییە بەتورکان بڵێت ئەو سەربازگایانە چۆڵ بکەن کە لە بادینان داتانناوە، چونکە خۆی رێگای پیداون، ئەو پێویستی بە سوپاسی داگیرکەرانە، تا خۆی لە کوردستاندا قایم بکات. دەسەڵاتی مەسعود دەسەڵاتی گەل نییە، دەسەڵاتی داگیرکەرانە بە وەکالەت مەسعود بۆیان بەڕێوە دەبات.
کاتی خۆی حەمەی مەلا کەریم لەبەغداد داخۆ چیان بۆ سەدام و بەعس کردبێت، نەک هەر وەرگێڕەکانی مەقولەکانی بەعس و سەدام ڕەنگە دەیان کاری خراپەکاریشیان بۆ بەعس ئەنجام دابێت. بۆیە دەبێت بەر لەمردنی ئەم منەوەرانە لەبەردەم دادگای گەلدا ڕابگیرێن و داوای لێ بوردن لەگەلەکەیان بکەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست