کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆ ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی مۆسیقاژه‌ن و هونه‌رمه‌ند

Wednesday, 20/03/2013, 12:00


هەواڵ و راگەیاندنەکانی ئەمڕۆ (١٩ / ١ / ٢٠١٥) ئەوەیان ئاشکراکرد، کە عەدنان کەریمیش چوار دەفتەر دۆلاری  لەو پارە زۆرەی کەلەم نووسینەی خوارەوەدا باسمان کردووە بۆ یادی ٢٥ ساڵەی ئەنفال و هەڵەبجە وەرگرتووە،  بۆیە لەسەر داواکاریی چەند بەڕێزێک بە پیوستمزانی جارێکی دیکە ئەو نووسینەی بەو بۆنەیەوە کەلەسەر ئەنوەر قەرەداغی نووسیومە بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەرە بەڕیزەکانی کوردستانپۆست.
-------------------------------

شه‌ش ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دۆلار به‌ناوی یادكردنه‌وه‌ی ٢٥ ساله‌ی ئه‌نفاڵ و هه‌ڵه‌بجه بۆ ته‌نها ٢٤ كاتژمێر خه‌رجکرا، ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر تێچوونی ئه‌و بۆنه‌یه‌ ناکه‌ین، که‌ چۆن و بۆچی ئه‌وه‌نده‌ی تێچوو، یان کێ له‌ پشت بەخشینی ئه‌و پاره‌ زۆرەوە بوو، چۆنیان سەرفکرد و، چه‌ندی لێدزرا، چه‌ندی لێخورا، کێ گیرفانی لێپڕکرد. با واز له‌وانه‌ بهێنین و با کاک ئەنوەر قسه‌ له‌سه‌ر مۆسیقا و هه‌ڵپه‌رکێ و گۆرانییه‌کانت بکه‌ین! قسه‌ له‌سه‌ر تۆی هونه‌رمه‌ند بکه‌ین، که‌ له‌ هه‌موو که‌سه‌کانی ناو ئه‌و بۆنه‌یه‌ سه‌رنجت راکێشام، ئه‌ویش به‌ چه‌پڵه‌لێدان، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و منداڵ و گه‌نجه‌ تێنه‌گه‌یشتووانه‌ی نه‌یانده‌زانی بۆچی به‌ جلی سوور و زه‌رد و شینه‌وه‌ خۆیان رازاندۆته‌وه‌ و هه‌ڵیانده‌په‌ڕێنیت، که‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک په‌راوت پێکردوون و تێت نه‌گه‌یاندوون ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵپه‌رکێ و گۆرانییه‌ بۆ بۆنه‌یه‌کی وا نابێت بگووترێت! به‌ خۆته‌وه‌ رووی ئه‌وانیشت ناشرین و ره‌شکرد، تۆی مامۆستا فێرت کردن که‌ ئه‌نفالکردنی کورد، واتای هه‌ڵپه‌رکێ و هه‌لهه‌له‌ کێشان و گۆرانی وتن. تۆ پێت وتن کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ شایی و زه‌مانوه‌ند، نوقوڵبارین به‌سه‌ر ئەوانەدا کە ئه‌نفالی کورد و کیمیابارانیان کردن.
هه‌رگیز وا تێمه‌گه‌ له‌م نووسینه‌دا سووکایه‌تیی به‌ تۆ ده‌که‌م، چونکه‌ نامه‌وێت لاپه‌ڕه‌ی رابردووت هه‌ڵبده‌مه‌وه‌، که‌ بۆ سه‌رده‌مانێک مامۆستایه‌کی به‌عسیی بوویت و کچانی سه‌ماکه‌رت بۆ به‌غدا ده‌برد، کچانی قوتابخانه‌کانت به‌ زۆر کێش ده‌کرد و ده‌تبردن بۆ یادکردنه‌وه‌ی جێژنی له‌ دایکبوونی سه‌ددام. لاپه‌ڕه‌ی تۆ لێره‌وه‌ نا، له‌وێوه‌ هه‌ڵده‌دەینه‌وه‌ که‌ تۆ وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی مێژووی ئێخه‌ی گرتیی، هه‌رگیز به‌رت نادات، پێناسه‌ی خۆت به‌وه‌ کرد، که‌ تۆ که‌سێکی خه‌مسارد و خوێنساردی، مرۆڤ نییت و له‌ مانای هونه‌ر و مۆسیقا نه‌گه‌یشتوویت! کەسێکی خۆپەرست و نەزانیت، نەتزانی له‌ کوێدا ده‌نگ و ئاوازی مۆسیقا تێکه‌ڵ به‌ سروشت و ئازاری مرۆڤه‌کان دەکەیت، هه‌روه‌ک ده‌سه‌ڵات که‌ڵکت له‌ ده‌غیله‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌رگرت‌. تۆیه‌ک هه‌ستی مرۆڤبوونت له‌ خۆتدا مراند، ئه‌وسا وه‌ک کوردێک نه‌فره‌تت له‌ چاره‌ی خۆشت کرد،  رازی بوویت ده‌ست بکەیت به‌ ده‌غیله‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا، وه‌ک به‌رپرسه‌ چاوچنۆکه‌ ناپاکه‌کان له‌ سه‌ر گۆڕی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵپه‌ڕیت! ئه‌و رۆژه‌ت کرده‌ بۆنه‌ی شایی و زه‌ماوه‌ند، ئه‌و کچ و کوڕ و گه‌نجانه‌ت به‌وه‌ ده‌رسدا دا، که‌ بێنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵپه‌ڕن و گۆرانی بۆ بۆنه‌ی خۆشیی و شادیی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڵێن، ئایا ئەم هەڵپەڕینە له‌سه‌ر گۆڕی حه‌سه‌ن مه‌جید و پاڵه‌وانانی ئه‌نفال و کیمیابارانە  و سرودی سه‌رکه‌وتن ده‌ڵێن؟
راسته‌ جه‌ماوه‌ر له‌و ئاسته‌دایه‌ به‌ هه‌موو شتێک هه‌ڵده‌په‌ڕن ئه‌گه‌ر سووکایه‌تیشی تێدابێت به‌ خۆشیان، من وام دانابوو بۆ ئه‌مساڵ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ مان ده‌گرن و ئه‌و رۆژه‌ له‌ ماڵ نایه‌نه‌ ده‌رێ!، وام دانابوو که‌ وه‌ک هاتن و هه‌ر گوێیان له‌ هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌ی تۆ ده‌بێت، به‌ردبارانت ده‌که‌ن و تف و نەفرەتتان دەکەن، کە گۆرانیی و مۆسیقا و هونەرەکەتان لە ئاستی سەرکەوتنی دوژمندایە، نەک لە ئاستی خەم و کارەساتی گەورەی هەڵەبجە، من وام دانا، کە هەر ئەو کاتە ناهێڵن جارێکی دیکه‌ به‌ خه‌ویش بووه‌ سه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا بکه‌یته‌وه‌، دێن نه‌فره‌ت له‌ که‌مان و له‌ مۆسیقاکه‌شت بکه‌ن! 
ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌روه‌ک ده‌سه‌ڵات سووکایه‌تییتان به‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ کرد، ئێوه‌ نه‌هاتن بۆ ساتێک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌یدا بگرین، ئایا ئه‌و کاره‌ساته‌ ئه‌وه‌ی نه‌ده‌هێنا ته‌نها بۆ رۆژێک، بۆ کاتژمێرێک بۆی بگرین و خه‌مباربن؟ ئێوه‌ هاتن گۆرانیتان وت بوکتان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ناو باوه‌شی پیسی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ی کردتان ئه‌وه‌ی خسته‌وه‌ یادم، که‌ کاتێک ئه‌و کچ و ژنه‌ جوانانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ گیانیان له‌ده‌ست دابوو، هه‌ندێک له‌ چه‌کداره‌ نه‌خۆشه‌ بێویژدانه‌کان چووبوون و ده‌ستیدرێژی سێکسیان کردبوویه‌ سه‌ر لاشه‌ی ئه‌و مردووانه‌، به‌و ئاهه‌نگه‌ ئێوه‌ش هه‌ر واتان کرد و که‌مترتان نه‌کرد، هیچ جیاوازییه‌کتان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانبارانه‌دا که‌ ئه‌و کاره‌یان کرد، ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌بوو فرمێسکی خۆشه‌ویستیی و وه‌فاتان لێبارایایه‌ بۆ یادی ئه‌و رۆژه‌، مۆسیقای خه‌مناک و گونجاوتان لێبدایه‌، نه‌ک نوقوڵ ببه‌خشنه‌وه‌ و هه‌ڵپه‌ڕن، ئێوه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌تان نه‌کردایه‌ که‌ کردتان. یابانه‌کان هه‌موو ساڵێک که‌ یادی هێرۆشیما و ناگازاکی ده‌که‌نه‌وه‌، هونه‌رمه‌نده‌کانیان ناچن له‌و شارانه‌دا دانس و سه‌ما بکه‌ن و گۆرانی بڵێن، جوله‌که‌کان که‌ یادی هۆلۆکوست ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ مۆسیقا و هه‌ڵپه‌رکێ نایکه‌نه‌وه‌، یابانیی و جوله‌که‌ رێزیان بۆ کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و مردوانه‌ی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ مرۆڤن، نه‌ک ئێوه‌ی به‌ ناو هونه‌رمه‌ند و رووناکبیر! ئه‌و میلله‌تانه‌ سیاسیی، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ره‌کانیان ناچن سوکایه‌تیی به‌و مێژووه‌ بکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌که‌نه‌ ده‌ستکه‌وتێکی مێژوویی بۆ دوارۆژی گه‌له‌که‌یان، جوله‌که‌کان توانیان به‌هۆی هۆلۆکۆسته‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی دروست بکه‌ن و سوزی گه‌لان بۆ لای خۆیان رابکێشن، یابانییه‌کان توانیان به‌هه‌مان شێوه‌ خۆشه‌ویستیی و سۆزی گه‌لان بۆ لای خۆیان رابکێشن و ئه‌و دوو شاره‌ دروست بکه‌نه‌وه‌ و ته‌کنه‌لۆژیای وڵاته‌که‌یان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێکی به‌رز و یارمه‌تی وه‌ربگرن، ئێوه‌ سووکایه‌تیتان به‌ کورد و به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ قوربانییه‌کانی ئه‌نفال کرد، ئه‌و بێگانانه‌ی هاتبوون و ئێوه‌یان بینی، که‌ هه‌ڵده‌په‌ڕین، نه‌یان ده‌زانی بۆچی هاتوون و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چی ده‌که‌ن! له‌ حیکمه‌تی هه‌ڵپه‌ڕینه‌که‌ی ئێوه‌ نه‌گه‌یشتن، لێ له‌وه‌ی تاله‌بانی گه‌یشتن که‌ وتی ئاخ بۆ دوو هه‌ڵه‌بجه‌ی تر، چونکه‌ زانیان کورد گه‌لێکه‌ هونه‌رمه‌نده‌که‌ی گۆرانی و مۆسیقا بۆ بکه‌رانی کیمیاباران ده‌ڵێت، ده‌موچاوی تۆیان وه‌ک تاریق ره‌مه‌زان ده‌هاته‌ پێشچاو، که‌ سه‌ما بۆ کوشتنی دانیشتووانی شاره‌که‌ ده‌کات! ئه‌و بێگانانه‌ زانیان ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و شاعیره‌کانی کورد له‌ ئاستی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا نیین، بۆیه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ هێنده‌ بچووکه‌ موویه‌ک له‌ ده‌ماری پیاوه‌تیی و هه‌ستی ئێوه‌ی نه‌جولاندووه‌، ئه‌وسا زانی تاله‌بانی له‌ خۆڕا ناڵێت ئاخ بۆ دوو هه‌ڵه‌بجه‌ی تر!  ئه‌وسا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغییه‌کان سرود و گۆران و مۆسیقای خه‌مبار و گونجاوی بۆ ده‌ڵێن، ئه‌وان وایان لێکدایه‌وه‌،  کورد له‌ مانای خه‌م و کاره‌سات ناگات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر رووداوی ده‌یان ئه‌نفال و کیمایباراندا بڕوات، ئاوا به‌ گۆرانیی و هه‌ڵپه‌رکێ یادی ده‌کاته‌وه‌. یه‌کێک له‌و ژنه‌ بێگانانه‌ی له‌وێ بوو، وه‌ک گێڕایانه‌وه‌ وتبووی، به‌و گۆرانیی و هه‌ڵپه‌رینه‌، من بۆ کورد خه‌مبارم، که‌ هونه‌ره‌که‌ی له‌ ئاستی ئه‌وه‌دا نییه‌ له‌ مانای ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ تێبگات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە