شێرکۆ بێکەس تۆڵەسەندنەوە یان وەسێتنامە؟
Wednesday, 26/03/2014, 12:00
5467 بینراوە
شێرکۆ بێکەس لە وەسێتنامەکەیدا وای کرد، کە هەست بکەین باغچەکانی ئەم وڵاتە بۆنی مەرگیان لێبێت.
*********************
من نازانم مردن بۆ هەمیشە تێرامان و ئازارێکی وامان ئەداتێ کە ئیتر رامانکێشی بۆ ئەو مەبەستەی، کە خۆی دەیەوێت. کەچی ژیان بەو هەموو زیندویەتی خۆیی و دەسەڵاتەی، کە هەیەتی دەمانخاتە سەر سکەی بیرکردنەوەی خود، بەڵێنەکان ئەبەخشێتە دەستی خۆمان چی بکەین یان نەیکەین، ئەمە گەورەیی ژیانە بۆ مرۆڤ. فەلسەفە دەبێت لە پێناوی ژیاندا بێت، نەک مردندا، خاسیەتی خود وایە. لەوە سەیر تر مردن کۆمان دەکاتەوە و ژیان لێکمان ئەترازێنێ ئەمە فەلسەفەی مردنە یان ژیان؟
کورد دوو شت کۆی دەکاتەوە مردن و نەورۆز، مردن ڕەشپۆشمان دەکات و ئەمان گرێنێت و سەرمان دەنێ بە جەستەی یەکترییەوە ئەمانخاتە رابردووی خۆییەوە و داهاتوومان زیاتر لا ئاڵۆزتر دەکات.
نەورۆز لەسەر سکەی ڕەنگەکان ئاڵو واڵمان دەکات و بە یەک شادمان دەکات، دەمانخاتە سەمای ڕەنگەکانەوە، ڕۆژێکی نوێو ساڵێکی نوێو هیوایەکی نوێمان پێدەبەخشێ. بەڵام مەخابن ئێمە لە جوانێکانی نەورۆز نەگەیشتین، لەو جەوهەرە بەهایەی نەورۆز نەگەیشتین تاکو بیکەین بە فەلەسەفەی ژیان و سەربەخۆبوون و یەکریزی تاکی کورد. زەردەشت کە ئاگری کردە سمبوڵی ئاینی خۆی بەو واتایەی کە ئاگر روناکی بەخشە و دەمانخاتە سەما کردن بە دووی خۆیدا، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئاگر بەشێکە لە پێکهاتەی ژیانی ئێمە، مەخابن ئێستاکە کورد لە جەستەیەکی تیکشکاو نەبێت کە هەمیشە بە دووی پێکهاتەکانی جەستەدا ڕادەکات هیچی تر لە خۆیدا نابینێت. لەو فەلسەفە جوانەی نەورۆز نەگەیشت کە بە میلیۆنەها تاکی کورد لەدووی خۆی کۆدەکاتەوە دەیخاتە سەماکردن و گڕو تینیکی وایان دەیاتێ کە جگە لە ئازادیی و سەربەخۆ بوون بیر لەهیچی تر نەکاتەوە. نەورۆز جەژنی ڕەنگەکان و ڕۆژی نوێ ئێمەیە ، مرۆڤ بە نیشتیمانەوە جوانە کوردیش بە نەورۆزەوە جوانە، نەورۆز ڕێگایەکە بۆ ئازادییو سەربەخۆ بوون.
مردن تاپووتێکه
ههموومانی تیا پاڵکهوتووین
ئێوارهیهکه که شهو داهات
ئیتر خۆری تیا ههڵنایهت
ئەوە شارەوانی نەبوو کە شێرکۆی لە پارکی ئازادیدا ناشت، خەڵکیش نەبوو بەداخەوە، بەڵکۆ ئەوە حیزب بوو، ئەوە ململانێ هەڵبژاردن و جامبازەکان بوو. ئەگینا هەموو ئەرشیفی سەرکردایەتی کورد هەڵدەیتەوە بزانە لە چ شوێنکدا بە نۆبەرەیش ناوی شاعێرێکان هێنا بێت. ئەوانە شاعێرو گۆرانی بێژیان نەبووە بەڵکو لۆتیو شایەریان هەبووە کە بە شانو باڵیاندا هەڵبدات. هەر بۆیە لە یەکەم پەرەی ئەرشیفی حیزبدا سەرەتا بە لۆتی و شایەر دەست پێدەکات، تاکوو جەنگاوەرە دۆراوەکان، تاکو مردووە پەرستەکان. کە دەولێیان لە پاریسدا سوتاند دوایی سێسەد ساڵی تر خەڵک هاتن لەو شوێنەی سوتانیان پەیکەرێکیان بۆ کرد. ئەوە خەڵکە لە دەووری قارەمانەکان کۆ دەبنەوە نەک قارەمان لە دەووری خەڵک کۆببنەوە!
ئێمە نیشتیمانێکمان هەیە بۆ مردن
ئازادییەک بۆ هەڵهاتن
ئێمە لەگەڵ مردوودا
دەفتەرێک بیرەوەری و چەپکێ ئارایشی درۆو
گۆزەیەک خۆڵمان هەیە بۆ ووتن
من نازانم ئەم کابرا پیرە بۆ بەم ئاخری پیرییەوە ئەم وەسێتنامەیی نوسی بۆمان ئایا ئەوە تۆڵە سەندنەوە بوو لە ئێمەو دەسەڵات کە بە درێژای تەمەنی شێرکۆ مەگەر هەر خۆی بزانێت چۆن حیزب بەها جوانەکانی شاعیر و کەسایەتی وەک تاکێکی کورد لێ داگیر کردبوو بە ئازەزووی خۆی گاڵتەی بە هەستەکانی دەکرد ، شێرکۆ لە کارمەندێکی حیزبی بێ دەنگ نەبێت لە هیچی تر نەدەچوو، بەڵام ئێمەی خەڵک تاوانمان چی بوو کەوا شێرکۆ ئەو داغە پڕەی کە لە دڵیدا بوو تا لە بەردەم پارکی ئازادیدا قووت بێتەوە.
شێرکۆ ئەگەر حەزی لە قەڵەباڵغی نەبێت ئەوا سەیوانەکان ئێستاکە هەر زۆر بێدەنگ بوون کێ بیری ئازیزی خۆی ماوە تا چەپکێ گوڵ و فاتیحایەکی بۆ بنێرێت.
نازانم مەبەستی شێرکۆ چی بوو کە نووسیوێتی دەڵێت من حەزم لە قەڵەباڵغی نییە کام قەڵەباڵغی؟ ئەو حەزدەکات بە مردوویش کچە جوان و دڵ تەڕو ناسکەکان بە بەردەمیدا بێن نیگایەک بکەن نەک دایکە رەشپۆش و جەرگ سووتاوەکانی نیشتیمان لەوە دەچێت شێرکۆ تاقەتی چووبێت لە هاواری دایکانی وڵات، فرمێسکی ئەو خەڵکەیش لەسەر گۆری شێرکۆ فرمێسکی تیمساحی شاعیری خۆیان بوون چونکە ئەوانیش وەک شێرکۆ حەز دەکەن لە پارکەکاندا قووت ببنەوە.
من لاریم لە وەسێتنامە نییە هەر کەسێکی بینوسێ بۆ خۆی، بەڵام من ئەم نامەیەم ئاراستەی شێرکۆ دەکەم پێدەڵێم تۆ لەگەڵ ئازارەکانی میللەتەکدا خۆت جودا نەدەکردەوە مەگەر وا نەبوو لە سویدەوە سوتماکو دەربەندی پەپولەت نەدەنوسی لە شاخیش داستانی هەڵۆکانت چاپ نەدەکرد.
شێرکۆ گەر فایەق بێکەسی باوکی خاوەنی بستێک زەوی نەبوو ئەوا خودی شێرکۆ خاوەنی دەیان بستە خاک و خانوو چاپ بوو، هەر وەک ئەسترین لیند خانۆکەی پێشکەش بە خانەی منداڵان بکردایە یان بیکردایە بە نەخۆشخانەی منداڵان یان ژنان. چونکە شێرکۆ لەم ئاخری تەمەنیەدا خۆی تەرخان کرد بۆ ژن کە بە درێژایی هەموو تەمەنی شێرکۆ هۆنراوەیەکی بۆ ژن نەنوسیوە.
ئێمە کە دڵمان خاڵی بوو لە ژن و
لە چپەی عاشقان نەگەیشتن
ئیتر چۆن بتوانین بەم دەستە بچکۆلانەوە
پرچی عەشق شانەکەین
ئیتر چۆن بتوانین بەم هەنگاوی شەکەتوو ماندووە
پەنجەرەیەک بە رووی خۆردا واڵا کەین
کە مردیش هەر وەک ئەستریدلیندگرێن بگەرایەتەوە بۆ لای گۆرەکەی فایەق بێکەسی باوکی لەوێ بنێژرایە و لەسەر گۆرەکەی بنوسرایە: باوکە گیان ئێستاکەیش کورد نۆکەری بێگانەیە حەیفەکەم ووردو درشتی شێتو شەیدای عانەیە. یان هەر هیچ نەبوایە خانۆکەی بکردایە بە قوتابخانیەک بۆ منداڵان و شیعر.
شێرکۆ خۆی لە سوید ژیاوە ئەو دەزانێت کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵیش خاوەنەکەی هەموو سەرمایەکەی بەخشی لە بواری زانستدا، شێرکۆ بۆ وات نەکرد؟
شێرکۆ هەستی بەوە کردووە کە سەیوانەکان ئێستاکە کپ و بێدەنگن دوورن لە سڵاوی ئازیزانیان ئەو دەیزانی کە حیزب و هاورێکانیش ئیتر سەردانی ناکەن هەر بۆیە ئەم وەسێت نامەیەی نوسسی بۆمان.
شێرکۆ لە باتی ئەوەی بیوگرافی ئەم نیشتیمانە چاک بکاتەوە هات زیاتر شێواندی، ئەو دەبوایە لەوە بگەیشتایە کە نیشتمان خەریکە واتا جوانەکەی خۆی لە کیس ئەدات لە شارەوە دەبێت بە موڵکی کەسەکانی حیزب، ئەو دەبوایە لەوە بگەیشتایە کە شەقامەکانی موڵکی کەسە جوانەکانی کۆمەڵن نەک حیزب، جوانتر بوو شەقامێک بە ناوی شێرکۆوە ببوایە نەک پارکێک داگیر کات، ئەو شەقامانەی کە بە ناوی کەسە جوانەکانی شارەوە ناونراوون خەڵک ناوی ناوون نەک حیزب، ئەوە خەڵک بوو شەقامێکی ناونا سالم یەکێکی تری ناونا پیرەمێرد تادوایی، بەڵام حیزب هات نەخۆشخانەیەکی ناونا شەیهد فلان و یەکێکی تری ناونا فڵان کەس ، شەقامێکی ناونا شەهید فلان ، مزگەوتێکی ناونا شەهید فلان دەزگایەکی ناونا شەهید فلان هەتا کۆر و هۆڵەکان وو کۆڵانەکانیشی ناونا شەهید فلان و فلان و فلان. لەگەڵ رێزێکی زۆرم بۆ شەهیدانی ئەم نیشتیمانە سەرگەردانەو ئەم خەڵکە خێر نەدیدەیە بەڵام ئەم راستیکە دەبێت خەڵک بیزانێت، سەرەتای راپەرین لە ساڵی ١٩٩١ خەڵک هاتن گەرەکێکیان ناونا شەهید ئارام ئەمە دەستکەوتی هوشیاری خەڵکە نەک حیزب بە دەست حیزب ببوایە هیچ شتێک بە ناوی ئارامەوە نەکرێت، خەڵک هاتن شەقامێکی تریان ناونا شەهید ئاسۆی دەلاک ئەمانە خەڵک ناوینان جگە لەگەڵ ئەوەیشدا حیزب بە دەستکەوتی خۆیی دەزانێ. جارێکە لە کوێمانە هێشتاکە زۆری تری ئەندامانی حیزب ماون دەیانەوێت بمرن و شەقامو گەرەکو کۆڵانەکان و پارکەکان و قوتابخانەکان بەناویانەوە بنرێت.
ئەو دەبوو هەڵوێستی لەسەر ئەوە بووایە کە ب ۆدەبوو شەقامێک ناوبنرێن عەبدولحەکیم و پارکێک ناوبنرێن فرانسو شەقامیکی تر ناوبنرێن قەزافی و تا دوایی. هەر کەسێک بێتە ئەم وڵاتەوە هەست دەکات لە قەسابخانەیەکدا هاتوچۆ دەکات، ئەگەر باغچەکانی ئەم وڵاتە بۆنیشیان لێبێت ئەوا بۆنی مەرگیان لێدێت.
بیوگرافی ئەم وڵاتە لەسایەی سەرم ئەم دەسەڵاتە نەزانەدا ئەوەندە شێواوە ئەگەر نەوەسێنرێت ئیتر دەبێت وڵات پێناسەی خۆی دەست بدات، ئەگەر گەریدەیەک دوایی سەد ساڵی تر پێ بخاتە ئەم نیشتیمانەوە هەست دەکات ئەم خاکە خاکی عەرەب بووە نەک کورد چونکە باڵەخانەو ئەپارتمانەکان هەریەکی بە ناویی عارەبییەوەیە، ئاخر تۆ گوندتان بینیوە ئەڵەمانی بێت یان پاریسی بێت یان ئیتاڵی بێت، یان بازار و مزگەوتو قوتابخانەکان و شەقامەکان هەموو ناوێکی عەرەبی بۆ خۆی بردووە ، گەشتیار هەست دەکات ئەم نیشتیمانە کەس خاوەنی نییە.
شێرکۆ دەبوایە ئەو کاتەی وەزیری رۆشنبیری بوو بیری لە خۆیی و هاورێکانی بکرادایەتەوە هەوڵی بدایە پارچەیەک زەوی لە و نیشتیمانەدا کە بۆتە باڵەخانەی جامبازەکان بکردایە بە گۆرستانی ڕۆشنیبران و شاعیران نەک بە تەنها بۆ خۆی قووت بێتەوە لە پارکێکدا کە موڵکی ئەو نییە، یان وەسێتنامەکەیدا بینوسیایە خانۆکەم یان دواهەیمین موچەم بدرێت بە منداڵێکی بێ نازی و بێ باوک ئەنفالی کورد چونکە منداڵانی کورد بێنازترین منداڵانی ئەم جیهانە درۆزنەن.
شێرکۆ دەڵێت: من لە دوایی خۆم چەند شیعرێکی بچکۆلانەو دیوانە شیعرێکتان بۆ بە جێدێڵم هەرگیز باسی گۆر و پارکی نەکردووە لە دووی خۆی بۆمان جێبێڵێت.
تێبینی :
ئەستریدلیندگرێن ئەو ژنەی کە هەموو تەمەنی بەخشی بە ئەدەبی منداڵان لە کۆتایشدا هەموو سەروەتەکەی بەخشی منداڵان، لەسەر وەسێتی خۆیشی برایەوە بۆ لای ئەو شوێنەی کە دایکو باوکی لێنژراون .
ئەلفرێد نۆبڵ وەستێنامەکەی ساڵی ١٨٩٥ هەموو سەروەتەکی بەخشی بەو کەسانەی لەبواری زانستدا کاردەکەن .
نامۆ سامان & سوید ٢٠١٤