ئیتر دارى حزب ئاو مەدەن.!!!
Sunday, 01/05/2011, 12:00
لەماوەى چەند ساڵى ڕابردودا هێڵە گشتیەكانى سیاسەتى حزبەكان و لەنێویشیاندا دووحزبە دەسەڵاتدارەكە ،لەچۆنێتى مامەڵەكردنیان بەرامبەر خەڵكى لادێ و دواتر هاتنە سەرحكومڕانى كردنیان بەرامبەر هاوڵاتیانى شار،ئەوەى كراوە لەساڵانى ڕابردودا لەشاخ و گوندەكانى كوردستاندا هەموو لایەك تێگەیشتوین ئەگەر تەمەنیشمان ئەوكاتە ئامادەى نەبووبێت لەسیاسەتكردن و سەركوتكردنى دام ودەزگاكانى ڕژێمى بەعس بەهەموو شێوەكانى هێرش و شەهیدبوونى میللەتى كورد، بەڵام دارى حزبەكان و باشتر بڵێین شۆڕشى ئەو كات بەردەوام لەسەوزبووندا بووە، وەلێ ئەو سەوزبونە ئایا بەخوێن و زیندان و لەسێدارە و...هتد بووبێت، یاخود وەك دەگێڕنەوە كات هەبووە گەنجێك بەنامەیەكى نێوان مەفرەزەكانى نێوان شارو لادێكانەوە دەستگیركراوەو دواتر، بەعامودى كارەباى شارەكان هەڵواسراوەو گولەبارانكراوە،چەندین خەڵكى تر وەك ژنان لەزیندانەكانەوە دیسانەوە نەیانهێشتووە دارە شۆڕشى ئەو كات و حزبەكانى ئێستا وشك بێتەوە، كات هەبووە منداڵەكانیان داناوە یاخود گیانى لەدەستداوە لەژێر قامچى و سوكایەتیەكانى جەلادەكانى ئەمنە سورەكە بەتایبەت،وەلێ حەزدەكەم وتارەكەم نەبێتە مێژوو لەم كاتەدا بۆ خوێنەرى بەڕێز.
بەڵام ئەوەى كراوە ئەم كوڕانەى قوربانیانەیان بۆ دراوەو، لەو چوارچێوەیەشداهەندێك كراوەتە فلم و دراما،كەچى دەبینیت لەدواى دەسەڵاتى كوردیەوە حزب چەند مەرجێكى هەیە بۆ ئەوەى وەك پەنابەرێك وەربگرێت لەناو داواكارییەكانتدا، ئەوانیش دەبێت هەركات ویستى دەنگ بدەیت و تەزویرى بۆ بكەیت و مردوەكانى بۆ زیندوبكەیتەوەو، بەم كارانەدارەكەى ئاوبدەیت كەبەرهەمى تەنها بۆ خۆى دەبێت، ئەو كاتە هاوڵاتیەكى بەردەوام دەستت بەپاراستنى ئەزمونەكەمانەوەیەو،وەك كوردێكى پاكو بێگەرو بێ پشت و پەناى دەرەكیت،واتە بێئەوەى دەستت لەپشت بێت و ڕاستەو خۆ داغڵ دەكرێیت و هێرشى تۆمەتباركردن ناتگرێتەوەو، بەڵام دەبێت وەك ڕۆبۆتێك لەم وڵاتەدا بێیت و بچیت و نان بخۆیت و بخەویت و كاربكەیت و بۆهەركارێك بگەڕێیتەوە بۆ مەرجەعیەت و تەكیە خانەكانى حزب و،بپرسى ئاخۆ دەبێت ئەم كارەبكەم حەرام نەبێت و ئاوى دارەكەى حزب بدات؟لەپاڵ هەموو ڕەهەندێكى تر ئەوەیە دەبێت بەرگریكرد لە حزب وكەسێتى سەركردەكان وەك پێویست و واپیشانى خەڵكى بدەیت كە هیچ مەبەست و تەماحێك نیە لەكارو وتەكانیانەداو ئەوان هەر لەپێناوى میللەتدا هەوڵەكانیان وەگەڕخستووە، ئەگەر بەكورتى باسى ئەو هۆشیاریە بكەین لەم قۆناغەدا هاتووەتە ئاراوەو درك كردن بەچاوسوركردنەوەو گرتن و تێهەڵدان و فڕاندنى چەندین پاسى خوێنكارو هەموو ئەو كارانەى لەلایەن هێزە ئەمنیەكانى ئەم حزبانەوە ، وەك وەفایەك بۆ ئەو ماندوبونەى داویانە لەڕێگەى دایكە سەر و باوكە ڕدێن سپیەكانیەوە،هەموو ئەمانەش پێمان دەڵێن پێویستەخەڵك پەلكێشكردن وەسیلەیەكە بۆ ئامانجى حزب كەئەویش كۆكردنەوەیە دوبارە لەدەورى دارە حزبیەكەو ئاودانیان، ئەمانەش وایكردوە و بۆتە هۆى توڕەى هەتا ەندێك لەكەسى بەهڵوێستى ناوحزبەكانى خۆیان.
هەنوكە ئەوەیە لەم قۆناغەدا گرنگەو حزب لێى دەسڵەمێتەوە ئەویە خەڵكى بەعەقڵێكى مەنتقى بڕیار لەسەر كارو كردەوەیان دەدات و لۆژیكیكى فراوان هەیە لەبیركردنەوەیانداو، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ داواكارى و توڕەییەكانیان قەبەترو فوتێكراوتر دەبێت، بۆیە دەبینى حزب بەرهەمى كاركردنیان لە(نها)دا هێندە وێستگەیەكە بۆ ڕق و قینى تاكەكانى كۆمەڵگا بەرامبەر یەكتر،هێندە نەبۆتە سەكۆیەك بۆ دروست بونەوەى ئەو ئینتیما لاوازەى هەیە بەرامبەر نیشتمان وحزب و كۆدەنگیەكى نیشتمانیانە، بەتایبەت لەناو خێزان و عەشیرەت و هاوپیشەكاندا، بەتایبەتى تر لەمیدیاكانیانەوە ئەوەى دەبینرێت ، لەبەر ئەوە پێویستە بڵێین ئەم كارانەى حزب بەچەندین ڕێگە ئەنجامیان دەدات بەتایبەت لەڕێگەى هێنان و بڵاوبونەوەى هێزێكى بێشومارەوە دەرئەنجامێكى خراپى هەیە خۆتان ئاساى بۆ ئەو بەلەمەى هەموومانى تێدایە.
خاڵێكى تر كە حزب دەیەوێت دارەكەى پێ ئاو بدات دەستەمۆكردنى كادیران و ڕاگرتنیانە بەپێدانى موچەیەكى كەم ،بەتایبەت لەناو هێزەكانى پێشمەرگەو كارمەندانیان لە فەرمانگەكاندا.
یەكێكى تر لەئاودانى دارەكەى حزب بڵاوبونەوەى ترسە (فۆبیا) چ لەلایەن خۆى و دەزگا ئەمنیەكانیەوە، یاخود خەڵكانێك بەعەقڵیەتێكى سەربازى و جل و بەرگێكى مەدەنیەوە ڕەوانەى ناو شوێنە گشتیەكان دەكرێت، بەئامانجى پاراستنى ئەو دارەى كە تەنها بەرهەمى بۆ حزب دەبێت، وتمان با دارى هەڵبژاردنەكەمان وشك نەبێت لەبەرچاوى شۆڤێنیەكانى عەرەب بەتایبەت دەنگماندا، چەندین بەڵێنتاندا بۆ بە بەهەشتكردن و دوبەى كردنى كوردستان گوێمان لێگرتن، بەقەد ئەو نەوتەى ڕەوانەى دەرەوەتان دەكرد و حسابى پارەكەى هێندەو زیاتر بەڵێنى جۆراوجۆرى پێش هەڵبژاردنتان پێدان بۆ مانەوەو شوك نەبوونى دارە حزبیە، بەڵام لێرە ئەگەر لەدواى ئەو ڕووداوانەى 17ى شوبات و تا چۆڵكردنى سەراى ئازادى ئەگەر هیمەتێك نەكەن، جیاواز لەو هیمەتە ڕۆتینیانەى پێشوو ئەوا ئەو خەڵكە كەمەى لەدەورى حزب ماوەتەوە ئەویش ئەو ڕستەیە دەردەپەڕێێنێت و دەڵێت بەسە(ئیتر دارى حزب ئاو مەدەن).
[email protected] ڕۆژنامەوان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست