بۆچی‌ له‌ په‌ڕله‌مان ده‌رفه‌تی‌ قسه‌كردن به‌ ئۆپۆزسیۆن نادرێت

Tuesday, 20/10/2009, 12:00


زۆربه‌ی‌ پرسیاره‌كان لیستی‌ كوردستانی‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زیری‌ كرد و به‌شێوه‌یه‌كی‌ كه‌متر رێگا به‌ لیستی‌ گۆڕان درا كه‌ پرسیار ئاراسته‌ی‌ وه‌زیر بكات، ئه‌مه‌ قسه‌یی‌ دكتۆر زانا ره‌ئوف ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌سه‌ر لیستی‌ گۆانه‌.
زانا ره‌ئوف ‌ سه‌باره‌ت به‌ دانیشتنی‌ په‌ڕله‌مان له‌ ڕۆژی‌ 19- 10 كه‌ تایبه‌ت بو به‌ بانگهێشتكردنی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ تێوه‌گلانی‌ له‌ فرۆشتنی‌ پشكه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ (DNO)ی‌ نه‌رویجی‌،بۆ سایتی‌ سبه‌ی‌ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ داوه‌.

ئه‌و لێدوانه‌ شایه‌نی‌ شیكاری‌ و به‌ دواداچونه‌ ئه‌گه‌ر په‌ڕله‌مان بۆ چله‌حانێ‌ بێت ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌ڕله‌مان بۆ خه‌ڵك سودی‌ چییه‌؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌ بۆ ماوه‌ی‌ قسه‌ كردنی‌ په‌ڕله‌مانتاران نه‌كراوه‌،شكاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بۆچی‌؟


ئه‌گه‌ر له‌ په‌ڕله‌ماندا بپرسین له‌ كوتله‌كانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌، بۆچی‌ له‌ په‌ڕله‌مان ده‌رفه‌تی‌ قسه‌كردن به‌ ئۆپۆزسیۆن نادرێت له‌ وانه‌یه‌ به‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ دبلۆماسی‌ وه‌ڵامیان هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بڵێن ئێمه‌ له‌ كۆیی‌ نزیكه‌ی‌ دووملیۆن و نیو ده‌نگه‌ر ١٠٧٦٣٧٥ یه‌ك ملیۆن و حه‌فتاو شه‌ش هه‌زارو سێ‌ سه‌دو حه‌فتاو پێنج ده‌نگ‌مان به‌ ده‌ست هێناوه‌،بۆیه‌ به‌ ده‌ست هێنانی‌ 59 كورسی‌ زیاتره‌ له‌ 25 كورسی‌ گۆڕان و مافی‌ خۆمانه‌ زیاتر ماوه‌ی‌ قسه‌كردنمان پێ‌ بدرێت


به‌ڵام گرنگه‌ سه‌رۆكی‌ په‌ڕله‌مانی‌ پارتی‌ و جێگره‌كه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتییه‌ ده‌رفه‌تی‌ زیاتر به‌ لیسته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆیان بده‌ن و ڕێگه‌ بده‌ن ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت به‌ هێنده‌ی‌ ئه‌وان ماوه‌ی‌ قسه‌كردنیان هه‌بێت،بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌ڕله‌مان خه‌ڵك گومان نه‌خاته‌ سه‌ر سه‌رۆك و جێگری‌ په‌ڕله‌مان له‌ نواندنی‌ جیاوازیكردن بۆ وه‌رگرتنی‌ قسه‌یی‌ په‌ڕله‌مانتاران.
هه‌ر كاتێك لێدوانی‌ زانا ڕه‌ئوف لایی‌ زۆرینه‌ی‌ لیسته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ پشتڕاست كرایه‌وه‌و بووه‌ مایه‌یی‌ نیگه‌رانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ په‌ڕله‌ماندا خۆیان به‌ ئۆپۆزیسۆن ده‌زانن ئه‌وا په‌ڕله‌مان ده‌بێته‌ شوێنی‌ گه‌مه‌ی‌ گه‌وره‌كان بۆ كوشتنی‌ كات نه‌ك سیاسه‌ت كردنێكی‌ بێله‌كه‌و ڕوون بۆ خزمه‌تی‌ خه‌لك .

له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردودا سایتی‌ كوردستان تیفی‌ سه‌ر به‌ مه‌كته‌بی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌رباره‌ی‌ دانیشتنی‌ تالًه‌بانی‌ و به‌رزانی‌ هه‌واڵێكی‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردێڕی‌ هه‌واڵه‌كه‌ نوسرابوو سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ڕێنوێنی‌ ڕاسپێردراوی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات و داوایكرد ڕێز له‌ ڕه‌خنه‌كانی‌ ئۆپۆزیسۆن بگرن.بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ردوو حزبی‌ ده‌سه‌ڵات خه‌ڵك دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ ڕاستگۆیی‌ نه‌ك جۆره‌ فیڵ كردنێك كه‌ ‌ گوفتار و كرداریان جیاوازبێت كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ داهاتوو ده‌بێته‌ ‌ مایه‌یی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ متمانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر

لێره‌دا ته‌نها پێشنیارێكم بۆ لیسته‌ ئۆپۆزیسۆنه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر به‌و زه‌لیلییه‌ ڕازی‌ نه‌بن و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ر ئه‌نجامی‌ ڕێكه‌وتنی‌ ستراتیجی‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بێت په‌ڕله‌مانی‌ كوردستان شوێنی‌ ململانێی‌ حزبایه‌تی‌ كردن بێت تكایه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان به‌ ئۆپۆزیسۆن ده‌زانن ده‌ست له‌ كاربكێشنه‌وه‌و په‌ڕله‌مان پێشكه‌شی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بكه‌ن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە