ئەمەیە گوشاوەی كۆی عەقڵی سەركردایەتی كورد ؟
Friday, 15/08/2014, 12:00
1975 بینراوە
پێشتر و لەكاتی پێشڕەویەكانی داعشدا ئەم نوسینەم ، بەڵكو ئەم هاوارەم دواخست، بەڵام ئێستا بارودۆخ هێور بۆتەوە، سەرەرای ئەوەی لە حاڵەتی شەرداین، پێویستە بیڵێین، چونكە لەپاڵ سەركردایەتی بیر حزبیەكە، شیكاركاری حزبی و سیاسی وامان بۆ دەرپەریوە كە نەك كاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ئەم گەلە ستەمدیدەمان دروست كردوە بەڵكو خەریكە تاكی كورد باوەری بەهیچ نامێنێت .
هەر هەمومان ئاگاداری ورد و درشتی هەڵوێست و لێدوانەكانی سەركردایەتی كوردین كە تەنها بیری لای ئەوە بوو بەهاتنی داعش قازانج كردووە و، لە روانگەی ململانێی لەگەڵ بەغدادا تەماشای گۆرانكاریەكانی دەكرد و وەك كاردانەوەیەكی كاتی و بیركورتی لەوەدا عەقَلیەتی چڕكردبووەوە كە شكانی دوژمنم سەركەوتنی خۆمە و بەس، بێ ئەوەی بیر لە هەر نەبێ نیوەی ئەگەرەكانی تر بكاتەوە كە بە زەرەر بۆی دەكەوێتەوە، گوێت لە قسەی وا دەبوو وەك ئەوەی داعش هاتبێت تەنها بۆ كورد ئەم شەرەی كردبێت و بۆ هەتاهەتایە كوردی رزگار كردبێـ، ئەمەش چەند كڵۆڵی ئەم سەركردایەتیە بیرحزبیە تەسكەی دوور لەستراتیجمان بۆ دەردەخات . مەعقولە، تۆ لە تاریكی شەودا بیت و وەك ئەوەی لە رۆژی روناكدایت بجوڵێیتەوە، بە خۆت بڵێیت ئێمە بەر لەشەش مانگ بەغدامان لەم پێشهاتە ئاگادار كردۆتەوە و بۆ خۆت پێشبینی هیچت نەكردبێت و ئەم رۆژەت لەبەرچاو نەبوبێت .
با ئەوە لەولاوە بچێت و ئەو رەفتارانە لە بیركەین، كە شەرهات و بەردەرگای گرتین، پێویستیە هەرە سەرەكیەكان بۆ ئێمەی كورد؛ روحی مەعنەوی و ورەیە پێش هەر توانایەكی تر، ئەوەشمان بینی كە چۆن ململانێی حزبی تەنانەت لە كردەوە عەسكەریەكانیشیاندا زاڵبو، هەر لایەك شانازی سەركەوتنی بۆ خۆی دەگیرَایەوە، شەرە پەرۆی واتدەبینی، وەك ئەوەی لە پروپاگەندەی هەڵبژاردندا بین، بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە خەڵك هەموو ئاگادارە ئەگەر ئەوهەڵوێست و لێدانەی ئەمریكا و هاتنی یەپەگە و پەكەكە نەبوایە، مەگەر هەر خوا بە خۆی بیزانیایە كە ئێستا حاڵمان چۆن بوو و لە كوێدا دەبوین .
لەهەموی زۆر خەتەرناكتر بێ بەرپرسیارێتی راگەیاندنەكان (بە حزبی و ئەهلیەوە) و نەزانینی پێویستیەكانی شەر و چونێتی مامەڵەكردن لەگەڵ روداوەكان و خۆ قایم كردن و قازانج نەكردنی دوژمن لە زانیارەكاندا بوو، بۆیە حەقمانە بپرسین تاكەی ئەم پاشاگەردانی و پەرشوبڵاویەی بیری سەركردایەتی كورد كە بەقەد چارەكێك بیرو باوەر و دڵسۆزی و ورەی خەڵكی تێدا نەبێت ، بۆچی گوشاوەی كۆی عەقڵی سەركردایەتی كورد تەنها لە بازنەی قازانجە حزبی و شەخسیەكان بچۆرێت و قەتیس بێت، تا ئێستا پێشمەرگەی حزبیمان هەبێت نەك نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆچی لە كاتی زۆر هەستیاردا، كاریگەری سەلبیتان لەسەر یەكگرتوویی و یەك هەڵوێستی و هاوكاری و پێشرەوایەتی خەڵكی كوردستان هەبێت . ئەمەیە بەرهەمی گوشاوەی كۆی عەقڵیەت و بیركردنەوەتان دەك ........ .
ئێمە لەم كاتەدا ئەم واقع و گلەیی و رەخنانە دەخینە روو، بۆ ئەوەی لەبەری نەماوە زیاتر لەسەر ئەم وەزع و بارودۆخە برۆین و هەموو ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەچن كە داعش تا ماوەیەكی تر جێگەی خۆی توند دەكات و لە جموجوڵ ناكەوێت، بۆیە ئەمرۆ پێش سبەینێ پێویستە خەمی خۆمان بخۆین و پاڵپشتی ئەم یەكگرتوویەی روحی نەتەوایەتی كورد بكەین و لە هەر درزێك بیپارێزین. بۆیە ئەركی هەموانە كە رێوشوێنی پێویست لەم بارەوە زووتر بگیرێتە بەر كە لە ئامادەكاریە سەربازیەكان گرنگتر و كاریگەرترە بۆ سەركەوتن لەم شەرە هەمەلایەنەدا .